گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌ 4/7/2017
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی
د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
بەشی چوارەم
سەرکەوتنی سۆسیالیزم تەنیا لە وڵاتێکدا
مارکس و ئێنگلس بە پێی بارودۆخی جێهانی، ئاستی گەشەسەندنی ئابووری سەرمایەداری لەسەر بنەمای ڕکابەریی ئازاد و هەوڵ‌‌و هەنگاوە هاوبەشەکەیان بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە شۆرشی کرێکاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی نوێ تەنیا لە وڵاتێک مسۆگەڕ ناکرێ، هەرچەند هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەش بوون کە «هەرچەند خەباتی دژەبۆرژوازی پرۆڵتاریا لەسەرەتادا لە باری ناوەڕۆکەوە نیشتمانی نی‌یە، لە باری شکڵەوە نیشتمانی‌یە و دەبێ بێگومان پرۆڵتاریای هەر وڵاتێک لەسەرەتادا کاری خۆی لەگەڵ بورژوازی وڵاتەکەی خۆی یەکسەرە بکات.»  
ئێنگلس لە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا لە بەرامبەر ئەو پرسیارە کە ئایا وێچوونی سەرهەڵدانی شۆڕش(شۆڕشی پرۆڵتاریا) لە وڵاتێکدا هەیە؟ وەڵامەکەی نەرێنی‌یە و دەڵێ»... شۆڕشی کۆمۆنیستی تەنیا شۆرشێکی نیشتمانی نی‌یە و هاوکات لە تەواوی وڵاتەکانی خاوەن شارستانییەت یانی بەلانی‌کەم لە بریتانیا و ئەمریکا، فەرانسە و ئەڵمان روودەدات. شۆڕش بە پێی ئەوەی‌کە، ئەم یان ئەو وڵاتە خاوەنی سەنعەتێکی پێشکەوتووتر، سەروەت‌و سامانی زۆرتر و کۆمەڵێکی زۆرتر لە هێزەکانی بەرهەمهێنەری بێ، خێراتر یاخود خاوتر دەبێ، بەم پێ‌یە ئەم شۆڕشە لە ئەڵمان خاوتر و لە بریتانیا خێراتر و هاسانتر روودەدات. هەروەها کاردانەوەیەکی گەورەی لەسەر تەواوی وڵاتەکانی جێهان دەبێ و شێوەی تەواوکاری ئەوان بەیەکجارێ دەگۆڕێ و خێرای‌یەکی لەڕادەبەدەر بەوان دەبەخشێ. ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی جێهانی‌یە و پێویستە بەستێنێکی جیهانی بێ.»  لێنین بە پێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جێهانی و تێوریزەکردنی ناوەڕۆک و تایبەتمەندیەکانی ئەمپریالیزم بەم باوەڕە گەێشت کە وێچوونی سەرکەوتنی سۆسیالیزم لەسەرەتادا لە چەند وڵات و تەنانەت لە وڵاتێکدا[بەستراوە بە پشتیوانی جێهانی پرۆڵتاریا] هەیە»  بەڵام پاش ساڵێک واتە لە ١٩١٦ لێنین «وێچوونی سەرکەوتنی سۆسیالیزم هاوکات لە چەند وڵاتی ڕەدکردەوە».  پاش مردنی لێنین، ستالین و بوخارین لە ساڵی ١٩٢٦ بیرۆکەی سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک و تەنیا بە پاڵدانەوە بە هێزی پرۆڵتاریای خۆی‌یان گەلالە کرد.(پراودا/ ١٦ نوامبر١٩٢٦) لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا ترۆتێسکی لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک، بەستراوە بە سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە چەند وڵاتێکی دیکەی سەرمایەداری‌یە و لەنەبونی ئەم مەرجە سۆسیالیزم ناتوانێ لە وڵاتێکدا سەرکەوێ.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تێبکۆشین
ترۆتێسکی وێرای بە زیان زانینی ئەم بۆچوونەی ستالین دەڵێ: «بیرۆکەی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا بە‌ناچار دەبێتە هۆی بەکەمزانینی ئەو کێشانەی کە جارێ دەبێ بەسەریاندا زاڵ بین، هەروەها بەرزنرخاندنی دەستکەوتەکانمان. هیچ وتەیەک دژەسۆسیالیستی‌تر و دژبە شۆڕشتر لە وتەکانی ستالین نی‌یە کە بە‌پێی ئەو» لەسەتا ٩٠ی سۆسیالیزم ئێستا لە یەکێتی سۆڤییەتی وەدی‌هاتووە.»  ... «بە‌جێگای ئیدیعای ودەی‌هاتنی سەتا ٩٠ی سۆسیالیزم، پێویستە بەوان بلێن کە شێوەی ئابووری ئێمە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی‌مان زۆر زۆر بە سەرمایەداری – ئەویش سەرمایەداری‌یەکی پاشکەوتوو نزیکترە هەتا بە سۆسیالیزم. بەوان بلێن، تەنیا کاتێک لە پێناوی درووستکردنی سۆسیاڵیزمی راستەقینە هەنگاو دەنەین کە پرۆڵتاریای هەرە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتبێ، پێویستە دەست بە جێ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تێبکۆشین.» 
پێشتریش لە ساڵی ١٩٠٦دا ترۆتێسکی ئاماژەی کردبوو کە «بێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتیی پرۆڵتاریای ئوروپا، چینی کرێکاری ڕووسیە توانای نی‌یە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و دەسەڵاتی کاتیی خۆی بکاتە دیکتاتۆری سەقامگرتووی سۆسیالیستی. تەنانەت بۆ ساتێکیش ناکرێ گوومان لەم مەسەلەیە بکردرێ. بەڵام لە لایەکی دیکەوە جێگای هیچ دردۆنگی نی‌یە کە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ڕۆژئاوا ئەم دەرفەتە بە ئێمە دەدات کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی کاتیی چینی کرێکار بکەینە دیکتاتۆری سۆسیالیستی. 
بەڵام «لە چین، پاش شۆڕشی گەلی لە ساڵی ١٩٤٩دا، هەڵبژاردنی بينای سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا بە پێچەوانەی ڕووسیە هچ کێشە و باسێکی لێ‌ نەکەوتەوە، چاوەرەوانی ئەوەش نەکرا کە سەرکەوتنی شۆڕش بەستراوە بە پاڵپشتی شۆڕشی کرێکاری لە ژاپۆن یاخود ئەمریکا بکردرێ و ئەوان یاریدەی چینی‌یەکان بۆ زاڵبوون بەسەر پاشکەوتوویی وڵاتەکەیان بدەن. بەم پێ‌یە کۆمۆنیزم لە چین تووشی دڕدۆنگی‌یەکانی ڕووسیە لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش نەهات و مائۆئیزم بێ یەک‌‌و دووکردن پێداویستی و توانایی سازکردنی سۆسیالیزمی لە وڵاتێکی پاشکەوتوو لەسەر بنەمای»شۆڕشی بێ‌وچانی پتەوترکردنی قۆناغەکان و بە‌پێی چاکسازی‌کردنی زەوەی بەڵام بە ڕێبەری پرۆڵتاریای ڕاگەیاند.»  

ڕووخانی سۆسیالیزمی بە ڕاستی ئارایی 
کاتێک بە شوێن ڕووداوەکانی ١٩ هەتا ٢١ی ئاوگوستی ١٩٩١ و گەڕاندنەوەی گۆرباچۆڤ لە کریمەوە بۆ مۆسکۆ،  دەستوری هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤییەتی لە ٢٩ ئاوگوستی ١٩٩١ واژۆکرا، جارێ زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە کە هیچ ڕۆڵێکیان لەم ڕووداوانەدا نەبوو و لە ساڵی ١٩٩٠ لە یەکێک لە ئازادترین ڕاپرسی‌یەکانی مێژووی سۆڤییەتدا دەنگیان بە مانەوەی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەتی دابوو، نەیاندەزانی ئەم حەرەکەتە رێخۆشکەری نەک هەر هەڵوەشانەوەی حیزبی کۆمۆنیست وەکو ئاڵقەی سەرەکی یەکێتی و بوونی ئەم وڵاتە، بەڵکوو هەڵوەشانەوەی یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی جیهان دەبێ کە یەک لە شەشی پانتایی جیهانی لەخۆگرتبوو. خەڵکی سۆڤییەت لەوپەڕی پاسیفیسمدا سەیری ڕووداوەکانیان دەکرد، خەڵکێک کە وا ڕاهاتبوون ڕێبەران و دەسەڵاتدارانی وڵات بەرنامەیان بۆدابرێژن و ئەوان تەنیا ئەنجامدەری بن. 
لە دڕێژەی ئەم کاتەدا کە چارەنووسی حیزبی کۆمۆنیست و یەکێتی سۆڤییەت دیاریی دەکرا، هیچ بزووتنەوەیەکی جەماوەری چ بۆ ڕووخاندنی چ بۆ بەرگری لەم ڕەوتە وەڕێ نەکەوت. بوونی مەودایەکی گەورە لە نێوان خەڵک و حیزب و ناکارامەیی یەکێتی و شۆراکان، خەڵکی بەتەواوی پاسیڤ کردبوو. ئەم جەماوەرە کە تەنیا پێویست بوو بۆ بەشداری لە ڕیزێک لە خۆپیشاندانە فەرمی‌یەکان وەک جێژنی ٨ی مارس ڕۆژی جێهانی ژنان، سەرکەوتنی شۆڕشێ ١٧ی ئۆکتۆبر، جێژنی جێهانی کرێکاران لە یەکی ئەیار و سەرکەوتنی هیزی سوور و تێکشکاندنی فاشیسمی هیتلێری لە ٩ی ئەیار بێتە سەرشەقامەکان و پاش خۆپیشاندان و خواردنەوە و سەماکردن و هتد تا خۆپیشاندانەکەی دیکە خەریکی کارو باری ژیانی ڕۆژانەی خۆی بێتەوە، بەرەبەرە پاش هەڵوشانەوەی یەکێتی سۆڤییەتی لە ٢٥ دسامبری ١٩٩١ و هێرشی تانک و ‌هێزەکانی نیزامی سەر بە یەلتسین بۆ سەر پەرلەمانی رووسیە لە ٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣ و کوژرانی لاوانی ١٦ هەتا ١٩ ساڵە لەدەرەوی پەرلەمان، زانیان ئەوە چ ڕوودەدات و چ چارەنووسێک چاوەرەوانیان دەکات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP