کوردبوون و ناسـیۆنالیـزم
کوردبوون و ناسـیۆنالیـزم ‌ 2/8/2017
خوێندنەوەیەیەک بۆ کتێبی: 
(بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا) نووسینی  د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی 
به‌شی نۆیه‌م
«بیرۆکەی نەتەوە لەسەرەتادا لە شێوەی  کۆمەڵگایەکی عەقڵیدا دەردەکەوێت کە عەقڵ پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی رێک دەخات».(١٣٥).
لایبنێتز ئەم کۆمەڵگایە بە نەتەوە ناوناهێنێ. لێ لە واقیعدا بە پێودانگی ئیمڕۆ، باسەکەی باسی نەتەوەیە. دواتر دەچێتە لای کانت و کۆمەڵگا ئاکارییەکەی، تا دەگاتە لای فیختە و کتێبە بەناوبانگەکەی «چەند وتارێ بۆ نەتەوەی ئەڵمان» و بە سەرپێیش  هێردەر، بەسەر دەکاتەوە. بە کورتی بیرۆکەی نەتەوە بەم قۆناخانەدا تێپەڕیوە: فەرامۆشکردنی هێردەری فەیلەسووف و شاعیر و چیرۆکنووس و مێژوونووس و هومانیست و ڕابەری یەکەمی چەمک و پرسی نەتەوە لە ئەڵمانیا، لە لایەن نووسەرەوە، ناگەڕێتەوە بۆ بایەخ نەدان و بێ ئاگایی د. عرفان، بەم فەیلەسوفە، کە بە مامۆستای فیختە و هیگڵ و شێلینگیش دادەنرێ و زۆرجاران ئەمانە هانایان بۆ بەرهەمەکانی بردووە، بەڵکو هۆکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی، یاخود کەمی بەرهەمە وەرگێرداوەکانی هێردەر. جگە لەوەش هێردەر لە نێو خوێنەرانی ئەڵمانیشدا، بڕەک بزرە و بەوە ناوی دەرکردوە، فەیلەسوفە گەورە، ونناوەکە، یاخود لە بیرکراوەکە.لە کاتێکدا ناوبراو لەسەر ئاستی دنیا ناسراوە و نەتەوە سلاڤییەکان بە باوکی رۆحی پرسی نەتەوایەتی خۆیانی دەزانن.
هێردەر یەکەم  کەسە، چەمکی نەتەوەی بەکارهێناوە و  لە رووی کولتوری زمان و ئەدەبەوە باسی دەکات. لای هێردەر، کولتور و زمان بەر لە دەوڵەت و دەستوورەوە دێت. کارەکانیشی زیاتر بەرجەستەکردنی بایەخی نەتەوەیی  زمان و کولتورە. بەلای هێردەوە زمانی مرۆیی، ئامرازێک و ئاوێنەیەکی پەرەسەندنی کولتوری مرۆییە. هەروەها دەڵێ: سروشت گەلان، لە ڕێگای زمان و داب و نەریت و زەریا و بیابانەوە لێک جیاکردۆتەوە. بەلای هێردەرەوە، جیهان وەک باخچەیەکە، کە تێیدا نەتەوەکان وەک ڕووەکەکان، بە پێی یاسای خودایی پڕ لە پەنهانی و تایبەتن. خۆیان گەشە دەکەن، هیچ نەتەوەیەک پێش ئەوی تر ناکەوێتەوە، لێ هەر یەک جیاوازە، لەوی دیکە. نەتەوە :
لە فەلسەفەی لایبێنتزدا، وەک  مەملەکەتی خوا، خراوەتە روو.
لە فەلسەفەی کانت دا، لە شێوەی، مەملەکەتی ئامانج، نیشان دراوە.
لە فەلسەفەی هێردەر و فیختە و هێگڵ دا،لە دوا قۆناخ  و فۆڕمدا بە چەشنی نەتەوە، بەرجەستەبووە.

بیرۆکەکە بە تەواوی بەرجەستە دەێت
«لای هیگڵ ئەو دەوڵەتەی کە نەتەوە شێوە مادی و هەستەکییەکەی خۆی تێیدا شێوەگیر دەکات دەوڵەتی عەقڵە و بەرجەستەکەری ئەو پەیوەندییە عەقڵیانەیە کە لە نێوان ئەندامانی نەتەوەدا دێنە ئاراوە».(١٤٢)
بنەمای ئەم بیرۆکەیە، وەک د. عرفان ئاماژەی پێداوە، سەرەتا لای لایبنیتز دەردەکەوێ، بێ ئەوەی ئەم فەیلەسوفە، ئەو کۆمەڵگایە، بە نەتەوە ناو بهێنێت. بەڵام وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی بە ناساندنی دەدات. دوای ئەم کانت پەرە بەم بیرۆکەیە دەدات و دواتر لای هێگل بیرۆکەکە بە تەواوی بەرجەستە دەێت. 
ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانانە، هەموو بنەما عەقڵییەکەی بیرۆکەی نەتەوە، وەک خاڵی دەرچوون و بەردەبازی پەڕینەوە دیاری دەکەن. هەموو ئەو نەتەوانەی بوونەتە خاوەنی دەوڵەت و بوونەتە، بوویەکی واقعی، دەنا وەکوتر سەدەها نەتەوەی دیکە هەن، کە بەم ئامانجە نەگەیشتوون، و دەکرێت هێشتا وەک نەتەوەی خەوتوو تەماشا بکرێن.

ـ مەملەکەتی خوا وەک بیرۆکەی هەمەکی نەتەوە
«مەملەکەتی خوا،تیۆرەکەی لایبنێتزە،مەملەکەتی ئەو مرۆڤە ئازادانەیە کە ئەوەی لەناو هەریەکەیاندا عەقڵییە،حوکمی هەر یەکەیان دەکات و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکدا رێکدەخات».١٤٤
چینێکی دەسەڵاتدار، دەستەبژێر بێت یاخود هەڵگری هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت، لەم بۆچوونەدا نابینرێت. هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایە بوونی هەیە و هیچ کەس حاکم نییە و عەقڵ ڕێکخەر و ڕابەری هەڵسوکەوتەکانیانە. ئەم مەملەکەتی خودایە و کۆمارەکەی ئەفلاتوون، دەکرێ وا بەراورد بکرێن، لە یەکەمدا: عەقڵ حاکم و رێنیشاندەرە، و لە دووەمدا: فەیلەسوف و هۆشمەندەکان جڵەو بە دەستن. 
ئەم مەملەکەتی خوایە، دنیایەکە، بەس ئەقڵ تێیدا ڕابەر و ڕێ نیشاندەر و دایینەمۆی هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانە.

ـ خوا لە مەملەکەتی خوادا
کەم و زۆر پێناسەی خودا، لەنێو ئاینە کۆن و تەقلیدییەکاندا، ئاماژەیە بە هێزێکی خاوەن ویست و خواست/ ئیرادەی باڵادەستی سەرووی هەموو بووەکانە. دەسەڵاتی بەسەر گەردوون و سەرزەمیندا بە سانایی دەشکێ. دەسەڵاتی خودا لەو ئاستەدایە، ئەو بڕیاڕ دەدات، ئایا مرۆڤ بچێتە دۆزەخ یان رێگەی بەهەشت بگرێتە بەر. یاسا و رێسای، یاسا داڕێژەرەکان، وێنای خودا بە شێوەیەک دەکەن، کە بوونەوەرێکە لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵاتدارێتی کارەکانی، خۆی ئەنجام دەدات، نەک لەسەر بنەمای حەق و عەقڵ. مادامێکی خودا، خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە و توانای بەسەر گەردوون و ئادەمیزاد دا دەشکێ، وا مافی خۆیەتی چی دەوێ، وا بکات.
 لایبنیتز، پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، پێی وایە، خودا هەڕەمەکی و دوور لە پێوەر و یاسا، ڕەفتار ناکات. بەڵکو خودا لەسەر بنەمای چاکەخوازی، هەڵسوکەوت دەکات. بە واتایەکی دیکە، خوا ئەو خودایەیە، کە بە ئەقڵ کار بکات، نەک بە ئارەزوو و میزاج.

ئەو خوایەی کە زەردەشت ناسیوێتی
<< زەردەشت،بە ئەقڵ و بیری خۆی و لەو ڕوانگەیەوە، خوای ناسیوە و بە خەڵکی ناساندووە، ئەو خوایەی کە زەردەشت ناسیوێتی، بریتییە لە :راستی، پاکی، بیری خاس ، دانایی، ژیری، میهرەبانی، دادگەری، توانایی، ئاوەدانی، و چاکی>> . فەرهاد پاڵەوان
د. عرفان بەدواچوونی قوڵتر بۆ ئەم بابەتە دەکات و دەنووسێ:
«خوا لە مەملەکەتی خوا و لە مەملەکەتی سروشتدا لەو کار و کردەوانەی کە دەیکات،نمایشتی بەهێزیی خۆی ناکات لە پێناو ئەوەدا لە رێگەی هێزەوە مرۆڤ ملکەچ بکات بۆ خۆی و ڕەوایەتی بدات بە کارەکانی،خوا لەم دوو مەملەکەتەدا لە کار و کردەوەکانیدا نمایشی دروستی و دانایی و توانایی و چاکی ئەو ئایدیاڵانە دەکات،کە بەر لە کردنی کارەکانی لەناو عەقڵدا بوونیان هەبووە،ئەمەش لەپێناو ئەوەدا دەکات مرۆڤ فێری ئەوە بکات بەپێی توانا و هێزی خۆی لە کارو کردەوەکانیدا ئەوە شێوەگیر بکات کە لە عەقڵیدا وەک ئایدیاڵی دروستی و داد و دانایی بە شێوەیەکی پێشینە بوونی هەیە و هێز نەکاتە بنەما بۆ دروستی و رەوایەتیدان بە کارەکانی»(١٥٤).

خوا هێزخواز نییە
خوا هێزخواز نییە و گەرەکی نییە، لە ڕێگای گوشاری هێزەوە، بوونەوەرەکانی خۆی، مرۆڤ بەتایبەت ناچار بکات، بە زۆرەملێی ملکەچی ڕێنماییەکانی بن و سیستەمەکەی بەرن بەڕێوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە خودا، وەک هێزێکی ژیر و میهرەبان، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە، لە ڕێگای ئادگارە هەرە جوان و بەرزەکانی دانایی و چاکەخوازی و توانایی و ڕەفتارە شیاو و گونجاوەکانەوە، خۆی نیشانی مرۆڤ بدات و داوایان لێ بکات، ئەو ڕێچکەیە بگرنە بەر، کە ئەو پێی باشە. میکانیزمی پەیوەندی نێوان خوا و مرۆڤ، لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێز و هەڕەشە و سزادان دانەمەزراوە. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، خودا لە باشترین شێوەدا بەهانای مرۆڤەوە دێت و کار و فەرمانەکانی ئاڕاستە دەکات. نووسەر بە تێر و تەسەلی لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات و بیروڕاکانی لایبنیتز دەخاتە ڕوو.  

ـ سیستەمی  مەملەکەتی خوا
ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا بەرچاو دەکەوێ، ئەوەیە لای هەر تاکێکی کۆمەڵگا هەیە و بەپێی ئەو عەقڵەی لەناوخۆی مرۆڤدایە هەڵسوکەوت دەکات. دەوروبەر چ کاریگەریتییەکیان نییە و عەقڵ حاکمە. مەملەکەتی خوا، مەملەکەتی مۆنادە عاقڵەکانە. بنەمای بوونی سیستەم لای دروستخوازەکان، هەڕەمەکییە و بێ بوونی هەڕەمەکییەت، سیستەم بوونی نابێت، بەڵام سیستەم لە مەملەکەتی خودا عەقڵە. هەڵەی ئەم بەرەیە، ئەوەیە یاسای بوونی شتێک جیا ناکەنەوە لە یاسای کارکردنی ئەو شتە. مەملەکەتی خوا دەبێت بە نەتەوە و مۆنادەکانی ناو مەملەکەتەکەش، دەبن بە تاکی نەتەوەیی. ئەمە پوختەی بۆچوونی نووسەرە لەسەر ئەم بابەتە. دیارە خۆی بە ورتر و بە  چڕی، لەسەر ئەم خاڵە وەستاوە و بنەڕەتی بیرۆکەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ لایبنیتزی فەیلەسوفی ئەڵمانی.ئەمەش سەرەتایەکی نوێیە لە باسی نەتەوەدا.
« لای دروستخوازەکان جیاوازی وەسیلەی یەکبوونە،جیاوازی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و ئەوەی گرنگە یەکبوونە.چوونکە سیستەمێک لەسەر بنەمای هێز دامەزرابێت داوای یەکبوون دەکات،نەک داوای جیاوازی».(١٦٧) 
نووسەر قسە لەسەر تیۆرەکەی سۆسۆر،وەک زانایەکی زمانەوانی دەکات، کە سەر بە بیرۆکەی دروستخوازەکانە و یەکبوون ئامانجیانە. پێموایە بۆچوونەکە روون و ئاشکرایە و چ گووتەیەکی زیادە هەڵناگرێ. با بۆ زیات روونکردنەوەی باسەکان، دوای بۆچوونەکانی دیکەی نووسەر بکەون.
« نەتەوەکان گوزارشتن لە بوونی جیاوازییەکان،نەتەوە ناتوانێت بوونی هەبێت گەر لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا جیاوازییەکانی خۆی نەخاتە روو.بەڵام لای گێلنەر نەتەوەکان بوونێکی راستەقینەیان نییە و ئەو جیاوازیانەش کە نەتەوەکان بوونیان لەسەری هەیە، جیاوازی راگووزەرن و هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگاکان لەیەک کاتدا لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵییەوە نەگۆڕاون بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی،گەر هەموو کۆمەڵگاکان بە تەواوەتی  بگۆڕێن بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی، جیاوازییەکانی نێوانیان نامێنن و نەتەوەکانیش کە بوونیان بە هۆی ئەو ناهاوسەنگییەوە،لەگەڵ نەمانی ئەو ناهاوسەنگییەدا ئەوانیش نامێنن».(١٦٨)


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP