دۆخی كوردستان، پێویستی‌ به‌ چاودێرییه‌كی‌ وردو راستگۆیانه‌ی‌ میدیا هه‌یه‌
دۆخی كوردستان، پێویستی‌ به‌ چاودێرییه‌كی‌ وردو راستگۆیانه‌ی‌ میدیا هه‌یه‌ ‌ 18/8/2017
محه‌ممه‌‌د حاجی‌ كه‌ریم
هه‌موومان له‌رۆڵ و  كاریگه‌رییه‌كانی‌ ته‌له‌ڤزیۆن تێده‌گه‌ین، ئه‌مڕۆ هیچ كه‌ناڵێكی‌ میدیایی‌، نه‌یتوانیووه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆن ره‌ت بكات. راسته‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی‌ میدیاو گه‌یاندنی‌ زانیاری‌ به‌ خه‌ڵك زه‌رورین و بایه‌خی‌ خۆیان هه‌یه‌، لێ به‌و پێیه‌ی‌ ته‌له‌ڤزیۆن له‌ رووی‌ ده‌نگ و ره‌نگ و جوڵه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ خێرا له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان ده‌كات، له‌ هه‌مووان گرنگتره‌، چونكه‌ به‌هۆی‌ ته‌له‌ڤزیۆن وه‌رگر ته‌نها پشت به‌ زانیاری‌ نووسراو، یان بیسراو نابه‌ستێ، به‌ڵكو له‌سه‌ر بینین ده‌وه‌ستێ.
ئه‌وه‌ی‌ ته‌له‌ڤزیۆن ده‌یگه‌ینێت، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ دیكه‌ی‌ میدیا، هه‌قیقه‌تی‌ زیاتری‌ تێدایه‌، چونكه‌ تۆ به‌چاوی‌ خۆت رووداوه‌كان ده‌بینیت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئه‌لیكترۆنیدا، زۆر كه‌ناڵی‌ دیكه‌ی‌ راگه‌یاندن بوونیان هه‌یه‌، لێ هیچ كامیان نه‌یتوانیووه‌ به‌قه‌د ته‌له‌ڤزیۆن كاریگه‌ریان هه‌بێ و به‌و ئاسانییه‌ ده‌ربكه‌ون.
بایه‌خی‌ ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌و كاته‌ زیادی‌ كرد، كاتێك بۆیه‌كه‌م جار وڵاتی‌ ژاپۆن له‌ساڵی‌ 1987 توانی‌ به‌هۆی‌ مانگی‌ ده‌ستكرد، یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی‌  ته‌له‌ڤزیۆنی‌ ئاسمانی‌  بڵاو بكاته‌وه‌.
له‌وه‌ به‌دواش وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو كه‌وتنه‌ خۆو چه‌ندین كه‌ناڵی‌ سه‌ته‌لایت په‌یدا بوون، دواتریش پێشبڕكێی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و په‌ره‌سه‌ندنێكی‌ خێرای‌ به‌دوا داهات. دیاره‌ كوردیش له‌م داهێنانه‌ گرنگه‌ی‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ مۆدێرن، بێ به‌ش نه‌بووه‌. ئه‌گه‌رچی‌ ره‌نگه‌ دوای‌ زۆر له‌ میلله‌تانی‌ دونیا بووبێته‌ خاوه‌ن كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانی‌ كاغه‌ز و دواتریش رادیۆ، جیاوازییه‌كه‌ی‌ زۆر نییه‌و ته‌نها نزیكه‌ی‌ ده‌ ساڵێك ده‌بێت.
هه‌نووكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و چه‌ند كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ی‌ بوونیان هه‌یه‌، كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێكی‌ دونیا هه‌بێ، ده‌توانێ ئاگاداری‌ ره‌وشی‌ كوردستان بێ. له‌ به‌یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌ی‌ كوردانی‌ پارچه‌كانی‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتیش ناكرێ رۆڵی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ ئاسۆیه‌كی‌ تازه‌یان له‌به‌رده‌م دونیابینیی كورد كرده‌وه‌.
ره‌نگه‌ به‌راورد كردنی‌ میدیای‌ كوردی‌ به‌گشتی‌، چجای‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ غه‌یره‌ كوردییه‌كان، كارێكی‌ نالۆژیكی‌ بێت، بێگومان ئێمه‌ هێشتا زۆر له‌دواوین، زۆربه‌ی‌ كاره‌كانمان ته‌قلیدین و نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌ن په‌یامی روون. ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی‌ ئێمه‌ چونكه‌ كه‌ناڵی‌ ئاراسته‌كراون و حزبه‌كان دامه‌زرێنه‌رو پشتیوانیانن، نه‌یانتوانیووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌یی و بابه‌تیانه‌ كار بكه‌ن، یان ببنه‌ كه‌ناڵی‌ تایبه‌تمه‌ند، بۆیه‌شه‌ هه‌موویان له‌یه‌كتر ده‌چن. ئه‌وان له‌یه‌ك كاتدا ته‌له‌ڤزیۆنی‌ هه‌موو بواره‌كانن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانیان.
ئێستا له‌ دونیا میدیا جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ وه‌رگرتووه‌، تۆ به‌و تێكه‌ڵی‌ و پێكه‌ڵییه‌ ناتوانی‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو بیت. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ خۆ له‌ قه‌ره‌ی‌ زۆر  له‌و دیارده‌و پرس و شتانه‌ ناده‌ن كه‌ نادیارن، به‌ڵكو به‌دوای‌ شتی‌ سوواو  و دوباره‌ ده‌گه‌ڕێن، له‌سه‌ر ئه‌و شاشانه‌ ره‌خنه‌و به‌دواداچوونی‌ جددی‌ و مه‌یدانی‌ ئاماده‌ییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نییه‌، به‌دواداچوونه‌كان پتر ده‌رخه‌ری‌ كاره‌ جوان  و ئه‌رێنییه‌كانن، نه‌ك ناشیرین و نه‌رێنییه‌كان.
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كان، وه‌ك میدیای‌ هه‌ر وڵاتێكی‌ دونیا به‌رژه‌وه‌ندی‌ میلله‌تی‌ خۆیان بزانن و كار بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر حیسابی‌ بزركردنی‌ جه‌وهه‌ری‌ میدیا ته‌واو ببێت، كه‌ خۆی‌ له‌ ره‌خنه‌و چاودێریكردنی‌ ورد ده‌بینێته‌وه‌. ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌ست حزبه‌كاندان و سه‌ربه‌خۆ نین، به‌دوای‌ زۆر پرسی‌ گرنگ داناچن، له‌ رووماڵكردنی‌ هه‌واڵه‌كانیشدا بێ لایه‌ن نین، بۆشیان نییه‌ خۆ له‌ قه‌ره‌ی‌ جۆرێك هه‌واڵ بده‌ن، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌واڵی‌ گرنگن. به‌كورتی‌ تۆ له‌و كه‌ناڵانه‌ ناتوانی‌ پیشه‌ییانه‌ كار بكه‌یت و به‌دوای‌ هه‌موو رووداوێكدا بچیت.
به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زۆر هه‌واڵی‌ بێ مانات به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێ، كه‌ رووی‌ مه‌جلیسییان نییه‌. من ناڵێم ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ كاری‌ باشیان نه‌كردووه‌، یان ره‌خنه‌یان نه‌گرتووه‌و پرۆگرامی‌ باشیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێم له‌ ئاستی‌ پێویست و چاوه‌ڕوانییه‌كانی‌ بینه‌ردا نین. پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆچی‌ ئه‌م كه‌ناڵانه‌ پرۆگرامی‌ وایان نییه‌، بینه‌ر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ كاتی‌ بڵاوبوونه‌وه‌یان بكات؟ یان شتی‌ وا روویداوه‌ كه‌سێك بۆ بینینی‌ پرۆگرامێك بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ؟دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوونیشی‌ هه‌بێ، ده‌گمه‌نه‌.
من وایده‌بینم ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر روو له‌ كرانه‌وه‌ بكه‌ن، پتر پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن. بۆچی‌ كوردیش وه‌ك میلله‌تانی‌ دیكه‌ نه‌بێته‌ خاوه‌ن ئه‌و میدیایه‌ی‌ كه‌ له‌و ئاوێنه‌یه‌ بچێ كه‌ هه‌موو كوردێك خۆی‌ تێدا ببینێته‌وه‌.
ناكرێ ئیدیعای‌ فه‌راهه‌م بوونی‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی‌ میدیاو راده‌ربڕین بكه‌ین، كه‌چی‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان به‌ بیانووی‌ هه‌ستیاری‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌لای‌ ئێش و ئازاری‌ خه‌ڵكی‌ دانه‌چن و چاو له‌هه‌زاران سه‌رپێچی‌ و بێ دادی‌ و نابه‌رابه‌ریی ئه‌و وڵاته‌ بپۆشن.
نكۆڵی‌ لێناكرێ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان له‌قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی دایه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ به‌دواداچوون و چاودێرییه‌كی‌ وردو راستگۆیانه‌ی‌ میدیا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای‌ عه‌ره‌بیش به‌نموونه‌ بهێنیینه‌وه‌، مانای‌ ئه‌وه‌نییه‌ له‌ قه‌یران و كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ر بێت، كه‌چی‌ ئه‌وان خاوه‌ن كه‌ناڵی‌ ئه‌وتۆن به‌رده‌وام ره‌خنه‌ له‌ كه‌توار و ترادسیۆنی‌ وڵاته‌كانیان ده‌گرن، زه‌ره‌ریشیان  نه‌كردووه‌.
كه‌ناڵه‌كانی‌ جه‌زیره‌و عه‌ره‌بییه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و شێوازه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن، نموونه‌یه‌كی‌ جوانی‌ میدیای‌ عه‌ره‌بی‌ پیشان ده‌ده‌ن. ئاخۆ بۆچی‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كانیش بیر له‌ خۆ دۆزینه‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌؟.
جه‌زیره‌ كاتێك كه‌ له‌ ساڵی‌ 1996 وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ هه‌واڵ له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌ستی‌ پێكرد، بینه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی‌ لێ نه‌بوو، كه‌ ئێستا له‌ سه‌ر ئاستی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، ده‌كرێ ئه‌وانی‌ ئێمه‌ش خۆیان بگۆڕن. جێی‌ داخه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان به‌م ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌ی‌ خۆیان چوونه‌ته‌ قۆناغی‌ پیری، مانه‌وه‌شیان به‌و شێوه‌ كلاسیك و ده‌ق گرتووه‌، جگه‌ له‌ خولانه‌وه‌ له‌یه‌ك بازنه‌ شتێكی‌ دیكه‌ نییه‌.

سه‌رچاوه‌:‌ پێگه‌ی رۆژنامه‌وانی‌‌


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP