سینەما، ئایدۆلۆژیا و بینەر
سینەما، ئایدۆلۆژیا و بینەر ‌ 18/8/2017
هادی دوستی
لە جیهانی هاوچەرخ ئێمە شایەتی بوونی راستەقینە و زاڵیەتی دەسەڵاتی نا دیمۆکراتیانەی سیستەمە نامرۆیی و توتالیتەرەکانین. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە چۆن بەرهەم و بەرهەمهێنانەوەی سیستەمگەلی جۆراوجۆری تۆتالیتەر لە گۆشە و کەناری جیهان دێتە گۆڕێ؟ چۆن چۆنیە کە دەسەڵاتە باڵادەستەکان لە هەر قاڵبێکدا توانیوانە بێجگە لە یارمەتی وەرگرتن لە ئامرازەکانی سەرکوت، زەینی شوێنکەوتووانی خۆیان تا ئاستێک بە دەس بێنن و هانیان بە بێ دەنگی بدەن و یان سەرقاڵی ژیانی رۆژانەیان بکەن؟ لە جیهانی هاوچەرخ دا کە فرەخوازی ئیدۆلۆژیگەلی سیاسی، تەواوی پانتایی ژیانی مرۆڤەکانیان تەنیوەتەوە، سینەماش بووە بە گۆڕەپان و ئامرازی بندەسەڵاتەکان و وا دەردەکەوێت. سینەماش وەک گۆڕەپان و ئامرازی دەسەڵات دەرکەوتووە. وێناندنێکی تەواوی وەها سینەمایەکی ئایدۆلۆژیک، بە سینەمای باڵادەست ناسراوە. 
کەرەسەکانی پێوەندی کۆیی بەشێکی پێویست و جیانەکراوە لە ساز و بەرگەکانی ئایدۆلۆژی دەوڵەتی مۆدێڕنن کە بە ئاسانی کەوتوونەتە خزمەتی ئامانجەکانی دەسەڵاتە فرەخوازەکانەوە. لەم نێوانەدا سینەما کارکردێکی بەربڵاو، پێچەڵپلووچ و چەن لایەنەی پیشان داوە. سینەما هاوکات ئامرازێکی ئایدۆلۆژیک بە ئاراستەی بەرهەم هێنان/ بەرهەم هێنانەوەی دەسەڵات و هەروەها گۆرەپانی «دژە دەسەڵاتیش» ە. کارکردی سینەما گرێ نەدراوەتەوە بەم بابەتانەوە بەم پێیە وەها کارکردگەلێک تا رادەیەک بەشێکی دانەبڕاو لە چییەتی پێوەندی سینەمای لە خۆ گرتووە. لەم نێوانەدا سینەمای نائایدۆلۆژیک چەمکێکی ناسازەیە، چونکوو تەنانەت تجاریترین چەشنی سینەما لە دوائەنجام لە بنەوە کارکردێکی ئایدۆلۆژیکانەی لە خۆیدا حەشار داوە، تەنانەت ئەگەر ئامانجی ئەم کارکردە بەتەنێ دەستەبەرکردنی کونترۆڵی کۆمەڵایەتی یان جۆرێک پاسیڤی مەدەنی بێت. باس کردن لە سەر ئەم پنتە گرنگە کە ئەوەی ناوی کارکردە ئایدۆلۆژییەکانی سینەمای لێ دەنێن لە هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک کە لانیکەمی پێوەندییەکان و دامەزراوەگەلی مۆدێڕنی تێیدا بێچمی گرتبێت. شیاوی توێژینەوە و چاو پێ خشاندن.
سینەما برێجا دەبێتە مەڵبەندی ئایدۆلۆژیا و وەکوو رێگەی بێ بەربەست و ئازاد، رێگە بۆ ئایدۆلۆژیا خۆش دەکات و رێک و پێکیەک دەگوازێتەوە کە رێکێتی دڵخوازی ئایدۆلۆژیای باڵادەستە و وەکوو زمانی هەڵبژێردراوی ئەو کار دەکات: بەڵام ئەو خاڵەی ئێمە مەبەستمانە جیاواز لە ورد بوونەوە لەم لایەنەی سینەما، لە بەرچاو گرتنی توانایی و لەباربوونی سینەما کە چۆن وەکوو بەربەستێک لە هەمبەری ئایدۆلۆژییەکان قوت بێتەوە و بە خۆڕاگری لە هەمبەری ئەو ساز و کارگەلە وەک کارتێکەرێک لە جیهانی واقیعی سەرچاوەی کاریگەری بێت. لایەنی یەکەم بە گشتی بۆچوونێکی نەرێنی لە پێوەندیی بە سینەماوە هەیە، ئەو وەکوو ئاپاراتۆسێک وێنا دەکات کە «خوێندنەوەی باڵادەست» ی خۆی بە سەر بینەر و جیهانی پیشاندراو دەسەپێنێت. بەڵام هەرچەن ئەم بێرکردنەوە نەرێنیە لە سەر سینەما ئەتوانێت خەساری بە دواوە بێت چونکوو هەم رۆڵی بینەر لە بەرچاو ناگرێت و هەمیش بە تەواوەتی سینەما وەکوو ئامرازی ئایدۆلۆژیا بۆ بە لاڕێی دا بردن دەزانێت، بەڵام دیسان لە خوێندنەوەی سینەما و هەروەها لە بیردۆزی فیلم پێگەیەکی زەقی هەیە چۆن حاشاهەڵنەگرە کە بەشی گەورەی سینەما، بە تایبەت کارکردی «سینەمای باڵادەست» لەم پێناسەیە دەگونجێت.
رەچاو کردنی چۆنیەتی کردنی سینەما بە ئاپاراتۆسێکی بەهێز، بابەتێکی گرنگە و دەری دەخات کە بە چ شێوازێک سینەما لە گەڵ خولقانی بینەری خۆی، لە مۆتەکەیەکی جەزمە هێنەری دەخات و جیهانی هێمایینی نواندراوی لە لایەنی خۆیەوە بە سەری دا دەسەپێنێت بە چەشنێک کە بینەر بە واقعی دەزانێت و تەواوی قۆناغەکانی بەرهەم هێنانی لە بیر دەکات و یان لە بەرچاوانی ون دەبێت. لەم حاڵەتەدا بە و چەشنەی کە لە بیردۆزی ئاپاراتۆسی سینەمایی دەبینرێت بینەر تووشی وەهمی سوژەگی دەبێ و بە وەڵام دانەوە بە بەردەنگی سینەمایی، خۆی وەکوو ناوەندی مانادەر بە فیلمەکان دەبینێت لە حاڵێکدا ئەوەی دەیبینێت وەکوو مۆتەکەیەکی سیاسی و فانتێزییەکی جەزمە هێنەر، بەردەوام هەوڵی فریودانی ئەو و بە لاڕێدا بردنی واقعی هەیە. سینەما ئەم دۆخە بە ئاراستەی ئامانجە ئایدۆلۆژییەکانی سازێنەرانی خۆی و لە رێگەی جۆراوجۆر و ساز و کارگەلی جۆراوجۆرەوە بێچم پێ دەدات. لەم چەشنە سینەماگەلە ئاپاراتۆسی سینەمایی بە بەربڵاوی، لە رێگەی «پیشاندانەوە» یەکی هەڵە کە لە واقعی کۆمەڵایەتی بە دەستیەوە دەدات، وەهمی واقعی بوون لای بەردەنگی خۆی دروس دەکات و هەروەها بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی هێژمۆنی، ئایدۆلۆژیای مەبەستی خۆی لە رێگەی رەوتگەلێکی وەک دوریین، بەو تێگەیشتن، وەک یەک بوون و سروشتی سازی هەوڵی دروس کردنی گێڕانەوەیەکی بێ کەماسیان هەیە تا لە رێگەی «خوێندنەوەی باڵادەست» ی بەردەوام تێیدا، بینەری خۆی لە هەر چەشنە دەرفەتێک بۆ رامان و دەرخستنی روانینێکی رەخنەگرانە بێ بەش بکات تا بە ئاراستەی وەرگرتنی ئامانجە ئایدۆلۆژییەکان بەرە و پێش بڕوات.
ئەو کاتەی سینەما ئەکەوێتە خزمەتی ئایدۆلۆژیاوە وەکوو ئامرازی نواندنەوەی ئەوی لێدێت بە شێوازێک دووئەوەندە بینەری خۆی فریو ئەدات و تووشی وەهمی دەکات چونکوو ئایدۆلۆژیا خۆی وەکوو شێوازێکی بە لاڕێدا براوی واقع، کارکردێکی وەکوو یەکساز و شاردراوەی هەیە و ئەو کاتەی لە سینەما بۆ ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت، دەتوانین بڵێین کاریگەرییەکانی دووهێندەیە، چونکوو سینەما خۆی شێوازێکی بەرهەم هێنراوی واقعە، هەنووکە ئەگەر ئایدۆلۆژیا لەم بەرهەم هێنانەوەیە دەوری هەبێت و هەروەها ئەم واقعەش بۆ خۆی سەر ئاوەژوکراو بێت، واقعی پیشاندراو بەو پەڕی رازاویەتی دەگات. لە راستی دا تواناییەکانی سینەما بە تایبەت خواستی بیچم دان بە بینەری خۆی، واقع نوێنی و شاردنەوەی رەوتی بەرهەم هێنانی خۆی بە مەبەستی سەپاندنی خۆی وەکوو واقع، هۆکارگەلێک بۆ پێوەندی و گرێدراوی سینەما بە مەڵبەندی مەکینە ئایدۆلۆژییەکانی جێی مەبەستی ئاڵتوسر. ئاپاراتۆسی سینەمایی مەبەستیەتی کە زەینی بینەری خۆی داگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکارییگەلی تایبەت بە خۆی بە کار ئەهێنێت. 
سینەمای فەرمی و باڵادەست کە وەکوو بەرهەمی پێوەندی بابەتی ئایدۆلۆژیک و ئابور پێناسە دەکرێت وێنای زەقی ئەم ئاپاراتۆسی سینەماییەیە. سنووری سینەمای باڵادەستی تەواوی سینەما فەرمییەکانی دەوڵەتەکانە. لە راستی دا سینەمای باڵادەست ئامرازێکە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجگەلی ئایدۆلۆژیک، یان بە واتایەکی تر سینەما پانتاییەکە کە ئایدۆلۆژی دەستی بە سەردا گرتووە. سینەمای نەیار خوێن و دژی سینەمای باڵادەست، هەر لە سەرەتای بێچم گرتنی ئەم میدیایە بوونی هەبووە کە نموونە زەقەکەی تریلری سیاسی بوو. بەڵام زۆربەی ئەو هەوڵگەلی ئەنجام دراو لە هەمبەری سینەمای باڵادەست و سینەما فەرمییەکان، لاوازییگەلێکیان هەبووە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن لە هەمبەری سینەمای باڵادەست خۆڕاگر بن. لە راستی دا ناکرێت ناوڕەۆکی پێشڕەو بە فۆرمگەلی باو و هاوبەش لە گەڵ سینەمای باڵادەست بئاخنین و لە ئەگەری کەڵک وەرگرتن لە شێوازگەلی جیاواز، بۆ نموونە لای ژان لۆک گدار ئەگەری دەسڕاگەیشتن بە بەردەنگەکان لە دەس دەڕوات. هەر بۆیە پێویستی بە سینەمای جیاواز، هەم لە شێواز و هەم لە ناوەڕۆک زۆر گرنگ و بنەڕەتی خۆی دەنوێنی.
لە راستی دا ناکرێت لە قاڵبی شێوازگەلی باوی پیشاندراو کە باوە و هیی هالیوود و هاوتاکانی لە تەواوی جیهانە چاوەڕوانی دەرکردنی سینەمای شۆڕشگێڕانە و رادیکاڵمان هەبێت. مەبەست سینەمایەکە بینەر نەخەڵەتێنێ و بە گێلی نەزانێت و وێڕای بە هێز کردنی تواناییە رەخنەگرانەکانی، ئەو بۆ هاتنە ژوورەوەی جیهانی واقعی دەرەوەی درامەکە ئامادە بکات. پیشان دانی سینەمایی دەبێ راهێنانێک بۆ بەشداری لە جیهانی واقعی و بە ئاراستەی گۆڕانی ئەو واقعە بە لاڕێدا براو و چەوسێنراوە بێت و نە خۆی ببێتە ئامرازی پاساو و سەرکوت، وەکوو ئەوەی لە سینەمای باڵادەست و فەرمی وڵاتەکان باوە. شێوازی جیاواز، ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانە و هونەرمەندی دەروەست سێ لقی دروس کردنی سینەمای شۆڕشگێڕانەیە کە پێویستی ئەو زیاتر لە هەر کاتێک هەست پێ دەکرێت. چونکوو بەو جۆرەی خۆی دەنوێنێت سیستەمی سەرمایەداری لە هەر شێوازێکی ئەو و لە کوێی جیهانی ئەوڕۆکانێ، سینەمای کردووە بە ئامرازێکی ئایدۆلۆژیکی بە هێزی خۆی، کە تەنیا کارکردی دواخستنی رەشۆک و بە لاڕێدا بردنی زەینەکانی لە ئەستۆ دایە تا ئەوان لە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕان و درکی دژیەکە واقعیەکانی روبەری ژیانیان هەڵگەڕێنێتەوە. 
کورتەی بابەت ئەوەی کە بەو چەشنەی کە دەکرێت لە ئایدۆلۆژی زاڵی سەرمایەداری و یان لە میدیای باڵادەستی هەوڵدەری باس بکرێت لە پانتایی هونەریش دەکرێت بە دوای سەرەداوی هونەری بۆرژواییش کەوت کە بە ئاراستەی بەهەم هێنان و بەرهەم هێنانەوەی ئەم ئایدۆلۆژییە دەرَواتە پێشێ و خۆی وەکوو شێوازی باڵادەست و پارێزهەڵنەگر دەخاتە روو، هەر بەو شێوازەی سەرمایەداری خۆی بە هەرماو و هەمیشەیی پیشان دەدات. هونەرمەندی دەروەستی شۆڕشگێڕ کە هەوڵ دەدات دژیەکەکانی ئەم سیستەمە زەق بکاتەوە، ناتوانێت لەم واقیعە هەڵبێت کە دەبێ بە دوای خولقانی شێوازگەلی جیاوازی خولقاندنی بەرهەمە هونەرییەکانەوە بێت. لە گۆڕەپانی سینەماش هەر چیین، گروپ، رەگەز و کەمینەیەکیش دەبێ بە دوای داهێنانی نواندنەوەی سینەمایی تایبەت بە خۆی بێت تا لە تووش بوون بە داوی روانینی ئەوی دی و نواندنەوەی دڵخوازانەی ئەو دەرباز بێت. چونکوو پیشان دانەوەیەک کە لەوی دیوە پێشکەش بکرێت هەر چەندەش خێرخوازانە بێت – وەکوو پیشاندانەوەی رەشەکان لە هالیوود – دیسان سەندنەوەی ناسکاری تاک و گروپی پیشاندەرەوە و لەوێ نەبووی ئەون. چونکوو رۆڵ و بەشدارییەکی تێدا نیە و بووە بە ئۆبژەی روانینی ئەوی دیی. ئەم خاڵە لە روانین بە سینەمای فەرمی وڵاتێکی وەک ئێران و پیشان دانەوەی کوردەکان لەم سینەمایەدا جێی توێژێنەوەیە. لە کۆتایی دا دەبێ زیادی بکەین کە ئەگەر بمانەوێ لە شتێک لە ژێر ناونیشانی سینمای کوردی قسە بکەین دەبێ ئەوە رەچاو بکەین کە تا چ رادەیەک توانیومانە پیشاندانەوەی تایبەت بە خۆمان بخولقێنین و تا چ رادەیەک لە فۆرمی ئەم بازنوێنییە وەرچەرخانمان دروس کردووە. فیلمی رێگای یەڵماز گونای نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم بوارەیە بەڵام لە هەمبەری دا دەبینین لە کوردستانی ئێران سینەماکاران لەم ساڵانەی دوایی دەستیان داوەتە بەرهەم هێنانی فیلم، کە زۆرتر هەوڵیان داوە بەرهەمێک ساز بکەن باوەدڵی فستیڤاڵە سینەماییەکان و بەردەنگگەلێکی دەروەی خەڵک پیشاندرا بێت. لە حاڵێکدا سینەما دەبێ لە هەنگاوی یەکەم ئەمەگداری واقعە کۆمەڵایەتییەکان بێت، لانیکەم ئەو سینەمایەی تەپڵی شۆڕشگێڕانە بوون و ئاوانگاردی لێ دەدات دەبێ ئاوا بێت.

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP