ته‌مه‌نێك له‌ ناو مه‌ركه‌ب‌و كاغه‌ز‌و چاپخانه‌دا
له‌ ژین‌و رزگارییه‌وه‌ تا رێبه‌ری پێشمه‌رگه‌ ته‌مه‌نێك له‌ ناو مه‌ركه‌ب‌و كاغه‌ز‌و چاپخانه‌دا ‌ 6/1/2017
دیدار: تارق كه‌مال
فوتۆ: ئه‌ژین قادر

پشكۆ تۆفیق، ناوی‌ سه‌ربازێكی‌ ونی‌ چاپه‌مه‌نی‌ كوردییه‌، 48 ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ناو مه‌ركه‌ب‌و كاغه‌ز‌و كاری‌ چاپخانه‌دا به‌ڕێكردووه‌،له‌ میانی‌ دیارێكی‌ كوردستانی‌ نوێ‌-ی‌ هه‌فته‌دا، چه‌ندین رووداو‌و به‌سه‌ر هاتی‌ دنیای‌ چاپه‌مه‌نی‌ كوردی‌ ده‌گێرێته‌وه‌. له‌وانه‌ هێنانی‌ ئامێری‌ نوێی‌ چاپ بۆ كوردستان، ستافی‌ بڵاوكراوه‌كان‌و ئه‌و رووداوانه‌ی‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌.  

• سه‌ره‌تای كاركردنت له‌كوێیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد؟
- سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونم له‌چاپخانه‌ی (ژین) ه‌وه‌ له‌ساڵی 1968 ده‌ستی پێكرد، پاش ئه‌وه‌ی جه‌نابی‌ مام جه‌لال چاپخانه‌ی ژینی له‌بنه‌ماڵه‌ی پیره‌مێرد كڕیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڤاری (رزگاری) پێ چاپ بكه‌ن له‌شاری سلێمانی، جیهازێكی (ئه‌نته‌رتایپ)ی بۆ چنینی پیت به‌ نرخی 6 هه‌زار‌و 500 دیناری سویسری له‌ به‌غدا كڕی بۆ ئه‌وه‌ی مانگانه‌ ئه‌و گۆڤاره‌ بخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران، ئه‌و جیهازه‌ یه‌كه‌م جاربوو بهێنرێته‌ كوردستانه‌وه‌، ته‌نها یه‌ك كورد له‌و ئامێری‌ چاپكردنه‌ی‌ ده‌زانی، كوڕێك بوو به‌ناوی (موحه‌مه‌د) خه‌ڵكی سلێمانی بوو، به‌ڵام له‌(لوبنان) نیشته‌جێ‌ بوو، جه‌نابی مام جه‌لال گرێبه‌ستێكی له‌گه‌لدا كردوو هێنایه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌و بۆ ماوه‌ی دوو مانگ منی فێری به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێره‌ كرد.

• سه‌ره‌تا گۆڤاره‌كه‌ له‌كوێ چاپكرا؟
- یه‌كه‌م ژماره‌ی (گۆڤاری رزگاری) له‌ شاری به‌غدا چاپكرا، له‌دووه‌م ژماره‌شه‌وه‌ تا 16 ژماره‌ی له‌ سلێمانی چاپكرا، كه‌ دوا ژماره‌ی ته‌رخان كرابوو بۆ (كورته‌ چیرۆك) ئیتر به‌یانی (11)ی ئازاری به‌سه‌ردا هات‌و گۆڤاره‌كه‌ له‌ده‌رچوون وه‌ستا.

• ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گۆڤاری رزگاری كاریان ده‌كرد كێ بوون؟
- كاك نه‌وشیروان مسته‌فا،كاك شازاد سائیب،كاك مه‌حمودی مه‌لا عزت، كاك محه‌مه‌د نوری تۆفیق،كاك فوئاد قه‌ره‌داغی، كاك تاهیر ساڵح سه‌عید‌و چه‌ند به‌رێزێكی تر بوون.

• جێگای كاركردنتان له‌كوێ بوو؟
- جێگای كاركردنمان ستافی گۆڤاره‌كه‌ خانوویه‌كیان به‌كرێ گرتبوو به‌ماڵی حاجی قادری جه‌بار مه‌شهور بوو، بینای چاپخانه‌كه‌ش كۆگایه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو له‌ته‌نیشت مزگه‌وتی مه‌ولانا خالید له‌ شه‌قامی‌ كاوه‌ له‌ سلێمانی‌.

• باسی وه‌ستانی گۆڤاره‌كه‌ت كرد ئه‌ی كه‌ی كه‌وته‌وه‌ كار‌و چی به‌سه‌ر هات؟
- پاش راوه‌ستانی گۆڤاره‌كه‌‌و دوای ئه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی بوونه‌وه‌ به‌یه‌ك، چاپخانه‌كه‌ راده‌ستی پارتی كراو بردیان بۆ چۆمان، كاتێكیش پارتی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسدا گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست چاپخانه‌كه‌ خرایه‌ ئیش‌و رۆژنامه‌ی خه‌باتیان پێ ده‌رئه‌كرد.

• خۆت چیت به‌سه‌ر هات‌و ئیتر خه‌ریكی چی بوویت؟
- پاش ئه‌وه‌ی براده‌ران رۆیشتن بۆ به‌غدا منیش یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی رۆیشتم بۆ به‌غدا‌و له‌چاپخانه‌ی (دار الحریه‌ للگباعه‌/مگبعه‌ الحكومه‌) دامه‌زرام، سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بوو، له‌و شوێنه‌دا كتێبه‌ كوردییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌زمانی كوردی بۆ قوتابخانه‌كانی كوردستان چاپ ئه‌كرا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه‌ی (بنكه‌ی پێشه‌وا) كه‌ حزبی دیموكراتی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ئه‌كرد له‌وانه‌(كورد‌و كوردستانه‌كه‌ی د. قاسملو شه‌هیدانی حزبی دیموكراتی كوردستان‌و تاریك‌و روونه‌كه‌ی مامۆستا هێمن موكریانی‌و گه‌لێك نامیلكه‌ی تر له‌و چاپخانه‌یه‌ چاپ ئه‌كران، له‌گه‌ڵ (گۆڤاری به‌یان) هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ من پیته‌كانم رێكده‌خست، له‌رۆژه‌ پشووه‌كانیشدا له‌چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، زۆربه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی چاپ ئه‌كران من پیته‌كانم ئه‌چنی‌و به‌چاپم ده‌گه‌یاند.

• ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌به‌غدا بوویت چ كارێكی ترده‌كرد؟
- پاش ماوه‌یه‌ك خوالێخۆشبوو (دارا تۆفیق) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بوو ناردی به‌دوامدا‌و وتی ئێمه‌ به‌نیازین رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌ناوی (برایی) ده‌ربكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نها تۆ تاكه‌ كوردێكی له‌و ئامێره‌ ئه‌زانی‌و به‌ڵكو یارمه‌تیمان بده‌یت‌و منیش له‌دوای ده‌وامی (چاپخانه‌ی دار الحریه‌) ئه‌رۆیشتم بۆ ئه‌و چاپخانه‌یه‌‌و له‌وێش ئه‌و رۆژنامه‌یه‌مان به‌ چاپ ده‌گه‌یاند، ئه‌و براده‌رانه‌شی له‌وێ ناسیمن بریتی بوو: له‌سه‌ربه‌ست بامه‌رنی،عه‌بدوڵڵا عه‌باس، جه‌لالی میرزا كه‌ریم، محه‌مه‌د زاده‌، سه‌ڵاح شوان، نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌و چه‌ند براده‌رێكی تر،وه‌ختێكیش پارتی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست، كاك دارا پێی ووتم ئێمه‌ ئه‌رۆین بۆ شاخ‌و له‌وانه‌یه‌ 15بۆ 20 رۆژێكمان پێ بچێ‌و له‌گه‌ڵ حكومه‌ت گفتوگۆ ده‌ست پێبكرێته‌وه‌‌و بێینه‌وه‌ تۆ لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌، منیش له‌گه‌ڵ براده‌رێكی تر كوردی فه‌یلی‌و خه‌ڵكی به‌غدا بوو ماینه‌وه‌ به‌ڵام  ئه‌و هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی (عه‌زیز عه‌قراوی) له‌پارتی جیا ببوونه‌وه‌ هاتن‌و ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر چاپخانه‌كه‌دا‌و هه‌ر به‌و كه‌ره‌ستانه‌(رۆژنامه‌ی التاخی) یان چاپ كرده‌وه‌. 

• دواتر چیت به‌سه‌ر هات كه‌ ده‌ستگیرا به‌سه‌ر رۆژنامه‌كه‌تاندا؟
- ئیتر من له‌گه‌ڵ خۆمدا 12 نوسخه‌ له‌و رۆژنامه‌یه‌م كڕی‌و به‌ره‌و گه‌راجی (نه‌هزه‌) به‌ڕێ كه‌وتم، له‌ گه‌راج چاوم كه‌وت به‌برایان (نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌و نازم دڵبه‌ند) كه‌ ئه‌م دوو به‌رێزه‌ له‌رۆژنامه‌كه‌دا ئیشیان ئه‌كرد‌و ووتیان بۆ كوێ ئه‌رۆیت منیش ووتم ئه‌رۆم بۆ (چۆمان) ئه‌وانیش وتیان باشه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتا دێین بۆ چۆمان، سه‌یاره‌یه‌كمان گرت بۆ چۆمان، تا ئه‌و كاته‌ش حكومه‌تی رێگه‌ی نه‌به‌ستبوو گه‌یشتینه‌ هه‌ولێر هه‌ردوو برا به‌رێزه‌كه‌ وتیان ئێمه‌ په‌شیمان بووینه‌وه‌و نایه‌ین،ئه‌وان له‌هه‌ولێر منیان به‌جێ هێشت‌و منیش به‌ره‌و چۆمان به‌ڕێكه‌وتم، گه‌یشتمه‌ چۆمان یه‌كسه‌ر چووم بۆ لای كاك دارا، كه‌ منی بینی سه‌ری سووڕما پرسی چۆنه‌ وا هاتوویت؟ بۆ چاپخانه‌كه‌ت به‌جێ هێشت؟ منیش پێم وت جه‌ماعه‌تی عه‌زیز عه‌قراوی چاپخانه‌كه‌یان خسته‌وه‌ ئیش‌و رۆژنامه‌كه‌یان چاپ كرده‌وه‌‌و منیش ئه‌م دوانزه‌ ژماره‌یه‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا هێناوه‌ بۆ جه‌نابتان، چاوی به‌رۆژنامه‌كه‌ كه‌وت وتی خۆ ئێمه‌ بۆ ماوه‌ی پازده‌،بیست رۆژێك هاتووین‌و به‌ته‌مابووین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، ته‌له‌فونی بۆ كاك ئیدریس بارزانی كرد، ئه‌و كاته‌ باره‌گاكه‌ی له‌حاجی ئۆمه‌ران بوو ئه‌ویش وتی چاوه‌رێت ئه‌كه‌م‌و ئه‌و كه‌سه‌شی رۆژنامه‌كانی هێناوه‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا بیهێنه‌، چووین‌و مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ك بێده‌نگی كاك ئیدریس وتی كه‌واته‌ سه‌دام له‌گه‌ڵماندا گه‌یاندیه‌ بنبه‌ست. كاك دارا پێی وتم برۆ بۆچاپخانه‌كه‌‌و ده‌ستبكه‌ به‌ئیش‌و رۆژنامه‌ی خه‌باتمان به‌چوار لاپه‌ڕه‌ به‌چاپ گه‌یاند له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كتێبی‌ تردا، لێپرسراوی چاپخانه‌كه‌ش (سیروان عه‌بدوڵڵا) خزمی نزیكی (كاك فه‌رهاد عه‌ونی) بوو.
• تاكه‌ی له‌شاخ مایته‌وه‌؟
- تائاشبه‌تاڵ، من گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ به‌غدا‌و له‌ئیشه‌كه‌ی خۆم به‌رده‌وام بووم تا رۆژێك(مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) هات بۆ لام‌و پێی وتم چاپخانه‌یه‌كی تازه‌مان بۆ زانكۆی سلێمانی كڕیووه‌ ئه‌مه‌وێ نه‌قڵت بكه‌مه‌وه‌ بۆ زانكۆ‌و ئه‌و جیهازه‌ی كڕیومانه‌ بیخه‌یته‌ ئیش، منیش پێم وتن مامۆستا گیان زۆرم پێخۆشه‌ به‌ڵام من (عائدون)م له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم نه‌قڵم بكه‌نه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامدا وتی من قسه‌م له‌گه‌ڵ(وه‌زیری ته‌علیمی عالیدا) كردووه‌، دوو رۆژ دوای ئه‌وه‌ هات‌و فه‌رمانی گواستنه‌وه‌كه‌می له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوو منیش ئیفیكاكم كرد‌و له‌گه‌ڵیدا هاتمه‌وه‌ بۆ زانكۆی سلێمانی‌و ده‌ستبه‌كار بووم تا ئه‌و كاته‌ی زانكۆیان گواستنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

• په‌یوه‌ندیت كرد به‌شۆڕشی نوێ؟
- به‌ڵی په‌یوه‌ندیم هه‌بوو هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا له‌شانه‌ی رێكخستنه‌ نهێنیه‌كانی ناو شاردا ئیشم ئه‌كرد، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان چاپخانه‌یه‌كی هه‌بوو پێكهاتبوو له‌تابعه‌یه‌ك‌و ئیستنساخێك‌و رۆنیۆیه‌ك،شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێبڕا ئیش‌و كاره‌كانی رێكخستنی پێ چاپ بكه‌م‌و بنێردرێت بۆ شانه‌كانی ناو شار‌و كه‌ركوك‌و گه‌رمیان كه‌ ئه‌و كاته‌(د. خه‌سره‌و خاڵ) لێپرسراوی شار بوو، دوای ماوه‌یه‌ك (شه‌هید جه‌باری حاجی ره‌شید) چاپخانه‌كه‌ی لێوه‌رگرتمه‌وه‌‌و ته‌سلیمی براده‌رێكی تری كرد.

• له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ خه‌ریكی چیت؟
- له‌دوای راپه‌ڕینیش له‌مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ چاپخانه‌یه‌ك كڕدرا‌و من سه‌رپه‌رشتیم ئه‌كرد‌و له‌گه‌ڵ به‌رێزان بێستوون سابوراوایی، مه‌لا یاسین ته‌گه‌رانی‌و سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر توانیمان زیاتر له‌ 122 ژماره‌ی (رێبه‌ری پێشمه‌رگه‌‌و 14 ژماره‌ی زنجیره‌ی رووناكبیری‌و چه‌ند كتێبێك به‌چاپ بگه‌یه‌نین‌و ئێستاش له‌گه‌ڵ كاك سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر به‌رده‌وامم له‌ كاره‌كه‌مدا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP