ئه‌ردۆغانی‌ و له‌باربردنی‌ دیموكراتی‌ توركی‌
ئه‌ردۆغانی‌ و له‌باربردنی‌ دیموكراتی‌ توركی‌ ‌ 17/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان 
گومانی‌ تێدا نییه‌ توركیا له‌پاش كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ هاوینی‌ رابردوو، وه‌رچه‌رخانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خۆوه‌بینی‌.
سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان قوتاری‌ بوو له‌ هه‌وڵی‌ روخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ و بووه‌ رزگاركه‌رێكی‌ ئیسلامی‌ له‌ دیدی‌ لایه‌نگرانی‌، و  له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بووه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ بێ‌ هاوتا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی‌ «ئومه‌تی‌ ئیسلامی‌». 
له‌پاش كوده‌تاكه‌، ئه‌ردۆغان دوو رێگه‌چاره‌ی‌ له‌به‌رده‌مدا بوو، پێكهاتنه‌وه‌ یان  په‌لكێشكردن، به‌ڵام حاڵه‌تی‌ ئاڵۆزیی‌ و ته‌نگژه‌كانی‌ قۆسته‌وه‌، له‌بری‌ هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌.
سۆنار جاگابتای‌ له‌ په‌یمانگای‌ واشنتۆن بۆ سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ نزیك و نوسه‌ری‌ كتێبی‌ «سوڵتانێكی‌ نوێ‌: ئه‌ردۆغان و ته‌نگژه‌ هاوچه‌رخه‌كانی‌ توركیا» له‌گه‌ڵ ئۆیا رۆز ئاقتاشی‌ هاوڕێی‌ له‌ گۆڤاری‌ «فۆرین ئه‌فێرز» توێژینه‌وه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌پێی‌ توێژینه‌وه‌كه‌ پێیانوایه‌، ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیا له‌ دیدی‌ ئه‌ردۆغان و حكومه‌ته‌كه‌ی‌، بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك بێباوه‌ڕ و دژ به‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركی‌ و مسوڵمانان. 

فیڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازیی‌ 
ئه‌ردۆغانی‌ ده‌مارگیر و راستڕه‌و  له‌ ساڵی‌ 2003 بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ڕێی‌ حزبه‌كه‌ی‌، حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌). 
له‌ ساڵی‌ 2014 بووه‌ سه‌رۆك و له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ به‌دیهێنانی‌ گه‌شه‌یه‌كی‌ ئابوری‌، یاریده‌ده‌ریش بوو بۆ زیادكردنی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ (ئاكه‌په‌). 
له‌ هه‌مان كاتدا به‌هۆی‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌وه‌، توانی‌ ئه‌و توركانه‌ له‌خشته‌ببات كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، هه‌ر له‌ سكۆلاریزمه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ لیبراڵ و دیموكراته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چه‌پڕه‌وه‌كان و كورده‌كان. ئه‌و ستراتیژه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ بنكه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ لایه‌نگران بۆ ئه‌ردۆغان كه‌ له‌ موحافیزكاره‌كان و ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان پێكهاتبوون. 

ئه‌ركێكی‌ قورس 
دوای‌ ساڵی‌ 2014، ئه‌ردۆغان هه‌وڵیدا سیستمی‌ سیاسی‌ له‌ توركیادا بگۆڕێت به‌ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و لێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك پته‌وبكات وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت، و سه‌رۆكی‌ حزبی‌ فه‌رمانڕه‌وا. 
ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی‌ قورس بوو، بۆیه‌ ئه‌ردۆغان پێویستی‌ به‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ریفراندۆم بوو بۆ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆكێكی‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واوه‌تی‌، به‌ڵام حزبه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 50%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ ده‌سته‌به‌رنه‌كرد. 
جاگابتای‌ و ئاقتاش ده‌ڵێن، ته‌نگژه‌كه‌ له‌ هاوینی‌ رابردوودا رویدا، به‌ تایبه‌ت له‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ 15ی‌ ته‌مموزه‌وه‌ كه‌ خواسته‌كانی‌ ئه‌ردۆغانی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ زیندووكردوه‌وه‌. 
به‌ر له‌و هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌، ئه‌ردۆغان یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ به‌هێزه‌كانی‌ توركیا، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ تیرۆركردن قوتاری‌ بوو، شكستی‌ به‌ نه‌یاره‌كانی‌ هێنا له‌ دواییدا، به‌ تایبه‌تیش گیوله‌ن كه‌ ده‌گوترێت رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ رێكخستنی‌ كوده‌تاكه‌دا هه‌بوو، ئه‌ردۆغان هه‌ر زوو كه‌وته‌خۆی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ ده‌ستوری‌ و هێنانه‌دی‌ خه‌ونه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌. 

پێكهاتنه‌وه‌ و په‌لكێشكردن 
به‌بۆچوونی‌ ئه‌و دوو توێژه‌ره‌، ئه‌ردۆغان له‌پاش كوده‌تاكه‌، دوو رێگه‌چاره‌ی‌ له‌به‌رده‌م بوو، پێكهاتنه‌وه‌ یان په‌لكێشكردنی‌ زیاتر. 
به‌ڵام بوسرا ئیركارا له‌ رۆژنامه‌ی‌ «نیویۆرك تایمز» ده‌ڵێت، ئه‌ردۆغان حاڵه‌تی‌ ئاڵۆزییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كه‌ی‌ قۆسته‌وه‌ له‌به‌ری‌ هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌. 
ته‌نگژه‌كان به‌و هۆیه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌ی‌ پایته‌ختی‌ وڵاته‌كه‌ رووبه‌ڕووی‌ هێرش و په‌لامارێكی‌ بێ‌ هاوتا بووه‌وه‌ كه‌ له‌و ده‌مه‌ی‌ ته‌یموری‌ له‌نگ له‌ 1402دا داگیری‌ كرد، رووداوی‌ وه‌های‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیبوو ئاڵۆزتربوون، كوده‌تاچییه‌كان باره‌گای‌ په‌رله‌مانیان بۆردومان كرد. هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌ردۆغان بۆ قۆستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌، بوونه‌ مایه‌ی‌ به‌ره‌ڵاكردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ كۆماری‌ توركی‌ له‌ مێژوودا شتی‌ وه‌های‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌. 

ترس و توڕه‌یی‌ 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و دوو توێژه‌ره‌، كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌، له‌ڕێی‌ بائامانجكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ، مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر بوونی‌ توركیا دروستكرد و توڕه‌یی‌ له‌نێوه‌نده‌ حكومییه‌كان و لایه‌نگرانیدا دروست كرد. وێڕای‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ كوده‌تاكه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا، پرۆسه‌ی‌ راوه‌دونانی‌ پیلانگێڕه‌ گیوله‌نییه‌كان تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ و بگره‌ رووی‌ له‌ فراوانبوون كردووه‌، نه‌یارانی‌ ئه‌ردۆغانیشی‌ گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆیان له‌ لیبراڵ و چه‌پڕه‌و و كورد و ناسیۆنالیسته‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌  رووبه‌ڕووی‌ سه‌رۆكی‌ توركیا ده‌بوونه‌وه‌، ده‌بیننه‌وه‌. 

هێرشێكی‌ مێژوویی‌ 
لایه‌نگرانی‌ ئه‌درۆغان سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌  كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌، جگه‌ له‌ هه‌وڵێكی‌ تری‌ ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌ مێژووییه‌ خاچپه‌رسته‌ خۆرئاواییه‌ی‌ له‌ دژی‌ گه‌لی‌ توركیا و نه‌ته‌وه‌كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ران چی‌ دی‌ نییه‌. له‌و روانگه‌یه‌ و له‌ڕێی‌ به‌ئامانجكردنی‌ ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌تی‌ توركیا به‌یه‌كه‌وه‌، لایه‌نگرانی‌ پێیانوابوو به‌بێ‌ سه‌رۆكی‌ توركیا، توركیا ناتوانێت مه‌زنی‌ خۆی‌ بگێڕێته‌وه‌، یان ئه‌ركی‌ مێژوویی‌ خۆی‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ «كه‌رامه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌» به‌دیبهێنێت. 

په‌رلكێشكردن
دوو توێژه‌ره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حزبی‌ (ئاكه‌په‌) به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ردۆغان، ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانی‌ په‌لكێش كرد و كوده‌تاكه‌ی‌ ته‌مموزی‌ 2016ش، وایلێكردن روو له‌ سه‌نته‌ری‌ پێكهاته‌ی‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئه‌ردۆغان بكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی‌ كوده‌تاكه‌، ئه‌ردۆغان جۆش و خرۆشێكی‌ ئاینی‌ وه‌های‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا وروژاند كه‌ لایه‌نگرانی‌ به‌ره‌و ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تایه‌كی‌ پێچه‌وانه‌ برد. 
بۆ جێبه‌جێكردنی‌ فه‌رمانه‌كانیشی‌ له‌ بڵندگۆی‌ زیاتر له‌ 80 هه‌زار مزگه‌وتی‌ توركیاوه‌، خه‌ڵكی‌ بۆ نوێژی‌ به‌یانی‌ له‌كاتژمێر 1:15دا بانگكران كه‌ كاتی‌ نوێژ نه‌بوو، ئه‌و پلانه‌ش سه‌ركه‌توو و بانگكردن بۆ نوێژ بووه‌ مایه‌ی‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ ئه‌ردۆغان و دینداره‌ توركه‌كان بۆ نێو شه‌قامه‌كان  كه‌ لێوه‌ی‌ كوده‌تاكه‌ رێگری‌ لێگیراو و پوچه‌ڵكرایه‌وه‌. 
ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ بۆ چه‌ند رۆژێك له‌پاش كوده‌تاكه‌ له‌ شه‌قامه‌كاندا مانه‌وه‌، له‌ موحافیزكارانی‌ لایه‌نگرانی‌ (ئاكه‌په‌) نه‌ده‌چوون، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كیان ئیسلامی‌ بوون و هه‌ندێكیشیان جیهادی‌ بوون. 

دامه‌زراندنه‌كان 
وه‌ك دانپێدانانی‌ ئه‌ردۆغان به‌وه‌ی‌ كه‌ ئیسلامییه‌كان ژیانیان رزگاركردووه‌، ده‌ستی‌ به‌كاركردن كرد بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌كانیان له‌ وڵات و حكومه‌تدا. 
بۆ نمونه‌ و له‌پاش كوده‌تاكه‌، عه‌دنان تانریفیردی‌ كرده‌ راوێژكاری‌ خۆی‌ كه‌ جه‌نه‌راڵێكی‌ پێشوو بوو و له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌دی‌ رابردوو به‌و هۆیه‌ی‌ له‌بیروڕاكانیدا پشتیوانی‌ له‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ ده‌كرد، ناچاركرابوو خانه‌نشین ببێت و ریزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا به‌جێبهێڵێت. 
دواتر رونبووه‌وه‌، ئه‌ركی‌ تانریفیردی‌ خۆی‌ له‌ سه‌رله‌نوێ‌ پێكهێنانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ سكۆلاریزمی‌ توركیا ده‌بینێته‌وه‌. 
له‌ هه‌مان كاتدا، حكومه‌تی‌ توركیا ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌وانی‌ لیبراڵ و قه‌دری‌ غۆرسڵ‌ نوسه‌ری‌ ستونی‌ رۆژنامه‌یی‌ ده‌ستگیركرد. 
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش، ئه‌ردۆغان ئه‌و رێپێوانه‌ی‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیاوه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌وه‌ بۆ ئیسته‌نبوڵ رێكخرا، به‌ ناشه‌رعی‌ وه‌سفكرد. 
هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌)ی‌ كرد كه‌ رێپێوانه‌كه‌ی‌ رێكخستبوو، به‌ر له‌وه‌ش سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌)  كه‌ له‌پاش (ئاكه‌په‌) و (جه‌هه‌په‌)ه‌وه‌، حزبه‌كه‌ی‌ سێیه‌م گه‌وره‌ترین حزبه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا زیندانی‌ كرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP