عه‌مید عه‌بدولواحید مسته‌فا:  پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ بۆ پاراستنی‌ ناوچه‌ كورستانییه‌كان ئاماده‌یه‌
عه‌مید عه‌بدولواحید مسته‌فا: پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ بۆ پاراستنی‌ ناوچه‌ كورستانییه‌كان ئاماده‌یه‌ ‌ 28/9/2017
ئامادەکردنی: سەڵاح رەنجدەر

له‌ دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادی‌ ساڵی‌ (2003)ی‌ عیراقه‌وه‌، ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كانی‌ سنووری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا هه‌میشه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریستاندا بوون‌و دۆخێكی‌ نائارامیان هه‌بوو، خه‌ڵكی‌ كورد به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ له‌ شه‌به‌ك‌و كاكه‌یی‌‌و ئێزدی‌‌و موسڵمان‌و كریستیانه‌كانیش ئامانجی‌ تیرۆریستانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌‌و ئه‌نسار سوننه‌و گروپه‌كانی‌ دیكه‌ بوون، پێشمه‌رگه‌ش رووبه‌ڕووی‌ تیرۆریستان ده‌بوونه‌وه‌و چه‌ندین جار شه‌ڕو په‌لاماری‌ ئه‌وانیان تێكشكاندووه‌و شه‌هیدو  برینداری‌ زۆریشیان له‌و شه‌ڕانه‌دا هه‌بووه‌.
له‌ دوای‌ داگیركردنی‌ موسڵیشه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشەوە، جارێكی‌ تر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كه‌وتنه‌وه‌ به‌ر په‌لامار، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌هێزی‌ گه‌وره‌وه‌ هاتن به‌مه‌به‌ستی‌ داگیركردن‌و خستنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیانه‌وه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانی‌ (70)ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان جووڵه‌یان كردو چه‌ندین شوێنی‌ ستراتیژییان خسته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیانه‌وه‌.
عه‌مید عه‌بدولواحید جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوا له‌ (هـ .پ. ك) له‌ دیدارێكی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ دا تیشكی‌ خسته‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌و وتی‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پاشه‌كشه‌مان كرد له‌ ده‌شتی‌ موسڵ هاتینه‌ سه‌ر چیای‌ باشیك كه‌ شوێنێكی‌ ستراتیژییه‌‌و ئه‌ڕوانێته‌ سه‌ر هه‌موو ده‌شتی‌ موسڵ‌و به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا زاڵه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ به‌بڕیارێك ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ هێرش به‌رین بۆ سه‌ر چیای‌ زه‌رتك‌و گوندی‌ تلسقۆف، له‌ رۆژی‌ (5/9/2014) توانیمان گوندی‌ تلسقۆف‌و چیای‌ زه‌رتك‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین، له‌و شه‌ڕانه‌ هه‌ندێ‌ شه‌هیدمان داوه‌، ئه‌و هێزانه‌ی‌ تر كه‌ به‌شدار بوون له‌م هێرشانه‌دا بریتی‌ بوون  له‌ لیوای‌ (7) ی‌ پیاده‌و لیوای‌ (112)ی‌ هێزه‌كانی‌ (70)و لیوای‌ (12)ی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ریان بینی‌ له‌ كۆنترۆڵ كردنی‌ ناوچه‌كاندا. 
شه‌ڕه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو، نزیكه‌ی‌ (8) شه‌هیدمان هه‌بوو و (25) لاكی‌ داعش له‌وێ‌ به‌جێمان، داعش واتێگه‌یشتبوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو سوپای‌ عیراق له‌ به‌رده‌م په‌لاماره‌كانی‌ ئه‌واندا راده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ده‌م به‌یاندا پێشمه‌رگه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ریان‌و به‌ په‌لاماره‌كه‌یان تیرۆریستانیان تووشی‌ شۆك كرد. عه‌مید عه‌بدولواحید له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: له‌ سه‌عات 4ی‌ سه‌ر له‌ به‌یانی‌ رۆژی‌ (5/9/2014)، هێرشمان بۆ سه‌ر داعشه‌كان ده‌ست پێكردو ئه‌وان تووشی‌ شۆك بوون، چونكه‌ چاوه‌ڕوانی‌ هێرشی‌ واگه‌وره‌یان نه‌كردبوو. 
به‌ پلانێكی‌ رێك‌و پێك توانیمان جه‌بهه‌كه‌ دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر لیوای‌ (112)و لیوای‌ (12)و لیوای‌ (7)ی‌ پیاده‌و شه‌ڕه‌كه‌ به‌ پلان ده‌ستی‌ پێكرد له‌ به‌ربه‌یانه‌وه‌ تاكو ئێواره‌ی‌ خایاند، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ ئه‌و هێرشه‌ به‌پاڵپشتی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان بوو، ده‌وری‌ كاریگه‌ریان هه‌بوو بۆ شكاندنی‌ دوژمن، شه‌هیده‌كانی‌ ئێمه‌ كاك جه‌لال خواكوڕكی‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجی‌ (2)ی‌ پیاده‌ی‌ لیوای‌ (7) بوو له‌گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ میحوه‌ر.
 
چیای‌ باشیك له‌لایه‌ن 
پێشمه‌رگه‌وه‌ پارێزراو بوو
له‌ نێوان (5/9/2014)و (17/10/2016) دا كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان هێرشیان بۆ سه‌ر موسڵ ده‌ستپێكرد، هه‌میشه‌ چیای‌ باشیك له‌به‌رده‌م هێرش‌و په‌لاماری‌ داعشه‌كاندا بوو، تاكه‌ هێزێك كه‌ به‌رگری‌ ده‌كردو نه‌یهێشتووه‌ تیرۆریستان چیاكه‌ بگرن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی‌ توركیاو حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ریشی‌ لێ‌ بوو، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپه‌رچی‌ هێزه‌كانی‌ داعشیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، عه‌مید عه‌بدولواحید تیشكی‌ خسته‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌و وتی‌:  وه‌كو پێشتر باسم كرد به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ هێزی‌ لیوای‌ (112)و لیوای‌ (12) گوندی‌ تلسقۆف‌و چیای‌ زه‌رتكمان كۆنترۆڵ كرد، دوای‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ سه‌ر چیای‌ باشیك‌و ئه‌و ره‌بایانه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ له‌وێ‌ ماینه‌وه‌ تاكو هێرشی‌ موسڵ ده‌ستی‌ پێكرد، له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌توانم بڵێم (10) جار هێرشمان بۆ كراوه‌، ئه‌و هێزه‌ی‌ به‌شداری‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كردووه‌ لیوای‌ (112) بوو، كۆمه‌ڵێكیش لیوای‌ نه‌وت بوون، له‌سه‌ر چیای‌ باشیك هه‌موو لیواكه‌ی‌ ئێمه‌ لیوای‌ (7) تا ئێستا (10) شه‌هیدو (53) بریندارمان هه‌یه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌عه‌سكه‌رات دروست بوو، هێزی‌ هاوپه‌یمانان هاتن‌و له‌گه‌ڵمان بوون، هێزێكی‌ تورك هات له‌ مه‌عه‌سكه‌ری‌ زه‌لكان باره‌گای‌ دانا‌و دوایی‌ چوونه‌ سه‌ر چیای‌ باشیك، دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ زه‌لكان دوو باره‌گایان دانا له‌سه‌ر چیای‌ باشیك، یه‌كێكیان له‌سه‌ر گوندی‌ فازڵه‌ ئه‌وه‌ی‌ تریان له‌سه‌ر میحوه‌ری‌ باشیك، ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ هێزی‌ تورك بوون.
ئه‌و هێرشانه‌ی‌ كه‌ داعش كردییه‌ سه‌ر چیای‌ باشیك هه‌مووی‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ تێكشكان، ته‌نها هێرشێك نه‌بێت كه‌ حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌ كردیان بۆ سه‌ر گوندی‌ فازڵیه‌ زۆر به‌خراپی‌ شكان‌و دوو كوژراویان لێ‌ به‌جێما.
شه‌هیدبوونی‌ 
فه‌رمانده‌ خالید سێكوچانی‌
 با ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین فه‌رمانده‌یه‌كی‌ قاره‌مانی‌ ئێمه‌ به‌ ناوی‌ خالید سێكوچانی‌ له‌ لیوای‌ (112) بوو، ده‌ورێكی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بوو بۆ هاوكاری‌ لیوای‌ (7) به‌تایبه‌تی‌ بۆ خودی‌ خۆم هات بۆ هاوكاریم، له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ (25/1/2015) بوو گه‌ر باس بكه‌ین له‌ قۆڵی‌ ناوه‌ڕاست هێزی‌ زێره‌ڤانی‌ لێ‌ بوو، له‌ قۆڵی‌ باشیك‌و له‌ قۆڵی‌ دوبه‌ردان‌و قۆپان. ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ له‌ قۆپان بوو ته‌نیا بۆ مشاغه‌ڵه‌ بوو كه‌ هێزه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ لێ‌ بوو، هێرشی‌ گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ناوه‌ران‌و باشیك بوو، له‌ ناوه‌ران ئامر فه‌وجێكی‌ زێره‌ڤانی‌‌و له‌لای‌ خۆشمان عه‌قید خالید به‌ قه‌ناس شه‌هید بوون، هێرشه‌كه‌ تێكشكاو ئه‌وان تووشی‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ بوون، عه‌قید خالید فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ (112)ی‌ سه‌ر به‌هێزه‌كانی‌ (70) بوو بۆ هاناوه‌چوونی‌ هه‌ڤاڵانی‌ هاتبوو بۆ لامان، عه‌قید خالید پێشتر له‌ سكرتاریه‌تی‌ هه‌ڤاڵ (مام جه‌لال) بوو له‌ به‌غدا، دوایی‌ به‌بڕیارێك گواسترایه‌وه‌ بۆ لیوای‌ (112)ی‌ هێزه‌كانی‌ (70)، ئه‌وه‌ی‌ من بیزانم دوو سێ‌ جار بریندار بووه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازاو بوێر بوو، له‌ شه‌ڕی‌ چیای‌ زه‌رتك‌و گوندی‌ تلسقۆف ده‌ورێكی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ لیواكه‌ی‌ (112) كه‌ هاتن بۆ هاوكاریمان، به‌تایبه‌ت عه‌قید خالید رۆڵی‌ باشی‌ هه‌بوو، به‌داخه‌وه‌ له‌وێدا شه‌هید بوو.

ئازادكردنی‌ باشیك‌و گونده‌كان
 دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ تایبه‌ت له‌ نێوان به‌غدا‌و هه‌رێمی‌ كوردستان كرا بۆ ئازادكردنی‌ موسڵ، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌سازییان كرد بۆ رزگاركردنی‌ باشیك‌و ناوه‌ران‌و فازلیه‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ر. به‌م شێوه‌یه‌ شكاندنی‌ رێچكه‌ی‌ پڕۆسه‌كه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، عه‌مید عه‌بدولواحید ده‌ڵێت: 
به‌پێی‌ پلانێكی‌ تۆكمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌‌و توانیمان له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ هێرش بكه‌ین، قۆڵێكیان له‌ ناوه‌ران‌و قۆڵێكی‌ تریان له‌ قۆپان‌و شێخ عه‌لی‌ بوو، ئه‌و شوێنه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ دانرا بوو میحوه‌ری‌ ناوه‌ران بوو له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ (20/10) ده‌ستمان به‌پێشڕه‌وی‌ كرد له‌ گوندی‌ ناوه‌رانه‌وه‌ بۆ گونده‌كانی‌ باریمه‌و خورشیباد، ئه‌و پلانه‌ وابوو كه‌ پشتی‌ دوژمن بگرین، به‌درێژایی‌ (17) كیلۆمه‌تر پشتمان لێگرتن، ئه‌و گوندانه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ دیاری‌ كرا گونده‌كانی‌ باریمه‌و ناوه‌ران‌و خورسیبادو فازلیه‌و رۆژبه‌یان‌و عومه‌ر قامچی‌‌و كانونه‌، توانیمان بۆ ماوه‌ی‌ دوو رۆژ ئه‌و گوندانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین، پاشان ده‌ستمان كرد به‌پلانێكی‌ تر ئه‌ویش كۆنترۆڵكردنی‌ ناحیه‌ی‌ باشیكه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ ماینه‌وه‌ له‌ ناو قوڵایی‌ دوژمندا، دوژمن له‌ پشتی‌ ئێمه‌ بوو (13) رۆژ گه‌مارۆی‌ ناحیه‌ی‌ باشیكمان دا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وامان له‌ دوژمن كرد كه‌ ته‌واو لاواز بوو، هه‌وڵیان ده‌دا خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، به‌ده‌یان جار كه‌وتنه‌ ناو كه‌مینی‌ ئێمه‌وه‌و به‌ده‌یان كوژراوو ته‌رمیان لێ‌ به‌جێما، دوای‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستمان كرد به‌ هێرش كردن، من بۆ خۆم سه‌رپه‌رشتی‌ سێ‌ زنجیره‌م له‌سه‌ر چیای‌ باشیك ده‌كرد، ئێمه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ من له‌گه‌ڵ براده‌رانی‌ خۆم عه‌مید مه‌لا ره‌شادو عه‌مید حاجی‌ گه‌ره‌وه‌یی‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج بوون‌و عه‌مید محه‌مه‌د ره‌سوڵ‌و مقه‌ده‌م قانع دواوه‌یی‌ ئه‌وانه‌ جێگری‌ ئامر فه‌وج بوون له‌ لیوای‌ خۆمان‌و مقه‌ده‌م قانع دواوه‌یی‌ جێگر فه‌وج بوو، چوار زنجیره‌ بوون، زنجیره‌ی‌ یه‌كه‌م لیوای‌ (112) بوو به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ عه‌مید سه‌ید جواد ئه‌وانی‌ تر دانرا من سه‌رپه‌رشتیان بكه‌م، شوێنی‌ زنجیره‌كان ستراتیجی‌ بوون، توانیمان به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م ئه‌و ناوچانه‌ هه‌مووی‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین، دوو شه‌هیدمان دا یه‌كێكیان شه‌هید حه‌مه‌ سوور له‌ فه‌وجی‌ (1)ی لیوای‌ (7)‌و دووه‌میان شه‌هید رابه‌ر له‌ فه‌وجی‌ (3)ی‌ لیوای‌ (7)، پاشان پلانی‌ ئه‌و براده‌رانه‌ كه‌ به‌ ئالیات‌و درعه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عه‌مید به‌هرام چوونه‌ ناو باشیكه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی‌ رۆژێكدا ته‌واوی‌ ناحیه‌ی‌ باشیك كۆنترۆڵكرا، لیواكه‌ی‌ باشیكیش به‌شدارییان كرد، لای‌ ئێمه‌وه‌ كه‌ به‌درعه‌وه‌ چوونه‌ ناو باشیك به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عه‌مید به‌هرامی‌ عه‌ریف یاسین فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ (7) بوو، ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر چیاكه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ خۆم‌و عه‌مید سه‌ید جه‌واد بوو كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوایه‌، ئه‌وه‌ بوو ته‌واوی‌ ناحیه‌ی‌ باشیك‌و ده‌وروبه‌ری‌ كۆنترۆڵكران، ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت له‌ قۆڵی‌ شێخ عه‌لی‌‌و قۆپان  ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ به‌شدارییان كرد، فه‌رمانده‌ی‌ سه‌فین‌و فه‌رمانده‌ی‌ هه‌ولێرو فه‌وجی‌ (1)ی‌ لیوای‌ (2) كه‌ مقه‌ده‌م روكن نه‌وزاد فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج بوو، ده‌ورێكی‌ زۆری‌ هه‌بوو بۆ هاكاری‌ ئێمه‌ هاتبوون‌و میوانی‌ ئێمه‌ بوون به‌شدارییان كرد، له‌شه‌ڕه‌كاندا (3) برینداریان هه‌بوو، دوای‌ شه‌ڕه‌كان ئه‌و درعانه‌ ده‌ورو كاریگه‌ری‌ زۆریان هه‌بوو بۆ ئێمه‌ سوودی‌ هه‌بوو، ئه‌و لیوایانه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ پڕچه‌ك كران رۆڵێكی‌ باشیان بینی‌‌و ئه‌وانیش هاوكاری‌ هێزه‌كه‌ی‌ ئێمه‌یان كرد.
له‌كۆتاییدا عه‌مید عه‌بدولواحید رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌رخستنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ نه‌ینه‌وادا دووپات ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگی‌و ئه‌و هاوكارییه‌ نه‌بوایه‌ له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عیراقدا، مه‌حاڵ بوو بتوانرێت ئاوا به‌ ئاسانی‌ موسڵ كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت پێشمه‌رگه‌ به‌ خوێن ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئازاد كردووه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز ئاماده‌ نییه‌ له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌ تامافی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ دابین‌و پارێزراو نه‌بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP