سیاســـه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تــورکیا به‌ عه‌قڵیه‌تێکی نوێوه‌
روانینێکی تورکی سیاســـه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تــورکیا به‌ عه‌قڵیه‌تێکی نوێوه‌ ‌ 12/1/2017
ئاماده‌کردنی : یه‌که‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرت
نه‌زیر که‌ندوری چاودێرێکی سیاسی تورکیه‌، له‌سایتی « ترکیا بوست» بابه‌تێکی بڵاوکردۆته‌وه‌، تێیدا باس له‌و گۆڕانکارییه‌ نوێیانه‌ ده‌کات که‌له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌کرێت. ئه‌و چاودێره‌ پێی وایه‌، تورکیا به‌ 180 پله‌ سیاسه‌تی خۆی گۆڕیوه‌، به‌تایبه‌تی له‌به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی سوریا وعیراق. هه‌روه‌ها تورکیا هه‌وڵ ده‌دات پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی نوێی  ئه‌مریکا بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌جندایه‌کی نوێی بۆ ناوچه‌که‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕیگه‌ی باشکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ روسیا ده‌بێت.  ئێمه‌ لێره‌دا کورته‌یه‌ک له‌دیدی ئه‌و چاودێره‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆر شوێندا له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی نین. 
سوریا 
له‌باره‌ی سوریاوه‌، سیاسه‌تی تورکیا گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌پاش باسکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ روسیا دێت. بۆیه‌که‌مجار  تورکیا توانی هه‌موو هێزه‌ نه‌یاره‌کانی ڕژێمی ئه‌سه‌د، له‌گه‌ڵ سه‌رسه‌خترین نه‌یارانیان که‌ روسیایه‌ کۆبکاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ئیعترافی ره‌سمی روسیایه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، که‌پێشتر ئاماده‌نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵیان دابنیشێت.
ڕاگرتنی کاتی جه‌نگ 
له‌لایه‌کی تره‌ه‌ ئه‌و چاودێره‌ پێی وایه‌، یه‌کێک له‌  ئاماژه‌ باشه‌کانی ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ئه‌وه‌یه‌، تورکیا له‌رێگه‌ی باشکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ روسیاوه‌، توانی به‌شیوه‌یه‌کی کاتی جه‌نگی سوریا رابگرێت، ئه‌مه‌ش سه‌رکه‌وتنێکی تری تورکیایه‌.
په‌راوێزخستنی  ئێران
 ئه‌و چاودێره‌ی تورکیا پێی وایه‌، باشکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ روسیا وایکردووه‌، که‌ ئێران له‌لایه‌ن روسیاوه‌ پشتگوێبخرێت و وه‌کو جاران گرنگی پێ نه‌درێت. له‌لایه‌کی تره‌وه‌  تورکیا توانی  درزێک بخاته‌ ناو په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و روسیاوه‌، بۆ نموونه‌ له‌کاتی ڕاگرتنی جه‌نگ ، هیچ پرس به‌ ئێران نه‌کراوه‌. 

گۆڕانی 180 پله‌ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات
باشکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ روسیا، بووه‌ هۆی‌ لاوازبوون و ساردبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا. ئه‌و چاودێره‌ پێی وایه‌، که‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا  به‌ڕێژه‌ی 180 پله‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و تورکیا، روسیا به‌ ده‌وڵه‌تانی رۆژئاواو ئه‌مریکا گۆڕیوه‌ته‌وه‌. 
باشکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراق
خاڵێکی تری ئه‌م گۆڕاکارییه‌  دۆسێی عیراقه‌، که‌ پێشتر سیاسه‌تی تورکیا زۆر دژی حکومه‌تی عیراقی بوو. پێشتر چه‌ندین لێدوانی توند له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ دژ به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی  سه‌رۆک وه‌زایرنی عیراق هه‌بوو، هه‌روه‌ها هاتنی سوپای تورکیاش بۆناو خاکی عیراق، هێنده‌ی تر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئاڵۆزتر کرد، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا گۆرانی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌تدا هاتووه‌، ئه‌ردۆغان به بۆنه‌ی  سه‌رکه‌وتنه‌کانی موسڵه‌وه‌،پیرۆزبایی له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی کرد، هه‌روه‌ها بن عه‌لی یه‌لدرم سه‌رۆک وه‌زایرنی تورکیاش سه‌ردانی به‌غداد ده‌کات.

کشانه‌وه‌ له‌ موسڵ به‌ مه‌رج
له‌میانیه‌ سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ عیراق، یه‌لدرم ڕایگه‌یاند: تورکیا ئاماده‌یه‌ هێزه‌کانی له‌ به‌عشیقه‌ بکشێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی سه‌رانی عیراق. له‌هه‌مانکاتیشدا یه‌لدرم دووپاتیکرده‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌شه‌نگال بکشێنه‌وه‌. 

هێزه‌کانی نوجێفی
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌و چاودێره‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر سیاسه‌تی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌کان، که‌ پێشتر له‌ماڵی هاکان فیدان  سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا له‌گه‌ڵ سه‌رانی عه‌ره‌بی سوونه‌ کۆبۆته‌وه‌ له‌وانه‌ : «ئوسێل نوجێفی و ساڵح موتله‌گ و سه‌عد به‌زاز» به‌شداربوون، به‌ڵام حکومه‌تی عیراقی گوێی به‌م کۆبوونه‌ویه‌ نه‌داوه‌ و پێشوازیه‌کی گه‌رمیان  له‌ سه‌ردانه‌که‌ی یه‌ڵدرم کرد. هه‌روه‌ها حکومه‌تی عیراقی ڕازیبووه‌ که‌ هێزه‌کانی ئوسێل نوجێفی، بخرێنه‌ ناو هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئیعترافێکی تری حکومه‌تی عیراقه‌ به‌و هێزه‌ی، که‌له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ مه‌شق و ڕاهێنانی پێکراوه‌. 

جه‌نگ له‌ سوریا
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌و چاودێره‌ باس له‌ جه‌نگی سوریا ده‌کات، که‌ ئێستا تورکیا ده‌یه‌وێت په‌لاماری شاری باب بدات، له‌کاتێکدا که‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان ئاماده‌نین له‌رووی هێرشی ئاسمانییه‌وه ‌یارمه‌تی تورکیا بدده‌ن‌، به‌ڵام روسیا ئاماده‌یه‌ له‌رێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه ‌یارمه‌تی تورکیا ده‌دات. 
سه‌ره‌تای هاوپه‌یمانییه‌کی به‌هێز
ئه‌و چاودێره‌ پێی وایه‌، جه‌نگی شاری باب له‌دژی داعش، سه‌ره‌تایه‌کی باشه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و روسیا، پێده‌چێت له‌ داهاتووشدا ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌و تورکیاش له‌ ئه‌مریکا دووربکه‌وێته‌وه‌، چونکه‌ تورکیا دژی هێزه‌ کوردیه‌کانی سوریایه‌و وه‌کو هێزێکی تیرۆریست دایانده‌نێت، به‌ڵام ئه‌مریکا پشتگیریان ده‌کات. 
هاتنی تره‌مپ
ئه‌و چاودیره‌ پێی وایه‌، تورکیا هه‌وڵ ده‌دات هه‌تاوه‌کو دۆناڵد تره‌مپ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ ئه‌مریکا وه‌رده‌گرێت، به‌شێکی زۆری کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ کۆنترۆڵ بکات. پێده‌چێت تورکیا له‌مه‌شدا سه‌رکه‌وتوو بێت، چونکه‌ دۆناڵد تره‌مپ که‌سێکی بازرگانه‌و‌ باوه‌ڕی وایه‌، ‌له‌ڕێگه‌ی سه‌فقاته‌وه‌، ده‌توانێت کێشه‌کانی ناوچه‌که‌  چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی تورکیایه‌، بۆئه‌وه‌ی تره‌مپ پشتگیری ئه‌ردۆغان بکات و دژی هێزه‌ کوردیه‌کان بوه‌ستێته‌وه‌و‌ یارمه‌تییان نه‌دات، له‌هه‌مانکاتیشدا سنووری هه‌ژمونوی ئێران له‌ سوریا و عیراق، که‌مبکاته‌وه‌. 
سه‌رچاوه‌: سیاتی ترکیا بوست


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP