هه‌ڵوێسته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندایه‌
ئارێز عه‌بدوڵڵا: هه‌ڵوێسته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندایه‌ ‌ 6/7/2017
له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كوردستانی‌ نوێ، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان رووناكی‌ خسته‌سه‌ر گرنگی‌  دواكۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و رێكه‌وتنامه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان‌و پرسی ریفراندۆم‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو چه‌ندین بابه‌تی‌ تر له‌باره‌ی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و هه‌ڵویستی‌ یه‌كێتی‌ له‌باره‌ی‌ رێگرتن له‌ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان‌و قۆناغی‌ دوای داعش.
دیداری: ته‌ها عه‌بدولڵا، هه‌ولێر

سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و خواستی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان
سه‌ره‌تا له‌باره‌ی‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی‌ بڕیاری له‌باره‌یه‌وه‌درا ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی‌: ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان سه‌رپێی بڕیار ناداو هه‌ڵوێست وه‌رناگرێ، به‌ڵكو دوای‌ شه‌ن‌وكه‌وكردن و گفتوگۆی چڕ بڕیار ده‌دات، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی‌ له‌م دواییه‌ كراون‌و هه‌موو ئه‌و بڕیار و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ وه‌رگیراون بڕیارو هه‌ڵویستی‌ پێویست بوون‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و خواستی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بوون.
وتیشی: زۆرجار هه‌ڵویستی‌ تاكه‌ كه‌سی تێكه‌ڵ به‌هه‌ڵویستی‌ حزب ده‌كرێ، به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو یه‌كێتی‌، ئنجا ئه‌و هه‌ڵویسته‌ پێشوازی لێبكرێ یان نا، به‌ڵام بوونی‌ بۆچوونی‌ جیاواز به‌كارێكی‌ باش ده‌زانم، ئه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵویستی‌ خۆیه‌تی‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌دواجار یه‌ك بڕیارو یه‌ك هه‌ڵویست بین، له‌ناو یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌ كراوه‌، چه‌ند بۆچوون خرابێته‌ڕوو له‌كۆتاییدا هه‌موومان یه‌ك هه‌ڵویستین.

ریفراندۆم زه‌مینه‌سازیی پێویسته‌
سه‌باره‌ت به‌ریفراندۆم ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی‌: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ریفراندۆم به‌ رێگه‌یه‌ك ده‌زانین بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانمان، سه‌ربه‌خۆیی‌و مافی چاره‌ی‌ خۆنووسینیش دروشمێكی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆمانه‌و بڕوامان پێی هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌كردایه‌تی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌  پێمانوایه‌، ریفراندۆم زه‌مینه‌سازیی پێویسته‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ڕووی یاسایی، زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن زۆر به‌ گه‌رمی‌ باسی ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن له‌ واقیعدا یان به‌كردار كه‌متر هه‌نگاو ده‌نێن بۆ زه‌مینه‌سازی‌‌و سه‌رخستنی‌ ریفراندۆم، ئێمه‌ ده‌بێت جیاوازی‌ بكه‌ین، ئایا ریفراندۆم دروشمه‌؟، ئه‌گه‌ر دروشمه‌ ده‌كرێ هی یه‌ك حزب بێت‌و هی حزبێكی‌ تر جیاوازبێت؟، یان رێگه‌یه‌كه‌ بۆگه‌یشتن به‌ئامانجێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر رێگه‌یه‌كه‌ بۆ ئامانجێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی، هه‌رلایه‌نێك ئنجا ئه‌و ئه‌و لایه‌نه‌ چه‌ند په‌رۆشبێت بۆ به‌ده‌یهێنانی‌ ئه‌و ئامانجه‌ پێویسته‌ په‌رۆشتر بێت بۆزه‌مینه‌سازی، به‌ڵام تائێستا ئه‌و زه‌مینه‌سازیه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا كۆسپ له‌به‌رده‌م كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان دروست ده‌كرێ، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان زۆر گرنگه‌ كارا بێت بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای پێویست‌و چاودێریكردنی‌ ریفراندۆم، هه‌روه‌ها نیشاندانی‌ یه‌كڕیزی‌‌و یه‌كهه‌ڵویستی‌ نیشتمانیی‌ له‌كوردستان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ ریفراندۆم  بكرێ كه‌ په‌رله‌مان كارا ناكرێته‌وه‌و  یاسا پێشێلبكرێ، ئه‌و كاته‌ پشتیوانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ت نابێت، بۆیه‌ ده‌ڵێین زه‌مینه‌سازیی‌ بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ هه‌ڵنه‌گیرێت دوورنییه‌ میلله‌ته‌كه‌مان باجێكی‌ زۆر له‌باره‌ی‌ ریفراندۆم بدات.

په‌رله‌مان له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ گرنگه‌
تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی پێیوابوو: كاتێك په‌رله‌مان كارا ده‌كرێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك شته‌، له‌وانه‌ نیشاندانی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتمانییه‌، واتا ئێمه‌ قۆناغی قه‌یرانی‌ سیاسیمان بڕیوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانی‌ سیاسیداین، دووه‌م ئێمه‌ ئه‌و یه‌كڕیزیه‌ نیشانی‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌ده‌ین، سێیه‌م  یاسای پێویست ده‌رده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها چاودێری حكومه‌ت‌و پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم ده‌كات، واتا په‌رله‌مان له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ گرنگه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا پڕۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ناو جه‌ماوه‌ر ئه‌و پشتیوانییه‌ی‌ لێ ناكرێ، له‌ده‌ره‌وه‌ش ئه‌و رێزه‌ی‌ لێناگیرێ، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و رووه‌وه‌ زۆر وردبین‌و هۆشیاربین، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ناكرێ له‌لایه‌ك ریفراندۆم بكه‌یت، له‌ له‌لایه‌كی‌  تره‌وه‌ دیموكراسی په‌كبخه‌ی‌، ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ ناكرێ باسی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی‌ چه‌مكه‌كانی‌ ئازادی‌‌و دیموكراسی‌و سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و دڵنیاییه‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌بێ بیر له‌دوای‌ سه‌ربه‌خۆیی بكرێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ پێیوایه‌ به‌ر له‌و هه‌نگاوانه‌ باس له‌ ریفراندۆم بكه‌ین، واتا ده‌یه‌وێ به‌ئاوی‌ ریفراندۆم هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ بشواته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌.

قه‌یرانی‌ دارایی
سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسییه‌كانی‌ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانەکان، ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی‌: حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان پشت به‌داهاتی‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت بۆ ئابووری كوردستان، ئه‌و نه‌وته‌ش له‌ڕێگه‌ی‌ توركیاوه‌ ده‌ڕوات، ئه‌و وڵاته‌ش به‌ئاشكرا هه‌ڵویستی‌ خۆی دژی‌ ریفراندۆم ده‌ربڕیوه‌، واتا ئێمه‌ كاتێك ریفراندۆم  ده‌كه‌ین، له‌ لایه‌ن وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌رو ته‌نانه‌ت عیراقیشه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابووری ده‌بینه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ چۆن ژیان بۆ خه‌ڵك دابینبكه‌ین، ئایا ئه‌وه‌ راسته‌ «با ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆبین، به‌ڵام گه‌ل له‌برساندا بمرێت؟، بێگومان نه‌خێر، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی، ژیان‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك باشتر بكه‌ین، نه‌وه‌ك خراپتر له‌جاران، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بێت كارێك نه‌كه‌ین ژیان له‌ خه‌ڵك تێكبده‌ین،  بۆیه‌ پێموایه‌ نه‌ك كار بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ قوڵتریش ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌  مه‌سه‌له‌ی‌ ریفراندۆم ته‌نیا پێویستیی‌ به‌زه‌مینەی یاسایی نییه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ڕووی‌ سیاسی‌و ئابووری‌‌و سه‌ربازییه‌وه‌ ئاماده‌كاری‌ پێویستی‌ بۆ بكرێت.

عیراق دۆستمان بێت
سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم‌و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌گه‌ڵ به‌غدا شتێكی‌ سه‌ره‌تایی باسكراوه‌، به‌بۆچونی‌ من پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر باس بكرێ، چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌سیستمی‌ حوكمڕانی‌ عیراق‌و به‌شدارین له‌ده‌سه‌ڵات، ده‌بێ ئه‌و پرسه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عیراق چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆئه‌مه‌ش ده‌رگای‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆ به‌ڕووی هه‌رێمدا دانه‌خراوه‌، كاتێكیش ره‌زامه‌ندی‌ به‌غدا به‌ده‌ستبهێنین، ئه‌و كاته‌ پشتیوانی‌ نێوده‌وڵه‌تیش به‌ده‌ستده‌هێنین، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیش رابگه‌یه‌نین، ئه‌وا وانه‌كه‌ین عیراقێك دراوسێمان بێت دوژمنمان بێت، به‌ڵكو ده‌بێ كارێكی‌ وابكه‌ین عیراق دۆستمان بێت، ئه‌وانیش دڵنیا بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ نابینه‌ دوژمن له‌ ئاینده‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستا دژمان نه‌بن، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌متر له‌ده‌رگای‌ به‌غدامان داوه‌ بۆ گفتوگۆ، چونكه‌ وه‌كو ده‌ڵێن ده‌ساڵ گفتوگۆكردن‌و دیالۆگ، باشتره‌ له‌ ده‌سه‌عات شه‌ڕ له‌نێوان دوولایه‌ندا.

گرنگی هاوهه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌و گۆڕان
له‌باره‌ی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گوڕان وتی‌: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ بڕیارماندا، بڕگه‌كانی‌ ریكه‌وتنه‌كه‌ روبه‌ڕوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبش بكرێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان، له‌وانه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ فراكسیۆنه‌كان له‌ به‌غداو په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌شداریكردنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارێزگای سلێمانی‌‌و  هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان‌و راپه‌رین،  ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی هیچ لاریمان نییه‌، هاوهه‌ڵوێستیی‌ دوولایه‌نی‌ وه‌ك یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بۆئه‌م قۆناغه‌ زۆر گرنگ‌و پێویسته‌ بۆ پاراستنی‌ ئارامی‌‌و سه‌قامگیریی پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌، دواتر ئێمه‌ دوو حزبین ره‌گمان یه‌كه‌و سه‌كردایه‌تیشمان یه‌ك بووه‌، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنامه‌كه‌ی‌ نێوانمان گرنگه‌ بۆ هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌و به‌ره‌وپێشبردنی‌ دیموكراسی له‌ كوردستاندا.

سیاسه‌تی‌ راست‌و دروستی‌ یه‌كێتی‌
له‌باره‌ی‌ هه‌ڵویستی‌ یه‌كێتی‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی هه‌رێم ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی‌: یه‌كێتی‌ له‌رابردوو سیاسه‌تێكی‌ راست‌و دورستی‌ په‌یڕه‌و كردووه‌ ، چونكه‌ یه‌كێتی‌ نه‌وه‌ك پارتی‌، نه‌وه‌ك گۆڕان بیری نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ش رێگه‌ی‌ له‌ دروستبوونی‌  توندوتیژی‌ گرتووه‌، هه‌روه‌ها رێگه‌مان نه‌دا له‌هه‌رێمی كوردستان شیرازه‌ی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت تێكبچێت‌و دوو جه‌مسه‌رگیری‌و دوو ئیداره‌یی دروست بێت، واتا  یه‌كێتی‌ هاوسه‌نگیه‌كی‌ باشی راگرتووه‌ له‌نێوان  پارتی‌‌و گۆڕان، ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ردوولاش باجی داوه‌، پێموایه‌ سیاسه‌تی‌ رابردووی‌ یه‌كێتی‌ زۆر باشبووه‌و، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بووه‌، ئه‌مه‌ سه‌روه‌رییه‌كه‌ ده‌بێ له‌دوا رۆژدا بۆ یه‌كێتی‌ بنووسرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵوێستێكی‌ نادروستی‌ یه‌كێتی‌ به‌و پێیه‌ی‌ خاوه‌ن هێزه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی‌ دیبلۆماسی به‌هێزی هه‌یه‌، لانی‌ كه‌م دوو ئیدارەیی دروست ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر زه‌رمه‌ند ده‌بن، نه‌ك ته‌نیا خه‌ڵكی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، به‌ڵكو حزب‌و لایه‌نه‌كانی‌ تریش زه‌رمه‌ند ده‌بوون، پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵك ئه‌و راستییه‌ بزانێ، به‌تایبه‌تی‌ ئێمه‌ ئه‌زموونمان هه‌یه‌ له‌رابردوو، كاتێك نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ خراپ بوو، ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ چ قۆناغێك، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ زۆر جار به‌ناڕه‌وایی فشار ده‌خرێته‌ سه‌ر یه‌كێتی‌، به‌ڵام دوا رۆژ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هه‌ڵویسته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ تاچه‌ند له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بووه‌.


به‌بێ مه‌رج په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌
له‌باره‌ی‌ دوا هه‌وڵه‌كان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان وتی‌: پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ژێر فشاری ئێمه‌ هه‌ڵویسته‌كانی گۆڕی له‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌م ده‌سته‌ی‌ ئێستای‌ كۆبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بدرێته‌وه‌ به‌گۆڕان، ئه‌وه‌ بڕیارو هه‌ڵویستی‌ یه‌كێتی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو گۆڕانكاری بوو له‌  هه‌ڵویست‌و بۆچوونی‌ پارتی، به‌ڵام له‌ راگه‌یاندنه‌كان به‌جۆرێكی‌ تر ته‌فسیری بۆكرا، گوایه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ رێكه‌وتنیان كردووه‌، ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌ مه‌رجی‌ هه‌یه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان باسی بكات، یه‌كێتی‌ پێیوایه‌ به‌بێ مه‌رج په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌، چونكه‌ بوونی‌ هه‌ر مه‌رجێك بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ناڕه‌وایه‌، ناهه‌قییه‌ به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان‌و میلله‌ته‌كه‌مان.

پرسی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان
سه‌باره‌ت به‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ وتی‌ : ئێمه‌ باسمان كردوه‌ كه‌ ریفراندۆم ته‌نیا بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیش بگرێته‌وه‌، به‌بێ به‌شداری ئه‌و ناوچانه‌ یه‌كێتی‌ ناچێته‌ ژێر باری ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمه‌وه‌، ئه‌وه‌ش پێویستی‌ به‌دۆزینه‌وه‌ی‌ میكانیزمی یاسایی هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ش ده‌بێت په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك‌و قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ میكانیزمێك بدۆزێته‌وه.

هه‌رێم، دوای داعش
له‌سه‌ر پرسی ئاماده‌باشیه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ دوای‌ داعش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: كورد هه‌موو كات ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی‌ عیراق، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری به‌عسیشدا، ئه‌ویش له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ میلله‌ته‌كه‌مان بووه‌، ئه‌وه‌ی‌  ئێستا ده‌یبینین حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ تۆمه‌تباره‌ به‌ پێشێلكردنی‌ ده‌ستوور، له‌نێویشیاندا جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ مادده‌ی‌ 140، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك كورد چۆن به‌شدارین له‌حكومه‌ت، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رپرسیاریه‌تیشمان له‌سه‌ر شانه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی كوردو حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی دوورپه‌رێز گرتووه‌ له‌ عیراق، چونكه‌ دوای‌ داعش پێویسته‌ كورد به‌هێزه‌وه‌ له‌به‌غدا بێت، گفتوگۆش مانای‌ ئه‌وه‌نییه‌ وه‌فدێكی‌ هه‌رێم بۆ سه‌عاتێك‌و دوو سه‌عات بچێته‌ به‌غدا، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رده‌وام ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفته‌كان، چونكه‌ گرفته‌كانمان پێویستییان به‌گفتوگۆو به‌دواداچوون هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ندێكیان به‌ به‌دواداچوون چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ئه‌و گفتوگۆیه‌ هه‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ به‌شێك بین له‌عیراق.

به‌ ئاشتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی كورد 
سه‌باره‌ت پارچه‌كانی‌ تر كوردستان وتی‌ : ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێ به‌ ئاشتی‌ پرسی كورد له‌توركیا چاره‌سه‌ربكرێ، له‌و پێناوه‌شدا یه‌كێتی‌ رۆڵی هه‌بووه‌و، هه‌روه‌ها له‌ ئاینده‌شدا ئاماده‌ین ئه‌و رۆڵه‌ ببینین، سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوا ئێه‌ پشتیوانیمان له‌و پارچه‌یه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌، ناكرێ  ئاسته‌نگیان بۆ دروستبكه‌ین‌و سنووریان له‌سه‌ر دابخه‌ین، پێویسته‌ له‌ جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست له‌كاروباری حزبه‌كانی‌ رۆژئاوا وه‌ربده‌ین، هه‌وڵبده‌ین هاوكاریان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن.

دۆخی‌ شنگال
له‌باره‌ی‌  ره‌وشی شنگال‌و كوردانی‌ ئێزدی پێی وابوو: ئێزدییه‌كان پێویستیان به‌هاوكاری‌و دڵنه‌وایی زیاتر هه‌یه‌، ئه‌وان  قوربانیی‌ زۆریاندا له‌ڕووداوه‌كانی‌ داعش، ئه‌وان له‌كاتی‌ هاتنی‌ تیرۆرستان خۆیان زۆر بێ پشت‌و په‌نا بینی، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك خه‌ڵكی‌ شنگال پشتی‌ به‌پێشمه‌رگه‌ قایم بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌...، برینی خه‌ڵكی شنگال‌و ئێزدیه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ژمارەیه‌كی‌ زۆریان لێ شه‌هید كرا، به‌ڵكو  پێویسته‌ كار بۆ رزگاركردنی‌ ده‌ست به‌سه‌ركراوه‌كان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانیان بكرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP