داعشە تونسییەكان دەچنەوە وڵاتی خۆیان
داعشە تونسییەكان دەچنەوە وڵاتی خۆیان ‌ 5/1/2017
ئامادەكردنی: بورهان ئەمین
مانگی رابردوو «باجی قاید سەبەسی» سەرۆكی تونس لەسەردانێكیدا بۆ بەلجیكاو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە برۆكسێل سەبارەت بەو تونسییانەی چوونەتە ناو داعش‌و ئێستا پەشیمان بوونەتەوەو دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئامادەیی وڵاتەكەی راگەیاند بۆ وەرگرتنەوەو لێبووردنیان.
 ئەم بابەتە لە نێوەندە سیاسییەكانی تونسدا كاردانەوەی لێكەوتەوەو هاووڵاتیانی ئاسایی‌‌و رێكخراوەكان چوونە بەردەم پەرلەمان‌و ناڕەزاییان بەرامبەر بەم لێدوانە دەربڕی‌و داوایانكرد كە حكومەت‌و میللەت لەو تیرۆریستانە خۆش نەبن‌و نەهێڵن بگەڕێنەوە وڵات، چونكە ئەوانە خەڵكانی توندوتیژو لە رێ لادەرن‌و ئارامی وڵاتەكەیان تێك دەدەن، پەرلەمانی وڵاتەكەش رایگەیاند كە ئەم لێدوانانە تەنها بیرۆكەیەو سەرۆك ناتوانێت ئەم لێبووردنە جێبەجێ بكات، بەبێ تێپەڕبوون بەپەرلەمانداو دەبێت لەوێ تاوتوێ بكرێت،ئینجا بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
هەڵدانەوەی دۆسێی داعشە تونسییەكان كە پێنج شەش هەزار كەس لە سوریاو عیراق‌و دەیان هەزاریش دەبن لە ناوخۆی وڵاتەكەیاندا، لە دوای ئەو كارە تیرۆریستییە هات كە لە بەرلین لە لایەن گەنجێكی كۆچبەری تونسییەوە ئەنجام دراو ١٢ قوربانی‌و ٥٠ برینداری لێكەوتەوە، كەیسی گەڕاندنەوەی ئەو داعشانە بۆ وڵاتەكەیان، تونسییەكانی بەسەر دوو رای جیاوازدا دابەش كردووە، هەن لە دژن‌و هەشیانە دەڵین مادام هاووڵاتی وڵاتەكەن‌و هەڵەیەكیان كردووە، دەبێت لێیان ببووردرێت‌و بخرێنەوە سەر رێگای راستی ژیان‌و تێكەڵی كۆمەڵگە بكرێنەوە، ئەم بابەتە لە لایەن ئەوروپییەكان‌و بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا بایەخی زۆری پێدراوەو بە وردی چاوەدێری رەوشی داعشە تونسییەكان دەكەن، چونكە ئەڵمانیا بڕیاریداوە هەموو ئەو تونسییانە دیپۆرتی وڵاتی خۆیان بكاتەوە، كە داوای مافی پەنابەرێتییان رەتكراوەتەوەو گومانی خراپەیان لێدەكرێت.
لایەنە سیاسییەكانی تونس لە گفتوگۆیەكی چڕو پڕدان، لە هەمان كاتیشدا یەكتری بە هاندانی ئەو توندڕەوانە تاوانبار دەكەن كە بچنە بەرەی داعشەوە لە سوریاو عیراق،پەرلەمانتارانی «بزووتنەوەی رابوون»ی ئیسلامی بە تیخ تیخەدانی گەنجان تۆمەتبار دەكا لەسەر بیری ئیسلامی توندڕەوو دەڵێ: ئێوە بوونە سەرچاوەی دروستكردنی ئەو داعشانە، ئەوانیش رەتی دەكەنەوە كە دەستیان لەمەدا هەبووبێت. پارتی « ئافاق»یش بەپاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەموو جۆرە رێكەوتنێك لەبارەی وەرگرتنەوەی ئەو تیرۆریستانە رەتدەكاتەوە.
بۆیە هەندێك هەڵوێستی حكومەتی تونس بە هەستیار دەبینن لەم مەسەلەیەدا، چونكە لە لایەك هەڕەشەی لەسەرە لە لایەن ئەو تیرۆریستانەوە، چ لە ناو وڵات بن یان لە دەرەوە،لە لایەكی تریشەوە ئەوروپا بەگشتی‌و ئەڵمانیا بەتایبەتی فشاری خستۆتە سەر بۆ پەلە كردن لە دانانی رێوجێی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەكانی خۆی.
لەم بارەیەوە هەندێك چاودێری سیاسی پێیان وایە كە  بۆیە تونس پەلە ناكات، دەیەوێت  لەو كەین‌و بەینەدا هەندێك دەستكەوتی مادی لای ئەوروپییەكان‌و بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت، ئینجا دەست بەپڕۆسەكە بكات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP