گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌ 2/7/2017
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی
د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
بەشی سێیەم
سۆسیالیزم لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە
لە ئەدەبیاتی چەپدا، سۆسیالیزم وەکۆ قۆناغی یەکەمی فۆڕماسیۆنی کۆمۆنیزم پێناسە دەکرێت. مێژووی ئەم چەشنە پێناسەیە زۆرتر دەگەرێتەوە سەر لێدوانەکانی ئەنترناسیۆنالی دووهەم و سێهەم و کۆمۆنیستەکانی پاش مارکس. ‌ بە تایبەتی لێنین لە بەشی ٥ی کتێبی <دەوڵەت و شۆڕش>دا، لە ژێر سەردێری «بنەما ئابووری‌یەکانی لەناوچوونی دەوڵەت» چەمکی سۆسیالیزمی وەکو فازی یەکەمی کۆمۆنیسم و کاتی تێپەرین لە کۆمەڵگای سەرمایەداری‌یەوە بۆ کۆمۆنیزم بەکارهێناوە و بە پێی لێکدانەوەکانی مارکس لە کتێبی <هەڵسەنگاندنی بەرنامەی گووتا>دا، ئەم چەمکە و تایبەتمەندیەکانی زۆرتر شی‌کردۆتەوە.  
مارکس لە «هەڵسەنگاندنی بەرنامەی گووتا» هیچ کاتێک وشەی»سۆسیالیزمی» لە پێوەندی لەگەڵ قۆناغی یەکەمی کۆمەڵگای داهاتوو یان خولی تێپەرین بە کۆمۆنیزم بەکار نەهێناوە. مارکس لەم بابەتەدا وێرای لێکدانەوەی بەرنامەی حزبی کرێکارانی ئاڵمانیا و ڕەخنە لە پێشنیارەکانی لاسال لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سەرەتایی کۆمۆنیزم دەبێژێ: 
«ئێمە لەگەڵ چەشنە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدا سەروکارمان نی‌یە کە بە پێی بنەمایەکی تایبەتمەند بەخۆی گەشەو پەرەی گرتبێ، بەڵکوو سەروکارمان لەگەڵ کۆمەڵگایەکە کە تازە لە ناخی کۆمەڵگای سەرمایەداری‌یەوە سەریهەڵداوە، بەم پێ‌یە لە تەواوی بوارەکانی ئابووری، ئاکاری و فیکری جارێ مۆڕو نیشانی ئەو کۆنە کۆمەڵگایەی پێوە دیارە کە لە ناخی‌یەوە سەرێهەڵداوە»  

دیکتاتۆری شۆرشگێرانەی پرۆڵتاریا
مارکس ئەم کۆمەڵگایە وکو قۆناغی سەرەتایی کۆمەڵگای کۆمۆنیستی، واتە کۆمەڵگایەک پێناسە دەکا کە «پاش ئێشی درێژخایەنی زاوزێ لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداری‌یەوە سەرهەڵدەدات  ... و جارێ ناتوانێ بە‌تەواوەتی دادپەروەری و بەرانبەری  پێک بێنێ. بە باوەڕی مارکس «لە نێوان کۆمەڵگای سەرمایەداری و کۆمەڵگای کۆمۆنیستی خولی تێپەربوونی شۆرشگێرانە لە هەوەڵییەوە بۆ دووەهەمی هەیە، بە پێی ئەم خولە، خولێکی تێپەرینی سیاسیش هەیە کە دەوڵەتەکەی ناتوانێ شتێک بێت بێجگە لە دیکتاتۆری شۆرشگێرانەی پرۆڵتاریا.»  
لێنین لە کتێبی «دەوڵەت و شۆڕش»دا، پاش ئاماژە‌ بە لێکدانەوەکانی مارکس لەم کتێبە، دەڵێ: «بەم پێ‌یە هەوەڵین فازی کۆمۆنیزم ناتوانێ دادپەروەری و بەرانبەری مسۆگەڕ بکات: جێاوازیی لە سەروەت و سامان لە چەشنی جیاوازیگەڵی نادادپەروەرانە دەمێنێتەوە، بەڵام چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان نەگونجاوە، لەبەر ئەوەی وێچوونی خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنەر واتە کارخانەکان، ماشێنەکان، زەوێ و هتد، بوونی نامێنێ. مارکس وێرای ڕەدکردنەوەی فرمۆڵی ناروونی وردەبۆرژوای‌یانەی لاسال سەبارەت بە «بەرانبەری» و «دادپەروەری» بە مانای گشتی، ڕەوتی گۆڕانکاری کۆمەڵگای کۆمۆنیستی شیدەکاتەوە و نیشان دەدات کە ئەم کۆمەڵگایە ناچارە لەسەرەتادا تەنیا»ناعەداڵەتی»یەک لەناو ببات کە خاوەنداریەتی تاکەکەسی سەرچاوەیەتی و ناتوانێ جێبەجێ بێ‌عەداڵەتی‌یەکی دیکە لەناو ببات، کە بە هۆی بەشینەوەی شتومەکی مەسرەفی و»بە پێی میزانی کارە» (نە بە پێی پێداویستی‌یەکان).  .... مارکس نەک هەر نابەرانبەریی بە ناچاری مرۆڤەکان لە ووردترین حاڵەتدا لەبەر چاو دەگرێ بەڵکوو سەرنج دەداتە ئەم خاڵەش کە تەنیا بە گوازتنەوەی ئامرازی بەرهەمهێنەر بە خاوەنداریەتی گشتیی تەواوی کۆمەڵگا(یان بەو چەشنەی کە باوە- «سۆسیالیزم»)، کەمایەسی بەشینەوە و نابەرامبەری «ماڤی بۆرژوایی» لەناو ناچێ و دەسەڵاتداریی بە هۆی ئەوی کە داهاتەکان» بەپێی کار» دابەش دەکرێن، درێژەی دەبێ».  
ساڵیانێک هەر دەمێننەوە
لێنین لە کتێبی <نەخۆشیی مندالانەی چەپ‌رەوی لە کۆمۆنیزمدا> کە ساڵی ١٩٢٠ واتە  ٣ ساڵ پاش شۆرشی ئۆکتۆبر نووسیویەتی، ئاماژە دەکات و دەڵێ: «ئێمە ئێستا لە رووسیە (لەم سێهەمین ساڵی پاش ڕووخانی بۆرژوازیدا) هەنگاوە سەرەتاییەکانمان بۆ تێپەرین لە سەرمایەداری‌یەوە بۆ سۆسیالیزم واتە هەوەڵ قۆناغی کۆمۆنیزم هەڵدەگرین. لێرەدا جارێ چینەکان ماونەتەوە و لە هەر جێگایەکی دیکەش کە پرۆڵتاریا دەستەڵات وەدەس بێنێ، ساڵیانێک هەر دەمێننەوە، تەنیا لە بریتانیا کە وەڕزێریان نی‌یە (بەڵام بەهەرحاڵ وردە‌خاوەنداریان! هەیە) لەوەدەچێ ئەم ماوەیە کورتتر بێ. لەناوبردنی چینەکان تەنیا بە مانای ڕەواندنی خاوەندارەکان و سەرمایەدارەکان نی‌یە – ئێمە ئەم کارەمان بە هاسانی ئەنجام دا، ئەمە بە مانای لەناو بردنی وردەبەرهەمهێنەرەکانی شتومەکیش هەیە، بەڵام ناکرێ ئەمانە بڕوێندرێن، دەکرێ ئەوان(و پێویستە) باش بکرێنەوە و سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە – بەڵام تەنیا لە ڕێگەی کاری ڕیکخستنێکی گەلێک درێژخایەن، بە ئەسپایی و پارێزەوە.»  
«ئێمە دەتوانین و (دەبێ) بينای سۆسیالیزم بە کەڵک‌وەرگرتن هەر لەو کەرەستە ئینسانی‌یانە دەست پێبکەین کە سەرمایەداری وەکو میرات بۆی بە‌جێ هێشتووین، نەک لەگەڵ کەرەسەیەکی ئینسانی خەیاڵی‌ و کەرەستەگەلێک کە بۆخۆمان بە شێوەیەکی تایبەتمەند پێکمان هێنابێ. ئەم کارە بێگوومان گەلێک» دژوارە» بەڵام هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی دیکە لەگەڵ ئەم ئەرکە ئەوەندە ناجیددی‌یە کە تەنانەت بایەخی قسەلێکردنیشی نی‌یە». 

ئاکاری کۆمەڵگای کۆن دەمێنێتەوە
بە پێی لێکدانەوەی بیرمەندە سەرەکی‌یەکانی کۆمۆنیست، لە قۆناغی یەکەمی کۆمۆنیزم واتە لە سۆسیالیزمدا دادپەروەری و بەرانبەری بە چەشنێکی تەواو مسۆگەڕ ناکرێ. خاوەنداریەتی تەواوگەلی (کۆمەلایەتی) ئامرازی بەرهەمهێنەر لە هەموو بوارەکانی ئابووری، هەروەها یەکێتی کاری جەستەیی و فیکری و جیاوازی شار و گوندەکان بە‌یەکجاری چارەسەر ناکرێ. خاوەنداریەتی بە دوو چەشنی دەوڵەتی یان تەواوگەلی، هەروەها گرووپی یان گەلەکۆمە دەبێ. سەرەرای لەناوچوونی چینە دژبەرەکان جارێ چین ‌و توێژی جیاواز لە کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە و بنەمای بەشینەوە بە پێی میزانی کارکردنە، نەک پێداویستی‌یەکانی ژیان. لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لە چەمکە ئابووری‌یەکان کە پێوەندی‌یان بە ئاستی بەرهەمهێنان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی وەکو شتومەک، قازانج، نرخ و هتد هەیە، جارێ دەمێنێنەوە و کارتێکەری‌یان لە سەر پێوەندی‌یە ئابووری کۆمەڵایەتی‌یەکان دەبێ، واتە بەرهەمەکان لە چەشنی شتومەک کڕین‌و فرۆش دەکرێن و بۆ بەرێوەبەری ئابووری لە ئامرازێک وەکو نرخ، سوود و دەست قەرز و هتد کەڵک وەردگیرێ، هەروەها پاشماوەی بیر و‌خوو و فاکتەری ڕۆحی و ئاکاری کۆمەڵگای کۆن دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری و سەرلەنوێ سازبوونەوەی ئەم فاکتەرانە ناتوانێ بە پێی ئاهەنگ و خێرایی پێکهاتەی بنەما ماددی‌ و پێوەندی‌یە تازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا بچێتە پێشەوە. 
لەم فازەدا دەوڵەت بە رێبەریی حیزبی کۆمۆنیست تەواوی کاروبارەکانی ئابووری و فەرهەنگی کۆمەڵگا، هەروەها میزانی کار و مەسرەف بە وردی کۆنترۆڵ دەکات. بە وتەی لێنین «تەنیا پیویستە ئەم کارە لە بێ‌دەستەلاتکردنی سەرمایەدارەکان و کۆنترۆڵی سەرمایەدارەکان لە لایەن کرێکارەکانەوە دەست‌ پێ‌بکات و ئەم کۆنترۆڵە دەبی لە لایەن دەوڵەتی کرێکارە چەکدارەکانەوە بێ، نە لە لایەن بۆرۆکراتەکانەوە.»  

هێزی دەوڵەتی کرێکاریی
دیکتاتۆری پرۆڵتاریا واتە هێزی دەوڵەتی کرێکاریی،‌ ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم قۆناغە پێکدەهێنێ و پرۆڵتاریا لە دەستەڵاتی دەوڵەتی خۆی بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگریی سەرمایەدار و خاوەندارەکان، هەروەها پیلانی دوژمنە دەرەکی و ژوورەکی‌یەکان کەڵک وەردەگرێ و[دیکتاتۆری پرۆڵتاریا] ئامرازی سەرەکی سیاسی بۆ سەرکەوتنی فازی سۆسیالیزم و تێپەربوون بە قۆناغی دووهەم واتە کۆمۆنیزمە. بە وتەی مارکس «دیکتاتۆری پرۆڵتاریا ئاکامی بەناچاری خەباتی چینایەتی‌یە و ... دەوڵەتی کاتیی تێپەرین ... شتێک بێجگە لە دیکتاتۆری شۆرشگێرانەی پرۆڵتاریا ناتوانێ بێ.» بە باوەڕی لێنین «دیکتاتۆری پرۆڵتاریا لێبراوانەترین و کۆڵنەدەرترین خەباتی چینی نوێ دژ بە دوژمنێکی بە هێزتر واتە بۆرژوازی‌یە کە خۆڕاگری ئەو پاش ڕووخانی (جارێ لە وڵاتێکدا) دە بەرامبەر بووە و ئەم توانای‌یە نەک هەر بە هۆی هێزی سەرمایەی نێونەتەوەیی‌و هێز و پتەوبوونی پێوەندی‌یە نێونەتەوەی‌یەکانی بۆرژوازی، بەڵکوو ئاکامی  هێزی ڕاهاتوویی‌ و هێزی وردە بەرهەمەکانیشە ....  «دووپاتی دەکەمەوە: ئەزموونی دیکتاتۆری سەرکەوتووی پرۆڵتاریا لە ڕووسیە بۆ ئەو کەسانەی کە توانای بیرکردنەوەیان نی‌یە یا بۆ ئەو کەسانەی کە جارێ لەسەر ئەم مەسەلەیە ووردنەبوونەتەوە، بە ئاشکرا نیشان دەدات کە ناوەندیەتی بێ‌ئەملا و ئەولا و دیسیپلینی گەلێک پتەوی پرۆڵتاریا، یەکێک لە شەرتە سەرەکی‌یەکانی زاڵبوون بەسەر بۆرژوازیدا‌یە ...  دیکتاتۆری پرۆڵتاریا خەباتێکی سەخت، خوێناوی و بێ‌خوێن‌ڕێژی، تێکەڵ بە توندوتیژی یان ئاشتی‌خوازانە، نیزامی‌و ئابووری، هەروەها راهێنانە‌و بەڕێوەبەری دژ بە هێز و داب‌و نەریتی‌یەکانی کۆمەڵگای کۆنە. هێزی ڕاهاتووی بە میلیۆن و دەیان میلیۆن ئینسان، یەکێک لە سامدارترین هێزەکانە.»


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP