گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌ 16/7/2017
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی
د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
به‌شی حه‌وته‌م و کۆتایی

بی‌گومان ئەم کێشانە تەنیا ناگەرێتەوە سەر ئەوەی کە دەسەڵاتدار مرۆڤێکی باش یان خراپ، شۆڕشگێر یان ناشۆڕشگێرە، بەڵکوو پێوەندی لەگەڵ بەشێک لە چەمکە بنەرەتی‌یەکانی سۆسیالیزم و شیوەی بەکارهێنانیان هەیە.
 لێرەدا هەروەها پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بەسەر چەمکی دیکتاتۆری پرۆڵتاریا و ڕەوتی تێپەرین بە سۆسیالیزم بکرێتەوە. بەکارهێنانی وشەی دیکتاتۆری تەنانەت ئەگەر بە مانای دیکتاتۆری زۆرینە بەسەر کەمینەش بێ، کاردانەوەیەکی نەرێنی لە کۆمەڵگا دەبێ. پێناسەکردنی حکوومەتی کرێکاری وەکو دەسەڵاتی بەزەبرو زۆری چینایەتی لە ئاکامدا بە دیکتاتۆری دەگات و دەسەڵاتی حیزبایەتی جێگای هاوبەشیی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیان دەگرێتەوە. وێدەچێ بەکار هێنانی دێموکراسی سۆسیالیستی چەمکێکی شیاوتر بێ. 
بەڵام بایەخدارتر لە هەمووی ئەوانەش خوێندنەوەی تازە لە بارودۆخی ئێستای جیهان، باری نەرێنی و ئەرێنی‌ دێموکراسی بۆرژوایی، شیوەی تێپەرین بۆ سۆسیالیزم‌، پێگەو جێگەی تەواوی چین‌ و توێژەکان لە خەبات بۆ ئازادی، دێمۆکراسی و دادپەروەری‌ کۆمەڵایەتی، هەروەها کەڵک‌وەرگرتن لە ئامرازەکانی ئینسانی بۆ دابینکردنی سیستمێکی مرۆڤانە بە‌پێی ڕێزگرتن لە ماڤی مرۆڤ بە گشتی‌یە. ناکرێ بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئامراز و شێوازی نائینسانی، کۆمەڵگایەکی ئینسانی و دادپەروەرانە پێک بێنین و بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەکی تازە بنەماکانی کۆمەڵگا بە یەکجاری و کتوپڕ هەڵوشێنینەوە. ئەم وتەیەی کائوتسکی دوور لە ڕاستی نی‌یە کە دەبێژێ: «ئاڵوگۆڕی سۆسیالیستی وەکو سەرلەنوێ سازکردنەوەی ماڵێکە کە تێیدا دەژین، ناکرێ تەواوی ئەم ماڵە بەیکجاری خاپور بکرێ، پێویستە پەیتا پەیتا، بەش بە بەشی ئەو ماڵە سەرلەنوێ سازبکرێتەوە، ئەگەر تەواوی دیوارەکان بەیەکجار بروخێنی، میچەکەی بەسەرتدا دەرووخێ.»

بەئاکام گەیشتنی پێویستی بە کاتێکی زۆرتر هەیە
هاوکات پیویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە سەرمایەداری مێژوویەکی ٥٠٠ ساڵەێ هەیە و سەرەرای تەواوی قەیران و کەمایەسی‌یەکانی، جارێ لە حاڵی گەشەکردندایە، توانایی زۆری ماڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و خاوەنداری هێزێکی گەورەی نیزامی‌یە. هەر بەم پێیەش پێویستە سۆسیالیزم وەکو بزووتنەوەیەکی جیهانی لە بەرانبەر سەرمایەی جیهانی لەبەر چاوبگیرێ کە بەئاکام گەیشتنی پێویستی بە کاتێکی زۆرتر هەیە و لەم ڕەوتەدا دەبێ پەیتا پەیتا لە وڵاتە پێشکەوتووکانی سەرمایەداریدا پاشەکشە بە سەرمایەداری بکرێت. ئەگەر وێچوونی ئاڵوگۆڕی ڕادیکال بە شێوەی شۆڕش، لانیکەم لە وڵاتەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هەبێ، ئەم دەرفەتە بۆ وێنە لە وڵاتە سەنعەتی و پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری لە ئاستێکی نزم یان دەکرێ بڵێن سفردایە. ئەمڕۆ کێ دەتوانی فیکری شۆڕشێکی سۆسیالیستی و کرێکاری بۆ وێنە لە ئەمریکا یان ئەڵمان و فەرانسە بکات. وڵاتگەلێک کە خاوەنداری دەوڵەتی بەهیز، سەنعەتی و سوپای بە هێزی نیزامی و دەزگای ڕاگەیاندنی گشتین، خەڵکەکەشیان بە تایبەتی لە ئوروپادا بە پێی بەرژوەندی خۆیان لەگەڵ حیزبەکان و دەسەڵات هەڵسوکەوت دەکەن.
 لە لایەکی دیکەشەوە، لەم وڵاتانە کاتێک دەرفەتی ئاسایی بۆ خەباتی ئاشتی‌خوازانە، ڕێکخستنی حیزب و یەکێتی‌یەکان و تەنانەت ناردندنی نوێنەر بۆ پەرڵەمان و بەشداری لەدەسەڵات هەیە، چ پێویستی‌یەک بۆ پەنابردن بە شێوەی زەبرو زەنگی سیاسی بۆ پێکهێنانی سۆسیالیزم دەبێت! دێمۆکراسی بۆرژوایی – لیبرالی، کاریگەری ‌هێزەکانی چەپ، سەوز و  .. ، هەروەها ئاستی ڕووناکبیری کۆمەڵگا ڕێخۆشکەری چاڵاکی و خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنی‌یە.
بێ‌گومان توانایی هێزی چەپ لە ئوروپا بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا یان کەنادا گەلێک بەرزترە. لێرەدا چەپ مێژینەو کاریگەری‌یەکی بە هێزی لە ڕووداوەکانی سیاسی ئەم کۆمەڵگایەدا هەبووە و هەیە، بەڵام لە جێگایەک وەک ئەمرێکا ئێستاش کە ساڵیانی ساڵ بەسەر کاتی مەککارتیزمدا تێپەربووە، زۆرینەی خەڵک کۆمۆنیزم هاوریزی تێرۆریزم لەقەڵەم دەدەن. 

ئاکامی خەباتی بێ‌وچانی چەپەکانە
چەپ پێویستە بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بە هێزی نیونەتەوەیی سۆسیالیستی تێبکۆشێ تا بتوانێ نەخشێکی بەرچاو بەرانبەر بە سەرمایەداری جێهانی بگێڕێ. لەم پێناوەدا پێکهێنانی ڕێکخراوە و دام‌و دەزگاکانی مەدەنی و چێنایەتی، کەڵک‌وەرگرتن لە دەرفەتەکانی پەرڵەمانی و بەشداری لە کابینەکانی دەوڵەت، ڕێکخستنی مانگرتن و خۆپێشاندانەکان بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵات نەخشێکی بەرچاوی لە گۆڕانکاری‌یەکانی وڵات و وەدەسهێنانی دەرفەت و سەربەشایەتی زۆرتر لە بەرژوەندی زەحمەتکێشان گێراوە و دەگێرێ. لە لایەکی دیکەشەوە پیویستە وەبیر بێنینەوە کە ئێنگلس لەسەر ئەم باوڕە بوو کە «تووی کۆمەڵگای داهاتو لەسەرەتادا لە بارودۆخی سەرمایەداریدا دەڕوێت»، و ئەگەر دروشمی «لەهەرکەس بە پێی توانایی و بە هەرکەس بە پێی پێداویستی‌یەکانی» لەبەرچاوبگرین، هەموو دەتوانین ببینین کە لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەداری‌یەکانی ئوروپای ئێستادا خەلکێک کە بێکارن نە بە‌پێی کارەکەیان بەڵکوو بە پێێ پێداویستی تاک یان بنەماڵە‌یان یارمەتی لە ڕیکخراوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (ئیدارەی سۆسیاڵ) وەردەگرن کە سەر بە دەوڵەتە. ئەمە و زۆر دەستکەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمڕۆی کۆمەڵگای سەرمایەداری، تەنانەت پێکهاتنی دەوڵەتەکانی ڕفاە ئاکامی خەباتی بێ‌وچانی چەپەکانە. هاوکات پێویستە پێداگری لەسەر ئەم خاڵە بکرێت کە مەبەست نە چاکسازی سەرمایەداری بەڵکوو پاشەکشەی بەردەوام بە دەسەڵاتی سەرمایەداری‌ تا پێکهاتنی بەدیلێکی بە هێزی سۆسیالیستی لە ئاستی هەر وڵاتێکی سەرمایەداری بۆ وەدەستگرتنی دەسەڵاتە. 

میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە
بەڵام ڵیرەدا پرسیارێک سەبارەت بە چارەنووسی سیاسی ئەو وڵاتانەی کە وەکو ئێران لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی دیکتاتۆری‌دان دێتە پێش، بڵێی لەم چەشنە وڵاتانەدا ئەگەری ئاڵۆگۆڕێکی ئاشتی‌خوازانە هەبێت؟ 
وەڵامی ئەرێنی پێدان لەم کاتەدا دوور لە ڕاستی‌یە، ئەویش دەگەرێتەوە سەر ئەو ڕاستی‌یەی کە دەسەڵات لەم چەشنە وڵاتانەدا بە هۆی دام‌و دەزگای سەرکوتکەر و پەنابردن بە هەموو شێوەیەکی نائینسانی بۆ لەناوبردنی هەر چەشنە بەرهەڵست و ڕەخنەگرێك، ڕێگە بە هیچ چەشنە خەباتێکی مەدەنی تەنانەت بە هیزەکانی خۆیی‌ش نادات. لە نەبوونی میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە، لە نەبوونی دەرفەتی یاسایی بۆ چالاکی هیزەکانی بیرجیاواز، لە نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و زاڵبوونی دەسەڵاتی ئایینی و دژ بە تەواوی ڕاسپارەدەکانی ماڤی مرۆڤ، ئەستەمە باس لە گۆڕانکاری ئاشتیخوازانەی دەسەڵات بکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم وڵاتانە جارێ ڕێگایەکی دوور و درێژیان لەبەرە هەتا پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بێتە نێو دەستوری کاریانەوە، تەنانەت ئەگەر هێزێکی چەپ و سۆسیالیستی‌ش بە دەسەڵات بگات ناتوانی ئەزمونی سەرنەکەوتووی وڵاتە سۆسیالیستی‌یەکان دووپات بکاتەوە و بێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ڕێگای زەبروزەنگ و بە چەشنێکی خۆویستانە سۆسیالیزم دابین بکات. ئەم ڕەوتە دەبێ وەکو ڕەوتێکی درێژخایەن لەبەر چاوبگیرێت و پەیتا پەیتا ئاڵوگۆڕی پێویست لە هەموو بوارەکاندا پێک بێت. 

کورد و سۆسیالیزم
کۆمەڵگای کوردستان لە هەر چوار بەشی خۆی‌دا بە‌پێی شێوەی بەرهەمهێنان، ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی،‌ خاوەنی چین‌و توێژی جۆراوجۆر، هەروەها حیزب و ڕێکخراوەی ڕەنگاوڕەنگ بە بیر و کردەوەی جیاوازەوەیە. بێ‌گومان ئەوە لە هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر شاراوە نی‌یە کە کورد هاوکات لەگەڵ کێشەی چینایەتی، بە‌ هۆی دابەشبوونی وڵاتەکەیەوە کێشەی نەتەوایەتیشی هەیە، پێویستە هاوئاهەنگی‌یەکی ژیرانە لە نێوان شێوەی خەباتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێکبێنێ. 
لە لایەکەوە بە هۆی کێشەی نەبوونی دێمۆکراسی، ئازادی، بێ‌کاری، بێ‌ماڵی، گرانی و هەموو ئەو خاڵانەی کە دەگەرێتەوە سەر بژیوی ڕۆژانە، خاڵی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی ماڤی شارومەندیدا هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی زوڵم‌و زۆری نەتەوایەتی و دابەشبوونی وڵاتەکەی نەک هەر لە ئاستی ناوچە بەڵکوو تەنانەت لە ئاستی ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە حەشیمەتەکەیان پێکدێنێت، کێشەی نەتەوایەتیشی هەیە. تەنانەت شێواندنی سنووری جۆغرافیایی کوردستان، سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بەشێک لە خاکی نیشتمانەکەی، گۆڕینی نێو یان لکاندنی بەشێک لە زەوی‌یەکەی بە زەوی نەتەوەدراوسی‌یەکان و پێکهێنانی پارێزگایەکی تازە، کێشەکەی تا ڕادەیەک ئاڵۆزتریش‌کردوە و بۆتە بەستێنێک بۆ کێشەی زەوی لەگەڵ نەتەوە دراوسی‌یەکان لە دادێدا. 
لەم بارودۆخەدا هەڵبژاردنی شێوەی خەبات و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دوو کێشەیە لە پێوەندی لەگەڵ لێکدانەوەی ئێمە لە بارودۆخی جێهان، ناوچە و خۆجێی بە پێی هاوسەنگی هێزە دژبەرەکان، ڕادی ئاگایی نەتەوەیی، کاریگەری و توانای ڕێکخراوە کوردی‌یەکان بۆ ڕێکخستنی خەباتی خەڵکی‌ بە پێی بەرنامە و هەڵبژاردنی دروشمی شیاو دایە.

سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا
لەم پێناوەدا شێوەی بۆچوون و ڕوانگەی حیزبەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوە‌یی، لەیەکیان جیادەکاتەوە. لێرەدا دوو حاڵەت لە پیوەندی چەپی سۆسیالیستی کورد دێتە گۆڕێ: 
ئەگەر حیزبێکی سۆسیالیست پێی وابێ کورد بەشێکی جیانەکراو لە خەڵکی ئەو وڵاتەیە وا ئێستا بە شێوەی فەرمی بەشێک لەوە و تەنیا دابینکردنی سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا و «بە لەناوبردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤێکی دیکە، چەوساندنەوەی نەتەوەیەک بە دەستی نەتەوەیەکی دیکەش لەبەین دەچێ»  بێ‌گومان ستراتێژی حیزبەکەش گەیشتن بە سۆسیالیزم هەر لەو وڵاتە دەبێ و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیش بەستراوە بە دابینکردنی سۆسیالیزم دەمێنێتەوە، وەکو کێشەیەکی سەرەکی پێناسە ناکری.
بەلام کاتێک حیزبێکی چەپی کوردستانی سەرەرای باوەڕمەندی بە سۆسیالیزم باوەڕی بە نەتەوەبوونی کورد و ماڤی چارەی خۆنووسین تا ئاستی جیابوونەوە بێت، ناتوانێ چارەنووسی گەلەکەی حەواڵە بە کاتی دابینبوونی سۆسیالیزم وەکوو ئاواتێک کە جارێ کاتی وەدیهاتنی دیار نی‌یە، بکات. 
بەم پێ‌یە، دەبێ لێکبدرێتەوە کام یەک لەم کێشانە بۆ کورد سەرەکی و کامیان لاوەکین و بەرژوەندی کورد لە چیدایە؟ ستراتێژی چەپی کورستانی چی‌یە و چ شتێک ئەوان لە هێزەکانی دیکە جیادەکاتەوە؟ ئایا ڕێبازەکەی تەنیا لە چوارچێوەی بەرگری لە ماڤی چین‌و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا قەتیس دەمێنێتەوە یان تێدەکۆشی بە بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و ڕێنوێنی و هاندانی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئاواتە مێژینەکانی، واتە دابینکردنی کیان و سەروەری کورد ئەرکی نەتەوایەتی خۆی بەجێ بێنیت؟
 لەم بەینەدا دروشمی ڕزگاری نەتەوەیی هیچ دژایەتی‌یەکی لەگەڵ دابینکردنی سۆسیالیزم وەکو سیستمێکی دادپەروەرانە و ئینسانی لە کۆمەڵگای داهاتوو نی‌یە و دەکرێ دروشمی «گەیشتن بە سۆسیالیزم لە کوردستانێکی سەربەخۆ» ستراتێژی ئەم حیزبە بێت.
لەم ڕەوتەدا ئەگەر چەپی کوردستانی، وڵاتەکەی خۆی وەکو وڵاتێکی کۆڵۆنی‌کراو پێناسە بکات، دەکرێ ئەو وتەیەی ئێنگلس لە پێشەکی بۆ چاپی ئیتالیایی مانیفێست لە ساڵی ١٨٩٣دا وەکو نەخشەڕێگایەک لەبەر چاوبگیرێت کە دەڵی «بەبێ‌ وەدیهاتنی سەربەخۆیی و یەکێتی هەر نەتەوەیەک، نە ئەگەری یەکێتی نیونەتەوەیی پرۆڵتاریا هەیە و نە هاوکاریی ئاشتیخوازانە و ئاگایانەی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش»   لەکردن دێت.
بێ‌گومان بوونی چەپ بە ئاڵاهەڵگری ماڤی چارەی خۆنووسین هەتا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەوڵەت و کیانی کورد بەمانای ئەوە نی‌یە کە ئەم هێزە خۆ لە کێشەکانی ڕۆژانەی خەڵک دوور دەکاتەوە و بێ یەک‌و دوو کردن دەیەوێ لە جێهانی ئاڵۆزی ئێستادا کتوپڕ بە سەربەخۆیی بگات. چارەسەری کێشەی نەتەوەیی‌و گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕێگەیەکی ساف‌ وبێ لەمپەر نی‌یە و لە کورت‌خایەندا وەدی نایەو پێویستە بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجە بارودۆخی‌ ئابووری، فەرهەنگی ‌و‌ کۆمەڵایەتی‌ مسۆگەڕ بکرێت تا خەڵکی بە ئاستێک لە ئاگایی نەتەوەیی بگەن کە بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. بەڵام ئەرکی هێزێکی چەپ، بردنی ئەم دروشمە بۆ نیوخەڵک و چەسپاندن و جێگیرکردنی ئەم بیرۆکەیە لە ڕەوانی کۆمەڵگادایە هەتا کاتی پێویست خەڵک لەبەرامبەر ئەرکی مێژوویی خۆی بێ‌هەڵوێست نەمێنێ و ئامادەی هەرچەشنە ڕووداو بارودۆخی پێش‌بینی نەکراو لەم پێوەندی‌یەدا بێ. لە پرۆگرامی حیزبێکی چەپی کوردستانی مەسەلەی سەربەخۆیی وەکو هەڵبژاردەیەکی مێژوویی دەبێ ڕەنگدانەوەی بێ ‌و بۆ دیتنەوەی ڕێگای گەیشتن بەم ئاواتە نەخشەڕێگایەکی دروست و زانستی مسۆگەڕ بکرێت. ئەرکی کوردی سۆسیالیست، گرێدانی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی‌ بەیەکەوە‌، هەروەها بەرگری‌کردنە لە ماڤی چارەی خۆنووسینی کورد تا ئاستی جیایی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
تێبینی: -سه‌رچاوه‌کان له‌ ئه‌رشیڤی کوردستانی نوێدا پارێزراوه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP