ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و رۆژنامه‌وانی‌
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و رۆژنامه‌وانی‌ ‌ 15/7/2017
ئه‌م بابه‌ته‌ی‌ به‌رێز نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له‌ ئه‌رشیفی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ له‌ رۆژی‌ چله‌ی‌ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د دا به‌ دوو به‌ش له‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ ژماره‌كانی‌ (2150- 2151)دا له‌ رۆژانی‌ (20-21/5/2000) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
بۆ یادی‌ كاك نه‌وشیروان‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌ له‌ بواری‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌ كوردستانی‌ نوێ‌-ی‌ هه‌فته‌دا به‌ چه‌ند به‌شێك جارێكی‌ دیكه‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌. 
نەوشیروان مستەفا ئەمین
به‌شی‌ دووه‌م و كۆتایی‌
هه‌موو بڵاوكراوه‌كانی‌ قوتابخانه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ موكریان, پێش دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان له‌مه‌هاباد‌و له‌سه‌رده‌می‌ دامه‌زراندنی‌دا به‌ رێزه‌وه‌ ناوی‌ گه‌لاوێژیان هێناوه‌و, له‌ژێر ته‌ئسیری‌ ناوه‌ڕۆك‌و زمان‌و رێزمان‌و رێنوسی‌ گه‌لاوێژدا بوون. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ناوی‌ یه‌كێ‌ له‌قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ مه‌هابادیان ناوه‌ گه‌لاوێژ. گۆڤاری‌ (نیشتمان) بڵاوكه‌ره‌وه‌ی‌ بیری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ژ.ك و, گۆڤاری‌ (هه‌ڵاڵه‌)‌و گۆڤاره‌كانی‌تر له‌دابه‌شكردنی‌ بابه‌ته‌كانی‌‌و له‌قه‌واره‌ی‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌دا لاسایی‌ گه‌لاوێژیان كردۆته‌وه‌.
گه‌لاوێژیش هه‌واڵی‌ ده‌رچوونی‌ نیشتمان‌و كوردستان‌و هه‌ڵاڵه‌ی‌ نووسیوه‌و شیعرو نووسینی‌ لێ‌وه‌رگرتون‌و, به‌بۆنه‌ی‌ له‌سێداره‌دانی‌ قازی‌ محه‌مه‌ده‌وه‌.
برایم ئه‌حمه‌د شیعرێكی‌ له‌گه‌لاوێژدا بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌به‌یه‌كێ‌ له‌ شا شیعره‌كانی‌ كوردی‌ داده‌نرێ‌.
له‌ناوكورده‌كانی‌ سوریاشدا گه‌لاوێژ ناسراو بووه‌. له‌ژماره‌كانی‌ رۆناهی‌‌و رۆژانوو هاواردا باسی‌ وه‌كو یه‌كێ‌ له‌باشترین گۆڤاره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كراوه‌.
4-ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و رۆژنامه‌وانی‌ نهێنی‌ حزبی‌
له‌ناوه‌ڕاستی‌ چله‌كاندا برایم ئه‌حمه‌د دامه‌زرێنه‌ر‌و لێپرسراوی‌ لقی‌ كوردستانی‌ عیراقی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ژ.ك بووه‌. ئه‌م رێكخراوه‌ ئه‌گه‌ر چی‌ لقی‌ رێكخراوێكی‌ كوردستانی‌ ئێران بووه‌, به‌ڵام لقی‌ كوردستانی‌ عیراقی‌ به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌‌و هه‌ندێ‌ بڵاوكراوه‌ی‌ هه‌بووه‌. به‌داخه‌وه‌ نوسخه‌ی‌ ئه‌سڵی‌ هیچ كام له‌و به‌ڵگانه‌ ئێستا له‌به‌رده‌سدا نین ته‌نیا یه‌كێكیان له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی‌دا له‌ناو هه‌ندێ‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مریكایی‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌و, خۆی‌ جارێكی‌تر له‌ئینگلیزیه‌وه‌ كردویه‌تیه‌وه‌ به‌كوردی‌‌و له‌چریكه‌ی‌ كوردستاندا بڵاوی‌كردۆته‌وه‌. شایانی‌ باسه‌ ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ له‌نووسینی‌ برایم ئه‌حمه‌د خۆیه‌تی‌.
دوای‌ روخانی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان له‌مه‌هاباد‌و بڵاوه‌لێكردنی‌ حزبی‌ دیموكرات, برایم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێكانی‌ كۆده‌بێته‌وه‌و ژ.ك هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌و هه‌ندێكیان ده‌چنه‌ ریزی‌ پارتی‌یه‌وه‌و هه‌ندێكیشیان ده‌چنه‌ ناو حزبی‌ شیوعی‌یه‌وه‌. برایم ئه‌حمه‌د ده‌چێته‌ پارتییه‌وه‌و ده‌بێته‌ لێپرسراوی‌ لقی‌ سلێمانی‌‌و, شان به‌شانی‌ ئاماده‌كردنی‌ نووسینه‌كانی‌ گه‌لاوێژ, به‌شدار ده‌بێ‌ له‌نووسینه‌كانی‌ رزگاری‌دا, كه‌ ئه‌وسا به‌نهێنی‌ زمانی‌ پارتی‌ بووه‌. ساڵی‌ 1949 گیرا. به‌م به‌هانایه‌ گه‌لاوێژیش داخرا.
دوای‌ به‌ربوونی‌ له‌زیندان كۆنگره‌ی‌ پارتی‌ به‌سترا له‌و كۆنگره‌یه‌دا بوو به‌ سكرتێری‌ حزبه‌كه‌. له‌و كاته‌وه‌ تا  1964 كه‌پارتی‌ تێ‌دا بوو به‌دووكه‌رته‌وه‌ زۆری‌ به‌رنامه‌كان‌و به‌یان‌و بیرخه‌ره‌وه‌و سه‌روتارو وتاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئۆرگانه‌كانی‌ پارتی‌ له‌سه‌رده‌می‌ مه‌لیكی‌دا: رزگاری‌‌و خه‌باتی‌ كوردستان‌و له‌ سه‌رده‌می‌ جمهوری‌دا: خه‌بات, برایم ئه‌حمه‌د نووسیونی‌.
له‌سه‌رده‌می‌ مه‌لیكی‌دا, ناوه‌ڕۆكی‌ نووسینه‌ سیاسیه‌ نهێنییه‌كانی‌ بریتی‌ بوون له‌:
-سازدان‌و رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و هاندانیان بۆ خه‌بات له‌پێناوی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردو, داڕشتنه‌وه‌ی‌ پێوه‌ندی‌ برایانه‌ی‌ كوردو عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ رێزگرتنی‌ یه‌كتری‌‌و سه‌لماندنی‌ مافی‌ وه‌كیه‌كی‌ بۆ یه‌كتری‌.
-پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ حزبه‌ نیشتمانییه‌كانی‌ عیراق.
-دژایه‌تی‌ رژێمی‌ شایه‌تی‌‌و رژێمی‌ ده‌ره‌به‌گی‌‌و كۆنه‌په‌رستی‌ نۆكه‌ری‌ ئیمپریالیزم, په‌یمانی‌ به‌غدادو, دامه‌زراندنی‌ رژێمی‌ جمهوری‌.
-داواكردنی‌ ریفۆرمی‌ زه‌وی‌‌و چاككردنی‌ ژیان‌و هه‌لومه‌رجی‌ كاری‌ كرێكاران‌و جوتیاران‌و, ئازادی‌ دامه‌زراندنی‌ رێكخراوه‌ دیمۆكراتییه‌كان.
-پشتیوانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێتی‌‌و وڵاتانی‌ سۆسیالیستی‌‌و ئاشتی‌ جیهانی‌‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ بێلایه‌ن.
وتاره‌كانی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ بوون كه‌ بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ حزبێكی‌ كوردی‌‌و, له‌گه‌ڵ‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردا ده‌گونجان.
له‌پاڵ‌ ئه‌م نووسینه‌ سیاسیانه‌دا, له‌په‌نجاكاندا, چه‌ند وتارێكی‌ زمانه‌وانی‌ بۆ گۆڤاری‌(هیوا) له‌به‌غدادو گۆڤاری‌ (شه‌فه‌ق) له‌كه‌ركوك نووسیوه‌.
5-ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات
 تا 14ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 كورد له‌عیراقدا رێگه‌ی‌ نه‌ده‌درا حزبی‌ سیاسی‌ قانونی‌ دابمه‌زرێنێ‌‌و, رێگه‌یش نه‌ده‌درا رۆژنامه‌ی‌ سیاسی‌ رۆژانه‌ به‌كوردی‌ ده‌ربكا. پاش 14ی‌ ته‌مموز ئاسۆیه‌كی‌ فراوانی‌ بۆكرایه‌وه‌ چالاكی‌ حزبایه‌تی‌‌و رۆژنامه‌وانی‌ بنوێنێ‌. برایم ئه‌حمه‌د داوای‌ وه‌رگرتنی‌ ئیمتیازی‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ كوردی‌-عه‌ره‌بی‌ كرد به‌ناوی‌ (خه‌بات- النچال)ه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بیرو بۆچوونی‌ سیاسی‌ پدك ‌و هه‌ڵوێستی‌ له‌ڕووداوه‌كانی‌ روون بكاته‌وه‌.
رۆژی‌4ی‌ نیسانی‌ 1959 یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ خه‌بات ده‌رچوو له‌ڕۆژی‌ 28ی‌ مارتی‌ 1961دا دوای‌ ده‌رچوونی‌ 462 ژماره‌ داخرا, له‌مێژووی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌دا زۆر جار رۆژنامه‌ی‌ كوردی‌, تێكه‌ڵاو له‌كوردی‌‌و زمانی‌ توركی‌‌و فارسی‌‌و عه‌ره‌بی‌ ده‌رچووه‌, هه‌موو ئه‌و رۆژنامانه‌ی‌ به‌ 2 یان 3 زمان ده‌رچوون, چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ به‌كوردی‌‌و لاپه‌ڕه‌كانی‌ تری‌ بۆ زمانه‌كه‌ی‌ تر ته‌رخان كراوه‌, برایم ئه‌حمه‌د ئه‌م نه‌ریته‌ی‌ گۆڕی‌‌و له‌باتی‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تا هه‌ندێ‌ ژماره‌ی‌ هه‌مووی‌ به‌كوردی‌‌و هه‌ندێكی‌ تری‌ به‌هه‌مووی‌ به‌عه‌ره‌بی‌ ده‌رده‌كرد. دوایی‌ ئیمتیازی‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ تری‌ كوردی‌ به‌ ناوی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌رگرت‌و خه‌بات هه‌مووی‌ بوو به‌عه‌ره‌بی‌. 
 خه‌بات, كێلێكی‌  به‌رزو دیاره‌ له‌سه‌ر رێ‌ی‌ كاروانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌دا به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌پایته‌ختی‌ عیراقدا, خاوه‌نی‌ سه‌روه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌مه‌یدانی‌ داكۆكی‌كردنی‌ قانونی‌دا له‌مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كوردو, له‌مه‌یدانی‌ داكۆكی‌كردنی‌ قانونی‌دا له‌مافه‌ دیموكراتییه‌كانی‌ گه‌لی‌ عیراق.
ئه‌وانه‌ی‌ كه‌به‌ده‌ستی‌ ئه‌نقه‌ست مێژووی‌ كورد ده‌شێوێنن‌و ده‌یانه‌وێ‌ سه‌روه‌ری‌ هه‌ندێ‌ كه‌س بكه‌ن به‌ژێر په‌رده‌وه‌و سه‌روه‌ری‌ درۆ به‌پاڵ‌ هه‌ندێكی‌تر بده‌ن, ناتوانن هه‌ندێ‌ راستی‌ هه‌یه‌ بیشارنه‌وه‌:
راستیی‌ یه‌كه‌م: خاوه‌نی‌ ئیمتیازو سه‌رنووسه‌ری‌ خه‌باتی‌ زمانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ساڵانی‌ 1959 تا 1961 برایم ئه‌حمه‌د بووه‌. له‌هه‌موو ژماره‌یه‌كی‌دا ئه‌مه‌ نووسراوه‌. له‌هه‌مان كات برایم ئه‌حمه‌د سكرتێری‌ حزبه‌كه‌یش بووه‌.
راستیی‌ دووه‌م: به‌شێكی‌ زۆری‌ سه‌روتاره‌كانی‌ خه‌بات چ هی‌ ئه‌و چه‌ند ژماره‌یه‌ی‌ به‌كوردی‌ ده‌رچوون‌و چ هی‌ ئه‌و چه‌ند سه‌د ژماره‌یه‌ی‌ به‌عه‌ره‌بی‌ ده‌رچوون به‌قه‌ڵه‌می‌ برایم ئه‌حمه‌د نووسراون.
هه‌موو سه‌روتاره‌كانی‌ خه‌بات ته‌رخانكراون بۆ پشتیوانی‌ له‌كۆماری‌ عیراقی‌ هاوبه‌شی‌ كوردو عه‌ره‌ب‌و, بۆ داوای‌ سه‌لماندنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردو, بۆ داوای‌ پێشخستنی‌ باری‌ ئابووری‌‌و رۆشنبیری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كوردستان‌و, بۆ داوای‌ كۆتایی‌هێنان به‌باری‌ نائاسایی‌‌و قۆناغی‌ گوێزانه‌وه‌و دامه‌زراندنی‌ رژێمێكی‌ دیمۆكراتی‌. له‌سه‌ر ئه‌مه‌یش خه‌بات توشی‌ چه‌ندین مشتومڕو نه‌به‌ردی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بوو, كه‌لێره‌دا پێویسته‌ ئیشاره‌ت به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ به‌ 3 بابه‌تیان بدرێ‌.
نه‌به‌ردی‌ یه‌كه‌م, یه‌كێ‌ له‌سه‌روتاره‌كانی‌ خه‌بات ته‌رخان كرابوو بۆ ماده‌ی‌ دووه‌می‌ ده‌ستووری‌ كاتیی‌ عیراق‌و گه‌لی‌ كورد. ماده‌ی‌ دووه‌م ده‌یوت: عیراق به‌شێكه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب. برایم ئه‌حمه‌د به‌مه‌نتیقێكی‌ زانستی‌ به‌رپه‌رچی‌ ئه‌م ماده‌یه‌ی‌ دایه‌وه‌و, نووسی‌: كورد‌و عه‌ره‌ب به‌پێ‌ی‌ ماده‌ی‌ سێیه‌می‌ ده‌ستور هاوبه‌شن له‌م نیشتمانه‌دا, گه‌لی‌ عه‌ره‌بی‌ عیراق‌و عیراقی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌شێكن له‌نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی‌ عه‌ره‌ب‌و گه‌لی‌ كوردی‌ عیراق‌و كوردستانی‌ عیراق به‌شێكن له‌نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی‌ كورد.
له‌سه‌ر ئه‌م وتاره‌ برایم ئه‌حمه‌د به‌توهمه‌ی‌ نانه‌وه‌ی‌ دووبه‌ره‌كی‌ له‌ناو گه‌لی‌ عیراقدا درا به‌دادگا. ئه‌مه‌ جاری‌ دووه‌م بوو له‌سه‌ر بابه‌تێكی‌ له‌و جۆره‌, كه‌داوای‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ پێوه‌ندی‌ كورد‌و عه‌ره‌بی‌ ده‌كرد له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی‌ نوێ‌, بدرێ‌ به‌دادگا. جاری‌ یه‌كه‌م ساڵی‌ 1937 كه‌تازه‌ حقوقی‌ ته‌واوكرد بوو له‌سه‌ر نامیلكه‌ی‌ (الاكراد والعرب)و جاری‌ دووه‌م له‌سه‌ر ئه‌م سه‌روتاره‌ی‌ خه‌بات.
نه‌به‌ردی‌ دووه‌م, به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانی‌ عه‌ره‌ب بوو, به‌ تایبه‌تی‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و وتاره‌ی‌ كه‌ڕۆژنامه‌ی‌ (الپوره‌)ی‌ به‌غدادی‌ لایه‌نگری‌ قاسم سه‌باره‌ت به‌تواندنه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ناو بۆته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌دا نووسی‌ بووی‌.
نه‌به‌ردی‌ سێیه‌م, ئه‌و وتارانه‌ بوو كه‌داوای‌ كۆتایی‌ هێنانی‌ ده‌كرد به‌ماوه‌ی‌ گوێزانه‌وه‌و ئازادی‌ حزبایه‌تی‌‌و رۆژنامه‌وانی‌‌و دامه‌زراندنی‌ ژیانی‌ دیمۆكراتی‌‌و هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌.
راستیی‌ سیێه‌م: له‌ده‌ركردنی‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌باتی‌ رۆژانه‌دا چه‌ند كه‌سێ‌ له‌هاوڕێ‌و هاوكاره‌ نزیكه‌كانی‌ برایم ئه‌حمه‌د به‌نووسینی‌ به‌رده‌وام ناوه‌ڕۆكی‌ خه‌باتیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرد, ئه‌گه‌ر چی‌ له‌و كاته‌دا له‌سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌دا بوون, به‌ڵام دواتر كه‌سیان له‌و حزبه‌دا نه‌مان كه‌خوالێخۆشبوو مسته‌فا به‌رزانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد, به‌ڵام ئه‌وه‌ ناوی‌ ئه‌وان‌و ره‌نج‌و شه‌ونخونییان بۆ ده‌رچوونی‌ رێكوپێكی‌ خه‌بات‌و تۆماركردنی‌ سه‌روه‌رییه‌كانی‌, ناسڕێته‌وه‌, له‌وانه‌:
-جه‌لال تاڵه‌بانی‌, كه‌ئه‌وسا ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌قابه‌ی‌ رۆژنامه‌وانه‌كانی‌ عیراق بوو, به‌ناوی‌ (پیرۆت)ه‌وه‌ رۆژانه‌ (یومیاتی‌) له‌ خه‌باتدا ده‌نووسی‌.
-حیلمی‌ عه‌لی‌ شه‌ریف كه‌ به‌ناوی‌ (ئاسۆ)ه‌وه‌ رۆژانه‌ ته‌علیقی‌ سیاسی‌ ده‌نووسی‌‌و, رووه‌ له‌یه‌كچووه‌كانی‌ خه‌باتی‌ كوردو خه‌باتی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ گه‌لانی‌ روون ده‌كرده‌وه‌.
-د. سه‌ید عه‌زیزی‌ شه‌مزینی‌ كه‌ڕۆژانه‌ به‌شێكی‌ له‌كتێبه‌ به‌نرخه‌ پڕ به‌ڵگه‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌مێژووی‌ نوێ‌ی‌ كورد له‌رووسییه‌وه‌ ده‌كرد به‌عه‌ره‌بی‌.
6-ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و رۆژنامه‌وانی‌ له‌شاخ
به‌بیانووی‌ كوشتنی‌ صدیق میرانه‌وه‌ فه‌رمانی‌ گرتن بۆ برایم ئه‌حمه‌د ده‌رچوو له‌باتی‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بدا خۆی‌ شارده‌وه‌. پێوه‌ندی‌ كورد‌و حكومه‌تی‌ قاسم به‌ته‌واوی‌ به‌ره‌و تێكچوون ده‌چوو. له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 1961دا شه‌ڕ‌و پێكدادانی‌ چه‌كدارانه‌ له‌نێوان جه‌یشی‌ عیراق‌و كوردا ده‌ستی‌ پێ‌كرد. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ  ئومێدی‌ به‌وه‌ نه‌ما كه‌گرژی‌ پێوه‌ندی‌ كورد‌و قاسم خاو و, بارودۆخی‌ كوردستان ئاسایی‌ ببێته‌وه‌, برایم ئه‌حمه‌د كه‌ ئه‌وده‌م سكرتێری‌ پارتی‌ بوو, له‌كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1961دا له‌گوندی‌ عه‌وداڵان سه‌رپه‌رشتی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ كردو, له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا سه‌ركردایه‌تی‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ بكه‌ن‌و, له‌جوڵانه‌وه‌یه‌كی‌ نارێكوپێكی‌ خێڵه‌كییه‌وه‌ بیكه‌ن به‌جوڵانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ پێشكه‌وتنخوازو هاوچه‌رخ. هه‌روه‌ها بڕیاری‌ ده‌ركردنه‌وه‌ی‌ خه‌بات درا.
برایم ئه‌حمه‌د  باره‌گای‌(م. س)ی‌ له‌مالومه‌ دامه‌زراندو كه‌وته‌ رابه‌رایه‌تی‌ شۆڕشه‌كه‌. یه‌كێ‌ له‌وكارانه‌ی‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی‌ ئه‌نجامی‌ دا هێنانی‌ ده‌زگای‌ چاپ بوو بۆ شاخ. دوای‌ شێخ مه‌حموود كه‌له‌ بیسته‌كاندا ده‌زگای‌ چاپی‌ برده‌ ئه‌شكه‌وتی‌ جاسه‌نه‌ له‌سووداش, برایم ئه‌حمه‌د دووه‌م سه‌ركرده‌ی‌ شۆڕشگێڕی‌ كورد بوو ده‌زگای‌ چاپی‌  له‌ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی‌ گرده‌ڕه‌شی‌ ماوه‌ت دامه‌زراندو, كه‌وته‌وه‌ ده‌ركردنی‌ خه‌باتی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و به‌یان‌و بڵاوكراوه‌كانی‌ پارتی‌ به‌م ده‌زگایه‌, زۆری‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ سه‌ره‌كی‌ پارتی‌ له‌م قۆناغه‌دا تا ساڵی‌ 1964 كه‌ئیتر هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی‌ پارتی‌ له‌ یه‌ك ترازان, له‌لایه‌ن برایم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ نووسراون.
 ساڵانی‌ 1964تا 1966 برایم ئه‌حمه‌د له‌تاران بوو, له‌و ماوه‌یه‌دا چالاكییه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ یا سیاسی‌ گرنگی‌ نه‌بوو, تا گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆبه‌غداد, ئه‌وسا ده‌ستی‌ كرده‌وه‌ به‌نووسین‌و له‌ڕۆژنامه‌ی‌ خه‌باتی‌ باڵی‌ م. س دا كه‌ به‌نهێنی‌ له‌سلێمانی‌ چاپ ده‌كرا. تا ئیمتیازی‌  رۆژنامه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ (النور) وه‌رگیرا. خاوه‌نی‌ ئیمتیازی‌ (النور)كه‌ له‌12ی‌ ئكتۆبه‌ری‌ 1968 ده‌رچوو له‌29ی‌ مارتی‌ 1970 داخرا, خوالێخۆشبوو حیلمی‌ عه‌لی‌ شه‌ریف‌و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی‌ خوالێخۆشبوو عومه‌ر مسته‌فا بوو. (النور) كه‌ڕۆژانه‌ له‌به‌غدادی‌ پایته‌ختی‌ عیراقدا به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌رده‌چوو, مینبه‌رێكی‌ كوردی‌ زوڵاڵ‌ بوو بۆ داكۆكی‌ له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد. برایم ئه‌حمه‌د له‌ النوریش دا چه‌ندین سه‌روتاری‌ گرنگی‌ سه‌باره‌ت به‌خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كورد نووسی‌.
 هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا بو حزبی‌ به‌عس هه‌ندێ‌ له‌مافه‌كانی‌ كوردی‌ سه‌لماند. محافه‌زه‌ی‌ دهۆكی‌ دروستكرد. جامیعه‌ی‌ سلێمانی‌ دامه‌زراند. نه‌ورۆزی‌ كرد به‌جه‌ژنی‌ ره‌سمی‌ عیراق. رێگه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كوردی‌دا. ئیجازه‌ی‌ ده‌كردنی‌ چه‌ندین گۆڤارو رۆژنامه‌ی‌ كوردی‌دا. زۆری‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی‌ شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ له‌كورد ته‌عین كرد‌و ژماره‌یه‌كی‌ باشی‌ كوردی‌ له‌كولیه‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌‌و شورته‌ وه‌رگرت.
كه‌به‌یانی‌ ئازاری‌ 1970 خوێندرایه‌وه‌ برایم ئه‌حمه‌د بۆ تیماری‌ نه‌خۆشی‌ له‌له‌نده‌ن بوو, دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ عیراق هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی‌ پارتی‌ یه‌كی‌ گرته‌وه‌و مانگی‌ شوباتی‌ 1971 له‌سه‌ر داوای‌ بارزانی‌، برایم ئه‌حمه‌د چوو له‌باره‌گای‌ بارزانی‌ دانیشت, ئیتر خۆی‌ له‌ كاروباری‌ حزبیه‌وه‌ نه‌گلاندو, به‌دڵسۆزی‌‌و له‌خۆبڕانه‌وه‌ خزمه‌تی‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كرد, له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ندێ‌ وتاری‌ تیۆریی‌ ده‌رباره‌ی‌ پێوه‌ندی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب نووسی‌‌و, له‌گۆڤاری‌ كادردا بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌و وتارانه‌ هه‌تا ئێستاش نرخی‌ سیاسی‌یان ماوه‌.
مانگی‌ ئازاری‌ 1975 كه‌رێككه‌وتنی‌ جه‌زائیری‌ شا-صه‌ددام ئیمزا كرا, برایم ئه‌حمه‌د له‌شاخ لایه‌نگری‌ مانه‌وه‌و موقاوه‌مه‌ت بوو, كه‌ئاشبه‌تاڵ‌كرا به‌ماڵه‌وه‌ چووه‌, ئێران‌و له‌وێوه‌ كۆچی‌ یه‌كجاری‌ كرد  بۆ له‌نده‌ن. ئیتر وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سیاسی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خاوه‌ن ته‌جروبه‌ی‌ دڵسۆزی‌ كێشه‌ی‌ كورد كه‌وته‌ چالاكی‌.
كاتێ‌ كه‌شۆڕشی‌ نوێ‌ی‌ حوزه‌یرانی‌ 1976 به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ هه‌ڵگیرسایه‌وه‌و, ناكۆكیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ تازه‌ دامه‌زراو و (ق. م) پارتی‌ ته‌قیه‌وه‌, هه‌وڵێكی‌ زۆری‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌تر ناكۆكی‌ له‌ناو كوردی‌ عیراقدا دروست نه‌بێته‌وه‌. هه‌وڵێكی‌ زۆری‌دا, به‌نامه‌و به‌ته‌له‌فۆن, له‌گه‌ڵ‌ خوالێخۆشبوو بارزانی‌, ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌هێشتا له‌كه‌ره‌جی‌ نزیك تاران‌و كاتێ‌ به‌نه‌خۆشی‌ له‌ ئه‌مریكا بوو, بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌بایی‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ رێزه‌كانی‌ كورد, هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌ری‌ نه‌گرت.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌نیشته‌جێ‌ی‌ له‌نده‌ن بوو, (چریكه‌ی‌ كوردستان)ی‌ دامه‌زراند, له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌م ته‌قه‌لایه‌دا خۆی‌ ته‌نیا بوو, به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ نه‌یتوانی‌ به‌ڕێكوپێكی‌ درێژه‌ی‌ پێ‌بدا.. به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ژماره‌یه‌ی‌ ده‌ری‌ كردوون چه‌ندین وتاری‌ سیاسی‌‌و ئه‌ده‌بی‌‌و زمانه‌وانی‌یان تێ‌دایه‌.
لێره‌دا پێویست ناكا ده‌وری‌ برایم ئه‌حمه‌د له‌دامه‌زراندنی‌ قوتابخانه‌كانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌دا له‌گه‌ڵ‌ هی‌ كه‌سی‌كه‌ به‌راورد بكرێ‌, بێگۆمان برایم ئه‌حمه‌د یه‌كێ‌ بوو له‌گه‌وره‌ترین رۆژنامه‌وانه‌كانی‌ كوردو, ناوی‌ ئه‌و له‌مێژووی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئاشكرای‌ ئه‌ده‌بی‌‌و سیاسی‌‌و, له‌ڕۆژنامه‌وانی‌ نهێنی‌ ژێر زه‌مینی‌ شارو, له‌ڕۆژنامه‌وانی‌ شۆڕشگێڕی‌ شاخدا به‌نه‌مری‌ ده‌مێنی‌.
له‌كۆتایی‌دا ده‌ڵێم:
گیانی‌ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د شادو, یادی‌ هه‌میشه‌ زیندو بێ‌!
سلێمانی‌, به‌یانی‌ 16ی‌ مایسی‌ 2000


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP