مام جه‌لال: ئه‌فسوون و دانایی و گه‌شبینیی
مام جه‌لال: ئه‌فسوون و دانایی و گه‌شبینیی ‌ 9/10/2017
چیرۆكی‌ وێنه‌یه‌ك (دیدارێك له‌گه‌ڵ مێژوونووس، دیپلۆمات و رۆژنامه‌نووس دكتۆر فێردیناند هیننه‌ربیشله‌ر)
ژینۆ عه‌بدوڵڵا*
سه‌ره‌تا:
زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ به‌م فۆتۆ مێژووییه‌ی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال رابه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگارییخوازی‌ گه‌لی‌ كوردستان سه‌رسام بوون و كه‌وتونه‌ته‌ روانین و رامان وبیركردنه‌وه‌ وتێگه‌یشتن له‌ رۆڵ وجێده‌ست وكه‌سایه‌تیی وكاروان ومێژووی‌ دوور و درێژی ئه‌و سه‌ركرده‌ كه‌م وێنه‌ و مه‌زنه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستان و گه‌لانی‌ تری‌ سته‌م دیده‌ی‌ جیهان، كه‌ به‌ شاهیدی‌ دۆست و دوژمن سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسیی و خه‌باتگێڕێكی‌ شێلگیر بووه‌ به‌ پله‌ی‌ نایاب. به‌ڵام ده‌شێت زۆر كه‌م بن ئه‌وانه‌ی‌ چیرۆكی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ و رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی‌ ده‌وریان داوه‌ ده‌زانن و ئاگادار و زانا بن به‌وه‌ی‌ ئه‌و وێنه‌ سه‌رنج راكێشه‌ی‌ سكرتێری‌ گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پاشان سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌ كوێ گیراوه‌، كێ گرتوویه‌تی، مامی‌ گه‌وره‌ چیی ده‌نووسێت و له‌ پێش ئه‌و وێنه‌یه‌دا چ دڵسۆزیی وخۆنه‌ویستیی و په‌رۆشیی و پشتیوانییه‌كی‌ بۆ «پاراستنی‌ براكان» نیشانداوه‌ و چ رۆڵ وكاریگه‌ریی و ژیریی و داناییه‌كی‌ به‌رجه‌سته‌كردووه‌ بۆ رێگرتن له‌ كاره‌سات و كوشتارێكی‌ گه‌وره‌ له‌ كۆتایی ساڵانی‌ حه‌فتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا.
پێویسته‌ بگوترێت ئه‌م وێنه‌یه‌ی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، هاوشێوه‌ی‌ سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران وێنه‌ی‌ تر، وه‌ك له‌ وته‌ی‌ مێژوونووس، دیپلۆمات و رۆژنامه‌نووسی‌ نه‌مسایی دكتۆر فێردیناند هیننه‌ربیشله‌ر (وێنه‌گره‌كه‌ی) دا ده‌رده‌كه‌وێت خاوه‌نی‌ چیرۆكێكی‌ پڕ له‌ شكۆمه‌ندییه‌ و به‌ بڕوای‌ ئێمه‌ شایانی‌ گێڕانه‌وه‌ و بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستا و داهاتووشدا بۆ تێگه‌یشتن له‌ مانا و مه‌غزاكانی‌ سه‌ركردایه‌تیی و رابه‌رایه‌تیی. 
ئه‌م وێنه‌یه‌ هاوشێوه‌ی‌ وێنه‌ به‌ناوبانگ و مێژووییه‌كانی‌ جه‌نگ و رووداوه‌ سیاسییه‌ مه‌زنه‌كانی‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیی، به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كانی‌ جیهان كه‌ له‌ پێناو گه‌له‌كانیان و به‌ها به‌رزه‌كانی‌ مرۆڤایه‌تییدا خه‌باتیان كرد، یاخود وێنه‌كانی‌ ئه‌و پادشا و شاژن و شازاده‌ و سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیرانه‌ی‌ به‌ هزر و بیر و باوه‌ڕ و روانین و گوفتار و كرداری‌ چاكیان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ریی نیشتمانیی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی‌ خۆیان و سیمبولێكیش بۆ حوكمڕانیی باش و خه‌باتی‌ ره‌وای‌ گه‌لان بۆ ئازادیی و مافی‌ چاره‌نووس، ئا به‌و چه‌شنه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ش بێ دوودڵیی وگومان شایانی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ شانازییه‌كی‌ شایسته‌ و دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌مارگیرییه‌كی‌ سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی بخرێته‌ یاده‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ شاهیدێكی‌ تره‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهات و یاداشتانه‌ی‌ له‌ رابردوو و ئێستا و داهاتوودا له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و كاریگه‌ریی كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك مام جه‌لال نووسراون و ده‌نووسرێن.
له‌ سۆنگه‌ی‌ بڕوابوون به‌ بایه‌خ و گرنگیی وێنه‌ی‌ فۆتۆگرافیی له‌ ژیانی‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتیی و كایه‌ی‌ خه‌بات و تێكۆشانی‌ سیاسیی به‌ تایبه‌تیی و كاریگه‌رییه‌كانی‌ بۆ گه‌یاندنی‌ په‌یام و ناساندنی‌ كه‌سایه‌تییه‌كان به‌ جه‌ماوه‌ر و هێشتنه‌وه‌ و به‌ دۆكیومێنتكردنی‌ رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان، به‌ پێویستمان زانی‌ بچینه‌ دیداری‌ (دكتۆر فێردیناند هیننه‌ربیشله‌ر ) كه‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و ده‌یان و سه‌دان رۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمیی و دیپلۆماته‌ بیانییانه‌ی‌ به‌ دیداری‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال شادبوون و ئه‌و رابه‌ره‌ كه‌م وێنه‌یه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ مێژووی‌ ژیانی‌ تاكه‌كه‌سیی و پیشه‌ییان.له‌و دیداره‌دا دكتۆری‌ دیپلۆمات و توێژه‌ری‌ بواری‌ مێژوو و رۆژنامه‌وان وورده‌كاریی گرنگ له‌ باره‌ی‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال و كه‌سایه‌تییه‌ كاریزمییه‌كه‌ی‌ وهه‌ل و مه‌رجی‌ تایبه‌ت به‌و وێنه‌یه‌ باس ده‌كات كه‌ به‌ كامێرای‌ تایبه‌تیی خۆی‌ له‌جۆری‌ (Nikon F2AS, 35mm)  گیراوه‌. ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌قی‌ وته‌كانی‌ دكتۆر هیننه‌ربیشله‌ره‌ كه‌ له‌ چه‌ند ناونیشانێكدا خوێنه‌ری‌ به‌رێز ده‌یخوێنێته‌وه‌.دوای‌ دیداره‌كه‌ش پوخته‌یه‌ك له‌ ژیاننامه‌ی‌ وێنه‌گری‌ ئه‌و وێنه‌ مێژووییه‌ی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال خراوه‌ته‌ڕوو.
-یه‌كترناسین له‌گه‌ڵ مام :
سه‌ره‌تای ناسینی من و مام جه‌لال ده‌ گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1976. ئه‌و كاته‌ مام جه‌لال هاوڕێ له‌گه‌ڵ دكتۆر كه‌مال فوئاد به‌ سه‌ردانێك هاتبوو بۆ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا و له‌وێ له‌ ماڵی فوئاد ره‌سوڵ یه‌ كترمان ناسیی. ئه‌و كات تازه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دامه‌زرابوو، هه‌ ر زوو پێی وتم  تۆ دكتۆر (دكتۆر فێردیناند) یت  وتم به‌ڵێ وتی من و تۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پێكه‌وه‌ ده‌بین. له‌ ماوه‌ی‌ پێكه‌وبوونماندا هه‌میشه‌ باسی خه‌بات و تێكۆشانی كوردی بۆ ده‌كردم . منیش بڕیارمدا هاوسه‌فه‌ری مام جه‌لال بم له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ساڵی‌ 1979یاوه‌ری بووم و به‌زۆریش له‌ باره‌گای‌ سه‌ركردایه‌تیی له‌ ناوزه‌نگ و سه‌رگه‌ڵوو و به‌رگه‌ڵوو ده‌مامه‌وه‌.
- خاكییبوون، ئه‌فسوونی‌ راكێشانی‌ به‌رانبه‌ر
مام جه‌لال، گه‌وره‌ترین چه‌كی پێیه‌ بۆ ڕاكێشانی به‌رانبه‌ر كه‌ خاكییبوونه‌كه‌یه‌تی‌ ، ئه‌و چه‌كه‌ی‌ من ناوم ناوه‌ سیحر (ئه‌فسوون)ی وته‌كانی‌ تاڵه‌بانیی و ره‌فتار و كرداره‌كانی كه‌ هه‌ر زوو قه‌ناعه‌ت به‌ یارو نه‌یار ده‌هێنن..ئه‌و دیپلۆماسییه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌  كه‌ من له‌ ماوه‌ی هاوڕێیه‌تی مام جه‌لال تێبینییم كردووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ شاخ، كه‌ چۆن له‌ ناو بێ هیوایی و  نائومێدییدا هیوای ده‌ به‌خشییه‌وه‌ به‌ هاوسه‌نگه‌ره‌كانی و به‌رده‌وام بوو له‌ خه‌بات و تێكۆشان بێ پسان و هه‌میشه‌ نمونه‌ی نوێی به‌رخودان و خه‌باتی پیشان ده‌دایت.
- نموونه‌یه‌ك بۆ گه‌شبینیی و روانین بۆ دوور:
لێت ناشارمه‌وه‌ له‌ دانیشتنێكماندا له‌ ناوزه‌نگ، ئه‌وكات كه‌ڕژێمی عێراق له‌وپه‌ڕی به‌هێزیی و توانادابوو به‌ته‌واوه‌تی دژی هه‌موو مافێكی كورد بوو. وڵاتانی دراسێ و ئیقلمیش دژی داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردبوون.  له‌و ده‌مه‌دا پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال كه‌وتینه‌ گفتوگۆ و پێی وتم (فێردیناند) ده‌بینی ڕۆژێك دێت من ده‌بمه‌ سه‌رۆك كۆماری كوردستانی سه‌ربه‌خۆ له‌ ژیانی خۆمدا و تۆش شایه‌تییم بۆ ده‌ده‌یت. له‌ وكاته‌دا وتم به‌ڕاستی مام جه‌لال زۆر گه‌شبیینه‌ و زیاده‌ڕۆیی ده‌كات چۆن كارێكی وا ده‌بێت به‌ڵام كه‌ دواتر سه‌رۆك تاڵه‌بانیی بوویه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئه‌وكات زانیم من چه‌ند هه‌ڵه‌ بووم و مام جه‌لال چه‌ند دوربین بوو.
- سه‌ركرده‌یه‌كی‌ جیاواز:
مام جه‌لال، زۆر جیاوازه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ڕابردووی خۆی له‌ یاده‌و پراگماتییه‌ له‌ كاره‌كانیدا و هه‌مووش بینیمان كه‌ سه‌رۆك كۆمار بوو، به‌ هه‌مان نه‌فه‌سی خاكییبوونه‌وه‌ كاری ده‌كرد وهه‌رگیز نه‌مبینیوه‌ ئه‌م پیاوه‌ خاوه‌ن كاریزمایه‌ له‌ خۆی بایی ببێت و به‌رده‌وام كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی پێیه‌ و ده‌رچه‌یه‌ك هه‌ر ده‌دۆزیته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌مه‌ش لای كه‌م سه‌ركرده‌ هه‌یه‌ و به‌رده‌وام ڕێزێك گه‌وره‌ش له‌ بیروڕاكانی ده‌گیرا.
- چیرۆكی ئه‌م وێنه‌یه‌
سه‌ره‌تا زۆر خۆشحاڵم، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌سه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ یادگاریی و چیرۆكێكی گه‌وره‌شی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ئێستا بۆتان ده‌گێڕمه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر حیكمه‌تی مام جه‌لال نه‌بوایه‌ ڕه‌نگه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بقه‌ومایه‌ و كوشتارێكی زۆری لێ بكه‌وتایه‌ته‌وه‌.
ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ گوندی بوێرانی خواروو له‌ نزیك سه‌رده‌شت له‌ كوردستانی ئێران گرتومه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی‌ تردایه‌ كه‌ ده‌بێت وه‌ك فۆتۆ ستۆری (چیرۆكی‌ وێنه‌یی) باسی بكه‌ین.
مانگی هه‌شت (ئاب)ی ساڵی1979 بوو، دوای شه‌ڕێكی خوێناوی سێ مانگه‌ له‌ نێوان كۆماری ئیسلامیی(ناوه‌ تازه‌كه‌ی‌ ئێران پاش شۆڕشی ئیسلامیی) و هێزه‌ كوردستانیه‌كانی كوردستانی ئێران ، به‌ میانگیریی مام جه‌لال، نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تی داریوش فروهه‌ر و كومیته‌ی شاری مهاباد به‌ سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر عبدلڕه‌حمان قاسلمۆ (رابه‌ر و سه‌ركرده‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ كورد كه‌ له‌ نه‌مسا تێرۆر كرا) و شێخ عزه‌دین، له‌م شوێنه‌ كۆبوونه‌وه‌ . وه‌ك له‌ وێنه‌ی یه‌كه‌مدا دیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كان پڕۆكینه‌ر بوون زیاتر له‌ نۆ سه‌عاتیان خایاند. كۆمیته‌ی مهاباد 12 خاڵیان پێبوو بارودۆخه‌كه‌ش گرژ و ئاڵۆز و پڕ له‌ توندیی بوو. چادوێری نێوده‌وڵه‌تیی نه‌بوو هه‌ر دوو لایه‌ن توندبوون . هه‌ڵچوون و توڕه‌یی و گرژیی و ده‌نگه‌ ده‌نگ هه‌ بوو. زوو زوو نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران داریوش فروهه‌ر به‌ جیهازه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ڕێبه‌رانی شۆڕش له‌ تاران قسه‌ی‌ ده‌كرد. خه‌ریك بوو كۆبوونه‌وه‌كان بێ هیچ ئه‌نجامێك ده‌گه‌یشتنه‌ كۆتایی و ترسی‌ ئه‌وه‌ له‌ ئارادا بوو دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و توندو تیژیی بڕوات. داریوش فروهه‌ر هاته‌ ده‌روه‌ بینی مام جه‌لال پیاسه‌ ده‌كات و هات بۆ لای وتی مام جه‌لال كاری تۆ ته‌واو بوو بڕۆره‌وه‌ بۆ وڵاتی خوت و كارت نه‌ماوه‌ ئێمه‌ خۆمان كێشه‌ی خۆمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. مام جه‌لالیش زۆر به‌ ئه‌عساب (ده‌روون) ێكی سارده‌وه‌ پێی وت  «من لێره‌م بۆ پاراستنی براكانم».داریوش فروهه‌ر وتی باشتره‌ بڕۆێت لێره‌ 70 هه‌زار پاسداری لێیه‌، له‌ولا تریشه‌وه‌ هێزێكی زۆری پاسداری لێیه‌  ئێمه‌ ناتوانین ئه‌منییه‌تی تۆ بپارێزین و تۆش ناتوانی ئه‌مان بپارێزیت. مام جه‌لالیش یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی خۆی بانگ كرد و وتی بڕۆ به‌وپێشمه‌رگانه‌ بڵێ كه‌ خۆیان حه‌شارداوه‌ خۆیان ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌ویش ڕۆیشت و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر شاخ و به‌رزایی و پێده‌شته‌كانی‌ ده‌وربه‌ر ده‌ركه‌وتن و كه‌ داریوش فروهه‌ر بینی سه‌ری سوڕماو كردی به‌ سوعبه‌ت و وتی مام جه‌لال به‌ ئاره‌زووی خوت تۆ ده‌توانی هه‌ر بمێنیته‌وه‌.
پێش ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان كۆتاییان بێت، مام جه‌لال چووه‌ سه‌ر ئه‌و په‌یژه‌یه‌ و ئه‌و نامه‌یه‌ی نووسیی. له‌ڕاستییدا پلانی چۆنییه‌تی ڕۆشتنه‌وه‌ی خۆی و هێزه‌كه‌ی داده‌ڕشت كه‌ چۆن به‌سه‌لامه‌تیی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستانی عێراق و دواتر نامه‌كه‌ی لوول كرد و وه‌ك لایلۆنی‌ چكلێت بچوك بووه‌وه‌ و دای به‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ به‌ نهێنیی و به‌سه‌لامه‌تیی بگه‌ڕێنه‌وه‌ و دواتر ئه‌و نامه‌یه‌ ناسرا به‌ (نامه‌ی نوقڵ). 
له‌وكاته‌دا، حیكمه‌تێكی زۆر گه‌وه‌ی مام جه‌لالم بینیی. هه‌ردوولای هێوركرده‌وه‌ و داوی دان به‌خودا گرتنی لێكردن و نه‌یهێشت هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك ڕووبدات چونكه‌ باردۆخه‌كه‌ شڵه‌ ژابوو پێویست بوو یه‌كێك كۆنتڕۆڵی باردۆخه‌ بكات و كاره‌سات نه‌قه‌موێ، چونكه‌ زیاتر له‌ 70 هه‌زار پاسداری لێبوو ژماره‌یه‌كی زۆر هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزبی‌ دیموكرات (كوردستانی‌ ئێران) ی لێبوو، 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی لێبوو. له‌و كاته‌دا مام جه‌لال بارودخه‌كه‌ی كۆنتڕۆڵ كردوو نه‌ یهێشت له‌ ده‌ست بچێت و وه‌ك له‌ ڕه‌سمه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت ویستم ڕه‌سمێكی بگرم مام جه‌لال گه‌شبین بوو و پێده‌كه‌نی.به‌ڕای من ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین چه‌كی مام جه‌لاله‌ كه‌ به‌هۆی سیحری قسه‌ و كرداره‌كانییه‌وه‌ هه‌موو ته‌ سلیمی ده‌بن و به‌قسه‌ی ده‌كه‌ن.
ده‌مه‌وێت لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزمه‌وه‌ كه‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی من دیپلۆمات بووم و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ و سلكه‌دا كارم كردووه‌ له‌گه‌ڵ دیپلۆماتی ئه‌مریكیی و ئه‌وروپیی و وڵاتانی ناوچه‌كه‌  گفتوگۆم كردووه‌ هه‌موویان ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ باس ده‌كردم و ده‌یانووت ئه‌گه‌ر نا له‌باریی ته‌ندروستیی مام جه‌لال نه‌بووایه‌، نه‌ هه‌رێمی كوردستان توشی ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسۆی و ئابوورییه‌ ده‌بوو نه‌عێراقیش تووشی ئه‌م قه‌ یرانه‌ ئه‌منیی و سیاسییه‌ ده‌هات چونكه‌ مام جه‌لال باڵانسی ڕاگرتبوو له‌ نێوان شیعه‌ و سوونه‌ به‌وه‌ش هه‌رگیز داعش نه‌یده‌توانی موسڵ و ناوچه‌كانی تر بگرێت و دۆخی ئه‌منیی شڵۆق بكات و هه‌ موولایه‌ك به‌ قسه‌ی مام جه‌لالیان ده‌كرد و كێشه‌كانی هه‌ولێر –به‌غداش به‌ م شێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوون. قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمیش نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌م ئاسته‌.
به‌شێك له‌ ژیاننامه‌ی‌ Dr. Ferdinand Hennerbichler:
- 3/11/1946 له‌ لینز ، سه‌رووی‌ نه‌مسا له‌ دایك بووه‌. 
- ره‌گه‌زنامه‌:ئه‌وروپیی له‌ ره‌چه‌ڵه‌كێكی‌ نه‌مسایی
- پۆستی‌ ئێستا: مێژوونووس ، دیپلۆمات و رۆژنامه‌نووسی‌ پێشوو.
- 1965-1972 له‌ زانكۆی‌ ڤیه‌ننا مێژوو  و زمانه‌وانیی و فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئه‌ڵمانیی خوێندووه‌.
- 1972 دكتۆرای‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ له‌ مێژوودا پێدراوه‌ له‌ زانكۆی‌ ڤیه‌ننا.
- 2012 دكتۆرای‌ فه‌خریی له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ ، هه‌رێمی‌ كوردستان پێدراوه‌.
- 1967-1979،1985-1990 سه‌رنووسه‌ری‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ و په‌یامنێربووه‌ بۆ ده‌زگای‌ په‌خشی‌ نه‌مسا (Austrian Broadcasting Corporation ORF
- بواره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كاركردنی‌ : خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌وروپا، یه‌كێتیی ئه‌وروپا، كورد، ئێران، عێراق، توركیا، ئیسراییل – فه‌له‌ستین، لوبنان و قوبروس بووه‌ كه‌ له‌ به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌م ناوچانه‌دا شه‌ڕ و ململانێی‌ نه‌ژادیی، ئایینیی‌، وه‌رچه‌رخانی‌ سیاسیی له‌ سته‌مكارییه‌وه‌ بۆ دیموكراسیی هه‌بوون و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌شیاندا خه‌باتی‌ گه‌لی‌ كورد به‌رده‌وامه‌ بۆ ئازادیی و مافی‌ چاره‌نووس.
- ساڵی‌ 1980 توێژینه‌وه‌ی‌ « شۆڕشی‌ كوردی‌ ئێران و سه‌ركرده‌كانی‌» بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ گۆڤاری‌ مانگانه‌ی‌ سویس ریڤیو بۆ كاروباری‌ جیهان.
-1986 هه‌ندێك ره‌هه‌ندی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد دوای‌ 1975. له‌ كۆنفرانسی‌ نێوده‌وڵه‌تیی كار و مێژووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ ڤیه‌ننا.
-2004 كتێبی‌ (مێژووی‌ گه‌لی‌ كورد) 
-بابه‌تێك له‌سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی‌ كورد كه‌ هه‌م له‌شێوه‌ی‌ نووسراو و هه‌م له‌ زنجیره‌یه‌ك وانه‌دا له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادییمه‌كانی‌ روسیا و نه‌مسا له‌ ساڵانی‌ 2010-2012 پێشكه‌شی‌ كردوون.
-  2013 :تێرۆركردنی‌ عه‌بدولره‌حمان قاسملو(1930-1989) ، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی‌ تازه‌، له‌ كتێبی‌ ساڵانه‌ی‌ دیراساتی‌ كوردیی ڤیه‌ننا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP