له ‌یادی 33 ساڵه‌ی  شه‌هید ملازم سه‌ید كه‌ریمی سه‌ركرده‌ دا
له ‌یادی 33 ساڵه‌ی شه‌هید ملازم سه‌ید كه‌ریمی سه‌ركرده‌ دا ‌ 20/9/2017
ئاوات كۆكه‌یی

ئه‌وا ساڵێكی دیكه‌ش به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی پیاوه‌ رووخۆش و سه‌ركرده‌ ژیر و فه‌رمانده‌ بوێر و به‌ (وره‌)كه‌دا تێپه‌ڕی، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ باسی پیلانێكی ترسناكی دوژمن، هێرشێك و ئه‌گه‌ری په‌لامارێكی گه‌وره‌ی سوپا ده‌كرا، به‌ له‌سه‌رخۆیی و شێنه‌یی و بزه‌یه‌كی شیرینه‌وه‌ ده‌یوت ( چ نییه‌).
ئه‌وا رێگه‌یه‌كی دووری 33 ساڵه‌مان بڕی به‌بێ ئه‌و، به‌ڵام سوێی له‌ده‌ستچوونی هه‌ر تازه‌یه‌و ئازارێكی بێ كۆتاییه‌، ئاخر شوێنی ئه‌و مرۆڤه‌ جوامێره‌ پڕ نه‌بۆته‌وه‌و وا به‌ئاسانیش پڕ نابێته‌وه‌، ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ سه‌ركرده‌ی شه‌هید ملازم سه‌ید كه‌ریم هاودیانی-یه‌، ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كی ره‌نگینه‌ له‌ مێژووه‌ سه‌وزه‌ گه‌شه‌كه‌ی شۆڕشی نوێ و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستاندا، قاڵبووی دوو شۆڕش بوو، سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری یه‌كێتی و پێشڕه‌وێكی سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ بوو، وه‌ك ئه‌فسه‌رێكیش له‌سوپای نیزامیدا خاوه‌ن ئه‌موون بوو، زۆرجار پیلانی شه‌هید كردنی داڕێژرابوو، زۆرجاریش چووبووه‌ كه‌ناری مه‌رگه‌وه‌، زۆر شه‌و له‌گه‌ڵ گڕی تفه‌نگدا رۆژی كردۆته‌وه‌ و زۆر رۆژیشی تا خۆرئاوابوون به‌شه‌ڕو به‌رگری سپاردووه‌، به‌ڵام نه‌ك نه‌كه‌وتۆته‌ ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه‌دوژمن بۆ له‌ناوبردنی كێشاویه‌تی، نه‌ك شكستی هێناوه‌ له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ ئاشكراو نهێنییه‌كانی شه‌هیدكردنی، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌سه‌ركه‌وتنێكی بچوكه‌وه‌، قه‌ڵه‌مبازی بۆ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ و گه‌وره‌تر ناوه‌.
ئیتر مرۆڤی ئاوا چۆن له‌بیرده‌چێته‌وه‌و چۆن برینی له‌ده‌ستچوونی ئه‌ومان ساڕێژده‌بێت؟
ژیاننامه‌ی شه‌هید ملازم سه‌ید كه‌ریم
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ سه‌ید كه‌ریم سه‌ید كه‌ریم سه‌ید ره‌سوڵ ناسراو به‌ملازم سه‌ید كه‌ریم،  ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان.
ساڵی 1949له‌گوندی (هاودیان)ی سه‌ر به‌قه‌زای رواندز-پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی له‌ڕواندز ته‌واوكردووه‌و ساڵی 1972 به‌پله‌ی ملازم له‌كۆلێژی سه‌ربازی به‌غدا ده‌رچووه‌و له‌ساڵی 1974 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا.
له‌پێشمه‌رگایه‌تیدا، به‌هۆی ئازایه‌تی و لێهاتوویی خۆیه‌وه‌ كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن له‌هێزی سه‌فین و تا نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول به‌رده‌وام بووه‌.
ساڵی1975چۆته‌ سوریاو ئاگاداری دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌، هه‌رزووش بڕیاریداوه‌ ببێته‌ پێشمه‌رگه‌، ساڵی 1976 ئاماده‌كاریكردووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی چه‌كداری سه‌ره‌تایی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان، به‌ڵام هه‌ندێك هۆكارو هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی و ناوخۆیی هه‌وڵه‌كه‌ی په‌كخستووه‌، دیسان هه‌ر سوربووه‌ له‌سه‌ر بڕیاری شۆڕگێڕانه‌ی و له‌به‌هاری ساڵی 1977 له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی گه‌یشتنه‌ ناوچه‌ی برادۆست له‌سێگۆشه‌ی ئێران- عیراق- توركیا و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك چه‌كی كرده‌شان، هه‌مان ساڵیش كرا به‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێم.
له‌به‌هاری ساڵی 1978 سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی سازده‌كرد و ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی تازه‌ هه‌ڵبژێردرا، شه‌هید سه‌ید كه‌ریم-یش وه‌ك ئه‌ندامی یه‌ده‌گی سه‌ركردایه‌تی دیاریكرا.
شه‌هید ملازم سه‌ید كه‌ریمی سه‌ركرده‌ به‌شداری و سه‌ركردایه‌تی كردنی چه‌ندین داستان و نه‌به‌ردی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنی كردووه‌، دیارترینیان شه‌ڕه‌كانی: ئیسكۆری، زیاره‌ت، شێنێ، قه‌ڵاسینج، قه‌ندیل، هه‌ورێ، چیوه‌ی خواروو، سناوه‌، هیران، نازه‌نین، كه‌ڵه‌كی باڵه‌ییان و رزگاركردنی بێتواته‌و شه‌ڕه‌كانی پشتیوانی سه‌ركردایه‌تی و زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر و هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی (گوندی شێنێ) له‌ ساڵی 1978.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كانی سه‌ید كه‌ریم كه‌ تیایدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا كاتی جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیست بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك بۆ كپنه‌بوونه‌وه‌ی شۆڕش و خه‌بات له‌ناوچه‌كه‌، هێزێكی نارده‌ ده‌شتی هه‌ولێر به‌فه‌رمانده‌یی شه‌هید ملازم سه‌یدكه‌ریم.
 به‌پیلان شه‌هید كرا
به‌داخه‌وه‌، رۆژی 15/9/1984و له‌كاتی وتووێژی نێوان شۆڕش و رژێمی به‌عس، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شاری سلێمانییه‌وه‌ بۆسورداش، به‌پیلانی رژێمی به‌عس و به‌ده‌ستی جاش له‌گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و هاوڕێی به‌ناوی نه‌هرۆ عه‌بدوڵڵا و سه‌باح مه‌جید له‌بازگه‌ی تاسڵوجه‌ی نزیك سلێمانی، شه‌هید كران.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP