سامان گەرمیانی: له ‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌ركردایه‌تیدا بڕیاری باشتر‌ و چاكتر ده‌ده‌ین
سامان گەرمیانی: له ‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌ركردایه‌تیدا بڕیاری باشتر‌ و چاكتر ده‌ده‌ین ‌ 21/6/2017
سامان گه‌رمیانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی (ی.ن.ك) له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ؛ ئاماژه‌ی به‌چه‌ند پرسێكی گرنگ كردو له‌وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیشدا زانیاریی نوێی له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ریفراندۆم‌و رێكه‌وتنی یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و ناوماڵی یه‌كێتی‌و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ خسته‌ڕوو.
دیداری: تارق كه‌مال
له‌باره‌ی دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌»كۆبوونه‌وه‌كانی كۆتایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی‌و به‌تایبه‌تیش دوا كۆبوونه‌وه‌، زۆر باش بوو، بڕیار له‌سه‌ر زۆر پرس درا به‌نموونه‌ی ریفراندۆم‌و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و چاكسازی‌و گۆڕانكاری‌و رێكخستنه‌وه‌‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی‌و رێككه‌وتنی یه‌كێتی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و زۆر به‌تایبه‌تیش له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كرا‌و پێمانوابوو ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان بیانه‌وێت به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و مافی تاك پارێزراوبێت‌و په‌رله‌مانتار بیه‌وێت ئازادانه‌ كاره‌كانی خۆی بكات، ده‌بێت په‌رله‌مان به‌بێ مه‌رج كارابكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ك ته‌ئكیدیشكرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ نێوماڵی یه‌كێتی زیاتر رێكبخه‌ینه‌وه‌و خۆمان ئاماده‌بكه‌ین، تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ربخه‌ین‌و به‌وریاییشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌بكه‌ین‌و دیالۆگ‌و گفتوگۆ بكه‌ینه‌ ئامانج‌و په‌رله‌مان كارابكرێـته‌وه‌‌و یاساكان له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ربچن‌و ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بارودۆخه‌‌و هه‌مووان سه‌ربه‌رزبین به‌رامبه‌ر به‌ئاینده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان‌و مێژوومان.

ریفراندۆم بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین نه‌ك بۆ مه‌به‌ستی تر
تایبه‌ت به‌پرسی ریفراندۆم‌و تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا، سامان گه‌رمیانی؛ وتی: یه‌كێتی؛ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی هه‌یه‌، كه‌ تیایدا له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆمێك بكرێت‌و مافی خه‌ڵك پارێزراوبێت‌و مووچه‌ بدرێت‌و چاكسازیی ریشه‌یی بكرێت له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا، ئه‌وا ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ده‌كه‌ین‌و واش لێی ده‌ڕوانین كه‌ ریفراندۆم بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین نه‌ك بۆ مه‌به‌ستی تر‌و پێویستیشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا وتووێژ بكه‌ین.

تائه‌م كاته‌ لۆبیه‌كمان نییه‌ بۆ ریفراندۆم
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ئێستا په‌رله‌مان‌و ده‌ستوورمان نییه‌‌و حكومه‌تیش بۆ خۆی كارده‌كات، مامەڵەی وڵاتانی دنیاش تاڕاده‌یه‌ك وەک جاران نییە، جاران ئۆباما؛ پێشوازی له‌نوێنه‌رانی كورد ده‌كرد، ئێستا كوا ئه‌و پێشوازیانه‌؟!، بۆیە ده‌بێت خۆمان رێكبخه‌ینه‌وه‌‌و قۆناغی دیموكراسی په‌یڕه‌‌وبكه‌ین‌و ئه‌گه‌ریش نیه‌ت ئه‌وه‌ نه‌بێت ریفراندۆم بۆ تاك نه‌بێت‌و بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت بێت، ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانی پێش ده‌وڵه‌تبوون بنێین، ئێستا حكومه‌ت چه‌ند هه‌نگاوێكی ناوه‌ به‌ڵام شه‌خسییه‌‌و دیارنین، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان‌و ده‌زگایه‌كی چاودێریمان نییه‌‌و نێوماڵمان رێكخراو نییه‌، تائه‌م كاته‌ش لۆبیه‌كمان نییه‌ بۆ ریفراندۆم، كه‌ به‌بێ لۆبی ئه‌و هه‌نگاوه‌مان ناوه‌، هه‌ر به‌نموونه‌ كاك هۆشیار زێباری؛ ده‌ڵێت: ئه‌و ریفراندۆمه‌ بۆ دروستبوونی هێزه‌ له‌به‌غدا یان پیشاندانی یه‌كبوونی میلله‌ته‌كه‌مانه‌، به‌ڕای من ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌كرێت باشتره‌، هیچ تاكێكی كوردیش ده‌وڵه‌تێكی ناوێت كه‌ تیایدا بمرێت له‌برسا، ئه‌وه‌تا پێشمه‌رگه‌ پارێزگاریمان لێده‌كات، به‌ڵام وه‌ك پێویست خزمه‌ت ناكرێت، لێره‌شه‌وه‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات‌و كورسی ده‌كرێت‌و گوێ له‌میلله‌ته‌كه‌مان ناگیرێت.

په‌رله‌مانێكی كارامان ده‌وێت‌و هیچ رێككه‌وتنێكمان نییه‌
بۆ پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌خاڵه‌كانی راگه‌یه‌نراوی دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، سامان گه‌رمیانی؛ رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنمان نییه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ یه‌ك دانیشتن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مانێكمان هه‌بێت‌و كارابكرێته‌وه‌و كاره‌كانی خۆی بكات به‌بێ مه‌رج تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.
خاڵێكی گرنگی دوا كۆبوونه‌وه‌، دووپاتكردنه‌وه‌و ده‌ربڕینی ئاماده‌یی یه‌كێتییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی یه‌كێتی‌و گۆڕان. له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئایا ئاسته‌نگه‌كانی پێشتر چیبوون له‌به‌رده‌م جێبه‌جێنه‌كردنی خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ماون؟، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئاشكرایكرد كه‌ وه‌ك سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی هه‌میشه‌ جه‌ختمانكردۆته‌وه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان، كه‌ به‌حزووری مام جه‌لال‌و كاك نه‌وشیروان؛ ئیمزاكرا، ده‌بێـت جێبه‌جێبكرێت، به‌داخه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان؛ به‌جێیهێشتین، جگه‌له‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ش ده‌وری هه‌بوو له‌جێبه‌جێنه‌كردنی‌و مراوه‌غه‌ش به‌كات كرا، جگه‌له‌وه‌ بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانیش كاریگه‌ریی هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێتی سیاسه‌تی خۆمان هه‌یه‌‌و ئینشائه‌ڵڵا له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌نرێت.

لێكتێگه‌یشتنی باش له‌سه‌ر كۆنگره‌ هه‌یه‌
له‌ئاماژه‌كردنیش به‌چاكسازی‌و ژیاندنه‌وه‌ی پره‌نسیپی حزبایه‌تی به‌ڕه‌چاوكردنی سزاو پاداشت، سامان گه‌رمیانی؛ ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌»ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا؛ پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كردووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده‌دا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت‌و ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت، هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین كه‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌باش بڵێین باش‌و به‌خراپیش بڵێین خراپ»‌و وتیشی: من بڕوام وایه‌ ئێمه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزب خراپین، كادرانمان زۆر له‌ئێمه‌ باشترن. هه‌موو جارێك هه‌ڤاڵ مام جه‌لال؛ ده‌یوت «كادره‌كانی خواره‌وه‌ دڵسۆزترن تا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، قاعیده‌كه‌مان باشه‌». به‌داخه‌وه‌ له‌غیابی مام جه‌لال-دا نه‌مانتوانی كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی مام جه‌لال-مان بكردایه‌ ئێستا كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرا، غیابی مام جه‌لال؛ بۆشاییه‌كی جێهێشتووه‌ تازه‌ به‌تازه‌ خه‌ریكه‌ به‌رچاومان روون ده‌بێت‌و ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن‌و ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌ركردایه‌تیدا ره‌نگیدابۆوه‌، كه‌ من زۆر دڵخۆشم به‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ده‌چینه‌وه‌سه‌ر سكه‌ی خۆمان‌و ئینشائه‌ڵڵا له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا بڕیاری باشتر‌و چاكتر ده‌ده‌ین‌و ده‌شبێت هه‌مووان هه‌نگاوبنێین‌و به‌پێی په‌یڕه‌وی یه‌كێتی كاره‌كان بكرێت‌و یه‌كێك له‌باسه‌كانیش كۆنگره‌یه‌و موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت‌و لێكتێگه‌یشتنی باشیش هه‌یه‌.

یه‌كێتی ده‌ستپێشخه‌ره‌و قوربانیی زۆری داوه‌
له‌كۆتاییشدا، ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێك‌و ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن به‌سێبه‌ر‌و حزبییه‌وه‌، ناتوانن باسی یه‌كێتی بكه‌ن له‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنووسین‌و دروستبوونی ده‌وڵه‌ت‌و پارێزگاری كردن له‌كوردستان‌و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، كه‌ یه‌كێتی ده‌ستپێشخه‌ره‌ تیایداو قوربانیی زۆری له‌پێناودا داوه‌‌و ئێمه‌ به‌ كردار سه‌لماندوومانه‌، ئاشكرایه‌ له‌ناوچه‌ی سه‌وز ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات چۆن دروستبووه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌رچییه‌ك بكات مه‌ردانه‌ لێی دێته‌ پێش‌و ده‌یكات، مێژوو شاهیده‌ له‌ساڵی 1976وه‌ یه‌كێتی چیكردووه‌‌و ریفراندۆمیش بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین به‌ناوچه‌كانی تری كوردستانیشه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP