له‌ ٧٥% ی‌ ئالوودەبووان بە هۆی هاوڕێوه‌ پەنایان بۆ بەکارهێنانی  مادده‌ی هۆشگۆڕ بردووه‌
د. ئازاد عه‌لی ئیسماعیل ـ سه‌رۆكی به‌شی كڵینیكه‌ڵ له‌ زانكۆی كۆیه‌: له‌ ٧٥% ی‌ ئالوودەبووان بە هۆی هاوڕێوه‌ پەنایان بۆ بەکارهێنانی مادده‌ی هۆشگۆڕ بردووه‌ ‌ 22/9/2017
ئازاد جه‌لال
د. ئازاد عه‌لی ئیسماعیل  نامەی دکتۆراکەی لەسەر پرۆگرامی چارەسەری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بووه‌  له‌م دیداره‌ی كوردستانی نوێدا ئاماژه‌ به‌ دۆخی  ئالووده‌بووان به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌دات. به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ به‌كارهێنانی  زاراوه‌ی مادده‌ی هۆشگۆڕ ڕاستتره‌ له‌ هۆشبه‌ر، چونكه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر ته‌رجه‌مه‌ی وشه‌ی «مخدرات»ه‌،  هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م مادانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خێزان‌و كۆمه‌ڵ هه‌یه. 


+ ئه‌و ئامارانه‌ی ده‌رباره‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ كوردستان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ بۆچوونی تۆ جێگه‌ی مه‌ترسیه‌، بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، كه‌ ژماره‌ی دانیشیتوانی زۆربووه‌ و زیاتر كراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌. 
ـ بەڵێ بوونی کێشەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشگۆڕ، کە دروستترە لە زاراوەی هۆشبەر، لە هەر شوێنێکدا مایەی مەترسییە. لەبەر دوو هۆی سەرەکی:
یەکەم: سروشتی ئەم کێشەیە ئەوەیە لە زیادبووندایە وەک خانە شێرپەنجەییەکان وایە،  
دووەم: سروشتی جوگرافی کوردستان کە نزیکە لە ناوچەی (مانگی زێڕین) کە ئەفغانستان و پاکستان و ئیران دەگرێتەوە و یەکێکن لە بەرهەمهێنەکانی ماددەی ئەفیون لە جیهاندا، لە هەمان کاتیشدا، پاسەوانی سنوور لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیراندا لاوازە کە بوار بە بازرگانانی ئەم جۆرە ماددانە دەدات بە ئاسانی ئەم بەر و ئەو بەر بکەن.  
+ ماده‌ی هۆشبه‌ر چی ده‌گرێته‌وه؟  
وەڵام: ماددەی هۆشبەر هەر ماددەیەک دەگرێتەوە، بێجگە لە خواردن و ئاو، کە مرۆڤ دەیخاتە ناو لەشیەوە و بە هۆیەوە فەرمانەکانی مێشکی کەسەکە گۆڕانی بەسەردا دێت. ئیمە بە هەڵە وشەی ماددەی هۆشبەر بەکاردێنێن، ماددەی هۆشبەر تەرجەمەی عەرەبی وشەی (المخدرات)تە، کە ئەمەش تەرجەمەی وشەی (Narcotics)ە، کە ئەمەیان جۆرێکن لە ماددەکان کە هەستی خاوبوونەوە و خەوتن و ئیسراحەت بە کەسەکە دەدەن. هەندێ ماددەی تر بە تەواوی کاریگەری پێچەوانەیان هەیە، واتە وروژێنەرن! بۆیە هەڵەیەکی زانستییە کە وشەی ماددەی هۆشبەر بۆ هەموو ئەم ماددە جیاجیانە بەکاربێت. من زاراوەی (هۆشگۆڕ) م پێ دروستترە، چونکە لە هەموو حاڵەتەکاندا، گشت ماددەکان، گۆڕانکاری لە ئاستی هۆشیاری کەسەکە دەکەن.
ماددە هۆشگۆڕەکان، بە پێی کاریگەریان لەسەر مێشک، دابەش دەکرێن بۆ: هۆشبەرەکان کە مێشک خاو دەکەنەوە، وروژێنەرەکان کە مێشک چالاک دەکەنەوە، ئەو ماددانەی کە هەلوەسە دروستکەرن، ئەوە ماددانەی کە هەڵدەمژرێن. هەندێ ماددەی تریش هەن کە لە بنەڕەتدا دەرمانن، بەڵام خراپ بە کار دەهێنرێن لە چەند ڕوویەکەوە.
+بۆچی تاک پەنا بۆ ئەم ماددانە دەبات؟
ـ پێویستە پرسیارەکە ڕوونتر بکەینەوە: بۆچی تاک بۆ یەکەمجار پەنا بۆ ئەم ماددانە دەبات؟ بۆچی پێیانەوە ئالوودە دەبێت، 
ـ سەبارەت بە بۆچی تاک بۆ یەکەمجار ئەم ماددانە بەکاردێنێت، چەند هۆکارێک هەن کە گرنگترینیان: فشاری هاوڕێیان و تاقیکردنەوەیە. 
لە تۆژینەوەکەم لەسەر ئالوودەبووان بەم ماددەیە، پێش نزیکەی پازدە ساڵ، نزیکەی ٧٥% لە ئالوودەبووان گوتیان بە هۆی فشاری هاوڕێیان پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئەم ماددەیە بردووە لە یەکەمجاردا. 
بەڵام بۆچی تاک بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی ئەم ماددانە  پێیانەوە ئالوودە دەبێت، کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەن.  هەن وەک: خۆچارەسەرکردن واتە Self-Medication کە تاک بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی، چ جەستەیی و چ دەروونی بێت، پەنا بۆ ئەم ماددانە دەبات. هۆکاری تریش هەن کە پەیوەندییان بە بۆشایی ڕوحی هەیە لە ژیانی ئەم جۆرە کەسانە، پەنا بردن بۆ ئەم ماددانە بۆ پڕ کردنەوەی ئەم جۆرە بۆشاییە، بۆیە یەکێک لە پسپۆرە فەرەنسیەکان پێش چل ساڵێک گوتی: تلیاک ئایینی گەلانە، پێچەوانەی وتەکەی کارل مارکس.
+ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنه‌رانی ناكرێت، به‌ بڕوای تۆ ئه‌مانه‌ قوربانین، یان تاوانبارن؟
ـ وڵاتانی جیهان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشگۆڕەکان بە تاوان لەقەڵەم دەدەن. لەسەر ئەمە ڕێککەوتوون. بەڵام ئایا کەسی بەکارهێنەر، یان ئالوودە بوو، قوربانییە، یان تاوانبار ئەمە پشت بەوە دەبەستێت لە چ روانگەیەکەوە تەماشای کێشەکە دەکەین. ئەگەر لە ڕوانگەی یاسایی و ئاسایشەوە تەماشای بکەین، ئەوا ئەو کەسەی ماددەیەکی قەدەغەکراو بە پێی یاسا بەکار دێنێت، بە یاساشکێن (تاوانبار) لە قەلەم دەدرێت و بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی تەندورستییەوە تەماشای بکرێت، ئەوا بەکارهێنەر بە نەخۆش لە قەلەم دەدرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئالوودەبوون وەک هەر نەخۆشیەکی تری درێژخایەن حیساب دەکرێت وەک بەرزی ئاستی شەکر لە خوێن، بەڵام ئەوەی وایکردووە کە ئالوودەبوون جیاواز بێت لە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرە لە خوێن، ئەوەیە کە ئالوودەبوون چەندەها کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات لای ئالوودەبوو بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەی. 
بۆ نمونە لە هۆلەندا، یان لە ئوسترالیا کەسی ئالوودەبوو بە نەخۆش حیساب دەکرێت و بەند ناکرێت، بەڵکو نەخۆشخانە یارمەتی دەدات لە پێدانی بڕی دیاریکراو لەو ماددەی کە پێی ئالوودە بووە. ئەم شێوازە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێ: Harm Reduction Approach واتە پێان وایە کە ئەم نەخۆشییە چارەسەری نییە بۆیە دەبێ هەوڵ بدرێ ئاسەوارەکانی کەم بکرێنەوە لەسەر تاک و لەسەر کۆمەڵگا. یەکێک لەم ڕێگایانە پێی دەگوترێت Methadone Maintenance کە مێتادۆن لە جیاتی هیرۆین دەدرێت بە کەسی ئالوودەبوو لە ئاستێکی دیاریکراو دەوەستێنرێت.
بە بڕوای من مەسەلەکە ئەوە نییە کە مرۆڤی ئالوودەبوو تاوانبارە، یان قوربانی، بەڵکو مرۆڤێکی نەخۆشە. بەڵام تووشبوونی بەم نەخۆشییە لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆی نەبووە. هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە مۆرکی تاوانباری دەخاتە سەر کەسەکە. بەڵام ئەگەر خۆی بەدوای چارەسەر گەڕا، ئەوا بە تاوانبار حیساب ناکرێ، بە ڕای من.
+ کاریگه‌ری كێشانی ئه‌م مادانه‌ له‌سه‌ر خێزان چیه‌؟ كێشانی ئه‌م مادانه‌ وه‌ك شاره‌زایی به‌ڕێزتان چێژ به‌ به‌به‌كارهێنه‌ران ده‌به‌خشێت. زۆر له‌ به‌كارهێنه‌ران له‌ دیداره‌كانیان ده‌ڵێن بۆ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای جنسی ئه‌م مادانه‌ ده‌خۆن؟ ئه‌مه‌ چه‌ند ڕاسته‌؟
ـ کاریگەری بەکارهێنانی ئەم ماددانە لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا بە گشتی زۆر خراپە. لە ڕووی داراییەوە، بەکارهێنانی ئەم ماددانە بارێکی قورس دەخاتە سەر تاک و خێزان.   کڕینی یەک گرام ماددەی هیرۆین لە کوردستان نزیکەی ٨٠ تا ١٠٠ دۆلار بێت، ئەمە چەند قورسایی دەخاتە سەر لایەنی دارایی خێزان؟ بۆیە زۆربەی ئەوانەی ئالوودە دەبن، پەنا دەبه‌نە بەر پارەو پوولی خێزان،  هەندێكجار زێر و خشلی ئافرەتەکانیشیان، بۆ ئەوەی ئەم ماددەیە بکڕن و بەکاری بێنن! کەسانی ئالوودە بوو کێشە بۆ منداڵان و خێزانەکانیان دروست دەکەن. بۆیە زۆربەی جار، یان لە ماڵەوە دەردەکرێن، یان تووشی تەڵاق و جیابوونەوە دەبن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کەسی ئالوودەبوو هەستکردنی بە بەرپرسیاریەتی زۆر لاواز دەبێت، هەندێكجاریش بە تەواوی نامێنێت. هەروەها زۆربەی ئەم ئالوودەبووانە ناتوانن لە پیشەکانیان بەردەوام بن، بۆیە لە پیشەکانیان دەردەکرێن. بەشێکی زۆری ئەوانەی لە پیشەکانیان دەردەکرێن و ناتوانن پارەی پێویست لە خێزانەکانیان دابین بکەن بۆ کڕینی ماددەکە، ئەوا پەنا دەبەنە بەر دزی، بە تایبەتی پیاوان. ئافرەتانی ئالوودەبوو لەم حاڵەتەدا پەنا دەبەنە بەر لەشفرۆشی.
بەڵێ، بێ گومان بەکارهێنانی ئەم ماددانە چێژ بەخشن. بەڵام دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت کە کاتێک کەسێک ئالوودە دەبێت بە ماددەیەکی دیاریکراو، بەکارنەهێنانی ئەم ماددەیە بۆ نمونە بۆ ماوەی ٦ تا ١٠ کاتژمێر، هەستێکی زۆر ناخۆش و ناڕەحەت بۆ کەسی ئالوودەبوو دروست دەکات کە پێی دەگوترێ بە زمانی ئینگلیزی:  Withdrawal Symptoms، واتە نیشانەکانی دوورکەوتنەوە. ئینجا کاتێک کەسەکە ماددەکە بەکاردێنێت بۆ نەهێشتنی ئەم نیشانە ناخۆشانەیە. لەگەڵ ئەمه‌شدا هەندێجار بەکارهێنانی ماددەی هۆشگۆڕ چێژبەخش نابێت، بەڵکو هەستێکی ترسناک و ناخۆش دروست دەکات. ئالوودەبووان بەم جۆری ئەزموونە دەڵێن: Bad trip واتە گەشتێکی ناخۆش! شایەنی باسە کە ئالوودەبوون بەم جۆرە ماددانە ژمارەیەک کێشە و نەخۆشی جەستەیی بەرهەم دێنن کە لە هەندێكجار دەگاتە ئاستی مردن بە تایبەتی لە حاڵەتی بەکارهێنانی بڕێکی گەلێک زۆر لە ماددەکە واتە Over Dose.
نەخێر هیچ لەم ماددە هۆشبەرانە توانای جنسی مرۆڤ بەهێز ناکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لاوازی دەکەن. بیرۆکەی بەهێزکردنی توانای جنسی زیاتر لەلایەن بازرگانانی ئەم ماددەیە برەوی پێ دەدرێت بۆ هاندانی کەسەکان بۆ بەکارهێنانی ئەم ماددانە. هەروەها هەندێ لەم ماددانە، بۆ نمونە ئەلکحول، ئەو ناوچانەی مێشک کە بەرپرسن لە کۆنترۆلکردنی حەز و ئارەزووەکان، لاواز دەکات. بۆیە کەسی مەستبوو هەستێکی ناواقیعی هەیە سەبارەت بە توانای جنسی خۆی، بەڵکو هەندێ لە ماددەکان خاسیەتی مێینەیی لای پیاو دروست دەکەن وەک گەورەبوونی مەمکی پیاو.
+ ئامارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ لای به‌ڕێزتان هه‌بێت. كه‌مترین به‌كارهێنه‌ر له‌ چ وڵاتێك، زۆرترین به‌كارهێنه‌ر له‌ كوێن؟   

ـ  سەبارەت بە ئاماری بەکارهێنەران یان ئالوودەبووان، ئەمە مەسەلەیەکی کێشەدارە، چونکە بە ئاسانی ناکرێت بزانرێت کێ ئالوودەبووە بە تایبەتی لەم وڵاتانەی کە بەکارهێنانی ئەم ماددانە دژ بە یاسایە. هەروەها لەم وڵاتانەی کە ئالوودەبوون بەم ماددانە بە تاوان نازانێت، هەموو ئالوودەبووان پەنا بۆ نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی چارەسەر نابەن. بەڵام بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی تەندورستی نێودەولەتی لە ساڵی ٢٠٠٨ ، رێژەی ٣,٥ تا ٥,٧% لە دانیشتوانی جیهان ماددەی هۆشگۆر بەکاردێنن، کە ئەمە نزیکەی ١٥٥ تا ٢٥٥ ملیۆن کەس دەگرێتەوە.
 لە ئامارێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سالی ٢٠١٣ زیاتر لە ٥% کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٦٤ ساڵە لە دانیشتوانی جیهان ماددەی هۆشگۆڕ بەکاردێنن، کە دەکاتە ٢٤٦ ملیۆن کەس.
سەبارەت بە بەکارهێنانی ماددە هۆشگۆڕەکان بە پێی وڵاتانی جیهان، ئامارەکان جیاوازن بە پێی جیاوازی ماددەکە. بۆ نمونە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات زیاتر لە ولاتانی تری جیهان ئەلکحول بەکاردێنن، بەڵام لە بەکارهێنانی ماددەی کۆکاین، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەمە، کەچی لە بەکارهێنانی هیرۆین، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پلەی یەکەمدان بە پێی هەندێ لە ئامارەکانی جیهاندا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP