شاری‌ دێر ئه‌لزور له‌ داعش پاك ده‌كاته‌وه‌
گه‌مارۆی‌ سه‌ر شاره‌كه‌ ده‌شكێنێت شاری‌ دێر ئه‌لزور له‌ داعش پاك ده‌كاته‌وه‌ ‌ 11/9/2017
ره‌وته‌كان
سوپای‌ سوریا ده‌ڵێت، هێزه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ هێزانه‌ی‌ تردا یه‌كیانگرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌نێو شاری‌ دێر ئه‌لزور له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدرابوون. 
چه‌ندان تانكی‌ سوپای‌ سوریا به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا گه‌یشتنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ پێشتر له‌نێو شاره‌كه‌دا له‌ژێر ده‌ستی‌ هێزه‌ حكومییه‌كان بوون له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش)وه‌ له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ گه‌مارۆدرابوون، به‌وشێوه‌یه‌ سوپای‌ سوریا توانی‌ گه‌مارۆی‌ سێ‌ ساڵه‌ی‌ سه‌ر شاره‌كه‌ بشكێنێت كه‌ له‌لایه‌ن فلادێمر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیاوه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ سوپای‌ سوریا وه‌سفكرا. 
گه‌یشتن به‌ شاری‌ دێر ئه‌لزور كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر روباری‌ فورات و به‌ سه‌نته‌ری‌ پیشه‌سازی‌ نه‌وت له‌ رابردوودا داده‌نرا، به‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ دژی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) داده‌نرێت و وه‌شاندنی‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌شه‌ له‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌. 
ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ پێشڕه‌وییه‌كی‌ گرنگ بۆ سوپای‌ سوریا داده‌نرێت و پێشڕه‌وییه‌كی‌ گه‌وره‌شه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ له‌ چه‌كدارانی‌ داعش كه‌ تا دێت له‌ سوریادا دووچاری‌ نوشت و شكستی‌ یه‌ك له‌دوا یه‌ك ده‌بێت. 
هێزه‌ حكومییه‌كانی‌ سوریا به‌ پاڵپشتی‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ (روسیا و ئێران) له‌ دژی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ سوریا ده‌جه‌نگێت. 
هه‌ر له‌م ساڵیشدا له‌ عیراق، هێزه‌ حكومییه‌كان توانیان چه‌كدارانی‌ داعش له‌ شاری‌ موسڵ تێكبشكێنن و شاره‌كه‌ له‌ داعش پاكبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ عیرافدا داده‌نرا. 
به‌پێی‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز، تائێستاش نیوه‌ی‌ شاره‌كه‌ و زۆربه‌ی‌ پارێزگاكه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌شێك له‌ شاری‌ ره‌قه‌ له‌ باكووری‌ خۆرئاوا، له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدا ماون. 
پێشتر سوپای‌ سوریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاندبوو»هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ و به‌ پاڵپشتی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ سوریا و روسیا، قۆناغی‌ دووه‌می‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان له‌ قوڵایی‌ بادیه‌ی‌ سوریا ئه‌نجامداوه‌ و توانیویانه‌ له‌ڕێی‌ ئه‌و پرۆسه‌ جۆرییه‌وه‌، گه‌مارۆی‌ سه‌ر دانیشتوانی‌ شاری‌ دێر ئه‌لزور بشكێنن كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ ده‌چوو له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پێنرابوو». 
ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ فه‌رمی‌ سوریا و روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ به‌ هه‌مان شێوه‌ رایانگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریا گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ به‌و هێزه‌ حكومییه‌ گه‌مارۆدراوانه‌ی‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاره‌كه‌ بوون له‌ به‌ری‌ خۆرئاوا. 
به‌پێی‌ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ سوریا و میدیای‌ فه‌رمی‌ ئه‌و وڵاته‌، دانیشتوانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت له‌پاش سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ ئاهه‌نگییان به‌بۆنه‌ی‌ پێشڕه‌وییه‌كانی‌ سوپاوه‌ له‌نێو شاری‌ دێر ئه‌لزوردا گێڕاوه‌.
روانگه‌ی‌ سوریاش ده‌ڵێت، چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان، هێشتا بنكه‌یه‌كی‌ ئاسمانیان له‌ باشووری‌ شاره‌كه‌ و سێ‌ گه‌ڕه‌كیان گه‌مارۆداوه‌. 
محه‌مه‌د ئیبراهیم زه‌هره‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزور ده‌ڵێت، «هێزه‌ حكومییه‌كان له‌سه‌روبه‌ندی‌ رزگاركردنی‌ بنكه‌ ئاسمانییه‌كه‌دان و كار بۆ شكاندنی‌ گه‌مارۆكه‌ی‌ داعش ده‌كه‌ن، له‌م چه‌ند رۆژه‌شدا شاری‌ دێر ئه‌لزور له‌ چه‌كدارانی‌ داعش پاكده‌كرێته‌وه‌ و سوپا به‌ره‌و ریفی‌ دێر ئه‌لزور پێشڕه‌وی‌ ده‌كات». 
به‌بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، پیرۆزبایی‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ له‌ هێزه‌كانی‌ سوریا كرد. 
سوپای‌ سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌ پاڵپشتی‌ تۆپی‌ قورس و بۆردمانی‌ ئاسمانی‌ روسیا، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوودا توانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا پێشڕه‌وی‌ بكه‌ن و هێڵه‌كانی‌ به‌رگری‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) له‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزور و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تر تێكبشكێنن. 
هه‌ر له‌و چونارچێوه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تی‌ به‌گری‌ روسیا رایگه‌یاندبوو، بۆ پاڵپشتی‌ له‌ هێرشی‌ هێزه‌كانی‌ سوریا، كه‌شتییه‌كی‌ جه‌نگی‌ روسیا له‌ ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌ موشه‌كی‌ كروز مۆڵگه‌كانی‌ رێكخراوی‌ داعشی‌ له‌ نزیك دێر ئه‌لزور بۆردومان كردووه‌. 

ئه‌م جاره‌ داعش گه‌مارۆ ده‌درێت 
ناوچه‌كانی‌ دێر ئه‌لزور كه‌ له‌ ساڵی‌ 2013وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تدا بوون كاتێك هێزه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌ستییان كرد به‌ شه‌ڕی‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ تر دابڕابوون. دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ش چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ توانیان پێگه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن كۆنترۆڵ بكه‌ن و ئه‌و ناوچانه‌ش گه‌مارۆبده‌ن كه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ هێزه‌ حكومییه‌كاندا بوون، به‌ بنكه‌یه‌كی‌ ئاسمانیشه‌وه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ نزیكی‌ باشووری‌ شاره‌كه‌. 
 له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و گه‌مارۆ دوورودرێژه‌دا، كۆمه‌كه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ ئاسمان و له‌ به‌رزاییه‌كی‌ زۆره‌وه‌ فڕێده‌درانه‌ خواره‌وه‌. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو رایگه‌یاند، مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت 93 هه‌زار مه‌ده‌نی‌ له‌و ناوچانه‌دا بن كه‌ له‌ دێر ئه‌لزور له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ حكومییه‌كانی‌ سوریادان و ره‌وشی‌ ژیانی‌ ئه‌و مه‌ده‌نییانه‌شی‌ به‌ «زۆر قورس» وه‌سفكردبوو. 
دێر ئه‌لزور ده‌كه‌وێته‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ پێشتر مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ داعش بوو، له‌ئێستاشدا زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ناوچه‌كانی‌ شاری‌ ره‌قه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سویاری‌ دیموكراته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، له‌ داعش پاكراونه‌ته‌وه‌. 
بۆچوونه‌كان وه‌هان، چه‌كدارانی‌ داعش له‌پاش هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر شاری‌ ره‌قه‌، به‌ره‌و شارۆچكه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ دێر ئه‌لزور هه‌ڵاتبن. 

دوو شاری‌ ده‌وڵمه‌ند به‌ نه‌وت 
سوپای‌ سوریا ده‌ڵێت، ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ دێر ئه‌لزور»هه‌نگاوێكی‌ گرنگن بۆ فراوانكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌». 
سه‌باره‌ت به‌ دیمه‌شق، سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌، ترۆپكی‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردووی‌ سوپای‌ سوریا و هاوپه‌یمانییه‌كانیه‌تی‌ له‌ خۆرهه‌ڵات له‌ دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ خۆرئاوا سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆندا تۆماركرد. 
 هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ سوپای‌ سوریا له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌، ناوبه‌ناو ململانێی‌ بۆ دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن. 
به‌ڵام ئه‌و دوو هه‌ڵمه‌ته‌ تاوه‌كو ئێستا له‌یه‌كتر دانه‌بڕواون، به‌ تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا، ره‌تیكرده‌وه‌ هه‌وڵ بۆ شه‌ڕكردن و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌سه‌د بدات. 
له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو، هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د  كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاندبوو كه‌ واشنتۆن هه‌وڵ ده‌دات ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێشڕه‌وییه‌كان به‌ره‌و دێر ئه‌لزور دروست بكات. 
به‌رپرسێكی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ش رایگه‌یاندبوو، «قاسم سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ باڵای‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران، له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ شه‌ڕه‌كان ده‌كات»، ئه‌وه‌ش خۆی‌ له‌خۆیدا ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌شداریی‌ سه‌ربازیی‌ به‌هێزی‌ ئێران له‌ جه‌نگی‌ سوریا. 

ئاڵای‌ سوریا له‌نێو شاری‌ دێر ئه‌لزور 
رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 2014وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر به‌شێكی‌ فراوانی‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزوردا گرتووه‌ كه‌ به‌ شارێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت داده‌نرێت و ده‌كه‌وێته‌ نزیك سنوره‌كانی‌ عیراق، وێڕای‌ كۆنترۆڵكردنی‌ نزیكه‌ی‌ 60%ی‌ رووبه‌ڕی‌ شاری‌ دێر ئه‌لزور. 
له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015، رێكخراوه‌كه‌ توانی‌ له‌ گه‌ڕه‌كانی‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ دێر ئه‌لزور، ده‌یان هه‌زار مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازی‌ سوریا گه‌مارۆبدات، وێڕای‌ گه‌مارۆدانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ شاره‌كه‌. 
بۆچه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ سوپای‌ سوریا ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ سه‌ربازیی‌ فراوانی‌ له‌ ئاراسته‌ی‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزور ده‌ستپێكردووه‌ و توانیویه‌تی‌ له‌ سێ‌ قۆڵی‌ سه‌ره‌كییه‌وه‌ كه‌ له‌ (باشووری‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌، بادیه‌ی‌ باشوور، قۆڵی‌ شاری‌ سوخنه‌ له‌ ریفی‌ حمس له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌) بچێته‌ نێو پارێزگاكه‌. 
ژماره‌ی‌ ئه‌و مه‌ده‌نیانه‌ی‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ حكومییه‌كانن و بۆ سێ‌ ساڵ ده‌چێت له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدراون، به‌ سه‌د هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. روانگه‌ی‌ سوریاش بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، پێیوایه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار مه‌ده‌نی‌ تر له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دان كه‌ له‌ژێر چنگی‌ رێكخراوی‌ داعشدان، به‌ڵام راپۆرته‌كانی‌ تر باس له‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر ده‌كه‌ن. 
دوابه‌دوای‌ پێشڕه‌وییه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا له‌ شاری‌ دێر ئه‌لزور، رۆژنامه‌وانێكی‌ نێو شاره‌كه‌ به‌ (فرانس پرێس)ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌  له‌ئێستادا ئاڵایه‌كی‌ زۆری‌ سوریا له‌ شه‌قامه‌كانی‌ دێر ئه‌لزوردا ده‌شه‌كێنه‌وه‌،  دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ش له‌بری‌ «به‌یانی‌ باش»، گوزارشی‌ «به‌یانی‌ سه‌ركه‌وتن» له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌كارده‌هێنن. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP