کورد لە بەغدا
کورد لە بەغدا ‌ 1/10/2017
له‌ چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیی (كورد له‌ به‌غدا)، سه‌باره‌ت به‌دۆخی كوردو باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینده‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا، كوردستانی نوێ‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هێرش حه‌بیب جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووه‌. له‌باره‌ی‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ژیانی ئێستای‌ كورد له‌ به‌غدا چه‌ند پرسیارێكی لێكردووه‌‌.
كوردستانی نوێ‌، به‌غدا
- ئایا ژماره‌ی كورد له‌ به‌غدا چه‌نده‌؟
• پێشتر ژماره‌ی كورد له‌ به‌غدا زۆربوو، به‌ڵام دوای‌ 1970 كه‌ هه‌ڵمه‌تی راگواستنی كورد له‌ به‌غدا ده‌ستیپێكرد، كوردانی فه‌یلی یه‌كه‌م راگواستنیان له‌و ساڵه‌دا ده‌ستی پێكرد، له‌ 1980 ش راگواستنێكی زۆر مه‌ترسیدارو به‌ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر بۆ ئێران راگوێزران‌و ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراقییان لێسه‌ندرایه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و سامانیاندا گیرا، هه‌ر ئه‌وكاته‌ 17 هه‌زار گه‌نجی فه‌یلی بردرانه‌ نوگره‌ سه‌لمان‌و شوێن بزر كران‌و تائێستا هیچ شوێنه‌واریان دیار نییه‌.
- ئه‌گه‌ر بزانیت چه‌ند كه‌س له‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراقی بێبه‌ش كران؟
• تائێستا ئامارێكی ورد به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ فه‌یلییه‌كان راگوێزران، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌نفالكران دیاره‌ 17 هه‌زار كه‌س بوون، ئه‌وانه‌یشی چوونه‌ ئێران، ژماره‌یه‌كی زۆریان به‌ره‌و ئه‌وروپاو ئه‌مریكا رۆیشتن، به‌ڵام بیرت نه‌چێت ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدایه‌ هه‌مووی كوردی فه‌یلی نییه‌، به‌ڵكو شیعه‌كان زیاتر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌كارده‌هێنن تا ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدایه‌ بڵێین كوردی فه‌یلییه‌، له‌كاتێكدا وانییه.
- واتە ئه‌مانه‌ شیعه‌ن، به‌ڵام فه‌یلی نین؟
• به‌ڵێ‌ شیعه‌ن، به‌ڵام فه‌یلی نین، بۆ نموونه‌ خانه‌قین، جه‌له‌ولا، سه‌عدیه‌، مه‌نده‌لی‌، قه‌زانیه‌، به‌دره‌، زورباتیه‌ .. تد، بیریشمان نه‌چێت ئێستا ئه‌جێندایه‌ك له‌لایه‌ن حزبه‌ شیعه‌كانەوە هه‌یه‌ کە وایكردووه‌ به‌شێكیان خۆیان به‌فه‌یلی بناسێنن، دیاره‌ ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسییه‌.
- به‌مه‌زنده‌، ژماره‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا چه‌نده‌؟
• له‌ 2006 دا هه‌وڵیكماندا ئامارێك بكه‌ین، هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانی پارتیش هه‌ماهه‌نگییه‌ك بكه‌ین تا ئامارێكمان ده‌ست بكه‌وێت‌و بگه‌ینه‌ ژماره‌یه‌ك، به‌هه‌ماهه‌نگی ئه‌و كاره‌مان كردو گه‌یشتینه‌ ئه‌و راستییه‌ی‌ كه‌ ژماره‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا له‌ نێوان 170 بۆ 180 هه‌زار كه‌سه‌، دوای‌ تێپه‌ڕبوونی 10 ساڵێك ده‌توانین بڵێن ئێستا له‌ نێوان 220 بۆ 230 هه‌زار كه‌سێكه‌.
- ئایا ژماره‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا زیاتر نه‌بوو؟
• بێگومان زیاتر بوو، ده‌توانین بڵێین ده‌گه‌یشته‌ 900 هه‌زار بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س، ئه‌م ژماره‌یه‌ پێش راگواستنی فه‌یلییه‌كان بوو، چونكه‌ پێشتر هه‌م كوردی فه‌یلی‌و هه‌میش كوردانی دیكه‌ی‌ شیعه‌ له‌ به‌غدا ژماره‌یان زۆر بوو، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی ده‌وروبه‌ری‌ به‌غدا ئاواره‌ی‌ ناو به‌غدا بوون.
- ئه‌ی‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوودا؟
• به‌دڵنیاییه‌وه‌ تا 2005 كورد له‌ به‌غدا ژماری زیاتر بوو، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ به‌هۆی هێرش‌و په‌لاماری تیرۆریستان‌و تۆقاندن، كوردانی به‌غدا زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ لێی‌ هاتبوون، هاوكات زۆربه‌ی‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هاتبوون گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌و كوردانه‌یشی له‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان هاتبوونه‌ به‌غدا ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌، به‌شێك له‌وانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بوون‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ بوو ناوچه‌كانیان وێرانه‌ بوو، وه‌ك سه‌عدیه‌، مه‌نده‌لی، قه‌زانیه‌، به‌دره‌و .. تد.
- ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی كوردانی به‌غدا چۆنه‌؟ ئایا هه‌یه‌ ئینتیمای كوردبوونی خۆی له‌ده‌ستدابێت؟
 • ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی باشه‌، سه‌رباری ئه‌و سته‌مه‌ی‌ هه‌بووه‌ هێشتا باشه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی 35 ساڵه‌ی‌ به‌عه‌ره‌ب كردن، بێگومان كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، خه‌ڵكمان هه‌یه‌ پێشتر پێشمه‌رگه‌ بووه‌، ئێستا كوڕه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌كانه‌، هه‌مانه‌ تائێستا باوكی عه‌ره‌بی نازانێت كه‌چی خۆی بانگه‌شه‌ بۆ حزبێكی شیعه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌و گوشاره‌یە کە هه‌یه‌. هه‌روه‌ك ده‌بینین هه‌یه‌ خۆی به‌عه‌ره‌ب نازانێت، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی‌ كوردی نازانێت، ئه‌مه‌ش دیسان ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ 35 ساڵه‌ به‌سه‌ر كورددا جێبه‌جێ ده‌كرێت، جا له‌ راگواستنه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌ركردن و به‌عه‌ره‌ب كردن‌و گوشاری ده‌روونی‌و.. تد.
- ئایا ناوی منداڵه‌كان له‌ نێوان حه‌فتاكان بۆ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی‌ رابردوودا جیاوازیی هه‌یه‌؟
• ئه‌وانه‌ی‌ له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوودا له‌دایكبوون، ده‌توانم بڵێم 50% بۆ 60% ناوه‌كانیان كوردییه‌، ئیدی (هێرش، هێمن، ئازاد، ئاریان، سه‌ركه‌وت.. تد) به‌ڵام دوای‌ 1990 ده‌بینین زۆربه‌ی‌ بووه‌ به‌ناوی عه‌ره‌بی‌و تایه‌فی، بۆ نموونه‌ (حوسێن، حه‌سه‌ن، موسا.. تد) ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌ره‌نجامی درێژه‌كێشانی سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌ب كردنه‌. ئه‌گه‌ر بچیته‌ باشووری عیراق، بچیته‌ عه‌لی غه‌ربی له‌ پارێزگای‌ عه‌ماره‌، ده‌بینین شارێكی كوردییه‌ كه‌چی دشداشه‌یان له‌به‌ره‌و عه‌گاڵیان له‌سه‌ره‌‌و به‌عه‌ره‌بیش قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر ده‌ڵێن كوردین، په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا كوردستانییه‌، كاتێك ده‌ڵێین كوردستان تا عه‌لی غه‌ربی‌و عه‌لی شه‌رقییه‌، ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام به‌عه‌ره‌ب كراوه‌، ئینجا ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌‌و شێخ سه‌عدو به‌دره‌ دیسان ته‌عریب كراون، ئه‌وانه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌م كوردیان لێ نیشته‌جێبووه‌‌و هه‌میش كوردستان بوون. ناوچه‌كانی به‌دره‌و زورباتیه‌و قه‌زانیه‌و.. تد ده‌ڵێن كوردین، كه‌ هاتنه‌ به‌غدا به‌كۆمه‌ڵ هاتن، له‌ چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو نیشته‌جێبوون‌و زمان‌و كلتووری كورده‌وارییان پاراستووه‌.
- له‌ چ ناوچه‌یه‌ك نیشته‌جێن؟
• زۆربه‌ی‌ كورد له‌ شه‌قامی كیفاح، شه‌قامی سه‌در، كه‌ بوو به‌ مه‌دینه‌ی‌ سه‌وره‌و دواتر كرا به‌ سه‌دام‌و ئێستا پێی‌ ده‌ڵێن سه‌در، له‌ جه‌میله‌، له‌ شه‌قامی فه‌له‌ستین نیشته‌جێن. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆك هاتوون زۆربه‌یان له‌ ناوچه‌ی‌ كه‌رخ نیشته‌جێبوون، ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان بۆ ئیشوكار هاتوون، ده‌توانین بڵێین ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان زمانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌ دوای‌ 2005 وه‌ زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی كوردستان‌و دووباره‌ فێری زمانی كوردی بوونه‌وه‌، ئه‌وانه‌یشی ئێستا ماونه‌ته‌وه‌ كوردی نازانن، ئه‌مانه‌ به‌ 20 هه‌زار كه‌سێك مه‌زنده‌ ده‌كرێن.
- وه‌ك كوردی به‌غدا، ئایا نه‌ریت‌و كلتووری كورده‌واریتان له‌ده‌ستداوه‌؟ یان هیچ شتێكتان گۆڕاوه‌؟
• به‌ڵێ‌، تاڕاده‌یه‌كی زۆر كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ كلتووری ئیسلامییەوە به‌تایبه‌ت دوای 2003، چ كوردی شیعه‌و چ كوردی سوننه‌. زۆربه‌ی‌ كورده‌ شیعه‌كان چوونه‌ته‌ پاڵ حزبه‌ شیعه‌كان‌و زۆربه‌ی‌ كورده‌ سوننه‌كانیش چوونه‌ته‌ پاڵ حزبه‌ سوننه‌كان.
- ئایا جل‌و به‌رگیشتان له‌ده‌ستداوه‌؟
• به‌ڵێ‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن له‌به‌ریده‌كه‌ن، ته‌نها له‌ بۆنه‌ تایبه‌ته‌كاندا ئه‌ویش ژماره‌یان زۆر نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌یكه‌نه‌ به‌ریان زه‌بورو چاكه‌ته‌، هه‌مان ئه‌و جل‌و به‌رگه‌ی‌ خانه‌قین‌و زورباتیه‌و ناوچه‌ی كورده‌وارییه‌.
-ئه‌ی‌ ژن‌و ژنخوازیی له‌ نێوان كورد خۆیانه‌ یان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بیش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌یه‌؟
• سه‌باره‌ت به‌كورد زۆربه‌ی‌ ژن‌و ژنخوازیی له‌ نێوان خۆماندایه‌.
- كه‌واته‌ كورد كچی خۆی نه‌داوه‌ته‌ عه‌ره‌ب؟
• كچی كورد بۆته‌ قوربانییه‌كی گه‌وره‌ی‌ هەستی كوردایەتی، باجی زۆریداوه‌، زۆر له‌ كچانی كورد له‌ به‌غدا له‌به‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ مێردیان نه‌كردووه‌.
- ئه‌مه‌ بۆ؟
• ده‌زانی چۆن؟ ده‌بینی كوڕێك له‌ زانكۆ دڵی ده‌چێته‌ كچێكی عه‌ره‌ب‌و دەیخوازێت، به‌ڵام كچێكی كورد ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ باوكی نایداته‌ عه‌ره‌ب، ده‌ڵێ ده‌یده‌مه‌ حه‌ماڵێكی كورد، به‌ڵام نایده‌مه‌ مامۆستایه‌كی زانكۆ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب بێت، جا ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ كوردن زۆر عه‌یبه‌یه‌ تۆ كچێكی خۆت بده‌یته‌ عه‌ره‌بێك، كوڕی كورد تاڕاده‌یه‌ك كچی عه‌ره‌ب ده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یان كه‌مه‌، به‌ڵام كچ زۆر كه‌م شوو به‌كوڕی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن، كورد زۆر كه‌م كچی خۆیان ده‌ده‌ن به‌ عه‌ره‌ب.
- جاران ده‌مانبیست به‌غداییه‌كان كراوه‌ن، كه‌چی ئێستا ته‌نانه‌ت كچێكیش له‌ شه‌قام نابینی‌؟
• نایبینی، چونكه‌ ده‌ترسێت له‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی بكرێته‌سه‌ر، جا به‌قسه‌ یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك، بیرمان نه‌چێت به‌غدا دوو به‌شه‌، كه‌رخ‌و ره‌سافه‌، له‌ ره‌سافه‌ 99% له‌چكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام كه‌ دێیته‌ كه‌رخ كه‌مێك باشتره‌، سفوری ئه‌بینی، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی‌ سوننه‌كان، له‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ڕاده‌و مه‌نسورو یه‌رموك.. تد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ حزبه‌ شیعه‌كان له‌و ناوچانه‌ زاڵ نین.
- باری ئابووری كورد له‌ به‌غدا چۆنه‌؟
• كورد له‌ به‌غدا دوو به‌ش بووه‌، هه‌ر له‌ زه‌مانی خۆی كه‌ فه‌یلییه‌كان هاتوونه‌ته‌ به‌غدا، ئیشیان له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌دا كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا باس ده‌كه‌م، ئه‌وكاته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئابووری عیراق به‌غدا بوو، له‌ به‌غداش به‌ده‌ست جوله‌كه‌كانه‌وه‌ بوو، كوردیش جێی‌ متمانه‌ بوو لای جوله‌كه‌و عه‌ره‌ب، بۆیه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی‌ له‌ خۆیان ده‌ترسن زوو كورد لای خۆیان داده‌مه‌زرێنن، چونكه‌ هه‌م متمانه‌و هه‌میش راستگۆن، كاتێك جوله‌كه‌ له‌ به‌غدا ده‌ركران له‌ 1948 و دواتر، زۆربه‌ی‌ جوله‌كه‌كان سامان‌و موڵكی خۆیان راده‌ستی كورده‌كان كرد به‌ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌یان، به‌ڵام نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، ئیدی فه‌یلییه‌كان شوێنی جوله‌كه‌كانیان گرته‌وه‌و بازرگانییه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست كورد، چونكه‌ لێیان فێر ببوون، هه‌میش سامانه‌كه‌یان كه‌وته‌ ده‌ست كورده‌وه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ درێژه‌ی‌ كێشا تا ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو، كاتێك راگواستنی كورد ده‌ستیپێكرد ده‌بینین راگوێزران بۆ به‌له‌د روزو بۆ بیابانه‌كانی نزیك به‌غدا، كورد نه‌یتوانی‌ له‌وێ‌ بژی، بۆیه‌ دووباره‌ به‌كۆمه‌ڵ روویان له‌ به‌غدا كرده‌وه‌، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ كوردیان لێبوو، وه‌ك كیفاح، جه‌میله‌، شۆریجه‌.. تد، له‌وێوه‌ ده‌ستیان به‌ئیشكردن كرد، هاتن له‌لای فه‌یلییه‌كان ده‌ستیان به‌كاركردن كرد، چونكه‌ ئه‌وان جووتیارو شوان بوون، كاری دیكه‌یان نه‌ده‌زانی، زه‌وییه‌كانیشیان داگیركرا.
ئه‌وانه‌یشی فه‌رمانبه‌ری‌ ده‌وڵه‌ت بوون، به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق راگوێزران، وه‌ك رومادی، فه‌لوجه‌، دیوانیه‌، سه‌ماوه‌.. تد.
كاتێك فه‌یلییه‌كان له‌سه‌رده‌ستی رژێمی به‌عس له‌ كۆتایی حه‌فتاكان‌و ساڵی هه‌شتا راگوێزران، ئیدی كورده‌كانی دیكه‌ شوێنیان گرتنه‌وه‌، كه‌واته‌ سه‌ره‌تا جوله‌كه‌، دواتر كوردانی فه‌یلی، دواتر كوردانی ناوچه‌كانی تر بۆ به‌غدا راگوێزرابوون، به‌دیاریكراوی مه‌نده‌لی كه‌ زوو راگوێزرابوون بۆ به‌غدا، ده‌توانین بڵێن تا رووخانی سه‌دام زۆربه‌ی‌ بازرگانی به‌غدا به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوو، ده‌وڵه‌مه‌ندو زه‌نگین بوون، به‌ڵام دوای‌ 2003 كاتێك شیعه‌ هاتن‌و كۆنترۆڵی به‌غدایان كرد، ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست‌و  بوونه‌ خاوه‌نی ئابووری عیراق‌و به‌غدا.
- له‌ دوای‌ رووخانی سه‌دام، كورد چۆن هاته‌ به‌غدا؟
• گروپ گروپ روویان له‌ باره‌گای حزبه‌ كوردستانییه‌كان كرد، ئێمه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی‌ رێكخستنی كۆنمان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی‌ رێكخستنی نهێنی زوو هاتن، خه‌ڵكێكی ئێجگار زۆر روویان له‌ باره‌گای‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان كرد، به‌ڵام حزبه‌ كوردستانییه‌كان نه‌یانتوانی له‌ خۆیان بگرن‌و ئیداره‌یان بده‌ن، ئێمه‌ نه‌مانتوانی رێكیان بخه‌ین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئێمه‌ جگه‌ له‌ ئه‌نفالی جه‌سته‌یی، هه‌ر له‌ ئیعدامه‌وه‌ بگره‌ تا شوێن بزركردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نفالی كلتووریی‌و فكریمان كراوه‌، ته‌نها جه‌سته‌مان له‌ناو نه‌براوه‌، به‌ڵكو زمان‌و كلتوورمان بیرچۆته‌وه‌ یان له‌ مه‌ترسی به‌ته‌واوی له‌ناوچووندایه‌. له‌ به‌غدا كورد زمانی له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌نجامی 35 ساڵ هێرش‌و گوشاری فكری‌و كلتورییه‌، ئه‌وانه‌مان هه‌مووی به‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی وتووه‌. زۆرجار وتوومانه‌ پێویستمان به‌به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ گیڕانه‌وه‌ی‌ رۆحی كوردایه‌تی بۆ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ به‌غدا، چونكه‌ هیچ لۆژیكی نییه‌ باوكی پێشمه‌رگه‌ بوو بێت‌و دوای‌ 1975 راگوێزرا بێت، كه‌چی ئێستا كوردی نازانێت!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP