بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، پڕۆژەیەكی ستراتیجیمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە
د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم: بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، پڕۆژەیەكی ستراتیجیمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە ‌ 30/8/2017
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: لەپێناو رووبەڕووبونەوەی زیاتری گەندەڵی‌و سوود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتان، ئێستا پڕۆژەیەكی ستراتجیان راگەیاندووەو پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە.
ئاماژە بەوەشدەكات: بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، هەرێمی كوردستان لەڕووی سەروەری یاساو دامەزراوەییەكان دەچێتە قۆناغێكی تر. لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان تیشكدەخانە سەر كارو چاڵاكیەكانی دەستەكەو پەیوەندییان لەگەڵ داموو دەزگاكانی دیكە لەهەرێم‌و ئەو ئاستەنگانەی كە دێنە بەردەم كارەكانیان.
سازدانی: تەها عەبدوڵڵا - هەولێر
* لەچەند رۆژی رابردوودا پڕۆژەیەكی ستراتجیتان راگەیاند، مەبەستتان لەو پڕۆژەیە چیە؟
- پڕۆژەیەكە زیاتر لەدوو ساڵە لەلایەن دەستەی دەستپاكی كوردستان وەك ئەركێكی یاسایی خۆی بەهاوكاری دەزگای ( وێست مێنستەرwfd)ی بەریتانی كاری لەسەر كردووە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی پڕۆژەكە پێكهێنراوەو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە، بۆئەوەی ئەوانیش پێداچوونەوەی بۆ بكەن، دواتر لەكۆبوونەوەی مانگی پێنجی ئەمساڵی ئەنجومەنی وەزیران ستراتیجیەكە پەسەندكراو لەوەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە، ئامانج لەو پڕۆژەیە كە لەحەوت سێكەتەری بنەڕتی پێكدێت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیە، بۆ ئەمەش هەوڵدەرێ ژمارەیەك وۆرگشۆپ‌و سمینار لەسەر سێكتەرەكانی پڕۆژەكە ئەنجام بدەین، بۆئەوەی سەرجەم چین‌و توێژەكان لەڕێگای خستنەڕووی سەرنج‌و پێشنیارەكانیان بەشداربن لەپلانی جێبەجێكردنی ستراتیجەكە، ئێمە پێمانوایە ستراتیجیەتی دژایەتی گەندەڵی نیشانەی ئەوەیە دەمانەوێ بەشێوەیەكی زانستی دژایەتی گەندەڵی بكات، بەڵام گرنگتر لەنووسینەوەی ستراتجیەكە، جێبەجێكردنی خاڵەكانێتی، لەو پڕۆژەیە هەموو ئەو هۆكارانە دەستنیشان دەكات كە دەبنە هۆی گەندەڵی، دواتر چارەسەریەكانیشی دەستنیشان كردوە، بەڵام كاتی پێویستە. بۆیە ماوەی پێنج ساڵمان بۆ داناوە، ئەوكات ئەگەر بەشێكی جێبەجێبكرێ، بەدڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان لەڕووی سەروەری یاساو دامەزراوەیەكان دەچێتە قۆناغێكی ترەوە.

* بۆ ئەو پڕۆژەیە تا چەند سوودتان لە ئەزموونی وڵاتان وەرگرتووە؟
- كاتێك ستراتیجێك دەنووسیەوە یەكەم شت دەبێت خۆماڵی بێت، چونكە هەر وڵاتێك‌و هەرێمێك خۆی دەزانی كێشەكانی خۆی چییەو چۆن دەتوانێ چارەسەریان بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سوود لەئەزموونی وڵاتان وەربگرێت، چونكە هەندێك لەوڵاتان بەو پڕۆسەیە تێپەڕیون‌و ئەزموونیان هەیە، بۆیە ئێمەش هەوڵماندا سوود لەئەزمونی وڵاتان وەربگرین، بۆئەمەش لەڕابردوو وەفدێكی دەستەی دەستپاكی عیراق‌و هەرێم سەردانی وڵاتی ئیندۆنوسیامان كرد كە یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەزموونی باشیان لە دژایەتی گەندەڵیدا هەیە، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ستراتیجیەكەمان كراوە، چونكە لەگەڵ ئەوەی دەبێت خۆماڵی بێت، هاوكات دەبێت بگونجێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكاندا.

* بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیجە، تا چەند گرنگ بارودۆخی هەرێم لەڕووی سیاسی‌و یاساییەوە سەقامگیربێت؟
- رەوشی دژایەتی گەندەڵی پێویستی بە رەوشێكی سیاسی ئارام هەیەو دامودەزگا رەسمیەكانی هەرێم لەبارودۆخێكی ئاساییدا بن، كە بەداخەوە لەسێ ساڵی رابردوودا وەكو پێویست نییە، وەك كێشە سیاسییەكان‌و رەوشی ئابووری‌و شەڕی تیرۆرستانی داعش، لەهەمووشی گرنگتر بۆ جێبەجێكردنی ستراتجییەكی لەو جۆرە، پێویستی بە كۆدەنگی نیشتیمانی هەیەو پێویستە لایەنە سیاسییەكان جۆرە تەوافقێكیان هەبێت لەسەر دژایەتی گەندەڵی، هاوكات پاڵپشتی مێدیاو جەماوەری‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی گرنگە، چونكە لەڕابردوو جۆرە بێ متمانەیەك لەنێوان جەماوەرو دامەزراوە رەسمیەكانی حكومەتدا هەبووە، ئەمەش پێویستی بەكار هەیە، بۆئەوەی جارێكی تر ئەو متمانەیە بگێڕینەوە.

* بۆ جێبەجێكردنی پێویستان بە بودجەی زیاتر دەبێت، واتا قەیرانی دارایی نابێتە ئاستەنگ؟
- ئێستا پێویستمان بە بودجەیەكی ئەوتۆ نابێت، چونكە زۆربەری خەرجیەكان لەسەر دەزگای (وێست مێنستەرwfd)ی بەریتانیە، كارەكانیش زیاتر وۆرگشۆپ‌و سمینارە، بەڵام رەنگە لەداهاتوودا پێویست بكات حكومەت بودجەی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە دابین بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانیە بودجەیەكی زۆر بێت‌و لەو بڕوایەداین حكومەت دەتوانێ دابینی بكات.

* جگە لەو ستراتجیە، كارەكانی ئێوە لەچوار ساڵی رابردوودا لە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی چۆن بەڕێوەچووە؟
- كاتێك قسە لەسەر چوار ساڵ دەكرێ، دەبێ باس لەوە بكەین كە دامەزراندنی دەستەی دەستپاكی تازە كارێكی قورس بوو، چونكە هەرێمی كوردستان پێشینەیەكی لەكاركردن لەبواری دژایەتی گەندەڵی نەبوو یان هەشبێت كەمبوو، دواتر كارمەندو شارەزایی ئەو بوارە لەهەرێم ئێكجار كەمبوو، بۆیە بەگوێرەی ستانداردی جیهانی بۆ دامەزراندنی دەزگایەكی وەك دەستەی دەسپاكی پێویستت بەدوو ساڵ دەبێت، بەڵام كاتێك ئێمە لەسەرەتای 2014 دەستمان بەكار كرد، هەرێمی كوردستان توشی چەندین كێشەی دارایی‌و سیاسی‌و شەڕی داعش بۆوە، لەبەر ئەم هۆكارانە تائێستاش تەنانەت ناتوانین بڵێین تەواوی بەشەكانی دەستەكەمان دامەزراندوە، چونكە تەنیا لەشارەكانی دهۆك‌و سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەمان هەیە لەقەزا گەورەكان‌و ئیدارە سەربەخۆكان نەتوانراوە ئۆفیس بكەینەوە، هەروەها ژمارەیەكی كەممان لە لێكۆلەر هەیە كە (19 - 21) كەس دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا بەلایەنی كەم لەم قۆناغەی كوردستان پێویستمان بە سەرووی 100 لێكۆلەری دەستپاكی هەیە، بۆئەوەی بتوانێ لەهەموو قەزاو ناحیەكانیش كاربكات، لەگەڵ ئەوانەشدا هەرچەندە پێویستە دەزگاو لایەنی تر هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی دەستەی دەسپاكی بكەن، ئەویش بەستانداردی جیهانی، بەڵام ئێمە ساڵانە شەش مانگ جارێك راپۆرت بڵاودەكەینەوە، توانراوە لەو ماوەیەدا سەرەتایەك بۆ دژایەتی گەندەڵی دابمەزرێنین، بۆ نموونە لەبواری لێكۆڵینەوە لەسەرووی 400 دۆسێ كراوە، بەڵام بابەتی گەندڵی تەنیا لەدەست دەستەكەی ئێمەدا نییە، چونكە ئێمە كۆمەڵێك هاوبەشمان هەیە، لەوانە دەسەڵاتی دادوەری‌و دیوانی چاودێری دارایی‌و داواكاری گشتی، هەموو ئەو دەزگایانەش خۆیان كۆمەڵێك كێشەیان هەیە، بەگشتی ئێمە لەڕاپۆرتەكانی خۆمان دەستنیشانی خاڵە لاوازو بەهێزەكانی دەستەكەمان كردووە.

* یەكێك لەكارەكانی دەستەی دەسپاكی، ئاشكراكردنی سامانی بەرپرسانە، لەو بوارە چی كراوە؟
- یەكێك لەڕێكارە خۆپارێزیەكان بۆ دژایەتی گەندەڵی دەركردنی رێنمایی بۆ ئاشكراكردنی سەروەت‌و سامانی بەرپرسانە، ئەمەش لایەنێكی زۆر گرنگە لەوڵاتان‌و زۆر زیاتر لە دۆسێكانی گەندەڵی بایەخی پێ دەدەن، چونكە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو شوێنەوارەی كە گومانی ئەوەی لێدەكرێ گەندەڵی دروست بكات، بۆئەمەش ئێمە لەساڵی یەكەمی كارەكانمان دەستمان بەدابەشكردنی فۆرمی تایبەت بەسەر بەرپرسان لەهەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم‌و جێگرەكانیان كرد، خۆشبەختانە لەسەرووی (90%)ی فۆرمەكانمان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمەش سەركەوتنێكی باش بوو بۆ دەستەی دەستپاكی، لەهەمان كاتدا نیشانەیەكی باشە كە بەرپرسە باڵاكانی هەرێم پابەندن بە یاسا، دواتر وردبینی لەدۆسێكان دەكرێت، ئەوانەشی فۆڕم پڕ دەكەنەوە مانای ئەوە نییە تۆمەتباربن، بەڵكو تەنیا گرتنەبەری رێوشوێنێكی خۆپارێزییە. گرنگی ئەو پڕۆسەیەش لەوەدایە رەنگە لە 10 ساڵی داهاتوودا خەزێنەیەكی گەورە لەسەر هەموو ئەو بەرپرسانە كۆبێتەوە كە لەهەرێم پۆستیان هەیەو بەمەش دەتوانرێ كاری باشتری لەسەر بكرێت.

* پێشتر باس لەوە دەكرا كارەكانی دەستەی دەستپاكی جۆرە تێكەڵییەكە لەگەڵ چەند دەزگایەكی تر، وەك چاودێری دارایی‌و داواكاری گشتی‌و لیژنەی دەسپاكی پەرلەمان، ئێستا ئەوە روونبۆتەوە؟
- سەرەتای كارەكانمان پێمانباشبوو هاوكاری‌و هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم دەزگاكان هەبێت، بۆئەمەش ئەو هەنگاوە نراوەو كۆبوونەوەی بەردەوام لەنێوان ئێمەو ئەو دەزگایانە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵماندا ئەوە بڕەوێنینەوە كە ئێمە جێگرەوەی هیچ دەزگایەك نین یان دەسەڵاتیان كەم بكەینەوە، بۆیە ئێستا كێشەیەكی ئەوتۆ نییە لەنێوان ئەو دەزگایانەو جۆری كارەكان دیاریكراوە، هاوكات لەهەموو دنیا پڕۆسەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی تەنیا بە دەزگایەك ناكرێ، بەڵكو فرە دەزگای چاودێری هەیە، بۆ نموونە لەوڵاتێكی وەك میسر لەسەرووی 10 دەزگای لەو جۆرەیان هەیە، چونكە پرسی گەندەڵی پرسێكی گەورەیەو لەهەرێمی كوردستانیش پێویستی بە زیاتر لەدەزگایەكە، بۆئەوەی كار لەسەر ئەو پرسە بكات، بەڵام لەگەل ئەوەشدا دەبێت چوارچێوەی كاركردن بۆ ئەو دەزگایانە هەبێت‌و دەست لەكاروباری یەكتر وەرنەدەن‌و بەر یەك نەكەون.

* بەو پێیەی ئێوە سەر بە پەرلەمانن، پەكخستنی ئەو دەزگایە تاچەند كاریگەری لەسەر كارەكانتان كردووە؟
- دیارە پەرلەمان دوو ئەركی سەرەكی هەیە، ئەویش دەركردنی یاساو چاودێریكردنی دامودەزگاكانە، بێگومان بۆ ئێمەو سەرجەم دەزگاكانی پەرلەمان گرنگە، بۆ نموونە پێویستمان بە هەمواركردنی یاسا هەیە، هەروەها مەسەلەی چاودێریش گرنگە لەوانە لیژنەی دەستپاكی هەیە لە پەرلەمان دەتوانێت هاوكارمان بێت، بۆیە بوونی پەرلەمان بۆ ئێمەو حكومەت گرنگە، بەتایبەتی لەو پڕۆژە ستراتیجیەی باسمانكرد ئەگەر پەرلەمان لەكاربووایە باشتربوو پرس بەوانیش بكرێت، بەمەش زیاتر لایەنە یاساییەكەی بە هێزتر دەبوو.

* لەڕابردوودا مێدیا تاچەند هاوكارتان بووە بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی؟
- مێدیا ئەمرۆ لە كوردستان فراوان‌و گەشەی كردوە، رۆڵێكی گرنگ‌و گەورە دەبینێت لەژیانی خەڵك لەبەر ئەوە بەدڵنیاییەوە مێدیا دەتوانێ فشارێكی گەورە بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی‌و ئاشكراكردنی گەندەڵی لەدامو دەزگاكانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە كەموكوڕی لەو بوارەش هەبێت، بەڵام بەگشتی رۆڵیان بەباش هەڵدەسەنگێنرێ، پێویستە لەداهاتووش دەزگاكانی راگەیاندن تەنیا لەقۆناغی لێكۆڵینەوە كار لەسەر دۆسێكانی گەندەڵی لەگەڵمان نەبێت، بەڵكو لەقۆناغەكانی تریش بوونیان هەبێت، بۆئەمەش دانیشتنمان لەگەڵ زۆربەیان ئەنجامداوە. دەرگای دەستەی دەستپاكیش بۆ مێدیاكاران كراوەیەو هاوكاری هەموو دەزگاكانمان كردوە.

* جگە لەكەرتی گشتی، تا چەند كارتان لەسەر كەرتی تایبەت كردوە لە دۆسێكانی گەندەڵیدا؟
- دەستەی دەسپاكی زیاتر كاری لەسەر كەرتی گشتی كردووە، كەمتر كار لەسەر كەرتی تایبەت كراوە، هەرچەندە لەیاساكە باس لەكەرتی تایبەت دەكات، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەستە بەحكومەت، بۆ نمونە كەرتی تایبەت گرێبەستێكی هەیە لەگەڵ كەرتی حكومەت‌و پڕۆژەیەك جێبەجێدەكات، بەڵام وەكو وتم رەنگە تازەیی دەستەو كەمی كادیری لێكۆڵینەوەو چاودێر وایكردوە زیاتر تەركیز لەسەر كەرتی گشتی بكەین، چونكە زۆربەی بودجەو پڕۆژەكان لەكەرتی گشتیەوەیە، بەمەش گومانەكان وادەكات گەندەڵی زیاتر لەو كەرتە بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە كەرتی تایبەت گەندەڵی تێدا نییەو پێویست نییە كاری لەسەر بكرێ، بۆیە لەداهاتوودا بەرنامە هەیە لەسەر كەرتی تایبەتیش كار بكەین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP