کوردەکانی میسر، کەسایەتی و کەسەکانیان
کوردەکانی میسر، کەسایەتی و کەسەکانیان ‌ 8/7/2017
قاهیره‌: ئیبراهیم محه‌مه‌د شه‌ریف
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

د. سالم ئه‌بو غه‌زاله‌ ئه‌لخوه‌یلدی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ خێڵه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ میسر له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌، زۆر خێزانی‌ میسری‌ هه‌ن كه‌ ره‌چه‌ڵكیان كورده‌‌و له‌ پارێزگا جیاجیاكانی‌ میسر به‌ ئاشتی‌‌و ئارامی‌ ده‌ژین‌و گیانی‌ هاوكارییان تێدایه‌ له‌گه‌ڵ براكانیاندا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ خاوه‌نی‌ مێژوویه‌كی‌ سه‌ربه‌رزن‌و گه‌لێكی‌ دێرینن، كه‌ خاوه‌نی‌ ره‌سه‌نایه‌تی‌‌و مێژووی‌ خۆیانن‌و چالاكانه‌ به‌شدارییان له‌ شۆڕش‌و راپه‌ڕینه‌ عه‌ره‌بی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا كردووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ شام. د. سالم وتی‌: له‌م قسانه‌دا ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌ كوڕه‌ كورده‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ مایه‌ی‌ شكۆیه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب‌و ئیسلامیش‌و فاتیحی‌ فه‌له‌ستین‌و قودسه‌‌و خاوه‌نی‌ چه‌ندان سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یه‌، به‌ راستی‌ هه‌ست به‌ شكۆ‌و شانازی‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌ واته‌ سه‌لاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ رۆڵه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب‌و ئیسلام‌و كوردیشه‌.
سه‌یر نییه‌ كه‌ كورد ده‌ستێكی‌ باڵای‌ هه‌بێت له‌ میسردا، چونكه‌ چه‌ندان خێزان هه‌ن كه‌ نه‌وه‌ی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ ئه‌یوبین‌و كه‌سایه‌تی‌ زۆر ناودارن‌و هه‌موویان به‌شدارییان كردووه‌ له‌ رابوونی‌ عه‌ره‌بی‌‌و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی‌ كه‌لتووری‌ عه‌ره‌ب، جا له‌ رووی‌ رۆشنبیرییه‌وه‌ بێت، یان له‌ رووی‌ زانستی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و هونه‌رییه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ی‌ سه‌رنجی‌ راكێشام‌و زۆر پێم سه‌یر بوو، ئه‌وه‌ بوو كه‌ زانیم كۆچكردوو شێخ باست عه‌بدولسه‌مه‌د-یش كورد بووه‌، خۆشحاڵ بووم كاتێك بیستم ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌ فریشته‌ییه‌ له‌ ناو برا كورده‌كانه‌وه‌ هاتووه‌.

هاوكاری‌‌و هه‌ستی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان كورد‌و عه‌ره‌بدا
سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری‌‌و هه‌ستی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان خێڵه‌ میسرییه‌كان‌و عه‌ره‌به‌كان‌و خێزانه‌ كورده‌كاندا د. سالم ئه‌بو غه‌زاله‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ خێزانه‌ كورده‌كان له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌ خۆیاندا كه‌سایه‌تی‌ گرنگیان تێدایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گومانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ چه‌ندلایه‌نه‌‌و هاوكاری‌ هه‌بێت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌رگیز هه‌ستمان نه‌كردووه‌ كه‌ برا كورده‌كان نامۆ بن به‌ گه‌لی‌ میسر، به‌ڵكو ئه‌وان به‌شێكن له‌ پێكهاته‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ میسر، نموونه‌ش بۆ راستی‌ قسه‌كانم شێخ عه‌بدولباست عه‌بدولسه‌مه‌دی‌ خوالێخۆشبووه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌یه‌‌و كوردیشه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ میسر، یان عه‌لی‌ به‌ردخان-ی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌، كه‌ خزمه‌تێكی‌ زۆری‌ به‌ بواری‌ سینه‌ما كردووه‌‌و زۆر پۆست‌و پله‌‌و پایه‌شی‌ هه‌بووه‌، ئێمه‌ هه‌ست ناكه‌ین كورد بێت ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵی‌ پێكهاته‌ی‌ میسر بووه‌، به‌ڵام كوردیشه‌‌و شانازی‌ به‌ ره‌چه‌ڵكی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كات. هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند مه‌حمود ملێجی‌ به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی‌‌و شێخ محه‌مه‌د عه‌بده‌ به‌ شۆڕشه‌كانی‌‌و كتێب‌و نووسینه‌كانی‌ له‌ بواری‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ ئیسلامدا، هه‌رگیز هه‌ستمان نه‌كردووه‌ ئه‌مانه‌ میسری‌ نین‌و نامۆ بن به‌ گه‌لی‌ ئێمه‌، كه‌واته‌ ئه‌وان‌و زۆری‌ تریش برای‌ ئێمه‌ن‌و هه‌مان هه‌ستی‌ نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت كوردی‌ گونده‌كانی‌ میسر وه‌ك وتم به‌ ئاشتی‌‌و ئارامی‌ ده‌ژین‌و هاوكاری‌ برا میسرییه‌كانیانن، هیچ كاتێك هه‌ستیان به‌ جیاوازی‌‌و جیاكاری‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو تێكه‌ڵی‌ هه‌موو گه‌لی‌ میسر بوون‌و دۆستایه‌تیان به‌هێز بووه‌‌و رێزی ته‌واویان لێ گیراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ په‌راوێز بخرێن‌و به‌ دڵ‌و به‌ گیان ئه‌و هه‌ستی‌ تێكه‌ڵبوونه‌ له‌ نێوانماندا هه‌یه‌.

ده‌رگای‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ كورده‌كان له‌سه‌ر پشته‌
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بی‌‌و میسرییه‌كان، د. ساڵم ئه‌بو غه‌زاله‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌م ئه‌جومه‌نه‌ به‌ ره‌سمی‌ دامه‌زراوه‌‌و مۆڵه‌تی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی‌ بۆ وه‌رگیراوه‌، ئامانج‌و رێبازه‌كه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ ناو میسره‌ له‌ ده‌وری‌ یه‌كتر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌ست له‌ناو ده‌ست هاوكاری‌ سوپای‌ نیشتمانی‌‌و هێزی‌ ناوخۆی‌ نیشتمانی‌ بن له‌ پاراستنی‌ سنووره‌كانی‌ وڵات له‌ خۆر ئاواوه‌ بێت، یان له‌ خۆرهه‌ڵات‌و  باكوور‌و باشووره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ رۆڵی‌ باشی‌ ده‌بێت له‌ مێژوودا.
له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكماندا له‌ باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ روودانی‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك‌و دروست بوونی‌ گیر‌وگرفت بۆ خێزانه‌ كورده‌كان، داخۆ هیچ هاوكارییه‌كیان ده‌كرێت؟ د. ساڵم ئه‌بو غه‌زاله‌ وتی‌: سه‌رنجت بۆ ئه‌وه‌ راده‌كێشم كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بێت له‌ ئاشته‌وایی‌و لێك نزیك كردنه‌وه‌ی‌ هۆز‌و تیره‌كان‌و چاره‌سه‌ری‌ هه‌ر ناكۆكییه‌كی‌ عه‌شایه‌ری‌، یان تاكه‌كه‌سی‌، مێژووش شاهیده‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌ رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌ پێكهێنانه‌وه‌یان‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، نموونه‌ش زۆره‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، له‌وانه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پارێزگای‌ ئه‌سوان رووی‌ دا، له‌و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌دا كه‌ شه‌ڕو ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوو هۆزی‌ به‌نی‌ هیلال‌و نۆبه‌-دا بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ 26 كه‌س‌و بریندار بوونی‌ 40 كه‌سی‌ تر، ئه‌وه‌بوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌مان به‌ هاوكاری‌ لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كان ئاشته‌وایی له‌ نێوانیاندا به‌دی‌ هێنا‌و كێشه‌كانی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ رێز‌و دۆستانه‌ چاره‌سه‌ر كرد. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ خێزانه‌ كورده‌كان ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ كێشه‌یه‌كیان بۆ پێش هات، ئه‌وا ده‌رگای‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر پشته‌‌و به‌وپه‌ڕی‌ رێزه‌وه‌ پێشوازییان لێ ده‌كرێت، گوێیان لێ ده‌گیرێت تا كێشه‌كانی‌ خۆیان باس بكه‌ن، جا له‌ نێوان خۆیاندا بێت یان له‌ نێوان ئه‌وان‌و كه‌سانی‌ تردا بێت، ئه‌نجومه‌ن هه‌وڵ ده‌دات لایه‌نی‌ هه‌ق بگرێت‌و دادپه‌روه‌رانه‌ كێشه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌‌و ئاشتی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ له‌ ناو خه‌ڵكدا بڵاو بكاته‌وه‌، پشت به‌ خوا له‌ ئاستی‌ چاوه‌ڕوانی‌ كورده‌كاندا ده‌بین له‌ میسر بێت یان له‌ عیراق، یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی‌ تر.

پرۆتۆكۆلی‌ هاریكاریی له‌ نێوان هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان‌و هۆزه‌ كورده‌كاندا
له‌ باره‌ی‌ پرۆتۆكۆلی‌ هاریكاری‌ له‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ میسر‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا د. ساڵم وتی‌: خۆتان ده‌زانن ئێمه‌ پرۆتۆكۆلی‌ هاریكاریمان له‌گه‌ڵ زۆر له‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان‌و میسرییه‌كانیش ئیمزا كردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر هۆزێك لێره‌ له‌ میسر ده‌ژی‌، چونكه‌ ئه‌وان كه‌سانی‌ باڵاو سه‌رۆكی‌ به‌ڕێزیان له‌ میسردا هه‌یه‌، هه‌ر هۆزێكیش كه‌ دێته‌ پاڵ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ ئیمزا ده‌كات، پاشان ده‌ست به‌ تۆمار كردنی‌ ئه‌ندامه‌كان ده‌كرێت، ئێمه‌ تۆماری‌ تایبه‌ت به‌ یه‌ك به‌ یه‌كی‌ ئه‌ندامانی‌ هۆزه‌كه‌مان لایه‌‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌‌و هه‌ر به‌ ره‌سمیش ناسنامه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ین. لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئێمه‌ چاوی‌ نیشتمانی‌ گه‌وره‌ین، هیوادارین دیپلۆماسیی میللی‌ ببێته‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌‌و یه‌كه‌م بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌، مه‌به‌ستم پێك گه‌یشتنی‌ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌ به‌ هۆزه‌ كورده‌كانی‌ عیراق، ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ش ده‌خه‌مه‌ ئه‌ستۆی‌ تۆ بۆ گه‌یاندنی‌ په‌یامه‌كه‌م به‌ گه‌لی‌ كوردی‌ برا، پێیان ده‌ڵێم ئێوه‌ له‌ دڵماندان، ئاماده‌ین پرۆتۆكۆلی‌ هاریكاری‌ هاوبه‌شتان له‌گه‌ڵ ئیمزا بكه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ر هۆزێك یان هۆزه‌ كوردییه‌كاندا، پشت به‌ خوا هاریكارییه‌ك ده‌بێت خێر‌و خۆشی‌‌و پێشكه‌وتنی‌ بۆ هه‌ردوو كه‌لی‌ میسر‌و كوردیش تێدا ده‌بێت.

سه‌ركردایه‌تی‌ میسر پشتیوانی‌ له‌ دۆزی‌ كورد ده‌كات
سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی‌ له‌ دۆزی‌ كورد‌و خه‌باتی‌ نیشتمانیی گه‌لی‌ كورد د. ساڵم ئه‌بو غه‌زاله‌ وتی‌: وه‌ك ده‌زانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆماری‌ میسر‌و گه‌لی‌ میسریش له‌گه‌ڵ دۆزی‌ كوردن، من هه‌ڵوێستێكی‌ مرۆڤدۆستانه‌ی‌ عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی‌-تان بیر ده‌خه‌مه‌وه‌، كاتێك لێره‌ له‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ قاهیره‌ پێشوازی‌ له‌ نادیه‌ مورادی‌ كچه‌ كورد كرد، ئه‌و كچه‌ی‌ ده‌ستی‌ غه‌در‌و خیانه‌تی‌ تیرۆریستانی‌ داعش گه‌یشته‌ خۆی‌‌و خشكه‌ ئێزدییه‌كانی‌ تری‌، هه‌ڵوێستی‌ سه‌رۆك ئه‌لسیسی‌ مرۆڤدۆستانه‌‌و شكۆمه‌ندانه‌ بوو، چونكه‌ دیداری‌ سه‌رۆك ئاماژه‌ی‌ زۆری‌ مه‌عنه‌وی‌ تێدا بوو، بۆ ئه‌ویش‌و بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان‌و كورده‌كانیش كه‌ رووبه‌ڕووی‌ دڕندانه‌ترین هێرشی‌ تیرۆریستان بوونه‌وه‌. دیارترین ئاماژه‌ی‌ مه‌عنه‌وی‌ ئه‌و دیداره‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ سه‌رۆك عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی‌ به‌ كوردی‌ وت، میسر باوه‌ش بۆ عه‌ره‌ب ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك هاووڵاتیانی‌ خۆی‌ پێشوازی‌ له‌ عیراقییه‌كان ده‌كات له‌ قاهیره‌، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ میسر هه‌موو جۆره‌ تیرۆر‌و تاوانێكی‌ رێكخراوی‌ داعش كه‌ به‌ ناوه‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلامه‌وه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات ئیدانه‌ ده‌كات. پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئیسلام له‌و كرده‌وانه‌ بێبه‌رییه‌‌و به‌های‌ به‌زه‌یی‌و لێبورده‌یی قبوڵ كردنی‌ ئه‌وی‌ دی‌ به‌رز ده‌نرخێنێت. هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ میسر له‌ پشت گه‌لی‌ عیراقه‌‌و به‌ په‌رۆشه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنی‌ هه‌موو جۆره‌ پشتیوانییه‌ك. سه‌رۆكی‌ میسر ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ شارستانیه‌تی‌ ئیسلامی‌ هاووڵاتیانی‌ له‌ هه‌موو ئایین‌و ره‌گه‌زێك قبوڵ كردووه‌، به‌شداریشیانی‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ ژیاندا به‌رز نرخاندووه‌‌و پشتی‌ به‌ ژیره‌كانیان به‌ستووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نموونه‌یه‌كی‌ مرۆڤانه‌‌و واقیعیانه‌ی‌ پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان هه‌موو ئایین‌و ئۆل‌و ره‌گه‌زێكدا پێشكه‌ش بكات.
د. سالم ئه‌بو غه‌زاله‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كورد‌و میسرییه‌كان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ردوولا پته‌وتر بكرێت، به‌ هه‌ردوو ئاراسته‌ ره‌سمییه‌كه‌ی‌‌و میلله‌كه‌شیدا، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بچینه‌ ماڵیان، وه‌ك چۆن ئه‌وان هاتوونه‌ ماڵمان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پردی‌ په‌یوه‌ندی‌ هاریكاری‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ داهاتووش دابمه‌زرێنین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP