ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی‌: ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانی‌ ئاینده‌
25 ئه‌یلول كوردستان به‌ «به‌ڵێ‌» ده‌نگی دا ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی‌: ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانی‌ ئاینده‌ ‌ ئیدریس جه‌بار‌ 2/10/2017
ریفراندۆم یه‌كه‌م هه‌نگاو نه‌بوو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ و جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌ عیراق، به‌ڵكو راپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ 1991 ئه‌و هه‌له‌ی‌ به‌خشییه‌ كوردانی‌ باشوور تا زه‌مینه‌سازیی‌ بكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ هێنانه‌دی‌ خه‌ونی‌ له‌مێژینه‌ی‌ مرۆڤی‌ كوردی‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانه‌ له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. 
هه‌رچه‌نده‌ كوردستان له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ دووچاری‌ زۆرێك له‌ ئاسته‌نگ و ته‌نگژه‌ی‌ جیاجیابوو، هه‌ر له‌ شه‌ڕی‌  و خۆكوژییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌ ناقۆڵاكانی‌ ئه‌م دواییه‌، به‌ڵام توانی‌ ئه‌و ئاسته‌نگ و ته‌نگژانه‌ بكاته‌ به‌رده‌باز و به‌سه‌ریاندا به‌ره‌و هێنادی‌ ئه‌و ئامانجانه‌ رێ‌ بكات كه‌ ساڵه‌های‌ ساڵه‌ خه‌بات و تێكۆشانی‌ له‌پێناودا ده‌كات. 
ریفراندۆم دوا هه‌نگاو نییه‌ و هه‌نگاوی‌ پێش كۆتایی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستانه‌، ئه‌ركی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كوردیش له‌م قۆناغه‌ و قۆناغی‌ دوایی‌، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ كه‌ له‌پێناو هێناكایه‌ی‌ قه‌واره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆدا ده‌نگی‌ «به‌ڵێ‌» بوو.
كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017 به‌لێشاو به‌شدارییان له‌و ریفراندۆمه‌دا كرد كه‌ ئامانج لێی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان و جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ شه‌راكه‌تی‌ شكستخواردووی‌ عیراق، له‌و پرۆسه‌یه‌شدا شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم كه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناوده‌برێن، به‌شدارییان كرد. 

25ی‌ ئه‌یلول و خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان  
25ی‌ ئه‌یلول خاڵی‌ وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ مێژووی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ باشووری‌ كوردستان و ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ تێكڕای‌ كوردان له‌م پارچه‌یه‌ی‌ كوردستاندا له‌ گه‌وره‌ترین كه‌رنه‌ڤاڵی‌ ئازاددا به‌شدارییان كرد و له‌ ریفرانۆمدا ده‌نگییان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق دا. 
گه‌لی‌ كورد به‌ به‌شداریی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم، نه‌به‌ردییه‌كی‌ تر و شانازییه‌كی‌ تری‌ پڕ سه‌روه‌ریی‌ له‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورددا تۆمار كرد، بۆ هه‌موو جیهانیشی‌ سه‌لماند كه‌ له‌گه‌ڵ خۆبه‌ڕێوه‌ردن و سه‌ربه‌خۆیی‌ و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌.
به‌شداریی‌ فراوانی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم، مانای‌ له‌بیركردنی‌ خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناگه‌یه‌نێت، مانای‌ ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ ئه‌زمونی‌ به‌ر له‌ ریفراندۆم ئه‌زمونێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و پێویسته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ پێشوو به‌رپرسان له‌سه‌ری‌ رێبكه‌ن. 
كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ دڵسۆزی‌ و به‌ئه‌مه‌كی‌ خۆیان بۆ خاك و وڵات و نیشتیمان، ده‌نگییان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق و دروستكردنی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ باشتر داوه‌، ئه‌ركی‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانیش له‌ قۆناغی‌ دواتردا، بازدان نییه‌ به‌سه‌ر برینه‌كان و ئاوڕانه‌وه‌ش نییه‌ له‌ رابردوو، به‌ڵكو ئه‌ركیان هه‌ستكردنی‌ زیاتره‌ به‌ به‌رپرسیارێتی‌ و له‌به‌رچاوگرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و خه‌می‌ میلله‌ت. 
   
ئه‌ركی‌ ئاینده‌ی‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانی‌ كوردستان 
له‌پاش ریفراندۆم و پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان، ناكرێت بڵێن ئه‌ركی‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر كۆتایی‌ هات، له‌وه‌ش گرنگتر كه‌ پێویسته‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی‌ ئاینده‌ی‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانی‌ كوردستانه‌.
ئه‌ركی‌ حكومه‌ت ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ بژێوی‌ و ژیانی‌ خه‌ڵك، ئه‌ركی‌ به‌رپرسانه‌ ده‌ستبه‌رداریی‌ سیاسه‌تی‌  نه‌عامه‌یی‌ ببن له‌به‌رانبه‌ر خه‌ڵك، ئه‌ركیانه‌ له‌ بورجی‌ عاجی‌ خۆیان داببه‌زن و چی‌ دی‌ بێ‌ منه‌تانه‌ نه‌ڕواننه‌ خه‌ڵك.
ئه‌ركی‌ به‌رپرسانه‌ درك به‌ خه‌م و مه‌ترسییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌ل له‌به‌رچاوبگرن. پێویسته‌ درك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ خه‌ڵك ئه‌وانی‌ كردووه‌ته‌ به‌رپرس و به‌بێ‌ خه‌ڵك ئه‌وان هیچ نین و ناچنه‌ ئه‌و پۆستانه‌ی‌ ئێستادا تێیدان، ئه‌گه‌ریش خۆیان واده‌بینن له‌ خواوه‌نده‌وه‌ ئیلهامیان بۆهاتووه‌ و ده‌بێت هه‌رخۆیان بۆتاهه‌تا سه‌ردار و سه‌ركرده‌ و پێشه‌وا و پێشڕه‌وبن، ئه‌وا عه‌ره‌ب وته‌نی‌ «أقرأ علی‌ الدنیا السلام». 
گه‌لی‌ كورد ئه‌ركی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ له‌ دیاریی‌ كردنی‌ چاره‌نوس و بڕیاردان له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ ئیداره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ نیشتیمانه‌كه‌ی‌ به‌جێگه‌یاند، ئه‌وی‌ تر ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ و چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌كان. 
گه‌ر مناوه‌ره‌ی‌ سیاسی‌ بن یاخود قسه‌ی‌ جددی‌، به‌رپرسانی‌ باڵای‌ توركیا و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بایكۆتكردنی‌ كوردستان ده‌كه‌ن و به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵیش له‌ به‌غدا به‌ هه‌مان شێوه‌. 
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شانه‌ هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ قسه‌ی‌ پێشوه‌خت ده‌چن، به‌ڵام شایه‌نی‌ ئه‌وه‌ن وه‌ك هێمنی‌ و بێده‌نگی‌ به‌ر له‌ گه‌رده‌لول و تۆفانیش حیسابیان بۆ بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیپلۆماسی‌ و ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، دیسانه‌وه‌ ئه‌ركی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ سیاسه‌توانان و سه‌ركردایه‌تی‌ كورد. 

هه‌ڕه‌شه‌ و لێدوانه‌ تونده‌كانی‌ دژ به‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی‌    
  
به‌ده‌ر له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و لێدوانی‌ توندی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا، سه‌رانی‌ گه‌وره‌ی‌ وڵاتانی‌ توركیا و كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێرانیش له‌دژی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆبوونی‌ كوردان راوه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و لێدوانی‌ ئاگرینیان له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ میداكان داوه‌. 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا، به‌ڵێنیدابوو سنوره‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ هه‌ردوو ئاراسته‌ دابخات و ئاماژه‌ی‌ به‌ ئاماده‌یی‌ سوپای‌ توركیاش كردبوو بۆ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌ر «هه‌نگاوێك گه‌ر پێویست بكات»، ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ به‌رانبه‌ر  ریفراندۆمی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017 كه‌ تێیدا دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم، به‌شدارییان تێدا كرد و ده‌نگی‌ «به‌ڵێ‌»یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان و دیاریكردنی‌ مافی‌ چاره‌نوسی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌رزكرده‌وه‌. 
ئه‌ردۆغان ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ نایاسایی‌ و ناشه‌رعی‌ داده‌نێت ته‌ئكید له‌ داخستنی‌ سنوره‌كانی‌ وڵاته‌كه‌یشی‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌هه‌ردوو ئاراسته‌دا و ده‌ڵێت :»با بزانین ئیتر چۆن هه‌رێم دوای‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت». 
نه‌وت له‌ئێستادا بڕبڕه‌پشتی‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێكده‌هێنێت و دابینكه‌ری‌ بژێوی‌ موچه‌خۆرانه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆر له‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێكده‌هێنن. 
بڕیاری‌ داخستنی‌ سنوره‌كان و راگرتنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ كوردی‌، دوای‌ ئه‌وه‌هات كه‌ به‌غدا داوای‌ له‌ وڵاتان كردبوو، هاورده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ خاو به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ رابگرن و له‌و رووه‌وه‌ ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بكه‌ن. 
رۆژی‌ دوو شه‌ممه‌ی‌ رابردوو 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وێڕای‌  هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌، و مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوه‌كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی‌ توندوتیژی‌ و له‌قكردنی‌ سه‌قامگیری‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان ئه‌نجامدا و به‌پێی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانیش رێژه‌ی‌ «به‌ڵی‌» بۆ سه‌ربه‌خۆی‌، زیاتر له‌ 90%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌شداربوانی‌ پێكهێناوه‌. 
كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران هه‌رچه‌نده‌ له‌ دژی‌ ریفرانۆدم و پرسی‌ سه‌ربه‌خۆبوونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، به‌ڵام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ سنوره‌ وشكانییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا دابخات. 
به‌پێی‌ میدیاكانی‌ ئێران، « وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران پێشتر به‌ هه‌ڵه‌ گوزارشتی‌ سنوره‌ وشكانییه‌كانی‌ له‌بری‌ سنوره‌ ئاسمانییه‌كان باس كردووه‌». 
به‌هرام قاسمی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ش ره‌تیكردبۆوه‌ سنوره‌ وشكانییه‌كانی‌ ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان دابخرێن، ته‌ئكیدیشی‌ له‌سه‌ر دانه‌خستن و كراوه‌یی‌ سنوره‌كان به‌ڕووی‌ هه‌رێمدا كردبۆوه‌، به‌ڵام ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ نه‌یاسایی‌ و نه‌شیاو وه‌سفكردبوو. 
پێشتریش ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئێران، راگرتنی‌ هه‌موو گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر و رێگرتن له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌ كایه‌ی‌ ئاسمانی‌ ئێرانیدا راگه‌یاندبوو، هۆكاریی‌ ئه‌و بڕیاره‌شی‌ بۆ داواكارییه‌كی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ گه‌ڕاندبۆوه‌. 

ریفرانۆدم له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا 
  ریفراندۆمی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ عیراق، جێ‌ بایه‌خی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو له‌ عیراق و زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌، هه‌ندێك باسیان له‌ كاریگه‌رییه‌ سیاسی‌ و جوگرافییه‌كانی‌ كردووه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و هه‌ندێكی‌ تریش به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ ناوییان بردووه‌. 
وه‌ك تۆڕی‌ «بی‌ بی‌ سی‌»بریتانی‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو، هه‌ندێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێیانوابووه‌ كه‌ كورده‌كان مافی‌ خۆیانه‌ چاره‌نوسی‌ خۆیان دیاریی‌ بكه‌ن، هه‌ندێكی‌ تر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌تیانكردبۆوه‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستان ببێته‌ مایه‌ی‌ هێنانه‌دی‌ ئاشتی‌، له‌وه‌ش زیاتر بۆچونیان وابووه‌ كه‌ ناسه‌قامگیری‌ و نائارامی‌ زیاتر به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌هێنێت. 
تویتی‌ كوردان له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر،زۆربه‌ی‌ پشتیوانی‌ بووه‌ له‌ جیابووه‌وه‌ و تێیاندا داوا له‌ عیراق و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ كراوه‌، رێز له‌ خواستی‌ كورد بگرن. 
له‌ بیست و چوار كاتژمێری‌ یه‌كه‌می‌ دوای‌ ریفراندۆم و له‌به‌رانبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هاشتاغ #كوردستان له‌سه‌ر تۆڕی‌ تویته‌ر، زیاتر له‌ 20 هه‌زار تویت له‌ وڵاتانی‌ «عیراق، سعودیه‌، ئێران، لوبنان، میسر»ه‌وه‌ وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌، وێڕای‌ بریتانیا و ئه‌ڵمانیاش له‌ ئه‌وروپا. 

چی‌ رووده‌دات 
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نه‌یاران له‌ هه‌ندێك  جێگه‌دا توندتر بوون و له‌ هه‌ندێك جێگه‌ی‌ تریشدا خابوونه‌وه‌ و هێمن بوونه‌وه‌یان پێوه‌ده‌رده‌كه‌وێت.   
له‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017، دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی‌ كوردستانییه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم، له‌ ریفراندۆمدا به‌شدارییان كرد و ده‌نگی‌ «به‌ڵێ‌»یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان و دیاریكردنی‌ مافی‌ چاره‌نوسی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌رزكرده‌وه‌.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ پراكتیكییه‌كانی‌ بكرێت، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌كرێت به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ بوێرانه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كییه‌كان دابنرێت. 
ریفراندۆم چاوقایمی‌ و سه‌ركێشی‌ نه‌بوو ده‌تكه‌وته‌كانی‌ رابردوو، هێنده‌ی‌ سه‌لماندنی‌ خواست و ویستی‌ «نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌» خسته‌ڕوو كه‌ به‌ قه‌ولی‌ بیرنارد كۆشنێر وه‌زیری‌ پێشووی‌ فه‌ره‌نسا «گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی‌ بێ‌ ده‌وڵه‌ته‌ و مافی‌ خۆیایه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌بێت».
كوردستان له‌ 25ی‌ ئه‌یلولدا به‌ «به‌ڵی‌» ده‌نگیدا و ئیتر چی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ رووده‌دات، شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی‌ تر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ تێیاندا دژایه‌تی‌ و پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جێ‌ په‌نجه‌ی‌ خۆیانی‌ له‌سه‌ر دیاریی‌ ده‌كه‌ن و یان به‌ره‌و پێش یان به‌ره‌و دوا ئاقاره‌كه‌ی‌ ئاراسته‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP