شەهید حەمە ئاخە... ئاخێکی هەمیشە زیندوو
شەهید حەمە ئاخە... ئاخێکی هەمیشە زیندوو ‌ 6/7/2017
مەحمود سەنگاوی
مێژووی پڕ سەروەری گەلەکەمان و قوتابخانە پیرۆزەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پڕاوپڕن لە دیرۆکی خۆبەختکردن و خۆنەزرکردنی ڕۆڵە چاونەترس و گیانبازەکانی گەلەکەمان لە پێناو ڕزگاری و ئازادی خاکی کوردستاندا، داستان و نەبەردیەکانی ئەو کەڵەمێرد و ڕێبوارانەی دەیان ویست قەڵەمڕەوێک بۆ ئازادی چێ بکەن و لەو پێناوەدا گیانیان بە کورد و کوردستان بەخشی، فرەن و لە ژماردن نایەن، بۆ قەڵەمی کول و کۆڵەواری ئێمەیەکی پێشەرگەش گەلێک سەخت و دژوارە باسی گەورەی و خەبات و شۆڕشگێڕی هەموو ئەو گوڵە ئەستێرە و جوامێرانەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بکات. ئەو شەهیدە نەمر و سەربەرزانەی مۆمی سەرفرازی دواڕۆژیان بە خوێنی خۆیان داگیرساند خاوەنی  دەسکەوت و سەروەریەکانی ئەمڕۆی گەلەکەمانن، بۆ ئێمەیەک کە سەردەمانێک هاوتەکیان پێشمەرگە بووین و خەباتمان کردووە، یادەوەری و یادگاریەکی فرەیان بۆ جێهێشتووین، لەم ڕوانگەیەوە جار جارە دەست دەدەمە قەڵەم و بۆ ڕۆحی نەمری ئەوان و وەبیرهێنانەوەی قارەمانێتی و نەبەردیەکانیان  بۆ گەنج و لاوانی ئەمڕۆ دەنووسم.
 (شەهید حەمە ئاخە)، لە ڕوخساردا پیاوێکی نتم و بێدەنگ، هه‌تا بڵێی به‌جه‌رگ، چاونه‌ترس، قاره‌مانێكی چنگ به‌گڕ، ته‌یارێکی گۆڕه‌پانی نه‌به‌زین و سەربازێکی ونی ڕێگای ڕزگاری خاکی کوردستان بوو،  له‌هه‌ڵمه‌ت بردندا كه‌س نه‌كه‌وتووه‌ته‌ پێشیه‌وه‌، له‌ جوامێریی و گیانبازیدا هه‌ر ته‌نیا و كه‌س شانی له‌شانی نه‌ده‌دا، له‌ده‌ستكردنه‌وەشدا فره‌ به‌ده‌ستوبرد و له‌كار راپه‌ڕاندن و ئه‌رك به‌جێگه‌یاندنیشدا دنیایه‌ك جووڵه‌ و توانا و هه‌ڵوێست بوو. (شەهید حەمە ئاخە) کوڕێکی زیته‌ڵه‌، جووڵه‌جووڵكه‌ر، نه‌سره‌وت، هه‌میشه‌ گوێقوڵاخ بوو، ده‌یویست‌ له‌هه‌موو رووداوه‌كاندا دیاربێت، په‌نجه‌ی دەخستە ئاوی كاره‌كانه‌وه‌ و حه‌زی به‌دانیشتن نەبوو، هه‌میشه‌ په‌له‌په‌لی بە جێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانی بوو. حەمە... مرۆڤێكی ده‌روونپاك و بێفیز و  بێ ده‌عیه‌ بوو، هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی ناو هه‌ڤاڵه‌كانی و خه‌ڵكی ناوچەکە بوو. 

له‌پێناوی ئازادی نیشتماندا
حەمە... ئەو عاشقە‌ یاخییه‌ بوو له‌پێناوی ئازادی نیشتماندا ئۆقره‌ی نه‌مابوو، ئاگرێك له‌هه‌ناویدا داگیرسابوو دانه‌ده‌مركایه‌وه‌.. ئه‌و كوڕه‌ جوتیارێكی هه‌ست ناسك بوو، پێش هه‌موو كه‌سێك له‌ هاوه‌ڵه‌كانی، د‌ركی به‌و سته‌مه‌ ناهه‌مواره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌كرا كردبوو.. له‌ لاوێتیدا هه‌ره‌سی شۆڕشی پێشوو ئازارێكی قووڵی لە ناخیدا جێهێشتبوو.. تا ده‌هات وێنه‌ی خه‌مه‌كانی لا گه‌وره‌تر ده‌بوو.. 
ئەو زەمەنەی کە شۆڕشی نوێ‌ له‌ناو داروپه‌ردووی ئاشبه‌تاڵ و داڕمان و تێكشكانه‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنا، گیانبازه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شه‌وه‌زه‌نگی نائومێدیدا تۆپی خۆریان ته‌قانده‌وه‌ .. كه‌ تفه‌نگ بۆ هه‌ق بشریخێنێ‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ گیانی خاك بدوێ‌، شۆڕشی نوێ‌ له‌ هه‌ناوی میلله‌تدا ده‌زێ‌... ئیدی ئەو زەمەنە عاشقانی ئه‌م نیشتمانه‌ پۆل پۆل به‌ باڵی خۆبه‌ختكردندا ڕووەو دونده‌ به‌رزه‌كان هه‌ڵده‌فڕین  و  به‌گژ كه‌ژه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی دیكتاتۆرییه‌تدا ده‌چوون، له‌پێناوی گه‌ل و نیشتماندا گیانی خۆیان ده‌خسته‌ناو كۆڕی مردنه‌وه‌.  ئیدی گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان هێدی هێدی ئاوەدان و پڕ جۆش و خرۆشتر دەبوو.. ته‌نووری مه‌رگ بۆ سوپای داگیركه‌ر و خۆفرۆشان هەموو ڕۆژێک دادەگیرسا، مه‌فره‌زه‌ی کوڕانی (ی.ن.ک) له‌به‌رچاو و دڵی خه‌ڵكیی ئاشنابوون و جارێكیتریش پێشمه‌رگه‌ و خاك و میلله‌ت ئاوێزانبوونه‌وه‌ تاكو له‌ یه‌كگرتنی هه‌میشه‌ییدا پێكه‌وه‌ سه‌وزیی ژیان بڕوێننه‌وه‌.
ئه‌وده‌مه‌ به‌عس له‌ ترۆپكی به‌هێزیی سه‌ربازیی و پڕچه‌كیدا بوو، داروبه‌رد له‌ تاوانكاریی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌ هه‌تره‌شی ده‌چوو، كون و قوژبنی وڵات به‌ ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌رتارییانه‌ ئاخنرابوو، ئا له‌وده‌مه‌دا و له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژێكی پاییزی ساڵی 1979 دا (حەمە) ماڵ به‌جێده‌هێڵێ‌ و تێكه‌ڵ به‌ ژیانێكی نوێی خه‌بات ده‌بێ‌ و خۆی له‌ ده‌فته‌ری شۆڕشدا ناونووس دەکات....  زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژگاری ته‌نگانه‌دا سه‌ریان نه‌وی ناكه‌ن، له‌ گۆڤه‌ندی خه‌بات و تێکۆشاندا ملی هه‌ورازی قووچ ده‌گرن و بێ پشوو ته‌كانده‌ده‌ن.. بەڵام كوڕه‌ ره‌شتاڵه‌كه‌ی (خێڵی ئاخە) بووە یه‌كێك له‌و هه‌ڵكه‌وتووه‌ ده‌گمه‌نانه‌ کە بە چالاکی و نەبەردیەکانی کۆڕی خەبات و تێکۆشانی زیاتر  دەڕازاندەوە و ‌ بە هاوتەکی گیانبازەکانی هاوسەنگەری  ناوازه‌ییه‌كیان به‌ هونه‌ری شه‌ڕ دەبەخشی و لاپه‌ڕه‌كانی شۆڕشیان له‌ دێڕه‌كانی قوربانیدان پڕپڕکرد. زۆرجاریش له‌گه‌ڵ داهاتنی تاریكی و كشوماتیی شه‌ودا، لە تەک چەند هاوڕێبازێکدا به‌ره‌و ناوشار رێچكه‌یان ده‌به‌ست و بێباكانه‌ ده‌چوونه‌ناو قه‌ڵا قایمه‌كانی دوژمنه‌وه‌، ئابڵۆقه‌ی مه‌رگیان ده‌سه‌پاند، له‌وێشدا هونه‌ری چاونه‌ترسییان ده‌نواند و پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان زیڕه‌پێده‌كرد.
(شەهید حەمە ئاخە) رۆژ لە دوای رۆژ پله‌كانی فه‌رمانده‌یی باڵاترده‌بوو به‌جۆرێك كه‌ چاوه‌ڕوانی زۆر گه‌وره‌ی لێده‌كرا وه‌كو داهێنه‌رێكی شۆڕشگێڕیی گۆڕه‌پانه‌كانی شه‌ڕ قارەمانی داستانەکان‌. حەمە ئاخە ... له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بووه‌ هێمایه‌كی ده‌ركه‌وتووی قاره‌مانێتی و ناونیشانی چالاكییه‌كان، ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر رژێمێكدا كه‌وته‌ زۆرانبازییه‌وه‌ كه‌ باش ده‌یزانی هیچ به‌راوردێك له‌نێوان دوژمن و شۆڕشدا نییه‌، به‌ڵام ده‌شیزانی كه‌ خاوه‌ن دۆزێكی ڕه‌وایه‌ و هەر بۆیە هه‌رگیز له‌ مه‌رگ دانه‌ده‌چڵه‌كی و له‌ توانای زۆروزه‌وه‌ندی دیكتاتۆرییه‌ت سڵی نەدەکردەوە.
مانه‌وه‌ی پارتیزانه‌كان
ئەو دەمەی دەستی ڕەشی سوپای داگیرکەر گەیشتە پێدەشتەکانی گەرمیان و کارەساتی ئەنفالیان خولقاند، دێهاته‌كانیان سووتاند، كوردستانیان قه‌ره‌چۆڵ بڕی... له‌وده‌مه‌دا دوژمن هه‌موو قوژبنێكی ته‌نیبوو، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی و كوردكوشتن و زیندە بەچاڵکردنی کورد تووشی لە خۆبایی‌ بوون بوو بوو، به‌ڵام مانه‌وه‌ی پارتیزانه‌كان له‌و چۆڵه‌وانییانه‌دا وه‌ڵامێكی ده‌مشكێنی فڕوفیشاڵه‌كانی به‌عس و سوپا زه‌به‌لاح و جاشه‌ خاک فرۆشەکانی دایەوە.. پارتیزانەکان بێترس بوون له‌عاست: مردن، ئه‌نفال، چۆڵه‌وانی.. ئه‌مان له‌هه‌موو شت گه‌وره‌تربوون له‌: خه‌م، ئازار، ته‌نیایی، بێنان و خۆراكی.. ته‌نیا له‌ كورد گه‌وره‌ترنه‌بوون.. ئه‌وان بۆ كورد گه‌وره‌ده‌بوون و له‌پێناویدا سه‌ودای مه‌رگیان ده‌كرد.
حەمە...  به‌ چاوی خۆی گه‌وره‌ترین تراژیدیای زه‌مانه‌ی بینی، قڕانی كوردی بینی، ئه‌نفالی خه‌ڵكی و ژن و مناڵه‌ خنجیلانه‌كانی خۆیشی بینی، چه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ خۆڕاگرتن له‌به‌رامبه‌ر كاره‌ساتی خێزان راپێچی مردن كردن.. مه‌گه‌ر ته‌نیا هه‌ر بۆ پیاوێكی گه‌وره‌ی وه‌كو (حەمە) فه‌راهه‌مبێت، هیچی به‌لا‌وه‌ مه‌به‌ست نه‌بوو گەل و خاکەکەی نەبێت، بۆیه‌ش له‌ناو هاوڕێ‌ پارتیزانه‌كانیدا سیمای كه‌ڵه‌ مرۆڤێکی لێ نیشتبوو، ئه‌و ده‌یوت: ده‌بێ‌ ئه‌نفال ره‌تبكه‌ینه‌وه‌، له‌م چۆڵی و هۆڵییه‌دا بژێینه‌وه‌، گیانه‌ كۆچكراوه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌.
(شەهید حەمە ئاخە) له‌ خه‌باتی ژێرزه‌مینیدا كارامه‌ و چاونه‌ترس بوو، كه‌م كه‌س به‌قه‌د ئه‌وی پێده‌كرا.. ئه‌و لێهاتووییه‌ی وایكرد له‌ سه‌رده‌می ئه‌نفال و پارتیزانیدا به‌گه‌وره‌یی ده‌ربكه‌وێ‌، نیگارێكی ناوازه‌ له‌سه‌ر تابلۆی سه‌روه‌ری بۆ خۆی و یه‌كێتیی و پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كان بكێشێ،‌  هیچ بن بەرد و ژێر تاوێرێکی ئەم گەرمیانەم پێ شک نایە (حەمە) لە ساتەوەختەکانی پارتیزانیدا خواردن و شەکر و چا و نانی بۆ هاوڕێبازەکانی تێدا قایم نەکردبێ و هیچ دوند و گردۆڵەکە و کەژێکی گەرمیانم پێ شک نایە ئاشنای هەڵوێستە بەرز و چاونەترسیەکانی (حەمە  ئاخە) نەبوو بێ. حەمە... بۆ ساتێکیش چۆڵەوانیە شەقار شەقارەکانی گەرمیانی چۆڵ نەکرد، ئەو بە ئومێدەوە لە چاوەڕوانی ماڵ و منداڵ و خزم و کەسەکانیدا بوو کە بەر شاڵاوی نەگریسی ئەنفال کەوتبوون، هەرچەندە دەشیزانی لە چاوەڕوانیەکی بێ سود و بێ ئەنجام دایە، چونکە دەیزانی دڵی ڕەشی داگیرکەران تۆزقاڵێک ڕەحم و سۆزی تێدا بەدی ناکرێت تا بەزەییەکیان بەو دڵەپاک و بێگەردە ئەنفالکراوانەدا بێتەوە و بۆ دیداری بەجێماوەکانی دەشتی گەرمیان بیانگێڕنەوە.
ڕوبەڕووی مەرگ بووەوە
پاش ڕاپەڕین، هه‌واڵێكی دڵسووتێنه‌ر گەشت و كۆستێكی گه‌وره‌ كه‌وت.. وا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ (حەمە) له‌ شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا گیانی به‌خشیوه‌ته‌ كوردستانه‌كه‌ی كه‌ ئه‌و خۆی بۆ نه‌زركردبوو، هیچ کەس بڕوای بە مەرگی (حەمە) نەدەکرد، ئاخر ئەو چەندینجار ڕوبەڕووی مەرگ بووبووەوە و بەزاندبووی، مه‌خابن خۆشیی سەرکەوتنەکانی ڕاپەڕین بۆ ئه‌و كه‌مبوو، له‌ ناو كه‌فوکوڵی ئه‌و رۆژگاره‌دا و له‌ شەڕێکی دژوار و دەستەویەخەدا چاوه‌ نه‌رمه‌كانی بۆ هەتا هەتایە لێكنا و به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی سه‌روه‌ران بەڕێ كه‌وت. شه‌هیدبوونی (حەمە) لەو ساتەوەخت و هەلومەرجە ناسکەدا فره‌ كاریگه‌ربوو، به‌ڵام كاروكردەوە‌كانی ئه‌و، هه‌ڵوێست و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌و، گەورەیی بیر و ئامانجەکانی، دڵسۆزی و پاکی کەسێتی ئەو هانی ئەداین لە سەر ڕێگای تێکۆشان شێلگیرتربین.

(حەمە گیان)... تۆ له‌ چاوی ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌دا هه‌میشه‌ مه‌زن ده‌رده‌كه‌وی، لای پارتیزانه‌كان له‌ قوتووی هه‌ستیاندا هه‌ڵگیراوی، له‌ یاده‌وه‌ری نیشتماندا به‌رز به‌رز وه‌كو باڵا كه‌ڵه‌گه‌تێكی كۆڕی خه‌بات نمایش ده‌كرێی. 
 لە کۆتایدا، یادت هه‌میشه‌ به‌رز راده‌گرین خەباتگێڕە دڵ پڕ له‌ خولیا و ئه‌وینەکەی كوردستان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP