چاوخشانێك  به‌ مێژووی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و ره‌وته‌ سیاسییه‌كانیدا
توركیای‌ هاوچه‌رخ له‌ ئه‌تاتوركه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆغان چاوخشانێك به‌ مێژووی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و ره‌وته‌ سیاسییه‌كانیدا ‌ 3/7/2017
به‌شی‌ یانزەیەم 
توركیا یه‌ك ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ناسنامه‌یه‌، دانیشتوانی‌ ئیسته‌نبوڵ جیاوازن له‌گه‌ڵ دانیشتوانی‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌زمیر، به‌ هه‌مان شێوه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌نێوان ئه‌و شارانه‌ و شاره‌ كوردییه‌كانی‌ وه‌ك ئامه‌د و ماردیندا هه‌یه‌. 
هه‌ر ناوچه‌ و شارێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئاڵۆزه‌دا له‌ڕووی‌ جوگرافیا و مێژووییه‌وه‌ كه‌سێتی‌  و ناسنامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌، كاتێكیش بته‌وێت له‌ تورك و نه‌ته‌وه‌كانی‌ تری‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ توركیا تێبگه‌یت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت كه‌ توركه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا زۆر شانازیی‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 
ئه‌وان نه‌ك به‌ ته‌نیا شانازیی‌ به‌ ئیسلام و شارستانی‌ و ته‌لارسازیی‌ و مێژووی‌ هونه‌ر و دیموكراتی‌ و كرانه‌وه‌ی‌ كلتوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و روو وه‌ڕگه‌رانیان به‌ره‌و ئه‌وروپادا ده‌كه‌ن، بگره‌ به‌بێ‌ جیاوازیی‌ له‌گه‌ڵ دواندنی‌ تاكێكی‌ توركدا،  هه‌موو ئه‌وانه‌ت بۆ باس ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باشترینیان بخاته‌ڕوو، یان جیاكارییان له‌نێواندا بكات.

دادو گه‌شه‌پێدان له‌پاش 13 ساڵ دووچاری‌ شكست بوو
 
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2015، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌ توركیا، نه‌یتوانی‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وه‌ش له‌و ده‌مه‌دا وه‌ك لێدانێكی‌ كه‌مه‌رشكێن بوو بۆ خواسته‌كانی‌ سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان. 
دره‌نجامه‌كان مانای‌ نه‌خشه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ جیاوازی‌ له‌ توركیا ده‌گه‌یاند و به‌پێی‌ ئه‌و دره‌نجامانه‌ش، سه‌رۆك ئه‌ردۆغان نه‌یده‌توانی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ بۆ گۆڕینی‌ ده‌ستور پێشكه‌ش بكات كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ گه‌وره‌تر ده‌داته‌ سه‌رۆك كۆمار. 
 له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان نزیكه‌ی‌ 41%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ ده‌كاته‌ 259 كورسی‌ په‌رله‌مان، هاوكات حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ ئۆپۆزسیۆن 25%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ ده‌سته‌به‌ركرد كه‌ 131 كورسی‌ ده‌كات. 
بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ پله‌ی‌ سێیه‌مدا هات به‌ ده‌ستخستنی‌ 16%ی‌ ده‌نگه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ 78 كورسی‌. 

سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ بوو بۆ كورد 

ره‌نگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، چانسی‌ له‌ هه‌موان زیاتر بوبێت، به‌وپێیه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مجار نوێنه‌رانی‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان و توانی‌ به‌ربەستی‌ چوونه‌ په‌رله‌مان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بشكێنێت و 12%ی‌ ده‌نگه‌كان ده‌سته‌به‌ربكات و 78 كورسی‌ به‌ده‌ستبهێنێت. 
پاشماوه‌ی‌ كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكانی‌ تر، ته‌نیا 4%ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا. 
دوابه‌دوای‌ راگه‌یاندنی‌ دره‌نجامه‌كان، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا رایگه‌یاند، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمانڕه‌وا براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌یه‌، به‌ڵێنیشیدا ته‌واوی‌ رێوشوێنه‌كان بۆ پارێزگاریی‌ له‌ سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ له‌ توركیادا بگرێته‌به‌ر. 
لای‌ خۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حزبی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، داوای‌ كرد هه‌ڵبژاردنێكی‌ نوێ‌ ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمانڕه‌وا نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ دوو حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی‌ تری‌ په‌رله‌مان بۆ پێكهێنانی‌ ئیئتیلافیێك رێكبكه‌وێت. 
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ش، دووریخسته‌وه‌ ئیئتیلاف له‌گه‌ڵ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێداندا بكه‌ن بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت. 
له‌و ده‌مه‌دا ده‌میرتاش له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند»ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌، كۆتایی‌ به‌ مشتومڕه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هێنا». 
به‌ وته‌ی‌ مارك لۆین په‌یامنێری‌ (بی‌ بی‌ سی‌) له‌ ئیسته‌نبوڵ، ئه‌و دره‌نجامانه‌ زۆر له‌وه‌ خراپتربوون كه‌ ئه‌ردۆغان و حزبی‌ فه‌رمانڕوا چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌وره‌ترین رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بوو بۆ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان له‌و ده‌مه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات، له‌كاتێكدا گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ توركیا خاوبوونەوه‌ی‌ به‌خۆوه‌ده‌بینی‌. 
ئه‌ردۆغان كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ساڵی‌ 2003، ده‌یخواست حزبه‌كه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ سێیه‌ك له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، تا بتوانێت سیستمی‌ حوكمڕانی‌ له‌ توركیادا بكاته‌ كۆماریی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌. 


هه‌ڵبژاردنێكی‌ نوێ‌ 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2015، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان نه‌یتوانی‌ زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، تا به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌ردوو حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ره‌یانكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ داد و گه‌شه‌پێدان حكومه‌تی‌ ئیئتیلافی‌ پێكبهێنن، پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ش هه‌مان رێڕه‌وی‌ حزبه‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیای‌ گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش وایكرد له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2015، هه‌ڵبژاردنێكی‌ نوێ‌ ئه‌نجام بدرێت. 
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نوێیه‌كه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پێشبینییه‌كان، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان توانی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و رێگه‌ی‌ بۆ خۆشببێت تا جارێكی‌ تر به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت. 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا، داوای‌ له‌ هه‌موو جیهان كرد، رێز له‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ بگرن كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا ئه‌نجامدرا و تێیدا حزبه‌كه‌ی‌ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان توانی‌ نزیكه‌ی‌ 50%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت. 
ئه‌ردۆغان له‌پاش نوێژكردنی‌ له‌ مزگه‌وتێكی‌ شاری‌ ئیسته‌نبوڵ به‌ رۆژنامه‌وانانی‌ راگه‌یاند، له‌دوای‌ شكستخواردنی‌ وتوێژه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ ئیئتیلافی‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ حوزه‌یران، توركه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م له‌پێناو سه‌قامگیریدا ده‌نگیاندا. 
ئه‌ردۆغان له‌كاتێكی‌ پێشتردا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو»گرنگترین په‌یامی‌ ئه‌و دره‌نجامه‌ بۆ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌یشی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توندوتیژی‌ و خوێنڕشتن، ناكرێت له‌گه‌ڵ دیموكراتی‌ و سه‌روه‌ریی‌ یاسادا یه‌كبگرنه‌وه‌». 
سوپای‌ توركیا رووبه‌ڕووی‌ گه‌رێلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ده‌بێته‌وه‌ له‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوردن، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ سه‌رینه‌گرت و ئاگربه‌ست له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2015دا شكێنرا.
ده‌ستورێكی‌ نوێ‌ و خه‌ونی‌ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ 

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا، داوای‌ له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ توركیا كرد كۆببنه‌وه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستورێكی‌ نوێ‌ له‌پاش ده‌سته‌به‌ركردنی‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌لایه‌ن حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌، رێكبكه‌ون. 
داود ئۆغڵۆ له‌ وتارێكیدا له‌باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌به‌رده‌م هه‌زاران كه‌س له‌ لایه‌نگرانی‌ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان وتی‌»داوا له‌ هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان، ده‌ستورێكی‌ نیشتیمانی‌ مه‌ده‌نی‌ نوێ‌ دابنێن، با پێكه‌وه‌ كار بۆ توركیایه‌ك بكه‌ین، ململانێ‌ و ته‌نگژه‌ و په‌لكێشكردنی‌ تێدانه‌بێت و هه‌موان به‌ ئاشتی‌ بژین». 
شكستخواردنی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2015، بۆ ده‌ستخستنی‌ زۆرینه‌ كه‌ بواری‌ نه‌دا حكومه‌ت پێكبهێنێت، له‌و ده‌مه‌دا خه‌ونی‌ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌باربرد كه‌ ئه‌ردۆغان هه‌وڵی‌ چه‌سپاندنی‌ ده‌دا. ئه‌ردۆغان له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ پێشووتردا به‌ راشكاوی‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ سیستمێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوشێوه‌ی‌ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكای‌ ده‌وێت، ئه‌و سیستمه‌یشی‌ به‌ پێویست له‌قه‌ڵه‌مدابوو بۆ پته‌وكردنی‌ هه‌ژمونی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ ئابورییه‌كان له‌ توركیا كه‌ ئه‌ندامی‌ هاویمانی‌ باكووری‌ ئه‌تڵه‌سی‌ (ناتۆ)یه‌. 
هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا سه‌رۆكی‌ توركیا له‌ هه‌رێمی‌ ئه‌رداهان له‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ توركیا وتبوی‌»ده‌ڵێن گه‌ر ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌سته‌به‌ری‌ بكات، ده‌بێته‌ كه‌سێك، كه‌س ناتوانێت له‌ڕێگه‌ی‌ بوه‌ستێت. ئه‌وان مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا كه‌س ناتوانێت له‌رێگه‌یدا رابوه‌ستێت». 

ئاماد گڕده‌گرێت  
دوابه‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ تێیدا حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌، رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ له‌نێوان پۆلیس و چالاكوانانی‌ كورد له‌ ئاماد‌ به‌رپابوو.
رووداوه‌كان له‌ نزیك باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رویاندا، كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیش له‌و ده‌مه‌دا رایگه‌یاند كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كان رێگه‌ به‌ حزبه‌كه‌ ده‌ده‌ن له‌ په‌رله‌ماندا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ رێژه‌یه‌كی‌ كه‌م. هه‌ر حزبێك له‌ توركیا ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، ده‌بێت لانی‌ كه‌م رێژه‌ی‌ 10%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌سته‌به‌ربكات. 
ده‌یان لاو ئاگرییان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كرده‌وه‌ و خۆپیشانده‌رانیش ته‌قه‌یان به‌ئاسماندا ده‌كرد، ماڵپه‌ڕی‌ (العربیه‌ نت) له‌ زاری‌ یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ره‌كانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»جه‌نگ به‌رپا ده‌بێت گه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان كه‌متر 10%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌نگه‌كانیان دزیوین». 
بۆ بڵاوه‌پێكردنی‌ خۆپشانده‌ران، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان غازی‌ فرمێسكڕێژ و ئاوییان به‌كارهێنا. 

حزبه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان زۆرینه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌
به‌پێی‌ دره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2015ی‌ توركیا، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان 50%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا و ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ حوزه‌یران به‌ پێشكه‌وتێكی‌ به‌رچاو بۆ حزبه‌كه‌ دانرا و رێگه‌ی‌ بۆ خۆش بوو تا جارێكی‌ تر به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت. 
زیاتر له‌ 54 ملیۆن كه‌س بۆ به‌شداریی‌ له‌ ده‌نگدان بانگهێشت كرابوون، ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان چڕییه‌كی‌ زۆری‌  به‌شداریی‌ ده‌نگه‌ده‌رانیان به‌خۆوه‌بینی‌. 
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌، به‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داده‌نرا له‌ وڵاتێكدا كه‌ رووبه‌ڕووی‌ ناكۆكی‌ ناوخۆیی‌ و ئه‌و توندوتیژیانه‌ بوبۆوه‌ كه‌ له‌ سوریاوه‌ سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت. 
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2015، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان دووچاری‌ نسكۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ هات. 
حزبه‌كه‌ وێڕای‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ 40.6%ی‌ ده‌نگه‌كان، زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ له‌ده‌ستدا، ئه‌وه‌ش به‌ بۆچوونی‌ چاودێران توركیای‌ رووبه‌ڕووی‌ ناسه‌قامگیری‌ ده‌كرده‌وه‌، له‌و ده‌مه‌دا حزبی‌ فه‌رمانڕوا نه‌یتوانی‌ حكومه‌تی‌ ئیئتیلافی‌ پێكبهێنێت، ئه‌وه‌ش ناچاری‌ كرد هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ پێشوه‌خت ئه‌نجام بدات. 
به‌و سه‌ركه‌وتنه‌،  هێنده‌ی‌ تر ده‌رگاكان له‌به‌رده‌م ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌یدا ئاواڵا بوون، تا ریفراندۆم بۆ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ توركیا بكه‌ن و سیستمی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌و وڵاته‌دا بگۆڕن بۆ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP