رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چی به‌سه‌ردێت؟
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چی به‌سه‌ردێت؟ ‌ 4/1/2017
ئاماده‌كردنی: بورهان ئه‌مین
سه‌نته‌ری ستراتفوری ئه‌مریكی بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسی له‌ دوا راپۆرتی ساڵی ڕابردودا باس له‌ گۆڕانكارییه‌كان له‌ هاوسه‌نگی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر ئاستی دونیا ده‌كاو ده‌ڵێ له‌ ساڵی ٢٠١٧ دا ئه‌مریكا هه‌ژمونی به‌سه‌ر جیهان وه‌ك جاران نامێنی و هێزو لایه‌نی تر جێگه‌ی ده‌گرنه‌وه‌، سوریاو عێراقیش خاڵی وه‌رچه‌رخانی هه‌ژمونی وڵاتان ده‌بێت.
سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌ڵێ، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ڕژێمی ئه‌سه‌د پانتاییه‌كی زۆری خاكی سوریای كۆنترۆڵكرده‌وه‌و له‌ هه‌وڵه‌كانیشی به‌رده‌وامه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی زیاتر، بۆیه‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت باوه‌ڕ به‌وه‌بێنین كه‌ له‌م ساڵه‌دا شه‌ڕه‌كه‌ نامێنێت، مانه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌و وڵاته‌ كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن، ئاڕاسته‌ی ستراتیژیه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هاوكاریكردنی ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌نگاری داعش ده‌بنه‌وه‌ نه‌ك ئه‌سه‌د، بۆ نموونه‌ له‌مساڵدا بایه‌خی زیاتر به‌هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌داو پشتیوانه‌كانی بۆ لایه‌نه‌كانی تر له‌ئه‌دلب كه‌مده‌كاته‌وه‌، ڕوسیاش هه‌ماهه‌نگی ته‌كتیكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كات بۆ پێكانی ئامانجه‌كانی.
هه‌ژمونی وڵاتان
لایه‌نێكی تری دژ به‌داعش كه‌ توركیایه‌ بازنه‌ی هه‌ژمونی خۆی له‌ سوریاو عیراق فروانتر ده‌كا و ڕێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌كات، ستراتیژیه‌تی ئه‌و وڵاته‌ مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ڕوی ڕوسیا و كورده‌كانی سوریا بێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕوسیا باش بكات و له‌ خۆی نه‌وروژێنیت.
له‌ عێراقیش، توركیا به‌ درێژایی ئه‌و سنووره‌ی كه‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی داینابو كه‌ به‌ شنگال و موسڵ و هه‌ولێر و كه‌ركوكدا تێده‌په‌ڕێت هه‌ژمونی زیاتر ده‌بێ. به‌ هۆی دروست بوونی بۆشایی له‌ ئاكامی ڕاكردنی داعش، له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ونه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر، له‌ دوای داعشیش بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان زه‌حمه‌ت ده‌بێت كۆنترۆڵی ته‌واوی شاره‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ژمونی توركه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێرانیه‌كان ده‌كات.
كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌بن
ئازادكردنی موسڵ كێشه‌كان له‌ناوخۆی كورده‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ نێوان هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، له‌مباره‌وه‌ به‌غدا هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ركوك ده‌دات و له‌ لایه‌ن كورده‌كانیش ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ كورد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و وزه‌و كێشه‌كانی تر قۆناغێكی دژوارتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.
توركیا
جگه‌ له‌ كێشه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌دا، توركیا ڕووبه‌رووی كێشه‌ی تری ناوخۆیی ده‌بێته‌وه‌، په‌لاماره‌ به‌رده‌وامه‌كانی كورده‌كان و هه‌وڵه‌كانی بۆ ڕێگرتن له‌ داعش له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی سنوری وڵاته‌كه‌ی و ئه‌نجامدانی ڕاپرسی بۆ گۆڕینی ده‌ستوره‌كه‌ی و باره‌ ناله‌باره‌ ئابووریه‌كه‌ی و دابه‌زینی نرخی دراوه‌كه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر دۆلار و قه‌رزو قۆڵه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی سه‌ری، وایكردوه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران نه‌وێرن له‌وێ كاربكه‌ن ئه‌مانه‌ش هه‌موویان كێشه‌ن بۆ ئه‌و وڵاته‌ و له‌ مساڵه‌دا هه‌روا بێچاره‌ ده‌مێننه‌وه‌.
ئه‌مریكاو ئێران
سه‌نته‌ره‌كه‌ وایده‌بینێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو ئێران به‌ قۆناغێكی دژوارتردا گوزه‌ر ده‌كات، ئیداره‌ی تازه‌ به‌رامبه‌ر به‌و وڵاته‌ گرژتر ده‌بێ، هه‌ر چه‌نده‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی نێوانیان مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێ له‌مساڵه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێ چونكه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت له‌گه‌ل ئه‌و وڵاته‌ بیكاته‌ ئاژاوه‌ی گه‌وره‌، له‌و باره‌ ناهه‌مواره‌شدا ڕوسیا قانجی پێده‌گاو كاری خۆی ده‌كات.
له‌ هه‌ڵبژاردنی هاوینی داهاتوی ئێراندا ئابووری ڕۆڵی كاریگه‌رانه‌ ده‌گێڕێ له‌ ئه‌نجامه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌شی هه‌رچیه‌ك بێت و هه‌ر كێ بیباته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ژێر ركێفی پارێزگاره‌كان و مورشیدی گه‌وره‌ ده‌مینێته‌وه‌، مورشید هه‌رچه‌ند متمانه‌ی به‌ ئه‌مریكا نییه‌ به‌ڵام درك به‌ پێویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران ده‌كا بۆ ناو ئابووری جیهانی.
كه‌نداو
له‌ دوای چاكسازییه‌ ئابوورییه‌كه‌ی، شانشینی عه‌ره‌بی سعودی ده‌توانیت به‌ سه‌ر كێشه‌كانی بودجه‌كه‌یدا زاڵ بێت به‌ڵام به‌ پێی پڕۆژه‌كانی تێڕوانینی ٢٠١٠ و٢٠١٠و٢٠٣٠ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی ئه‌سته‌م ده‌بێ و ته‌گه‌ره‌ی زۆری ده‌كه‌وێته‌ڕێ، له‌مساڵه‌دا ده‌بێت خۆی ئاماده‌ بكات بۆ ڕاده‌ستكردنی كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ ٢٠١٨ و فراوانكردنی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی كه‌ له‌ جیاتی نه‌وت ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كه‌ی، له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بیشدا وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو جگه‌ له‌عوممان له‌ پلانه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ڕێگرتن له‌هه‌ژموونی ئێران وهه‌ڕه‌شه‌ سیاسی و ئابووری و ئه‌منیه‌كانی.
باكووری ئه‌فریقیا
سه‌رباری دابه‌زینی ئاستی بژێوی ژیانی میسرییه‌كان ئه‌و وڵاته‌ ناتوانیت له‌ سه‌ر ده‌ستی حكومه‌تی سیسی كێشه‌ ئابووریه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاسته‌ سیاسییه‌كه‌یدا له‌ وڵاتی لیبیا ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌ ڕێی هاوكاریكردنی لیوا خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر كه‌ پێده‌چێت له‌مساڵدا ده‌سه‌ڵاتی له‌ ڕۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی جێگیر ببێت و به‌مجۆره‌ شه‌ڕو پێكدادان له‌ لیبیا درێژه‌ی ده‌بێ، داعش پێگه‌ی لاواز ده‌بێ به‌ڵام له‌م ناوه‌ هه‌ر ده‌مینێت، له‌ جیاتی ئه‌وان قاعیده‌ ڕه‌واج په‌یدا ده‌كاته‌وه‌.
داعش
سوری و عیراقییه‌كان له‌مساڵه‌دا ده‌توانن سه‌ربازیانه‌ داعش له‌ وڵاته‌كانیان وه‌ده‌رنێن به‌ڵام وه‌ك هێزێكی تیرۆریستی مه‌عنه‌وی هه‌ر ده‌مێنن، له‌و شوینانه‌ی كه‌ پێشتر لێی بوون ده‌بێته‌ خاڵی ناكۆكی نێوان هێز و لایه‌نه‌كان، داعشه‌ بیانییه‌كان زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانی خۆیان و ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایسی وڵاته‌كانیان، هه‌وره‌ها په‌لاماره‌كانیان بۆ سه‌ر شاره‌ گه‌وره‌كان هه‌ر ده‌مینن، بۆیه‌ ڕۆژئاوا به‌ هه‌ستیاریه‌وه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڕوانێ و بایه‌خی پێده‌دات.
ئیسرائیل
٢٠١٧ هه‌لێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ئیسرائیل ده‌ڕه‌خسێت به‌ بردنه‌وه‌ی كۆماریه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌رچونی ترامپ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، چونكه‌ ده‌ستی زیاتر ده‌كریته‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینیش په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ میسرو ئوردن تێكده‌چێت، پێشده‌چێت له‌ سوریا چالاكیه‌كانی له‌ دژی حزب الله‌ زیاتر بره‌وپێ بدات.
سه‌رچاوه‌ : سایتی ئیلاف


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP