تەنیا چارەسەر بۆ كەمی كارەبای نیشتمانی، پێدانی بەشێك لە خزمەتگوزاری سێكتەری دابەشكردنی كارەبایە بە كەرتی تایبەت
بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم: تەنیا چارەسەر بۆ كەمی كارەبای نیشتمانی، پێدانی بەشێك لە خزمەتگوزاری سێكتەری دابەشكردنی كارەبایە بە كەرتی تایبەت ‌ 3/1/2017
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی كارەبای هەرێمی كوردستان‌و ئەو گرفتانەی رووبەڕووی سێكتەرە جیاجیاكانی كەرتی كارەبا بۆتەوە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا كە ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ كەمتر لە حەوت سەعات كارەبا كەمبۆتەوە، هاوكات ئەو رێوشوێنانەی دەگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە، وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دەیەوێت سێكتەری دابەشكردنی كارەبا بداتە كەرتی تایبەت. هاوكات بۆ زیاكردنی سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانی‌و كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان، كار بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لە وەزارەتەكەدا دەكەن. لەم دیدارەدا، هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم روونكردنەوەی زیاتر لەسەر دۆخی كارەبا دەدات.
دیداری: تەها عەبدوڵڵا
 * كارەبا بە یەكێك لەو سێكتەرە گرنگانە دادەنرێت كە راستەوخۆ پەیوەندی بە هاووڵاتیانەوە هەیە، هەموو ساڵێكیش لە وەرزەكانی زستان‌و هاویندا گرفتی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی سەرهەڵدەدات، ئایا ئێستا كارەبا لە چی دۆخێكدایە؟
- هەموو ساڵێك كارەبا لە وەرزەكانی زستان‌و هاویندا روو لە كەمی دەكات، بەهۆی هەڵكشانی رادەبەدەری بەكارهێنانی كارەبا، بۆ نموونە ئێستا بڕی (2700 مێگاوات) كارەبا بەرهەم دەهێنین‌و بەو بڕە كارەبایە تەنیا (6 - 7) سەعات كارەبامان بۆ دابین دەكرێت، لەكاتێكدا مانگێك بەر لە ئێستا بەهەمان بڕەوە 22 سەعات كارەبا دەدرا بە هاووڵاتیان. دۆخەكە بۆ ئەمساڵ زۆر خراپترە، چونكە لەلایەك بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان‌و سیانەی وەرزیی وێستگەو فیدەرو تۆڕەكانی كارەبا نییە، لەلایەكی دیكەشەوە دابەش نەكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ئەوەندەی تر دۆخەكەی سەختتر كردووە، چونكە هاووڵاتیان ناچاربوون بۆ خۆگەرم كردنەوە، پەنا بۆ بەكارهێنانی كارەبایەكی زیاتر بەرن، من ناڵێم با هاووڵاتیان كارەبا بۆ گەرم كردنەوەو فێنك كردنەوە بەكار نەهێنن، بەڵام كاتێك تەنیا هۆكارێك بۆ خۆگەرم كردنەوە لە بری نەوتی سپی كارەبا بێت، ئەوا گرفتی تەكنیكی گەورە بۆ تۆڕو وێستگەكانی كارەباو كۆنترۆڵ دروست دەكات.

* كەواتە لەگەڵ بەردەوام بوونی قەیرانی دارایی‌و گرانی نرخی نەوتی سپی، تا دێت دۆخەكە خراپتر دەبێت، ئایا وەكو وەزارەتی كارەبا بەرنامەو پلانتان هەیە بۆ كەم كردنەوەی شوێنەوارەكانی كەمی كارەبای نیشتمانی؟
- بەڵێ ئەگەرچی دۆخەكە بۆ ئەم وەرزە لەسەر هاووڵاتیانی خۆشەویست قورس‌و ناهەموارەو وا بەئاسانی چارەسەر نابێت، بەڵام ئێمە وەكو وەزارەتی كارەبا بە پلانێكی تازەوە هاتووینەتە پێشەوە بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی، كەوا ریفۆرم لە وەزارەتی كارەبا بكرێت، بەشێوەیەك هەم سەعاتەكانی كارەبا زیاتر بكەین، هەمیش تێچوونی بەرهەمهێنان‌و دابەشكردنی كارەبا كەم بكەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەم رێوشوێنانە گیراوەتەبەر:
1- كەم كردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی بەگەڕخستنی زۆربەی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە غازی سروشتی، واتە لە ساڵی 2014 بۆ بەرهەمهێنانی (2700 مێگاوات) كارەبا، بڕی سێ ملیارو 500 ملیۆن دۆلار تێچوونی بووە، بەڵام ئێستا توانیمان بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕە كارەبا تەنیا ملیارێك‌و 800 ملیۆن دۆلارمان خەرج بكەین، بەمەش پارەیەكی زۆرمان بۆ حكومەت‌و بودجەی كوردستان گەڕاندەوە، بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
2- كەم كردنەوەی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی‌و بەش‌و هۆبەكانی وەزارەت بێ ئەوەی كاریگەری لەسەر ئەدای كارەكان بكات.
3- بە پارەو تێچوونێكی كەمتر لە پڕۆژەی پێشوو، ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەكین، كە تێیدا حكومەت‌و هاووڵاتیانیش سوودمەند دەبن لە كەم كردنەوەی بەكارهێنانی كارەباو زیادكردنی سەعاتەكانی پێدانی كارەباو باشتر كۆنترۆڵكردنی، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا لە قۆناغی پەیداكردنی وەبەرهێنێكین، بۆ ئەوەی پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، كە لە رێگای تەندەرەوە بانگەوازی بۆ دەكەین.
4- تەنیا رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كەمی كارەبای نیشتمانی بەتایبەتی لەم دۆخە ناهەموارەدا، پێدانی بەشێك لە خزمەتگوزاری سێكتەری دابەشكردنی كارەبایە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە، ئەمە بەشێكە لە پڕۆسەی ریفۆرمی وەزارەتی كارەباو رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی.

* بەڵام ئێوە ئێستا لە شاری سلێمانی سەرقاڵی بەرنامەیەكن بۆ پێدانی كارەبا لە رێگەی دیاریكردنی ئەمپێڕەوە، واتا هەموو ماڵێك تەنیا 20 ئەمپێڕی دەدرێتێ؟
- ئەمە بەرنامەیەكی پێشنیاز كراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە، بۆ فریاكەوتنی چارەسەری خێرای دۆخەكە بەتایبەتی لە شاری سلێمانی لەسەر داوای خۆیان، دەزانیت لە تەنیا ماوەی 20 رۆژدا لە شاری سلێمانی 20 محاویلە سوتاوەو یەك محاویلەش لە گەنجینەدا نییەو لە (40%)ی فیدەرەكان بارزۆریان لەسەرەو تووشی ئۆڤەرلۆد بوون، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی پڕۆژەیەكی بەرزكردۆتەوەو ئێستا لەگەڵ پارێزگادا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە رێگەی كۆمپانیایەكەوە كارەكە جێبەجێ بكرێت، پڕۆژەكەش هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەكەوە نییە، كە لە داهاتوودا دادەنرێت، چونكە سركێتی ئەمپێڕەكە لەسەر ستوونی كارەباكە دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیەش وەكو قۆناغێكی فریاكەوتنی خێرا لە دیراسەتدایەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین‌و لە رووی تەكنیكی‌و تێچوو سوودمەندی هاووڵاتیانەوە.
* ساڵانێكە باسی پڕۆژەی پێوەری زیرەك دەكرێت، ئایا گرەنتی چی هەیە ئەم پڕۆژەیەش هاوشێوەی چەندین پڕۆژەی دیكە شكست نەهێنێت یان هەر جێبەجێ نەكرێت؟
- راستە چەند ساڵێكە باسی پڕۆژەی پێوەری زیرەك دەكرێت لە كابینەی شەشەوە، بەڕای من دەستپێكردنەكەمان هەڵە بوو، چونكە دەمانوویست بەردێكی گەورە هەڵگرین كە لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبوو، ئەوكات باس لە تێچوونی ئەو پڕۆژەیە دەكرا بە بڕی ملیارێك‌و 250 ملیۆن دۆلار. خۆشبەختانە دەستپێنەكرا، چونكە لەم قەیرانە داراییەدا حكومەتی هەرێم دەچووە ژێر باری قەرزێكی قورسی تری زەبەلاح، بەڵام ئێستا بۆچوونی تازە هاتۆتە كایەوە بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی بەشێوازێكی نوێ‌و بە كەمترین تێچوون‌و هەمان ئامانج لەهەوڵداین جێبەجێی بكەین، خەریكە ئامادەكردنی پڕۆژەی نموونەیین كە پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی مانگی یەكی 2017 تەواو بێت‌و چاوەڕوانیمان هەبێت بۆ ئامادەكردنی تەندەر بە مواسەفاتی جیهانی.

* بۆچی وەكو جاران لێژنەكانی بڕینی سەرپێچیەكان كارا نین، ئایا بنبڕكردنی سەرپێچیەكان كاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخەكە نییە؟
- لێژنەكانی بڕینی سەرپێچیەكان لە كارەكانیان بەردەوامن، بەڵام خۆتان دەزانن فەرمانبەران‌و كرێكارو ئەندازیارانی وەزارەتی كارەبا بەهۆی دواكەوتنی مووچەكان‌و سیستمی پاشەكەوتەوە لە چی دۆخێكی سەخت‌و ناهەمواردان، لەگەڵ ئەمەشدا لە كاری سیانەو چاككردنەوەی تۆڕەكان‌و كاری رۆژانەیان بەردەوامن، بگرە توانراوە لە رێگەی لیژنەكانمانەوە كاری باش بكەین بەتایبەتی ئەو باڵەخانەو ڤێلانەی بە سەرپێچی كارەبایان بۆ باخەكانیان راكێشاوە، لەلایەكی ترەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم پارەی كارەبا بدەن، چونكە بە هیچ شێوەیەك لێخۆشبوون لە نرخی كارەبا نییەو لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە. ئەوان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانمان بكەن ئەگەر پارەیەكی زۆریان لەسەر كەڵەكە بووە بیكەن بە قیست.
چاكبوونەوەی دۆخی كارەبا بەشێكی دەكەوێتە سەرشانی وەزارەتی كارەباو فەرمانبەران‌و كرێكارانی وەزارەت، كە بەم بێ مووچەیە توانیویانە بەردەوامی بە كارو خزمەتگوزارییەكانیان بەپێی توانا بدەن، بەشەكانی تری چاكبوونەوەی دۆخی كارەبا پەیوەندی بە دابین كردنی بودجەو پارەوە هەیە لە وەزارەتی دارایی‌و ئەوی تری پەیوەندی بە دابین كردنی سووتەمەنی بۆ بەگەڕخستنی یەكەكانی وێستگەكانەوە هەیە لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و بەشی سەرەكی پەیوەندی بە هاوكاری‌و هۆشیاری هاووڵاتیانەوە هەیە، كە لەمەدا خۆشبەختانە سوپاسی هاووڵاتیان دەكەم كە هاوكار بوون، ئومێدەوارم ئەوەی تریان كە پەیوەندی بە فەرمانبەران‌و دۆخی سەختی بژێوی ژیان‌و موووچەكانیانەوە بێت، لەساڵی نوێدا چارەسەر بێت، تا ئەو كاتە سوپاسی كارمەندان‌و كرێكارو ئەندازیارو تیمە تەكنیكی‌و هونەرییەكانی وەزارەتی كارەبا دەكەم، كە لەم رۆژە سەخت‌و ناخۆشانەدا توانیویانە بەپێی توانای بەردەست لە كارەكانیان بەردەوام بن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP