به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان پێشوازیی له‌ ساڵی نوێ ده‌كرێت
به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان پێشوازیی له‌ ساڵی نوێ ده‌كرێت ‌ راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌ 29/12/2016
لایه‌نه‌كان له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوانیان، پێشوازیی له‌ ساڵی 2017 بكه‌ن.
پێشنیازه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر
خۆئاماده‌كردنی لایه‌نه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له‌ ساڵی نوێدا له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ساڵی 2016-دا كه‌مترین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا كرا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ رۆژی 8/10/2015، دوای نۆ كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵی، به‌بێ ئه‌نجام كۆتاییان به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوانیان هێنا، پاشان زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌و دۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی رۆژی 12/10/2015، له‌ بازگه‌ی پردێ رێگری له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كراو رێگه‌نه‌درا بچێته‌وه‌ هه‌ولێرو له‌وكاته‌شه‌وه‌ تائێستا یه‌كێك له‌ باسه‌ گه‌رمه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كاراكردنه‌وه‌ی  په‌رله‌مانی كوردستانه‌.
دۆخه‌كه‌ درێژه‌ی كێشا، لێدوان‌و هه‌ڵوێستی لێپرسراوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێگربوون له‌ به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ردا، سه‌رئه‌نجام ئێواره‌ی رۆژی 20/11/2016، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسیی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ حزبه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆو په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی تازه‌ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، هه‌روه‌ها حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكبكه‌ون حكومه‌تێكی نوێ دابمه‌زرێت‌و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بگرێته‌ ئه‌ستۆو منیش به‌هه‌موو توانایه‌ك یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌م.
وه‌ڵامی لایه‌نه‌كانیش به‌ تایبه‌تیش پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (یه‌كێتی، پارتی، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) بۆ ئه‌و په‌یامه‌ ئیجابی بوو، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیش وه‌فدێكی باڵای بۆ سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێكهێناو له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستی به‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌كان كردو رۆژی 28/11/2016، له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كردو دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ هه‌ولێر، رۆژی 19/12/2016، وه‌فدی باڵای پارتی سه‌ردانی سلێمانی كردو له‌گه‌ڵ وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا كۆبۆوه‌.
ئێستاش دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ئه‌و خوله‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌ ئیجابی هه‌ڵسه‌نگاند، به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستانی نوێ، (كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن‌و بڕیاره‌ له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای ساڵی نوێی 2017-دا خولێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌).

پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر ئاماده‌ ده‌كرێت
دوای كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی‌و پارتی-ش، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك، رایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا هیچ بڕیارێك نه‌دراو چاوه‌ڕێی سه‌ردانی وه‌فدی پارتی بۆ لای گۆڕان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی ببینین، دواتر دابنیشینه‌وه‌ تا بڕیاربده‌ین له‌سه‌ر ورده‌كاریی كاره‌كان‌و پڕۆژه‌كان‌و گۆڕانكارییه‌كان، به‌ڵام به‌گشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی باش بوو، لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بوو، وتیشی: باسمان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی كردو گفتوگۆمانكرد له‌باره‌ی باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵكەوە.
فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیش دووپاتیكرده‌وه‌ (په‌یامه‌كه‌یان هه‌مان په‌یامه‌كه‌ی بارزانی-یه‌و ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن به‌ پڕۆژه‌یه‌كی گشتی، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تیان نابێت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تاوتوێی نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بكرێت ئاشته‌وایی به‌رقه‌راربكه‌ینه‌وه‌‌و دواتریش رێككه‌وتن بكرێت). 

״به‌م زووانه‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌״
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌و  ئه‌ندامی وه‌فدی یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی وا رێكه‌وتین كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام بن‌و هه‌وڵیش ده‌درێت پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر ئاماده‌ بكرێت كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رازی بن، راشیگه‌یاند: به‌م زووانه‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

جێبه‌جێكردنی پێشنیازه‌كان
دوای كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی پارتی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، تۆڕی میدیایی گۆڕان له‌زاری ئیسماعیل نامیق ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، بڵاویكرده‌وه‌ (كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئیجابی بوو)، ئیسماعیل نامیق ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئه‌وان هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان نه‌خستۆته‌ به‌رده‌م وه‌فدی پارتی، به‌ڵكو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن پارتی پڕۆژه‌ی خۆی هه‌بێت بۆ چۆنێتی جێبه‌جێكردنی پێشنیازه‌كانی بارزانی. 

یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان 
سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامیش له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبه‌كه‌یدا، رایگه‌یاند: پێویسته‌ قۆناغی داهاتوو، قۆناغی یه‌كخستنی دیدو هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بێت.
هه‌ر له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبۆوه‌و به‌پێی هه‌واڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌ (ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئومێدی خواست هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسیی هه‌رێم‌و ده‌ربازكردنی له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ سیاسییه‌ بده‌ن).


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7345
20/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
‌ نه‌یمار به‌ باڵیۆزی نیازپاكیی رێكخراوی هاندیكاپ دیاری كرا 20/8/2017
زانست
‌ شوقه‌ ژینگه‌یه‌ك بۆ ئاسووده‌یی هاوبه‌ش 20/8/2017
‌ له‌ سوید فه‌رشی فڕیو دروست كرا 20/8/2017
‌ پلان بۆ داهاتووی داده‌نێت 20/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP