گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان شارێكی‌ تری‌ سوریا كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن
به‌ره‌ی‌ نوسره‌ سه‌ركردایه‌تییان ده‌كات گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان شارێكی‌ تری‌ سوریا كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن ‌ 31/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان

له‌گه‌ڵ پووكانه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش له‌ سوریا و پێشڕه‌وی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ ره‌قه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ سوپای‌ حكومه‌تی‌ سوریا له‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌، گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان كه‌ به‌ره‌ی‌ نوسره‌ی‌ پێشوو سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات، شاری‌ ئیدلیب كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.   
ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام» كه‌ به‌ره‌ی‌ «فتح الشام» (به‌ره‌ی‌ نوسره‌ی‌ پێشوو) ده‌ركه‌وتووترین لایه‌نی‌ پێكده‌هێنێت،شاری‌ ئیدلیب له‌ باكووری‌ خۆرئاوای‌ سوریا كۆنترۆڵ ده‌كات، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ش له‌كاتێكدا یه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ «احرار الشام» له‌شاره‌كه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ ده‌كات. 
ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام» به‌ره‌یه‌كه‌ له‌ گروپه‌ جیهادییه‌كان پێكدێت و ده‌ركه‌وتووترین لایه‌نی‌ نێو ئه‌و به‌ره‌یه‌ش «فتح الشام» (به‌ره‌ی‌ سنوره‌)ی‌ پێشووه‌، له‌دوای‌ پاشه‌كشه‌كردنی‌ گروپێكی‌ چه‌كداری‌ تر له‌ شاره‌كه‌، ده‌ستی‌ به‌سه‌ر شاری‌ ئیدلیبدا گرت، ئه‌وه‌ش رێگه‌ خۆشده‌كات تا كۆنترۆڵی‌ یه‌كێك له‌ دوایین ئه‌و پارێزگایانه‌ بكات كه‌ تائێستاش له‌ژێر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ سوریادان.
به‌پێی‌ روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، كۆنترۆڵكردنی‌ ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام»ه‌وه‌، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراو له‌ شاره‌كه‌دا كه‌ كوژرانی‌ 11 كه‌سی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و نۆ له‌ كوژراوه‌كانیش له‌ جیهادییه‌كان بوون. 
ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ مه‌یدانییه‌ دوای‌ چه‌ند رۆژێك بوو له‌ رێككه‌وتنی‌ ئاگربه‌ست كه‌ كۆتایی‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ شه‌ڕوپێكدادانی‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ «احرار الشام» (گروپێكی‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام» كه‌ به‌ره‌ی‌ نوسره‌ی‌ پێشوو (لقی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ له‌ سوریا) سه‌ره‌كیترین لایه‌نی‌ پێكده‌هێنێت. 
له‌و شه‌ڕوپێكدادانانه‌دا وه‌ك روانه‌گه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌،  92 كه‌س كوژران و لانی‌ كه‌م 15 یان مه‌ده‌نی‌ بوون.   
رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ روانگه‌كه‌ به‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندبوو، بزوتنه‌وه‌ی‌ «احرار الشام» كه‌ له‌لایه‌ن توركیا و وڵاتانی‌ كه‌نداوه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، له‌ شاری‌ ئیدلیب پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌، له‌ئێستاشدا شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام»وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌. 
به‌ وته‌ی‌ رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان «سه‌دان چه‌كداری‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ ده‌یان ئۆتۆمبێل، شاره‌كه‌یان به‌ره‌و باشووری‌ پارێزگای‌ ئیدلیب جێهێشتووه‌، له‌ئێستاشدا چه‌كداره‌كانی‌ ته‌حریری‌ شام بازگه‌یه‌كی‌ زۆرییان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ ئیدلیب داناوه‌». 
 «احرار الشام» و «تحریر الشام» پێشتر به‌ره‌یه‌كی‌ به‌هێزییان به‌ ناوی‌ «جیش الفتح»وه‌ دروست كرد، له‌ ساڵی‌ 2015شدا له‌ دوای‌ ده‌ركردنی‌ هێزه‌ حكومییه‌كانی‌ سوریا، ده‌ستیان  به‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئیدلیبدا گرت. 
به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌چێت ته‌نگژه‌ و ئاڵۆزی‌ له‌نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ دروست بوو، دوایین ناكۆكیش كه‌ شه‌ڕێكی‌ توندی‌ له‌نێوانیاندا لێكه‌وته‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی‌ ئاڵاكانیان بوو له‌ شاری‌ ئیدلیب كه‌ سه‌نته‌ری‌ پارێزگاكه‌یه‌. 
روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌ڵێت، كۆنترۆڵكردنی‌ شاری‌ ئیدلیب له‌لایه‌ن «تحریر الشام»ه‌وه‌، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر هێزه‌كانی‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر زیاتر له‌ 31 شارو شارۆچكه‌ و گوندی‌ ئه‌و پارێزگایه‌دا گرتبوو.    
ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا به‌بێ‌ شه‌ڕ، له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ ئاگربه‌ستدایه‌ كه‌ ده‌بێت لێوه‌ی‌ هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌ شه‌ڕوپێكدادانه‌كان رابگرن و ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكه‌ن.  
هه‌ر به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، ده‌بێت گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ رێڕه‌وی‌ «باب الهوی‌»ی‌ سنوری‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن و ئیداره‌ی‌ ئه‌و رێڕه‌وه‌ راده‌ستی‌ مه‌ده‌نییه‌كان بكه‌ن. 

پوكانه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونه‌كان 
روانگه‌ی‌ سوریا ده‌ڵێت، هێزه‌كانی‌ «احرار الشام»له‌ئێستادا له‌ ئه‌ریحا و به‌شێك له‌ چیای‌ زاویه‌ له‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگاكه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌.
رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ژمونی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر رووی‌ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر پارێزگاكه‌ به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ «احرار الشام» داده‌نرا.   
دۆخی‌ ئێستا، بوار بۆ ده‌سته‌ی‌ «تحریر الشام» خۆش ده‌كات تا ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر پارێزگای‌ ئیدلیبدا بسه‌پێنێت. 
ئه‌و ئیئتیلافه‌ جیهادییه‌ به‌ره‌ی‌ «فتح الشام» كه‌ پێشتر به‌ به‌ره‌ی‌ نوسره‌ ده‌ناسرا له‌خۆده‌گرێت  كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ وازهێنانی‌ خۆی‌ وه‌ك لقی‌ رێكخراوی‌ «قاعیده‌» له‌ سوریادا راگه‌یاند.   
به‌ بۆچوونی‌ شرۆڤه‌كاران، رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كان له‌ ئیدلیب دوای‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دروستبوون كه‌ له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو له‌ ئه‌ستانه‌ی‌ پایته‌ختی‌ كازاخستان ئیمزاكرا و تێیدا به‌پێویست زانرا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ سوریا، ئاستی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كان كه‌مبكرێنه‌وه‌، تا رێگه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ سوریا و ئۆپۆزسیۆنی‌ ئه‌و وڵاته‌ خۆش بكرێت. 
 رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌نێوان روسیا و ئێران (هاوپه‌یمانی‌ حكومه‌تی‌ دیمه‌شق) و توركیا (پشتیوانی‌ له‌ گروپه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كات له‌ پارێزگای‌ ئیدلیب)، ئیمزاكرا. 
سوریا ناكۆكییه‌كی‌ خوێناوی‌ به‌خۆده‌بینێت و به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئاداری‌ 2011 وه‌ تاوه‌كو ئێستا، 330 هه‌زار كه‌س كوژراون و كاولكارییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ ژێرخانی‌ وڵاته‌كه‌دا دروست بووه‌ و زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانی‌ سوریاش له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌دا ئاواره‌بوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP