بیریارێكی‌ ئیسرائیلی‌ بۆ PUKmedia: ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م به‌م زوانه‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ببینم
بیریارێكی‌ ئیسرائیلی‌ بۆ PUKmedia: ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م به‌م زوانه‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ببینم ‌ 15/9/2017
مه‌هدی‌ مه‌جید عه‌بدڵڵا له‌ برۆكسل ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ساز كردووه‌
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

ێدی‌ كۆهین بیریاری‌ ئیسرائیلی‌‌و مامۆستای‌ وانه‌بێژ له‌ زانكۆی‌ بار ئیلان-ی‌ ئیسرائیل‌و دامه‌زرێنه‌ری‌ رێكخراوی‌ فۆرۆم كیدم-ی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ مرۆڤ، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی‌‌و ئه‌كادیمییه‌كان كه‌ پشتیوانی‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورد ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێ كرد سه‌باره‌ت به‌ راپرسییه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌كه‌ی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

*ئێدی‌ كۆهین ناوێكی‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ عه‌ره‌ب‌و كوردیشدا، ده‌كرێ كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی‌ خۆتمان بۆ بكه‌یت‌و زیاتر خۆت بناسێنیت؟
-من جوله‌كه‌یه‌كی‌ ئیسرائیلیم، بڕوانامه‌ی‌ دوكتۆرام هه‌یه‌ له‌ زانستی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، له‌ لوبنان له‌ دایك بووم‌و هه‌ر له‌وێش ژیاوم تا ته‌مه‌نی‌ 19 ساڵی‌، دوای‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستی‌و كاری‌ رفاندن‌و كوشتنانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ جوله‌كه‌كانی‌ لوبنان كرا، لوبنانمان جێ هێشت‌و چووین بۆ ئیسرائیل، به‌ تایبه‌ت كه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و كاتی‌ لوبنان نه‌یتوانی‌ ژیان‌و سه‌لامه‌تی‌‌و شكۆمان بپارێزێت.

*ئێدی‌ كۆهین شه‌یدای‌ كوردو كوردستانه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و رسته‌یه‌یه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌كاونتی‌ خۆت له‌ ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نووسیبووت، هۆكاری‌ ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ قوڵه‌ی‌ تۆ بۆ كورد چییه‌؟
-په‌یوه‌ندی‌ به‌هێز له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی‌ ئیسرائیل‌و كورددا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ مێژووی‌ دوور‌و نزیك بكه‌ین، ده‌بینین له‌ ئیسپانیا‌و پورتوگال‌و ئه‌ڵمانیای‌ نازی‌‌و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش له‌ عیراق‌و میسر، جوله‌كه‌ كوژراون‌و ده‌ركراون‌و له‌ناو براون‌و موڵك‌و ماڵیان لێ دزراوه‌‌و زه‌وت كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ئازاره‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد تێده‌گه‌م‌و هه‌ستی‌ پێ ده‌كه‌م، كه‌ نزیكه‌ له‌ ئازاره‌كانی‌ ئێمه‌وه‌، ئێمه‌ی‌ جوله‌كه‌ خاكی‌ خۆمان سه‌نده‌وه‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ خۆمان دامه‌زراند، ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م به‌م زوانه‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیش ببینین‌و كورده‌كان تیایدا به‌ یه‌كتر شاد بنه‌وه‌.

*رێكخراوه‌كان (فۆرۆم كیدم) چۆن‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ چ بیرۆكه‌یه‌ك دامه‌زرا‌و رۆڵی‌ چی‌ بووه‌ له‌ پشتیوانی‌ كردنی‌ گه‌لانی‌ چه‌وساوه‌ به‌ گشتی‌‌و گه‌لی‌ كورد به‌ تایبه‌تی‌؟
-رێكخراوی‌ فۆرۆم كیدم-ی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ مرۆڤ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵ ده‌بێت دامه‌زراوه‌، گرنگترین ئامانجه‌كانی‌ قسه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی‌ عه‌ره‌ب به‌ زمانی‌ خۆیان كه‌ زمانی‌ عه‌ره‌بییه‌، هه‌روه‌ها ده‌ربڕینی‌ رای‌ جوله‌كه‌ بۆ راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌‌و گه‌یاندنی‌ راستییه‌كان به‌ تاكی‌ عه‌ره‌ب‌و لابردنی‌ سه‌رجه‌م درۆ هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان‌و راستییه‌ شێوێنراوه‌كان سه‌باره‌ت به‌ جوله‌كه‌، له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شتومه‌كانه‌ی‌ هی‌ جوله‌كه‌ن‌و له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان‌و ئه‌وروپاییه‌كانن. رێكخراوه‌كه‌مان گرنگی‌ داوه‌ به‌و تاوانه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌ ئێزدییه‌كان كراوه‌ له‌لایه‌ن داعش‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ تره‌وه‌‌و ئه‌و تاوانانه‌ی‌ ئاشكرا كردووه‌.

*چیرۆكی‌ كۆنگره‌ی‌ هێرتسیلیا كه‌ ساڵانه‌ ده‌به‌سترێ چییه‌؟
-ئه‌و كۆنگره‌یه‌ له‌ ساڵی‌ 2000وه‌ ساڵانه‌ ده‌به‌سترێ‌و تیایدا ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌‌و ئه‌كادیمی‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن‌و سه‌رجه‌م ئه‌و دۆسێیانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل‌و خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست باس ده‌كرێت. هه‌ر له‌م كۆنگره‌یه‌دا بارودۆخی‌ هه‌نوكه‌یی‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ ئیسرائیل‌و عه‌ره‌ب ده‌گوزه‌رێ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ، تا ئیسرائیل دوژمنانی‌ خۆی‌ باشتر‌و روونتر بناسێت.

*راگه‌یاندنه‌ عه‌ره‌بی‌‌و خۆرئاواییه‌كانیش باس له‌ پشتیوانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌، به‌ پێی‌ پێگه‌كه‌ت‌و نزیكیت له‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ بڕیار له‌ ئیسرائیله‌وه‌، ئه‌م زانیارییه‌ تا چه‌ند راسته‌؟
-به‌ڵێ، ئه‌وه‌ راسته‌‌و شاراوه‌ش نییه‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل سێ ساڵ له‌مه‌به‌ر پشتیوانی‌ خۆی‌‌و لایه‌نگری‌ خۆی‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ده‌ربڕی‌‌و شه‌قامی‌ ئیسرائیلی‌‌و ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌‌و رۆشنبیرانیش له‌ ئیسرائیل به‌ هه‌مان شێوه‌ پشتیوانی‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورد ده‌كه‌ن، ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانیش پشیتوانی‌ له‌ كورد بكه‌ن بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆیان.

*راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌رده‌وام ئه‌وه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل غه‌در له‌ كورد ده‌كات، هانیان ده‌دات‌و پاڵیان پێوه‌ ده‌نێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و دوای‌ سه‌ربه‌خۆییش پشتیان تێ ده‌كات. تۆ ده‌ڵێی‌ چی‌؟
-راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بی‌ راگه‌یاندنێكی‌ دووڕووه‌، په‌یوه‌ندی‌ دیپلۆماسی‌ له‌ نێوان ئیسرائیل‌و زۆربه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌یه‌، راگه‌یاندن باسی‌ ئه‌مه‌ ناكات‌و به‌ شتێكی‌ زۆر ئاسایی ده‌زانێت، به‌ڵام هه‌ر كه‌ باسی‌ په‌یوه‌ندی‌ كورد‌و ئیسرائیل بكرێت، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ درۆ‌و ده‌له‌سه‌‌و شێواندنی‌ راستییه‌كان‌و ترساندنی‌ كورد به‌وه‌ی‌ كه‌ ئیسرائیل غه‌دریان لێ ده‌كات‌و به‌ڵێنه‌كانی‌ جێبه‌جێ ناكات، به‌ڵام ئه‌م سیفه‌تانه‌ سیفه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عه‌ره‌ب خۆیانه‌‌و ده‌سته‌ چه‌وره‌كه‌ به‌ خه‌ڵكی‌ ده‌سڕن، ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكه‌ رێز له‌ به‌ڵێنی‌ خۆی‌ ده‌گرێت‌و به‌رامبه‌ر به‌ دۆسته‌كانیشی‌ به‌وه‌فایه‌.

*ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ كورد دامه‌زراو رووبه‌ڕووی‌ جه‌نگی‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و سه‌ربازی‌ بۆوه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ دراوسێی‌ وه‌ك توركیا‌و ئێرانه‌وه‌، ئیسرائیل ده‌چێت به‌ هانایه‌وه‌؟
-هیچ گومانم نییه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل یارمه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ده‌دات، ئه‌گه‌ر كوردستان رووبه‌ڕووی‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێته‌وه‌، جا هه‌ڕه‌شه‌كه‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، لۆبی‌ جوله‌كه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌مریكا‌و وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، ئه‌وانیش فشار دروست ده‌كه‌ن بۆ رێگرتن له‌ هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك له‌ كاروباری‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان.

*ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل دوای‌ ساڵانێكی‌ كه‌م له‌ دامه‌زراندنی‌ توانی‌ بگاته‌ ئاستی‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ رووی‌ سه‌ربازی‌‌و ئابووری‌‌و زانستییه‌وه‌، تۆ بڵێی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستانیش هه‌ر وابێت له‌ دوای‌ دامه‌زراندنی‌؟
-به‌ڵێ، كورد ده‌توانن دوای‌ سه‌ربه‌خۆیی وه‌كو ئیسرائیل بن، من وای‌ ده‌بینم هه‌مان رێچكه‌ی‌ ئیسرائیل بگرنه‌ به‌ر له‌وه‌دا كه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بواری‌ زانستیدا بكه‌ن‌و خوێندكاران بنێرن بۆ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو سوود له‌ ئه‌زموونه‌كانیان‌و پێشكه‌وتنه‌كانیان وه‌ربگرن، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێ كوردی‌ تاراوگه‌ش به‌شداریی له‌ بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا بكه‌ن‌و له‌ رووی‌ زانستی‌‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ بكه‌ن.

*ئیسرائیل باڵیۆز‌و نوێنه‌ری‌ دیپلۆماسی‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌یه‌، بۆچی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باڵیۆز‌و نوێنه‌ری‌ نییه‌؟
-له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌وه‌ ته‌مه‌ننا له‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل‌و به‌ تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیل ده‌كه‌م باڵیۆزی‌ ئیسرائیل له‌ كوردستان‌و له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی‌ كوردستانیش له‌ ته‌ل ئه‌بیب بكرێته‌وه‌. ئیسرائیل په‌یوه‌ندی‌ دیپلۆماسی‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌یه‌‌و ئاڵای‌ ئیسرائیل له‌سه‌ر پایته‌خته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه‌، بۆچی‌ بۆ ئه‌وان حه‌ڵاڵه‌‌و بۆ كورد حه‌رامه‌.

*ئامۆژگاری‌ ئێدی‌ كۆهین چییه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دژی‌ راپرسییه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌كه‌ی‌ كوردستانن؟
-ئامۆژگاریم ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌موو كوردێك له‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت، به‌وپه‌ڕی‌ په‌رۆش‌و به‌وپه‌ڕی‌ تواناوه‌ ده‌نگ بده‌ن، چونكه‌ رۆڵه‌كانیان‌و نه‌وه‌كانیان له‌ داهاتوودا به‌ شكۆمه‌ندی ده‌ژین. جگه‌ له‌وه‌ش كوردی‌ وڵاتانی‌ تریش گه‌رم دادێن‌و ئه‌وانیش سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نن، پێویسته‌ كورد له‌ هیچ شتێك سڵ نه‌كات‌و نه‌ترسێ.

*كورد به‌ حكومه‌ت‌و گه‌له‌كه‌شیه‌وه‌، پێویسته‌ چی‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ قه‌ناعه‌ت به‌ جیهان‌و به‌ تایبه‌ت وڵاته‌ گه‌وره‌كان بكه‌ن تا دان به‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یاندا بنێن له‌ دوای‌ دامه‌زراندنی‌؟
-بۆ ئه‌وه‌ی‌ وا بكه‌ن، ده‌بێ كورد بیسه‌لمێنێت كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان دیموكراسی‌‌و عیلمانی‌ ده‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دادپه‌روه‌ری‌‌و یه‌كسانی‌ له‌ نێوان سه‌رجه‌م ره‌نگه‌ جیاجیاكانی‌ گه‌لدا ده‌بێت‌و رێز له‌ مافی‌ كه‌مینه‌كان‌و تایه‌فه‌كانی‌ تریش ده‌گرێت، ئه‌و كاته‌ هه‌موو وڵاتانی‌ جیهان دان به‌ مافی‌ كورد‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یاندا ده‌نێن.

*به‌م زوانه‌ له‌ كوردستان چاومان به‌ ئێدی‌ كۆهین ده‌كه‌وێت؟
ته‌مه‌نا ده‌كه‌م سه‌ردانی‌  ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان بكه‌م، ئه‌مه‌ وه‌كو خه‌ون وایه‌ كه‌ ده‌مه‌وێ جێبه‌جێ بكه‌م، بێگۆمان ئه‌گه‌ر بانگهێشتی‌ ره‌سمیم پێ بگات، یه‌ك چركه‌ش دوودڵیی ناكه‌م‌و بێ سێودوو سه‌ردانی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زنه‌‌و ئه‌و گه‌له‌ مه‌زنه‌ ده‌كه‌م، قسه‌ی‌ من بۆ كورد ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵه‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ گوێی‌ كوردیدا داوه‌، جگه‌ له‌ درۆ‌و ده‌له‌سه‌‌و قسه‌ی‌ بێمانا هیچی‌ تر نییه‌، چونكه‌ جوله‌كه‌ نه‌وه‌ی‌ مه‌یمون‌و به‌راز نییه‌‌و ئیسرائیلیش ده‌وڵه‌تێكی‌ چه‌وسێنه‌ر نییه‌، یان ده‌وڵه‌تێك نییه‌ حه‌ز به‌ شه‌ڕ بكات‌و ده‌ستدرێژی‌ بكاته‌ سه‌ر وڵاتانی‌ تر، به‌ڵكو ئیسرائیل ده‌ستی‌ ئاشتی‌ بۆ هه‌موان درێژ ده‌كات‌و پێشوازی‌ له‌ ئاشتی‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌موان.

*قسه‌یه‌ك ماوه‌، كه‌ باسمان نه‌كردبێ‌و خۆت حه‌ز بكه‌یت بۆ ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ زیاد بكه‌یت؟
دواهه‌مین شت كه‌ ده‌مه‌وێ بیڵێم، سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌‌و ئه‌و شه‌هیده‌ كوردانه‌ی‌ گیانی‌ خۆیان به‌خشی‌ له‌ پێناو پاراستنی‌ شكۆی‌ گه‌لی‌ كورد‌و ته‌مه‌ننا له‌ به‌رپرسانی‌ كوردیش ده‌كه‌م ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان رابگه‌یه‌نن له‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ راپرسییه‌كه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ جوله‌كه‌ له‌ ساڵی‌ 1948دا كردی‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP