دانانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نه‌ سیـاسییه‌كانی كوردستان‌و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆ بگرێت
راگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌و پارتی: دانانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نه‌ سیـاسییه‌كانی كوردستان‌و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆ بگرێت ‌ 12/1/2017
له‌ روانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كانی هه‌ردوو حزب له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت‌و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی دوای راپه‌ڕین كه‌ به‌ خوێن‌و خه‌بات به‌ده‌ستهاتوون‌و له‌ ئاكامی كاری هاوبه‌ش‌و ته‌بایی‌و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستانی بووه‌، (ئه‌مڕۆ) شاندی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولا له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌و ئه‌م بابه‌تانه‌یان خسته‌ به‌ر باس‌و گفتوگۆ:
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا: بۆ زیاتر پته‌وكردن‌و په‌ره‌پێدان‌و گونجاندنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌پێی ئه‌ركه‌كان‌و هه‌لومه‌رجی نوێ، به‌تایبه‌تی له‌ بواری حوكمڕانی‌و په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان‌و په‌یوه‌ندیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال‌و وڵاتانی ناوچه‌كه‌و جیهاندا، كه‌ له‌ ئاست گۆڕانكارییه‌ خێراو زۆره‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا بێت‌و له‌ به‌رژەوه‌ندیی گه‌لی كوردستاندا بێت. 
دووه‌م: هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌و گرفته‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌و رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی یاساو ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری یه‌كتر.
سێیه‌م: چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی كه‌ به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی‌و مووچه‌خۆرانی به‌تایبه‌تی گرتووه‌، بۆیه‌ هه‌ردوولا پاڵپشت‌و هاوكار بین بۆ حكومه‌تی هه‌رێم‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگای چاره‌سه‌ركردن‌و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌و بوارانه‌ی پێویستن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی دابینكردنی بژێویی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌و دابینكردنی مووچه‌ بۆ مووچه‌خۆران‌و گرنگیدان به‌ بواری نه‌وت‌و گازو دابینكردنی شه‌فافیه‌تی زیاترو پێویست.
چواره‌م: دانانی رێوشوێنی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.
پێنجه‌م: دانانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان‌و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆ بگرێت، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق‌و هه‌ر لایه‌نێكی په‌یوه‌ندار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 له‌ ئاینده‌یه‌كی دیاریكراودا، ئینجا ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
شه‌شه‌م: كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوویی بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێك كه‌ سه‌ره‌نجام بتوانین كۆی كێشه‌كان چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ دابنێین.
مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتیی نێشتمانیی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11/1/2017


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP