ماڵئاوا فه‌رمانده ‌و پارتیزان هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی
ماڵئاوا فه‌رمانده ‌و پارتیزان هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی ‌ 23/8/2017
دوێنێ 22/8/2017، هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و پارتیزان‌و فه‌رمانده‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ كوشنده‌وه‌، كۆچی دواییكرد، به‌و بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ چه‌ند بروسكه‌یه‌كی سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌یان كراوه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كانیانه‌:

كۆسره‌ت ره‌سوڵ: له‌ناخه‌وه‌ دڵگران و خه‌مباری كردم
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
خانه‌واده‌ی كاك نازم كه‌ركوكی
به‌داخێكی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی كاك نازم كه‌ركوكی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزانی و دانه‌بڕاوو ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندم بیست، له‌ناخه‌وه‌ دڵگران و خه‌مباری كردم، هاوبه‌شی خه‌متانم، هیوادارم ئه‌مه‌ دواكۆست و ناخۆشی خۆتان و خانه‌واده‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان بێ، خوای گه‌وره‌ كۆچكردوو به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی خۆی شاد بكات.
أنا لله وانا الیه‌ راجعون

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان


عومه‌ر فه‌تاح: خه‌مێكی‌ گه‌وره‌یه‌
به‌داخ‌و كه‌سه‌رێكی‌ زۆره‌وه‌، هه‌واڵی‌ كۆچی‌ دوایی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و فه‌رمانده‌ی‌ ئازاو خۆنه‌ویستی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی‌-م پێگه‌یشت.
 له‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌دا، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ ئاڕاسته‌ی‌ خێزان‌و كه‌سوكاره‌ تێكۆشه‌رو سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی‌‌و ته‌واوی‌ هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌ ده‌كه‌م. 
ماڵئاوایی‌ یه‌كجاره‌كی‌ كاك نازم خه‌مێكی‌ گه‌وره‌یه‌، شوێنی‌ له‌كۆڕی‌ خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ رێكخراوه‌یی‌‌و پێشمه‌رگایه‌تی‌ به‌ئاسانی‌ پڕ ناكرێته‌وه‌.  سڵاو له‌گیانی‌ پاكی‌..

عومه‌ر فه‌تاح كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ی.ن.ك


حاكم قادر: فه‌رمانده‌یه‌كی‌ به‌سه‌لیقه‌و ئازا بوو
به‌ڕێز/ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری‌ كاك نازم كه‌ركوكی‌ 
زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵی‌ ژیانئاوایی‌ فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین كاك نازم كه‌ركوكی‌-م پێگه‌یشت. له‌ناخه‌وه‌ نیگه‌ران‌و خه‌مباربووم. 
كاك نازم پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ قاره‌مان‌و فه‌رمانده‌یه‌كی‌ به‌سه‌لیقه‌و ئازا بوو، له‌ 1980 –ه‌وه‌ تا گیانی‌ پاكی‌ به‌خشی‌، له‌سه‌ر رێبازی‌ یه‌كێتی‌‌و كوردایه‌تی‌ به‌رده‌وام بوو. خۆشه‌ویستی‌ هه‌ڤاڵان‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌ بوو.
 له‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌دا هاوبه‌شی‌ خه‌می‌ ئێوه‌و هه‌موولایه‌كین. دڵنیابن نازم كه‌ركوكی‌ له‌ناو مێژوو و ویژدانماندا بۆ هه‌میشه‌ زیندووه‌و خه‌بات‌و سه‌روه‌رییه‌كانی‌ جێی‌ شانازیی‌ هه‌موومانه‌.

حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ی.ن.ك


قوباد تاڵه‌بانی: هه‌ڤاڵێكی تێكۆشه‌رو كوردپه‌روه‌ر بوو
به‌ڕێزان بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو كاك نازم كه‌ركوكی
به‌‌داخ و په‌ژاره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی پێشمه‌رگه‌ی دێرین، هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی-مان بیست، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌كه‌ین و هاوبه‌شی خه‌م و په‌ژاره‌تانین.
خوالێخۆشبوو كاك نازم كه‌ركوكی، هه‌ڤاڵێكی تێكۆشه‌رو كوردپه‌روه‌رو خاوه‌ن هه‌ڵوێستی خه‌باتگێڕانه‌ بووه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای داگیرسانی شۆڕشه‌كانی گه‌له‌كه‌مان پێشمه‌رگه‌یه‌كی چاونه‌ترس و خۆنه‌ویستانه‌ خه‌باتی كردووه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له‌ده‌ستدانی جێگه‌ی په‌ژاره‌ی هه‌موو لایه‌كمانه‌.
له‌په‌روه‌ردگاری مه‌زنمان داوایه‌ گیانی كاك نازم كه‌ركوكی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات، سه‌بووری و دڵنه‌وایش به‌ خانه‌واده‌و خزمان و دۆستانی كۆچكردوو ببه‌خشێت، ئومێده‌وارین ئه‌مه‌ دواناخۆشییان بێت.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران


لاهور شێخ جه‌نگی: پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مانی رۆژه‌ سه‌خته‌كان بوو
بۆ بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی
به‌خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی پێشمه‌رگه‌ی دێرین و پارتیزان كاك نازم كه‌ركوكی-م بیست، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌و كه‌سوكاری خوالێخۆشبوو ده‌كه‌م و هاوبه‌شی خه‌متانم. هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مانی رۆژه‌ سه‌خته‌كان و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ بوو، كه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خه‌باتی كوردایه‌تی، تێكۆشانی خوالێخۆشبوو ده‌سه‌لمێنن.
 له‌یه‌زدانی مه‌زن ده‌خوازم رۆحی هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و ئه‌م كۆسته‌ش دوا ناخۆشی بنه‌ماڵه‌كه‌یان بێت. 

لاهور شێخ جه‌نگی


راگەیاندنی مه‌كته‌بی‌ سیاسی: زیانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ یه‌كێتی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌
به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی 22/8/2017، پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و پارتیزان‌و فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ند هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ كوشنده‌وه‌، بۆ هه‌میشه‌ به‌جێیهێشتین. 
له‌ده‌ستدانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتیزان‌و فه‌رمانده‌یه‌كی‌  تێكۆشه‌ری‌ وه‌ك نازم كه‌ركوكی‌، كه‌ (36) ساڵ ته‌مه‌نی‌ له‌ خه‌باتی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌‌و رێكخراوه‌یی‌‌و سه‌ربازی‌، بۆ رزگاری‌‌و سه‌رفرازی‌ گه‌لی‌ كوردستان ته‌رخانكرد، زیانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ یه‌كێتی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، خه‌مێكی‌ قووڵیشه‌ بۆ هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتی‌‌و هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌. 
له‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌دا، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ له‌خۆمان‌و كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ نازم كه‌ركوكی‌‌و تێكڕای‌ هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌ران‌و هه‌ڤاڵانی‌ ده‌كه‌ین. 
 ناو و بیره‌وه‌ری‌ پڕ له‌شانازی‌‌و سه‌روه‌ریی‌ هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی‌، هه‌ر به‌ زیندوویی‌ ده‌مێنێته‌وه‌. 

راگه‌یاندنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان


ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی: خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ 
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی 22/8/2017، هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی فه‌رمانده‌و تێكۆشه‌ری دێرین و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ی، له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان كه‌وت و به‌یه‌كجاری ماڵئاوایی لێكردین.
له‌ده‌ستدانی ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌رو دڵسۆزه‌، خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لی كوردو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌كاتێكدا كه‌ خۆمان به‌ خاوه‌نی پرسه‌ ده‌زانین له‌هه‌مانكاتیشدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌ندامانی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی ده‌كه‌ین.
داواكارین له‌په‌روه‌ردگار گیانی پاكی هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات و ئارامی و دڵنه‌واییش به‌هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت.
انا لله‌ وانا الیه‌ راجعون
ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ی.ن.ك


هه‌ڤاڵ نازم كه‌ركوكی‌ له‌ ئینسكلۆپیدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-دا
نازم نه‌جم ئه‌حمه‌د. فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتیزان ناسراو به‌ نازم كه‌ركوكی‌ له‌دایكبوی‌ ساڵی‌ 1961ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ شۆریجه‌ی‌ شاری‌ كه‌ركوك. به‌ڕیشه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوندی‌ چه‌مسورخاوی‌ ناوچه‌ی‌ قادركه‌ره‌م. باوكی‌، سه‌ید نه‌جم، تۆمارێكی‌ كوردپه‌روه‌رانه‌ی‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ له‌ساڵی‌ 1961دا پشت‌و په‌نای‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌و له‌ساڵی‌ 1963دا له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ستگیر كراوه‌و له‌زینداندا ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ دڕندانه‌ دراوه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌به‌هۆی‌ ئه‌شكه‌نجه‌وه‌ توشی‌ نه‌خۆشیی‌ درێژخایه‌ن بووه‌. هه‌رچه‌ند دواتر له‌زیندان ئازاد كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌شكه‌نجه‌وه‌، له‌ساڵی‌ 1966دا سه‌ری‌ نایه‌وه‌.
نازم به‌هۆی‌ مردنی‌ باوكییه‌وه‌ وازی‌ له‌خوێندن هێناو له‌ساڵانی‌ دواتردا بووه‌ شاگردی‌ ئاسنگه‌رو پاش چه‌ند ساڵێك شاره‌زایی‌ ته‌واوی‌ له‌كاره‌كه‌دا په‌یدا كردو بووه‌ وه‌ستای‌ ئاسنگه‌ری‌. له‌ساڵی‌ 1981دا په‌یوه‌ندیی‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌ كردو له‌ساڵی‌ دواتردا له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ بووه‌ پێشمه‌رگه‌.
له‌ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا پله‌كانی‌ به‌شێنه‌یی‌ بڕیوه‌. ساڵی‌ 1985 له‌باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌ك كرایه‌ فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌. ساڵی‌ 1987 بۆ تیپی‌ 51ی‌ گه‌رمیان گوێزرایه‌وه‌و له‌وێ‌ پله‌ی‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ پێ‌ به‌خشراو بۆ ساڵی‌ دواتر كرایه‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت. به‌شداریی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ چالاكییه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كردووه‌ له‌وانه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ هێزی‌ پشتیوان له‌كوردستانی‌ ئێران له‌ساڵی‌ 1982 كه‌تێیدا رۆڵێكی‌ كارای‌ له‌قۆڵی‌ قه‌بری‌ حسێندا گێڕاوه‌، گرتنی‌ بێتواته‌ (1983)‌و قه‌یوان- ماوه‌ت (1986)‌و داستانی‌ رزگاری‌ (1987).
له‌ساڵی‌ 1988دا به‌شدار بوو له‌شه‌ڕه‌كانی‌ دۆڵی‌ جافه‌تی‌ كه‌ به‌یه‌كه‌م شاڵاوی‌ ئه‌نفاله‌كان داده‌ندرێ‌. پاش كشانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر سنور، به‌بناری‌ قه‌ندیل‌و سنوری‌ ناوچه‌ی‌ باڵه‌كایه‌تی‌‌و خۆشناوه‌تی‌‌و ده‌شتی‌ كۆیه‌دا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان. ئه‌م گه‌شته‌ 18 رۆژی‌ خایاند. له‌گه‌رمیان له‌یه‌كه‌م شه‌ڕدا له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌دۆڵی‌ جافه‌تی‌، كه‌شه‌ڕی‌ تاڵاوو ته‌خته‌مینایه‌، بریندار بوو. ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌شێكی‌ به‌رنامه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ شاڵاوی‌ سێیه‌می‌ ئه‌نفال. پاش شه‌ڕه‌كه‌ بۆ تیماركردن برایه‌ گوندی‌ ئاوباریك.
هه‌رچه‌ند هێزه‌كانی‌ عیراق به‌هۆی‌ هێرشی‌ به‌ربڵاوو به‌كارهێنانی‌ تۆپخانه‌و هه‌لیكۆپته‌رو چه‌كی‌ كیمیاییه‌وه‌ ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا، ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌دا مایه‌وه‌ كه‌بڕیاریان دابوو ناوچه‌كه‌ به‌جێ‌ نه‌هێڵن‌و به‌شێوه‌ی‌ پارتیزانی‌ درێژه‌ به‌چالاكییه‌كانیان بده‌ن.
له‌ته‌موزی‌ 1989دا، پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌بۆ ماوه‌ی‌ 15 مانگ به‌شدارییه‌كی‌ كارای‌ له‌چالاكییه‌ پارتیزانییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا كرد، هێزه‌كه‌ی‌ بۆ پشوو و بینینی‌ خولی‌ مۆدێرن كێشرایه‌وه‌ سه‌ر سنور.
له‌پرۆسه‌ی‌ سه‌رله‌نوێ‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا له‌ساڵی‌ 1990، بووه‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ یه‌ك له‌تیپێكی‌ به‌تالیۆنی‌ دوو كه‌فه‌رمانده‌كه‌ی‌ جه‌میل هه‌ورامی‌ بوو.
له‌كاتی‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ نه‌خشه‌ی‌ راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991دا، له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ به‌تالیۆنی‌ 1دا، له‌قۆڵی‌ پاوه‌وه‌ بۆ سنوری‌ سه‌رپێل زه‌هاو دابه‌زی‌‌و له‌نه‌خشه‌كه‌دا به‌ر ئه‌و هێزه‌ كه‌وت كه‌ئه‌ركی‌ رزگاركردنی‌ باوه‌نورو كه‌لارو كفری‌‌و خانه‌قینی‌ پێ‌ سپێردرابوو. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا به‌شێكی‌ چالاكییه‌كانی‌ له‌قۆڵی‌ كه‌لار- خانه‌قین هه‌ڵسوڕاندو باره‌گای‌ له‌دێی‌ ده‌كه‌ دانا.
پاش راپه‌ڕین لێپرسراوه‌تیی‌ فه‌رمانده‌یی‌ به‌تالیۆنی‌ قه‌ره‌حه‌سه‌نی‌ پێسپێردرا، دواتر كرایه‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی‌ به‌كره‌جۆو ماوه‌یه‌كیش بۆ قه‌ڵاچۆكردنی‌ قاچاخچێتی‌ نێردرایه‌ سنوری‌ پێنجوێن. ساڵی‌ 1994 كرایه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج له‌لیوای‌ تایبه‌تی‌ كه‌ركوك‌و دواتر له‌گه‌رمیان بوه‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ تایبه‌ت. ساڵی‌ پاشتر كرایه‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ له‌شكری‌ گه‌رمیان‌و پاشان لێپرسراوه‌تیی‌ له‌شكره‌كه‌ی‌ پێ‌ سپێردرا.
ساڵی‌ 1996 بووه‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی‌ گه‌رمیان‌و پاشان لێپرسراوه‌تیی‌ فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ.
ساڵی‌ 2003 له‌كاتی‌ هێرشی‌ هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر عیراق، له‌سنوری‌ جه‌له‌ولاو قه‌ره‌ته‌په‌ رۆڵێكی‌ كارای‌ له‌كۆنترۆڵ‌ كردنی‌ ناوچه‌كاندا گێڕاو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ دوا به‌دوای‌ پێكهێنانی‌ لیوای‌ گه‌رمیان لێپرسراوه‌تیی‌ لیواكه‌ی‌ پێ‌ سپێردرا.
ساڵی‌ 2010 له‌كۆنگره‌ی‌ سێیه‌می‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستاندا به‌ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ند هه‌ڵبژێردرا.
به‌شێكی‌ ژیاننامه‌ی‌‌و سه‌ربورده‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تیی‌ له‌كتێبێكدا به‌ناونیشانی‌ «نازم كه‌ركوكی‌ پارتیزانه‌ بێده‌نگه‌كه‌» كه‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا كاكه‌ ئه‌حمه‌د ئاماده‌ی‌ كردووه‌و ساڵی‌ 2014 له‌سلێمانی‌ چاپ كراوه‌، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP