هه‌رێم‌و بەغدا، له‌ كۆنگره‌ی 10ی حزبی شیوعی عیراقدا
هه‌رێم‌و بەغدا، له‌ كۆنگره‌ی 10ی حزبی شیوعی عیراقدا ‌ 29/12/2016
له‌ماوه‌ی پێشوودا حزبی شیوعی عیراق كۆنگره‌ی 10 ی خۆی له‌ به‌غدا به‌ست‌و له‌ كۆتایی كۆنگره‌كه‌شیاندا، به‌یانی كۆتایی حزبی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا باسی له‌ بۆچوونی ئه‌م حزبه‌ بۆ كێشه‌كانی عیراق كردووه‌، له‌ناو به‌یانه‌كه‌دا باسی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌، ئێمه‌ لێره‌دا به‌كورتی باسی كه‌مێك له‌و خاڵانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌له‌ به‌یانی كۆتاییدا هاتووه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئاماده‌كردنی : یه‌كه‌ی هه‌واڵ‌و راپۆرت
ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان 
له‌ به‌یانه‌كه‌دا هاتووه‌: «ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان خۆی له‌به‌رده‌م ره‌وشێكی خراپ‌و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی سیاسی‌و ئابووریدا ده‌بینێته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ش دوور نییه‌ له‌ كۆی گشتی ره‌وشی عیراق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش، هه‌وڵیانداوه‌  ده‌ستبخه‌نه‌ ناو كاروباری هه‌رێمه‌وه‌.
په‌ككه‌وتنی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت
به‌یانه‌كه‌ رووناكی‌ خستۆته‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی هه‌رێم‌و ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا ره‌وشی سیاسی هه‌رێم زۆر خراپه‌،‌ ئه‌وه‌ش زیاتر به‌هۆی خراپبوونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان پێنچ حزبه‌ گه‌وره‌كه‌‌ی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خستۆته‌ سه‌ر دام‌و ده‌زگاكانی حكومه‌ت‌و به‌ته‌واوه‌تیش په‌رله‌مان په‌كی كه‌وتووه‌و حكومه‌تیش ناتوانێت به‌هه‌موو كابینه‌كه‌یه‌وه‌ كاربكات.
كێشه‌ی پارتی‌و گۆڕان
له‌ درێژه‌ی به‌یانه‌كدا باسی كێشه‌كانی پارتی‌و گۆڕان ده‌كات‌و ده‌ڵێت: كێشه‌و ململانێی نێوان پارتی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێنده‌ی تر كێشه‌كانی هه‌رێمی قورستر كردووه‌، دواجار باسی كێشه‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و جیاوازیی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پرسی ده‌ستووری هه‌رێم ده‌كات.
خراپی ره‌وشی ئابووری هه‌رێم
له‌باره‌ی ره‌وشی ئابووریشه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌: به‌هۆی كێشه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ به‌غداو دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و هاتنی به‌لێشاوی ئاواره‌، كاریگه‌ری زۆر خراپی كردۆته‌ سه‌ر ره‌وشی ئابووری هه‌رێم، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ حكومه‌ت سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین بگرێته‌ به‌رو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌مبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا  به‌شێكی زۆری هاووڵاتییانی هه‌رێم پشت به‌ مووچه‌ی حكومه‌ت ده‌به‌ستن، ‌هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ره‌وشی ژیانی خه‌ڵكی خراپ بكات.
كه‌مكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانی‌و قه‌یرانی دارایی
دواتر ده‌ڵێت: ئه‌م ره‌وشه‌ خراپه‌‌ ئابوورییه‌، كاریكردۆته‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌و، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت،  له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ‌حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشوودا، داهاتی تر جگه‌ له‌ نه‌وت بۆ خۆی په‌یدا بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی زۆرتر بێت
جه‌نگ له‌دژی داعش به‌رده‌وامه‌
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حزبی شیوعی، خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی داعش به‌رز ده‌نرخێنێت‌و ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌م ره‌وشه‌ خراپه‌ی هه‌رێم كاری نه‌كردۆته‌ سه‌ر خه‌باتی هه‌رێم‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌نگ له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش به‌رده‌وام بووه‌ له‌ شه‌هید به‌خشین‌و به‌ خوێن پارێزگاری له‌ هه‌رێم كردووه‌ و ده‌شڵێت: حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی توانای خۆی هه‌وڵیداوه‌ یارمه‌تی ئاواره‌و كۆچه‌ره‌كان بدات. 
خۆپیشاندان‌و مانگرتن
له‌باره‌ی خۆپیشادان‌و مانگرتنه‌كانیشه‌وه‌ به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ روونكردۆته‌وه‌: «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌وێكی خراپی سیاسی دروستبووه‌، ململانێیه‌كی توندی حزبیش له‌ ئارادایه‌،  ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانیش زۆربووه‌، كه‌  هاووڵاتییان بۆ باشكردنی ره‌وشی ژیانی خۆیان‌و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند لایه‌نێكیش هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی خه‌ڵكی بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه‌.
دژی فرۆشتنی زه‌وی حكومه‌تن
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌یانه‌كه‌ ده‌ڵێت: حزبی شیوعی كوردستان دژی فرۆشتنی زه‌وی‌وزاری   موڵكی گشتییه‌ به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، چونكه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ له‌مجۆره‌ رێ‌وشوێنانه‌ ناتوانێت قه‌یرانی دارایی هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات، بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌مجۆره‌ سیاسه‌ته‌ ته‌نها خزمه‌تی بیرۆكراتی‌و توێژێكی مشه‌خۆر ده‌كات. 
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حزبی شیوعی دژی فرۆشتنی كه‌رتی كاره‌باو ئاوه‌ به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، له‌ هه‌مان كاتیشدا دژی به‌رنامه‌كانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ مانگی‌ ئایاری 2016 ه‌وه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كات.
ئابووریه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگ
له‌ درێژه‌ی به‌یانه‌كدا هاتووه‌: دیاره‌ قه‌یرانی دارایی هه‌رێم ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و جه‌نگی دژ به‌ داعش‌و كێشه‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێش هه‌موو شتێك پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم دان به‌ بوونی كێشه‌كه‌دا بنێت‌و دواجاریش ده‌بێت چیتر پشت به‌ ئابووری نه‌وت فرۆشتن نه‌به‌ستێت‌و هه‌وڵی له‌ناوبردن‌و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی‌و  خراپی ئیداری بكات، له‌هه‌مانكاتیشدا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند باشبكاته‌وه‌.
به‌هێزكردنی ناوماڵی كوردی
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حزبی شیوعی داوا ده‌كات: پێویسته‌ پێش هه‌موو شتێك ناوماڵی كوردی یه‌كبخرێت‌و هه‌موو حزبه‌ كوردستانییه‌كان هه‌وڵ بده‌ن له‌ رێگه‌ی دیالۆگ‌و دانوستانی باشه‌وه‌، كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ربكرێت‌و رێگه‌چاره‌ بۆ كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌و پاراستنی ئازادییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و باشكردنی ئه‌دای حكومت بكرێت.
ده‌شڵێت: به‌هێزكردنی ناوماڵی كوردیی، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نگ له‌ دژی داعش به‌هێزتر بكرێت، هه‌روه‌ها ره‌وشی هه‌رێمیش پێویستیی زیاتری‌ به‌ سیستمی دیموكراسی‌و ئازادی هه‌یه‌.
هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند 
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم‌و به‌غداوه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی ناوه‌ند، په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایه‌بتی كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان‌و كێشه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌و سامانی نه‌وت‌و گومرگ‌و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی تریش.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی‌و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقدا هه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌ جه‌نگ دژی داعش به‌ تایبه‌تی تریش له‌ پارێزگای موسڵ‌و كه‌ركوك. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی یه‌كده‌نگی‌و پاراستنیی ئه‌منیه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ چه‌ته‌كانی داعش رزگارده‌كرێن.
پێویسته‌ رێگه‌چاره‌ بدۆزرێته‌وه‌
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان‌و نه‌بونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنیان، وایكردووه‌ ئه‌م كێشانه‌ زۆرتربن‌و رێگه‌ چاره‌شیان ئاڵۆزتربێت. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: چه‌ند لایه‌نێك هه‌میشه‌ هه‌وڵیانداوه‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا قووڵتر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی لێدوانی ئاگرین‌و نابه‌جێ‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ ‌له‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نێكیش هه‌ن، هه‌میشه‌ دژی مافه‌ كانی گه‌لی كورد وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ستووری عیراقیی بۆی ده‌سته‌به‌ر كردوون. 
دانانی سیستمێكی باشتر
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان بابه‌تین، له‌وانه‌ چۆنێتی  داڕشتنی ده‌سه‌ڵات‌و سنووری حكومه‌تی ناوه‌ندو هه‌رێم‌و پارێزگاكانی عیراق، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت به‌پێی بنه‌مای هه‌ماهه‌نگی‌و ده‌ستووری بكرێت‌و دووربێت له‌ هه‌موو حه‌زێكی خۆسه‌پاندن‌و یه‌كترازان‌و نه‌مانی په‌یوه‌ندی، چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ شێوازانه‌ خزمه‌ت به‌ گه‌له‌كه‌مان ناكات.
ده‌ستپێشخه‌ری 
دواجار حزبی شیوعی داوا ده‌كات‌و ده‌ڵێت: ئێمه‌ داواكارین له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌، ده‌ستپێشخه‌ریی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌ زۆرانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن‌و نه‌هێڵن چیتر كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بن، له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌وڵ بده‌ن ره‌وشێكی سیاسیی باش‌و گونجاو بدۆزنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی دانووستان‌و دیالۆگه‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌روه‌ها رێگه‌ش نه‌ده‌ن به‌ شۆڤێنیست‌و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م كێشانه‌ بقۆزنه‌وه‌و ئارامیی‌و ئاسایشی وڵات تێكبده‌ن.
جوڵاندنی دۆسێكان
له‌ كۆتایی به‌یانه‌كدا هاتووه‌: هه‌وڵدانێكی جدی بۆ جوڵاندنی دۆسێكان‌و به‌رده‌وامبوون له‌ دانووستان له‌ نێوان هه‌ردوو لاداو ئاماده‌بوون بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی‌و سازشكردن، ده‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، پێویسته‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانیش ریفۆرم‌و چاكسازیی بێت له‌ عیراق به‌ گشتیی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عیراقدا ده‌بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP