له‌میرنشینه‌كانی سۆران و بابان و بادینان و ئه‌رده‌لانه‌وه‌ تا ریفراندۆم
له‌میرنشینه‌كانی سۆران و بابان و بادینان و ئه‌رده‌لانه‌وه‌ تا ریفراندۆم ‌ 10/8/2017
شاخه‌وان خالید*

پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ مێژووی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌قلیمی چاوی ته‌ماع و برسێتیان بڕیوه‌ته‌ خاكی كوردستان، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوونه‌ كێ زۆرترین بسته‌ خاكی كوردستان داگیر بكات و خێرو بێره‌كه‌شی هه‌للوشی و خه‌ڵكه‌كه‌شی بچه‌وسێنێته‌وه‌ و به‌ شێوازی جیاواز جینۆسایدیان بكات. 
شۆڕشه‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ 
به‌درێژایی مێژووی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی کوردستان لەلایەن میرنشینەکانی سۆران و بابان و بادینان و ئەردەلانەوە، دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كان دەسەلاتی سەربەخۆیی بۆ ماوەیەک هەبووە. لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ناوخۆ و ئه‌قلیمی و و کۆمەڵایەتی و جوگرافی ئەم ده‌سه‌لاتانه‌ كۆتاییان پێهاتووه،‌ به‌ڵام هه‌وڵدان بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كۆتایی نه‌هاتووه‌.

له‌ مه‌لیكه‌وه‌ بۆ پێشه‌وا و بارزانی
لە مانگی یه‌كی ساڵی 1918 شێخ مەحموودی حه‌فید داوای پاڵپشتی له‌ ئینگلیزه‌كان کردووە بۆ دامەزراندنی حکومەتی کوردی، لە ماوەی نێوان ساڵانی 1919-1922 ئەم حکوومەتە راگەیندراوە، بەڵام دوای ئەوە لەناو براوە به‌كۆمه‌ڵێك هۆكار و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌قلیمی و نێوده‌وڵه‌تی كه‌پشت له‌ مه‌لیك مه‌حموود كراوه.
جارێكی دیكه‌ بارزانییەکان لە ساڵی 1929 داوای سەربەخۆییان له‌ ناوچە کوردییەکانی کردووه‌،له‌هه‌مان كاتدا خواڵێخۆشبوو(مه‌لا مسته‌فای بارزانی) بۆ بەدیهێنانی خه‌ونی گه‌وره‌ی دەوڵەتی کوردستان لە ساڵی 1945 روو له‌مهابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات و هاوکاری پێشەوا قازی محەمەد دەکات بۆ سه‌ركه‌وتن و بەردەوام بوونی کۆماری کورستان.  ئەمەش تاکو ساڵی 1946 درێژە دەکێشێت و دوای روخانی کۆماریش لەگه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی له‌ داستانێکی کەم وێنەدا و دوای چه‌ندین نه‌به‌ردی مێژوویی له‌ سنووره‌کانی ئێران و عێراق و تورکیادا دواجار ده‌چێته‌ رووباری (ئاراس) و به‌ په‌ڕینه‌وه‌یان و خۆیان ده‌گه‌یاننه‌‌ یه‌کێتیی سۆڤییه‌تی و دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی عێراق له‌ ساڵی 1958 گه‌ڕانه‌وه‌ و وه‌ک قاره‌مانانی گه‌ل پێشوازییان لێ کرا و له‌ساته‌وه‌ش هه‌وڵی به‌رده‌وامیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بووه‌.
پاشان حكومه‌تی عێراقی هه‌موو كات واده‌ی به‌كورد ده‌دا و پاشان به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێنه‌ده‌كرد و دوای خۆدزینه‌وه‌ی حکوومه‌ته‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم له‌ به‌ڵێنه‌کانی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و هه‌وڵدانی به‌رده‌وامی حكومه‌تی عێراقی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان، لە مانگی ئەیلول   1961شۆڕشی کورد جارێكی دیكه‌ به‌ سرۆكایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی هه‌ڵگیرسایه‌وه‌. ئەو شۆڕشە میللییە بە گەورەترین شۆڕشی چەکداری باشووری کوردستان دادەنرێت و لەئاکامیشدا شۆڕش توانی ده‌سه‌ڵاتدارانی  عێراق ناچار بکات مل بده‌نه‌ رێککەوتنامەی ئاداری 1970 و بۆ یەکەمینجار مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابنرێت و ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی کوردستان راگه‌یه‌ندرا. تاکو ساڵی 1974 و کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا رێککه‌وتنی یازده‌ی ئاداریان پێشێلکرد و بێگوێدانه‌ به‌ڵێنه‌کانیان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه‌ سنووری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمییان ده‌ستنیشان کرد و که‌رکووک به‌شێکی زۆری ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی دیکه‌یان خسته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی، جارێکی دیکه‌ شۆڕش دەستی پێکردەوە و ئەمجارە لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا لە ڕێگەی رێککەوتنی شوومی جەزائیر له‌ ساڵی 1975 خیانەت لە سه‌ركردایه‌تی و گەلی کوردستان کرا و دووچاری نسکۆ كران‌.
خه‌بات و شۆڕش به‌رده‌وامه‌ 
دوای نسكۆ و رێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر گه‌لی كوردستان كۆڵی نه‌داو له‌خه‌بات و تێكۆشان به‌رده‌وام بوو، شۆرش ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و له‌ساڵی 1976 له‌هه‌موو كوردستان جارێكی دیكه‌ خه‌باتی چه‌كداری له‌ پێناو ئازادی و رزگاری ده‌ستی پێكرده‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌ شۆرش به‌ چه‌ندین هه‌وراز و نشێودا چوو، به‌ڵام به‌ره‌ی كوردستان پشت ئه‌ستوور به‌ جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر و گه‌لێری كوردستان له‌ ساڵی 1991 راپه‌ڕینی كرد، باشووری كوردستان له‌ به‌عسی و داگیركه‌ران پاككرایه‌وه و پاشان هه‌ڵبژاردن كرا و په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و حكومه‌تی كوردستان راگه‌ینرا‌. 
چه‌ندین هه‌لی سه‌ربه‌خۆییمان له‌ده‌ستداوه‌
باشترین دوو هه‌ل بۆ گه‌لی كوردستان هاته‌كایه‌وه‌. له‌ راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 هه‌موو باشووری كوردستان ئازاد كرا،ئه‌وسا هه‌ڵی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان زۆر له‌بار بوو، به‌ڵام عێراقچییه‌تی ئه‌وسا نه‌یهێشت ئه‌وه‌ بكه‌ین، پاشان له‌ساڵی 2003 له‌گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كه‌ كوردیش تێیدا به‌شداربوو، كۆتایی به‌حو‌كمی دیكتاتۆری رژێمی به‌عس هێنرا، له‌و ساوه‌ هیچ شتێ به‌ناوی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ نه‌مابوو، سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌جیاتی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی جارێكی دیكه‌ هه‌ڵسا عێراقی خسته‌وه‌ سه‌رپێ و به‌هێزی كرده‌وه‌، به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ هه‌لی سه‌ربه‌خۆییمان له‌ده‌ستدا. 
دژایه‌تی گه‌لی كوردستان به‌رده‌وامه‌ 
هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كوردستان عێراقی عه‌ره‌بی دروستكرده‌وه‌، حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق وه‌كو مێژوو خۆی چه‌ندباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌وتنه‌وه‌ دژایه‌تیكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، له‌ پابه‌ندنه‌بوونیان به‌ده‌ستورێك كه‌خۆیان ده‌نگیان بۆداوه‌، هه‌رچی له‌م ده‌ستووره‌ په‌یوه‌ندی به‌ گه‌لی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ جێبه‌جێیان نه‌كرد، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان قوتی خه‌لك و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی كوردستانیان بڕی، كه‌چی به‌رده‌وام ئه‌وه‌ به‌ گوێی خه‌لكدا دێنن، كه‌یه‌ك پارچه‌یی عێراق بپارێزن، كه‌چی عێراقێك پڕه‌ له‌ پێشێلكاری و مافی گه‌لی كوردستان نادات، بۆچی له‌گه‌ڵی بمێنینه‌وه‌. 
باشترین چاره‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌یه‌
عێراقی عه‌ره‌بی له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندینه‌وه‌ له‌ ساڵی 1921 تاوه‌كو ئێستا، هه‌موو مێژووی كوده‌تا و شه‌ڕ و خوێن بووه‌، هیچ كاتێك مافی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی نه‌داوه‌، ئه‌و میژووه‌ هه‌موو دونیا ده‌یزانی بۆیه‌ جۆو بایدن له‌ ئه‌مریكاوه‌ پرۆژه‌ی دابه‌شبوومی عێراقی بۆ سێ به‌ش راگه‌یاند: ده‌وڵه‌تی كوردی و به‌شێكی سوننه‌ و به‌شێكی شیعه‌، به‌و واتایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ سه‌ری ئه‌م هه‌موو پێكهاته‌یه‌ له‌ مه‌نجه‌لی به‌زۆر لێكێندراوی عێراق جێی نابێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌ك درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر دابه‌شبوونی عێراق ده‌بێ و كاتیه‌تی. 
ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌ی گه‌ل و بریاره‌كه‌یتی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ مولكی حیزبێك و كه‌سێك نیه‌، ئه‌وه‌ میلله‌ته‌ له‌رۆژی 25-9-2017 بریاری مانه‌وه‌ یان جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌دات، نه‌ك حیزبێك و لایه‌نێك، بۆیه‌ پێویسته‌ حیزبه‌كان واز له‌ململانێی نێوانیان بهێنن و له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر بن، له‌م رۆژه‌ مافی چاره‌ی خۆنووسینمان دیاری بكه‌ین و بڕیاری جیابووه‌نه‌وه‌ له‌و عێراقه‌ بده‌ین كه ‌جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و داگیركاری و كیمیاباران و ئه‌نفال و خاپووركردن و نه‌هامه‌تی هیچ قازانجێكی بۆ گه‌لی كوردستان نه‌بووه‌.

*سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP