هێرشه‌كانی ئیستانبوڵ کەلێنەکانی توركیای ئاشكراكرد
هێرشه‌كانی ئیستانبوڵ کەلێنەکانی توركیای ئاشكراكرد ‌ 4/1/2017
كاتێك چه‌كدارێك له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانی ئیستانبوڵ ده‌یان كه‌سی كرده‌ ئامانج، كه‌ چه‌ندین كه‌س له‌جیهانه‌وه‌ له‌وێ دوور له‌ مه‌ینه‌تی‌و توندوتیژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵیان ده‌گێڕا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ تیم ئارانكۆ له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزدا نووسیوێتی: «ئه‌و هێرشه‌ دووه‌م هێرشه‌ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا كه‌ له‌توركیا روویداوه‌»، ئه‌مه‌ش ئه‌و درزه‌ی له‌و وڵاته‌دا ئاشكراكرد كه‌ تادێت زیاتر له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت به‌هۆی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ هێشتا چه‌كداره‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌، ئه‌و تاوانه‌ زیاتر سه‌رنجه‌كانی له‌سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ چڕكردۆته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌و هه‌ڵمه‌تی سه‌ركوته‌ فراوانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی به‌رپای كردووه‌و سه‌رباری گرتنه‌به‌ری ئه‌و هه‌موو رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ توندوتۆڵه‌ به‌مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی له‌و وڵاته‌ ئاڵۆزكاوه‌دا، به‌ڵام تادێت هێرش‌و په‌لاماره‌كانیش زیاد ده‌كه‌ن.
ئارانكۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رنجی هه‌مووان بۆ ئه‌و دۆخه‌ راده‌كێشێت كه‌ توركیا چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌و رۆژبه‌ڕۆژ ده‌خلیسكێته‌ زه‌لكاوی جه‌نگی ناوخۆیی سوریاوه‌‌و به‌هۆی كردنه‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م چه‌كداره‌ بیانییه‌كان تا بگه‌نه‌ سوریا، ئه‌مه‌ بووه‌ پاڵپشتێكی بێ مه‌به‌ست بۆ هه‌ڵچوونی هه‌رچی زیاتری داعش تا وای لێهات كه‌ هه‌نوكه‌ هێرشه‌كانیان گواستۆته‌وه‌ ناو خاكی توركیا. 
ساڵی 2015 سه‌رله‌نوێ جه‌نگ‌و كوشتاری له‌گه‌ڵ كورددا ده‌ستپێكرده‌وه‌‌و هاوینی ساڵی رابردووش كوده‌تایه‌كی شكستخواردووی به‌خۆوه‌ بینی.
گورزێك له‌ رووی شارستانیی ئیستانبوڵ
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ر هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: «هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و یانه‌ شه‌وانه‌یه‌، گورزێك بوو له‌ رووی شارستانیی‌و خۆرئاوایی ئیستانبوڵ‌و دوورنییه‌ هه‌رچی زیاتریش دیموكراسی له‌ توركیادا به‌رته‌سك بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستی ئه‌ردۆغان واڵاتر ده‌كات بۆ هه‌رچی زیاتر سه‌ركوتكردنی نه‌یاره‌كانی، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌وه‌ ئه‌و زۆر به‌خێرایی به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پاشه‌كشه‌ به‌ئابووریی وڵاته‌كه‌ش بكات، كه‌ هه‌ر بۆخۆی تووشی ته‌نگژه‌ بووه‌ به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاریی‌و  وه‌به‌رهێنانی بیانییه‌وه‌.
خاتوو ئاسڵی ئایدن تاشباش نووسه‌رو توێژه‌ری تورك له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا ده‌ڵێت: «هیچ شتێك له‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا ده‌یكات، هاوكار نییه‌ بۆ گه‌ره‌نتیكردنی ئاسایش‌و ئارامی له‌و وڵاته‌دا... تادێت سه‌ركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی دۆخی وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌بات، سه‌رباری زۆربوونی جه‌مسه‌رگیرییه‌كی مه‌ترسیدار كه‌ دروستبووه‌».
ده‌مكوتكردنی میدیاكان
هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ كردوێتی له‌دوای هێرشه‌كانی پێشووتر، حكومه‌تی توركیا ده‌می میدیاكانی گرتووه‌ له‌دوای ئه‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر یانه‌ شه‌وانه‌كه‌‌و ده‌ڵێت: ده‌بێت میدیاكان ته‌نها راپۆرته‌ ره‌سمییه‌كان بڵاوبكه‌نه‌وه‌!.
دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر، پۆلیسێك باڵیۆزی روسیای له‌ موزه‌خانه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ره‌ تیرۆركرد‌و وتی: «به‌وه‌ تۆڵه‌ی ئه‌و رۆڵه‌ له‌ روسیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یبینێت له‌ بۆردومان كردنی خه‌ڵكی سڤیلی شاری حه‌ڵه‌بدا»، تاوانه‌كه‌ش له‌میانی لێك نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا‌و روسیادا هات كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ ئیدی ئه‌ردۆغان بۆ جێگیركردنی ئاشتی پشت به‌ مۆسكۆ ده‌به‌ستێت له‌بری ئه‌وه‌ی داوای رۆیشتنی ئه‌سه‌د بكات.
تیرۆركردنی باڵیۆزه‌كه‌ی روسیا‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر یانه‌ی شه‌وانه‌ی «رینا» تواناكانی هه‌واڵگریی توركیای خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بتوانێت ئارامی‌و ئاسایش بۆ وڵاته‌كه‌ ده‌سته‌به‌ربكات.
ئه‌گه‌رچی هێشتا ناسنامه‌و پاڵنه‌ره‌كانی تیرۆریسته‌كه‌ نادیاره‌، به‌ڵام ئارانكۆ ده‌ڵێت: هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین یانه‌ شه‌وانه‌كانی ئیستانبوڵ، ئاماژه‌یه‌كی دیاره‌ بۆ دابه‌شبوونێكی گه‌وره‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا له‌نێوان عه‌لمانییه‌كان‌و دینداره‌كاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌و درزكه‌یه‌ كه‌ له‌سایه‌ی حوكمڕانیی ئیسلامیی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغاندا قووڵتر بۆوه‌، كه‌ هه‌م خوێندنگه‌ ئایینییه‌كانی فراوان كرد‌و هه‌م هه‌وڵیدا كۆتوبه‌ند بخاته‌ سه‌ر فرۆشتنی مه‌ی. 
ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێوه‌
هه‌ندێك له‌ئیسلامییه‌كان به‌په‌له‌ له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی ئاهه‌نگ گێڕانیان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵه‌وه‌ كرد‌و ته‌نانه‌ت له‌ وتاری رۆژی هه‌ینیشدا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاروباری ئاینیی سه‌ربه‌ حكومه‌ته‌وه‌ ئاماده‌كرابوو، هاتبوو كه‌ ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێوه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌لتوورو گه‌لانی دیكه‌وه‌.
دوای هێرشكردنه‌ سه‌ر یانه‌ شه‌وانه‌كه‌ش، پرۆفیسۆر هوارد ئیسنستات-ی شاره‌زا له‌بواری توركیا له‌ زانكۆی سان لۆرنس رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و گوتاره‌ لێكه‌وته‌ی ده‌بێت.
ئارانكۆ به‌وه‌ كۆتایی به‌ راپۆرته‌كه‌ی هێناوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: گرفته‌كانی توركیا وایكردووه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ چوونی گه‌شتیاری بیانی بۆ ئه‌و وڵاته‌، هه‌رچی گه‌شتیارانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ كه‌ راهاتوون له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌وڵاته‌كانی خۆیاندا، هێشتا ده‌چنه‌ توركیا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP