شکستهێنانی سیاسه‌تـی سعودیه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا
شکستهێنانی سیاسه‌تـی سعودیه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ‌ 9/1/2017
ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ سعودیه‌ وه‌کو ده‌وڵه‌تێکی ئیقلیمی گه‌وره‌ له‌ناوچه‌که‌دا، ڕۆڵێکی به‌رچاوی له‌کێشه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌. سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن و لوبنان و سوریاو عیراق و میسر و لیبیا، ڕۆڵێکی ئێجگار نێگه‌تیفی له‌ کێشه‌کاندا ده‌گێڕا. سه‌ره‌تا سعودیه‌کان دڵیان به‌وه‌خۆشبوو له‌هه‌موو کێشه‌کاندا ڕۆڵی سه‌ره‌کیان هه‌یه‌، به‌ڵام ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ و سیاسه‌ته‌کانی له‌ناوچه‌که‌دا، به‌ره‌و شکستهێنان هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌مه‌ش به‌ڕوونی له‌ زۆربه‌ی کێشه‌کانی ناوچه‌که‌دا ده‌یبینین.  رۆژنامه‌ی گه‌یهانی ئێرانی له‌ ڕاپۆرتێکدا پێی وایه‌، که‌ ئال سعود به‌ره‌و نه‌مان هه‌نگاو ده‌نێن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی شکستی هه‌موو سیاسته‌کانیان له‌ناوچه‌که‌دا. 

یه‌مه‌ن
نزیکه‌ی دوو ساڵێک ده‌بێت عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌ نزیکه‌یه‌کانی له‌ که‌نداو، جه‌نگێکی ماڵوێرانیان به‌سه‌ر گه‌لی یه‌مه‌ندا سه‌پاند، که‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و کاره‌سات، هیچی به‌دیاری بۆ گه‌لی یه‌مه‌نی نه‌هێناوه‌. له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌، حوسیه‌کان و هاوپه‌یمانه‌کانیان، توانیان به‌رگری له‌ هێرشی سعودیه‌ بگرن و ته‌نانه‌ت توانیشیان په‌لاماری ناوخاکی سعودیه‌ش بدده‌ن. له‌ڕووی نێوده‌وڵتیشه‌وه‌، سعودیه‌ وه‌کو هێزێکی شه‌ڕه‌نگێز ناوبانگی ده‌رکردووه‌و ته‌واوی رێكخراوه‌ جیهانییه‌کان، ئیدانه‌ی کاره‌ سه‌ربازییه‌کانی سعودیه‌ ده‌که‌ن و به‌ پێشێلکاری مافی مرۆڤ و به‌تاوانکاری جه‌نگ سه‌یر ده‌کرێت.  به‌ واتایه‌کی تر، ئه‌وه‌ی سعودیه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی، که‌له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا، هێزی حوسه‌یکان و هه‌ژموونی ئێران له‌یه‌مه‌ن ده‌ربکات، بووه‌ کابووسێکی گه‌وره‌ بۆی. هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا چه‌ند دۆستێکی سعودیه‌ له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ میسریه‌کان، هۆشداری ترسناکی ئه‌م جه‌نه‌گه‌ی به‌ سعودیه‌ دا، به‌ڵام ئال سعود گوێیان به‌که‌س نه‌دا. 

سوریا 
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کێشه‌ی سوریاوه‌، سعودیه‌ به‌وپه‌ڕی هێزو توانایه‌وه‌، پشتگیری هه‌موو هێزه‌ نه‌یاره‌کانی ڕژێمی ئه‌سه‌دی کرد و پاڵپشتی هه‌مو گرووپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کانی وه‌کو داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ کرد، هه‌موو هیوای ئال سعود ئه‌وه‌بوو، که‌ ڕژێمی ئه‌سه‌د بروخێنێت. لێ ئه‌مڕۆ ئه‌م خه‌ونه‌شیان نه‌هاته‌ دی. ئێستا رژێمی ئه‌سه‌د به‌هێزبۆته‌وه‌و به‌شێکی زۆری خاکی سوریاشی کۆنترؤڵکردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی دۆسته‌کانی سعودیه‌ش له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ « داعش و به‌ره‌ی نووسره‌» له‌جیهاندا به‌ هێزی تیرۆریست داده‌نرێن. له‌ڕووی ئیقلیمیشه‌وه‌، تورکیای دۆستی ، پشتی له‌ ئال سعود کردووه‌و به‌ره‌و باوه‌شی ئێران و روسیا ده‌ڕوات، به‌و هیوایه‌ی که‌ کورد  هیچ ده‌ستکه‌وتێکی نه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ سوریاش وه‌کو یه‌مه‌ن ، ئال سعود ڕووبه‌ڕوی شکستی گه‌وره‌بوونه‌وه‌. 
عیراق
له‌ عیراقیش هه‌موو خه‌ونه‌کانی رووخانی حکومه‌تی عیراق و نه‌هێشتنی هه‌ژموونی هێزه‌ شیعه‌کان و ئێران سه‌رینه‌گرت، ئێستا سوپای عیراقی توانی به‌شێکی زۆری ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش رزگاربکات و جارێکی تر حکومه‌تی عیراقی توانی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌کاندا بسه‌پێنێت، ته‌نانه‌ت دوایین کارتی ده‌ستیان که‌ شاری موسڵ بوو، له‌وه‌شدا شکستیان هێنا، چونکه‌ له‌ئێستادا سوپای عیراقی سه‌رکه‌وتنی باش تۆمارده‌کات.  به‌واتایه‌کی تر له‌ عیراقیش جگه‌ له‌چه‌ند لایه‌نێکی به‌کرێگیراو، سعودیه‌ هیچ دۆستێکی وای نییه‌ و شکستی هێناوه‌.

لوبنان
هه‌میشه‌ لوبنان جێگه‌ی بایه‌خی ئال سعودبووه‌، به‌تایبه‌تی له‌پاش به‌ستنی ڕێكکه‌وتنامه‌ی « تایف»  ساڵی 1989 که‌ کۆتایی به‌جه‌نگی ناوخۆی لوبنانی هێنا، سعودیه‌ به‌ملیاره‌ها دۆلاری له‌م وڵاته‌دا خه‌رجکردووه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر لوبناندا بسه‌پێنێت و هه‌ژموونی ئێران نه‌هێڵێت. به‌ڵام لێره‌شدا شکستی هێنا، ئه‌وه‌بوو پاش چه‌ندین ساڵ له‌ کێشه‌ی سیاسی ، ساڵی پار میشێل عۆن کرایه‌ سه‌رۆکی لوبنان، که‌ کاندیدی حزبوڵڵای دۆستی ئێران و دوژمنی سعودیه‌ بوو. سعودیه‌ له‌ لوبنان هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌، جگه‌ له‌ سزادانی ئه‌م وڵاته‌ نه‌بێت، له‌مه‌شدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، چونکه‌ وڵاتی تر هه‌یه‌ که‌ ئاماده‌یه‌  یارمه‌تی لوبنان بدات.

 میسر
میسر گه‌وره‌ترین وڵاتی عه‌ره‌بیه‌ و ‌ به‌ دڵی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب داده‌نرێت، سعودیه‌ش گرنگیه‌کی زۆری به‌م وڵاته‌ داوه‌، ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ترین سه‌فاره‌تی سعودیه‌ش له‌ جیهاندا له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسره‌. ئال سعود به‌ ملیاره‌ها دۆلاریان پێشكه‌شی سیسی کرد تاوه‌کو حوکمی ئیخوانه‌کان نه‌هێڵێت، به‌ڵام ساڵی پار له‌گه‌ڵ سیسیش تێكچوون ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی خراپی سعودیه‌ له‌ سوریا، که‌ میسر به‌توندی دژی رووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌و ودژی هه‌ژموونی سعودیه‌ و تورکیاشه‌ له‌ناوچه‌که‌. لێره‌شدا سعودیه‌ شکستێکی تری تۆمارکرد. 
ئه‌مریکا و یاسای جاستا 
له‌وه‌تی سعودیه‌ دروستبووه‌ ، پشتی به‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌ستووه‌، ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ وه‌کو دیوارێکی گه‌وره‌ وابووه‌ که‌ ئال سعودیان له‌ داڕمان پاراستووه‌، به‌ڵام له‌ سالی پاره‌وه‌ به‌هۆی دانانی یاسای دژه‌ تیرۆر که‌به‌ « جاستا» ناسراوه‌، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دووانه‌ تێکچوو، له‌ئێستاشدا دۆناڵد تره‌مپ ده‌بێته‌ سه‌رۆکی ئه‌مریکا، که‌ئه‌میش به‌ نه‌یاری سعودیه‌ داده‌نرێت، واته‌ سعودیه‌ گه‌وره‌ترین دۆستی له‌جیهاندا له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ش شکستێکی تری ئال سعوده‌.
سومعه‌یه‌کی خراپی نێوده‌وڵه‌تی
له‌ ئێستادا له‌ته‌واوی جیهاندا سعودیه‌ به‌ هاوکار و پشتگیرکه‌ری هه‌موو هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌و سه‌له‌فیه‌کان داده‌نرێت و تۆمه‌تبار ده‌کرێت، به‌‌ ناردنی تیرۆر له‌جیهاندا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌هۆی جه‌نگی یه‌مه‌نه‌وه‌، به‌یه‌کێک له‌ پێشێلکارییه‌کانی جه‌نگ داده‌نرێت. 

نابووتبونی ئال سعود
به‌هۆی جه‌نگی یه‌مه‌ن و دابه‌زینی نرخی نه‌وتیشه‌وه‌، له‌ئێستادا سعودیه‌ خۆی له‌به‌‌رده‌م گه‌وره‌ترین کێشه‌ی ئابووریدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌ندێک ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی ، هۆشداری نابووتنبونی ئال سعود و مه‌مله‌که‌ته‌که‌یان ده‌ده‌ن.
دوا قسه‌
به‌ گشتی سه‌ره‌تا سعودیه‌ به‌گڕوتینێکی زۆره‌وه‌ خۆی خسته‌ ناوکێشه‌کانی ناوچه‌که‌ و خه‌ونی به‌ زلهێزێکی ئیقلیمی ده‌بینی، خه‌ڵکانێکی زۆریش هه‌بوون، خۆیان به‌ ئه‌سپی سعودیه‌وه‌ ‌هه‌ڵواسیبوو، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژمونی سعودیه‌ و سیاسته‌کانی له‌ناوچه‌که‌، له‌زه‌ره‌ر‌ به‌ولاوه‌ هیچی بۆ گه‌لی کورد نه‌بووه‌، خۆشبه‌ختانه‌ وا خه‌ریکه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ و سیاسته‌کانی له‌ناوچه‌که‌دا،  به‌ره‌و شکستی گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP