كه‌ریم گیان، تۆ هه‌میشه‌ له‌ بیره‌وه‌ریمدا زیندوویت
كه‌ریم گیان، تۆ هه‌میشه‌ له‌ بیره‌وه‌ریمدا زیندوویت ‌ 27/8/2017
ئاسۆ مه‌مه‌ند*
له‌ به‌ره‌به‌یانییه‌كی رۆژێكی ساڵی 1962دا، كانیله‌كانی ده‌ڤه‌ری قه‌ره‌داغم مژده‌ی چاوهه‌ڵهێنانی رۆڵه‌یه‌كی به‌گوێی هه‌مووماندا دا، ئه‌و به‌یانییه‌ له‌ گوندی (باخی سه‌روو)دا شێخ كه‌ریم شێخ محه‌مه‌دی باخی سه‌روو هاته‌ دنیاوه‌.
شه‌هید كه‌ریم وه‌ك هه‌ره‌زۆری ڕۆڵه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ خێزانێكی نیشتیمان په‌روه‌رو كوردپه‌روه‌ر گۆشكراوه‌و باوكی كۆرچكردووی یه‌كێك بووه‌ له‌ كادره‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول و تێكۆشه‌رێكی خه‌باتی كوردایه‌تی بووه‌.
سه‌ره‌تای لاوێتی شه‌هید كه‌ریم له‌ گونده‌كه‌ی خۆیاندا وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی گوندنشینان به‌ كشتووكاڵه‌وه‌ خه‌ریك ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وه‌ وای لێده‌كات كه‌ خۆشه‌ویستی خاك و نیشتمانی ئه‌وه‌نده‌ی تر لا گه‌وره‌ترو مه‌زنتر بیت، هه‌ستكردن به‌ نایه‌كسانی و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنه‌كانمان هانی ده‌دات كه‌ خۆی له‌ ڕێكخستنه‌كاندا ڕێكبخات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خه‌باتی هه‌ڵبژارد، ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی 1977دا په‌یوه‌ندیكرد به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، وه‌ك لاوێكی جه‌ربه‌زه‌و چاونه‌ترس و تێكۆشه‌ر كه‌وته‌خۆ بۆهاوكاری و ڕێنیشانده‌ری پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕش له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندا.
ساڵی 1979 ئاراسته‌ی رێكخستن و كاری سیاسیی خۆی له‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی كوردستان ده‌گۆڕێت، پاشان له‌ساڵی 1982دا و له‌دوای یه‌كگرتنی سۆشیالیست و خه‌تی گشتی له‌ ژێرناوی یه‌كێتی شۆڕشگێران، له‌و رێكخراوه‌ نوێیه‌ی ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژه‌ به‌خه‌بات و تێكۆشان ده‌دات.
له‌ساڵی 1986 له‌ (ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ)ی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان كه‌ پێكه‌وه‌ كارگێڕوكادری ناوچه‌كه‌ بووین، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕی برایترماندا و ڕاسته‌وخۆ به‌سترابووینه‌وه‌ به‌ هه‌ڤاڵی به‌ڕێز و تێكۆشه‌ر جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌، شه‌هید كه‌ریم سه‌ره‌ڕای ڕووه‌ سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیه‌كه‌ی، پیاوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و قسه‌خۆش و خاوه‌ن دیوه‌خان و دڵنه‌واو خزم و دۆستپه‌روه‌ر بووه‌، له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ هاوكار و هاوخه‌می دڵسۆزانه‌ی خۆی ده‌ڕبڕیوه‌.
ئێمه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنی سیاسی و پێشمه‌رگایماندا هه‌میشه‌ ڕێزو خۆشه‌ویستی و په‌رۆشی هه‌بووه‌ بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانمان و هه‌میشه‌ ڕۆڵه‌یه‌كی چوست و چالاك و خاوه‌ن بیرو بۆچوونی خۆی بوو، هه‌ڵوێستی دلێرانه‌ی هه‌بووه‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌كی هه‌تا بڵێیت خۆنه‌ویست و ئازاو تێكۆشه‌ر بووه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌ كردار سه‌لماندووه‌.
له‌ساڵی 1977 له‌ جه‌وله‌یه‌ك بوین و له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌گه‌ڕاینه‌وه‌، كه‌ گه‌شتینه‌ گوندی خاڵدان ناوچه‌ی بازیان، له‌وێ كه‌رتی دووی بازیانی تیپی 57ی سه‌گرمه‌ی لێبوو كه‌ براو هاوڕێمان كاك ئه‌نوه‌ر دۆڵانی فه‌رمانده‌ی كه‌رته‌كه‌ بوو، له‌وێبوو، دوای گۆڕینه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌ركردایه‌تی و ناوچه‌كه‌ ویستمان بڕۆین، هه‌واڵمان بۆ هات كه‌ دوژمن هێرش ده‌هێنێته‌ سه‌رهه‌ردوو گوندی خاڵدان و برایم ئاوا بۆ ئه‌وه‌ی بیان سوتێنی و وێرانی بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كه‌م لێبوو، له‌گه‌ڵ شه‌هیدكه‌ریم بڕیارماندا بمێنینه‌وه‌و به‌وره‌یه‌كی زۆر و جوامێریه‌وه‌ توانیمان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كاندا به‌رگری بكه‌ین و ئه‌و خه‌وه‌نه‌ نه‌زۆكه‌ی دوژمن له‌ گۆڕنێین، نامه‌وێت ورده‌كاری شه‌ڕه‌كه‌ بنوسم چونكه‌ له‌ گۆڤاری چیادا به‌درێژی بۆ مێژوو نوسراوه‌ته‌وه‌.
دڵسۆزی و بوێری و قاره‌مانێتی شه‌هیدكه‌ریم له‌دوتوێی نوسراوێكدا كۆتایی نایه‌ت و ناتوانین مافی خۆی بده‌ینێ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ شه‌هیدكه‌ریمی ناسیبێت گه‌واهی ئه‌وه‌ده‌دات، نمونه‌ش له‌ كتێبی‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی كاك خه‌لیل سه‌ركانی باسی قاره‌مانێتی و ئازایه‌تی و ڕۆڵی جوامێری ئه‌و ده‌كرێت.
له‌ناوه‌ندی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كانیشدا له‌ساڵی 1988 مانگی چوار له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ شه‌هیدكه‌ریم له‌ گوندی گۆڵباخ یه‌كمانگرته‌وه‌، باوه‌ش و ڕامووسانێكی قوڵ و ماوه‌ درێژیش كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناخێكی جوان و پاك كه‌ هه‌ر له‌نێوانی براكاندا ده‌كرێت، تینوێتی دووریی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دابڕانمانی نه‌ده‌شكاند، ئاخر ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌موو براو كه‌سوكارو هاوخه‌وم و هاوسۆزییه‌ك بووین.
هه‌روه‌ها شه‌هید كه‌ریم له‌كاتی ده‌سپێكردنی پرۆسه‌ی ئه‌نفالكردنی ناوچه‌ی گه‌رمیان رۆڵی گرنگ و به‌رچاوی بینی له‌ ڕزگاركردنی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ له‌كاتی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ جاده‌و گه‌یاندنیان بۆ شوێنی ئارام.
دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌ بۆ سه‌ر سنوور و پاشان به‌ شێوه‌ی مه‌فره‌زه‌و ڕه‌تڵ هاتنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كان و خۆڕێكخستنه‌وه‌، شه‌هید كه‌ریم وه‌ك فه‌رمانده‌ی ڕه‌تڵی بازیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌، له‌ مانگی 10/1990 په‌یوه‌ندیه‌كانی ڕێكخستن نوێ ده‌كاته‌وه‌ و له‌به‌ر شاره‌زایی له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌بێته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و پشتیوان بۆ پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كان.
له‌ سه‌وربه‌ندی خۆئاماده‌كردن بۆ ڕاپه‌ڕین له‌ به‌هاری 1991 دا شه‌هید كه‌ریم رۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ سازدان و ئاماده‌كردنی ڕێكخستنه‌ دابڕاوه‌كان و په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ بۆ ڕۆژی ڕاپه‌ڕین ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی فه‌رمانده‌یی و سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ی ڕاپه‌ڕینی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌رچاوه‌ڕی فه‌رمانی سه‌روو خۆی ده‌كات كه‌ بڕیار وه‌گرێت بۆ به‌شداری به‌ڵام وه‌ڵام هه‌رناگات، ئیتر شه‌هید كه‌ریم خۆی پێناگیرێت و داده‌به‌زێته‌ ناوشارو پێش ئه‌وه‌ی به‌كه‌سوكاری شاد بێت ئه‌ركه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رشانی جێبه‌جێده‌كات و ده‌چێته‌ ئه‌منه‌سوره‌كه‌ بۆ په‌لاماردانی مۆڵگه‌ی دوژمن، دوای شه‌ڕێكی زۆر و جوامێرانه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌رۆژی 8/3/1991 گیانی پاكی ئه‌چێته‌ كاروانی نه‌مرانه‌وه‌ و شه‌هید ئه‌بێت.
شایه‌نی باسه‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید كه‌ریم قوربانییه‌كی هێجگار زۆریان له‌ پێناوی ئه‌م گه‌له‌دا به‌خشیوه‌و كه‌ له‌ ناویاندا شه‌هیدی فه‌رمانده‌ كاك شێخ ڕه‌وفی مامی و شه‌هید شكاری ئامۆزایی و شه‌هیدی فه‌رمانده‌ كاك شێخ سه‌عیدی پورزای و شه‌هیدان كاكه‌ شێخ له‌تیف و كاكه‌ شێخ هیوای شێخ مارفی گه‌ڕه‌زیلی خاڵۆزای و چه‌ندین شه‌هیدیتری بنه‌ماڵه‌كه‌یان بۆ ئازادی و سه‌رفرازی ئه‌م گه‌له‌ تێكۆشاون.
له‌كۆتاییدا هه‌رچیه‌ك له‌سه‌ر شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان و شه‌هید كه‌ریمی براو فه‌رمانده‌ بنوسم هێشتا هه‌رناكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی پرشنگداری ژیانی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ م نوسیبێت بۆیه‌ ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ داده‌نیشم و ڕاده‌مێنم و چه‌پكێك گوڵی وه‌فاو ئه‌مه‌ك له‌ سه‌رمه‌زاری ئه‌و وسه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نێم و سه‌ری ته‌عزیم له‌به‌رامبه‌ر گڵكۆی بێنازیان داده‌نه‌وێنم وه‌ جێگه‌ی خۆشیه‌تی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م نوسین و یادكردنه‌وه‌وه‌ كه‌ پێشنیار بكه‌م له‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتییم كه‌ باخچه‌یه‌ك یان شه‌قامێك بۆ گه‌وره‌یی و گیانبازی شه‌هید كه‌ریم بكه‌ن به‌ناویه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م گه‌شمرده‌یه‌ی كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی به‌خشی به‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌ له‌ یادو یاده‌وه‌ریماندا بمێنێته‌وه‌و ببێته‌ سمبولێك.
*هاوڕێی شه‌هید كه‌ریم


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP