‌منداڵ ئەوە ناکات کە پێی ئەڵێی بیکە، بەڵکو ئەوە ئەکات کە لەبەر چاوی ئەیکەیت
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی، شاره‌زای بواری په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ: ‌منداڵ ئەوە ناکات کە پێی ئەڵێی بیکە، بەڵکو ئەوە ئەکات کە لەبەر چاوی ئەیکەیت ‌ 8/9/2017
گۆڕانی شێوازی په‌روه‌رده‌ له‌ بواری كۆنه‌وه‌ بۆ شێوازی سویدی قسه‌‌و باسی به‌دوای خۆیدا هێنا. 
پڕۆگڕامه‌كه‌ گۆڕاوه‌، به‌ڵام شێوازی مامه‌ڵه‌ی منداڵ و نێوجه‌وان به‌ره‌و پێش نه‌چووه‌. 
كوردستانی نوێ‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ شاره‌زایه‌كی بواری په‌روه‌رده‌ سازكرد.
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی ـ به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی په‌روه‌رده‌ی سوید و نووسه‌ری گۆشه‌ی په‌روه‌رده‌ی دیموكراتی له‌ كوردستانی نوێ‌ و شاره‌زای بواری په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ له‌م دیمانه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌ گرنگی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی منداڵ ده‌كات له‌ چوونه‌ قوتابخانه‌‌و ئاشناكردنیان به‌ ژینگه‌ی قوتابخانه‌ و  ڕۆڵی خێزان له‌ سه‌ره‌تای چوونه‌ نێو قوتابخانه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت هه‌فته‌ی یه‌كه‌می منداڵ له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تی.  
+ چۆن به‌ شێوازێكی دروست پێشوازی له‌ منداڵێكی قۆناغی یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بكرێت، تا قوتابخانه‌ و ستاف و كه‌ل‌و په‌له‌كانی خۆشبوێت؟
ـ لە سوید ڕۆژانی یەکەمی قوتابخانە زۆر گرنگە بۆ منداڵەکە، له‌ لایه‌ن دایک و باوکی و  ستافی قوتابخانەکە،  زۆر زۆر گرنگی پێدەدریت، بۆ نموونە ڕۆژی یەکەم دایک و باوک دەچن بۆ قوتابخانە لەگەڵ منداڵەکەیاندا و مامۆستا پۆلەکە دەڕازێنێتەوە بە وێنە و گوڵ و شتی جوان ڕۆژی یەکەم هەر بۆ یەک ناسین و گۆرانی وتنە. ڕۆژەکە زۆر کورتە، هەر دوو کاتژمێرێک دەبێت. قسەکان زۆربەی بۆ یەکتر ناسینە و باسی خوێندنی تیا نیە. ڕۆژەکانی هەفتەی یەکەم زیاتر وەک سەیران وایە، هەموی دڵخۆشی و کراوەیی و پێکەنینە. دڵنیاییەکی زۆر لای منداڵەکە دروست دەکرێت 
+  لێره‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌  ئامۆژگاری هه‌ڵده‌ڕێژن. ئه‌م شێوازه‌ ئامۆژگارییانه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی حه‌زی منداڵ به‌ ڕای تۆ تواناكانی منداڵ ناكوژێت؟ 
ـ بەهیچ شێوەیەک ئامۆژگاری منداڵ ناکرێت. منداڵ ئەوە ناکات کە پێی ئەڵێی بیکە، بەڵکو ئەوە ئەکات کە لەبەر چاوی ئەیکەیت، واتە هەڵسوکەوت و هەست زۆر گرنگترە لە قسە. ئامۆژگاری زیاتر وێنەیەکی خراپی بەکارهێنانی دەسەڵاتە لە گەورە ساڵەوە بۆ منداڵ. گرنگترین شت ئەوەیە کە مامۆستا کام هەست بەجێدێڵێ لای منداڵ. ئەو هەستە یا خۆشەویستی و متمانە دروست دەکات، یان ڕق و بێزاری .
+ وه‌ك ده‌زانین له‌ زۆر قوتابخانه‌ ژووری یاری هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌فته‌ی جارێك ده‌یانبه‌ن، ئه‌ویش وه‌ك پێویست نیه‌. منداڵ تێر ناكرێ‌.  له‌م حاڵه‌ته‌دا زیان به‌ منداڵ ده‌گات؟
ـ لەڕاستیدا پۆلی منداڵ  دەبێ هەموی وەک ژوورێکی یاری بڕازێنرێتەوە بە ڕەنگەکان، پیتەکان، ژمارەکان، بةو یاریانەی منداڵ حەزی لێیە، ئەوە تەنیا ڕێگایە بۆ ئەوەی منداڵەکە خۆشەویستی لا دروست بێت بۆ قوتابخانەکەی.  
+ له‌ ئاماده‌كردنی منداڵ بۆ خوێندنی بنه‌ڕه‌تی جۆریك له‌ ترس هه‌یه‌، ئه‌م ترسه‌ چۆن بڕه‌وێنینه‌وه‌؟ 
ـ لە ڕاستیدا چوون لەگەڵ منداڵدا بۆ خوێندنگە لە ڕۆژەکانی یەکەمدا کارێکی خراپ نیە، بەڵکو لە هەندێ کاتدا پێویستە بۆ ئەوەی منداڵەکە هەست بە دڵنیایی بکات. لە سوید ئەو کارە زۆر ئاساییە . 
+ بۆچی منداڵ به‌رچه‌كرداری هه‌یه‌ بۆ قوتابخانه‌ زۆر جار  خۆشی ناوێت؟ 
ـ بێگومان هەموو مامەڵەیەک کە جۆرێک لە توندوتیژی دەروونی تیا بێت وەک ڕەقی قسەکردن، توندی سەیرکردن، ئامۆژگاریکردنی بەردەوام 
 هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی منداڵ جۆرێک لە بەرپەرچدانەوەی لا دروست بێت بەرامبەر خوێندن و هەموو سیستمی فێرکاری، چونکە متمانەی نامێنێ.
+ ئه‌ركی خێزان چیه‌ له‌ دابینكردنێ كه‌شێكی ئارام بۆ منداڵ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی قوتابخانه‌یدا؟
ـ ئەرکی خێزان لە ڕۆژەکانی یەکەمی دەستپێکی خوێندندا زۆر گەورەیە. دەبێت کاتی زۆری بۆ تەرخان بکرێت. بۆ نموونە لە سوید دایک و باوک مۆڵەت وەردەگرن لەسەر کارەکانیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانیانا بن هەم لە ماڵەوە و هەم لە بەشێک لە کاتی قوتابخانەدا.
من بۆ سێ منداڵەکەم ئەو مۆڵەتەم وەرگرت، چونکە بەلامەوە گرنگ بوو کە منداڵەکەم هەست بە دڵنیایی بکات و قوتابخانەکەی خۆش بوێت
 به‌ كورتی: 
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
ساڵی له‌ دایکبون 1957 له‌ سلێمانی،  کوردستانی باشور  
شوێنی ژیان: ستۆکهۆڵم، سوید، له‌ ساڵی 1982 وه‌
کاری ئێستا:
 به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ له‌ ستۆکهۆڵم، سوید


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP