حیكمه‌تیار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ جه‌نگ حیكمه‌تیار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ‌ 8/5/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ بیست ساڵ له‌ تاراوگه‌، ولایه‌تی‌ لغمان ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بوو كه‌ قه‌لبه‌دین حیكمه‌تیار سه‌ركرده‌ی‌ پێشووی‌ جه‌نگی‌ ئه‌فغانی‌ هه‌ڵیبژارد تا لێوه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو ژیانی‌ سیاسی‌ ئه‌فغانی‌.  
به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ حیكمه‌تیار، رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ و پێكهاتنه‌وه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌ كابول ئیمزا كرا، پته‌وتر ده‌بێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگه‌ ره‌سمییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ 35 ساڵ به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی‌ موجاهیده‌كان به‌سه‌ر روسیا.   
ئاهه‌نگه‌كانی‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر روسه‌كان له‌یه‌ن ئه‌شره‌ف غانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌  ده‌كرا كه‌ كه‌ له‌ وتارێكیدا خۆشحاڵی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ قه‌لبه‌دین حیكمه‌تیار بۆ نێو ژیانی‌ سیاسی‌ ده‌ربڕی‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌شی‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ گه‌وره‌ به‌ره‌و پته‌وكردنی‌ پێكهاتنه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا وه‌سفكرد.   
ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ هه‌شتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌ دژی‌ سۆڤیه‌ت شه‌ڕی‌ كرد و تۆمه‌تباره‌ به‌ كوشتنی‌ هه‌زاران كه‌س له‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ (1992-1996)، گه‌ڕایه‌وه‌ كابول.    
حیكمه‌تیار سه‌ركرده‌ی‌ جه‌نگ له‌ ئه‌فغانستان له‌ رۆژنامه‌ جیهانییه‌كاندا به‌ «سه‌فاحی‌ كابول» ده‌ناسرا و ئه‌فغانییه‌كانیش وه‌ها ده‌یناسن كه‌ رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ خوێناویدا هه‌بوو له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو. 

توركیاش  بڕیاری‌ بلۆككردنی‌ پاره‌كانی‌ حیكمه‌تیار هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ قه‌لبه‌دین حكیمه‌تیار سه‌ركرده‌ی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌، حكومه‌تی‌ توركیا بریاریدا بلۆككردنی‌ پاره‌ و حیسابه‌ بانكییه‌كانی‌ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2013دا ناوی‌ له‌ لیستی‌ «تیرۆریستان»ی‌ نه‌ته‌وه‌  یه‌كگرتووه‌كان دانراوه‌. 
نه‌ته‌وه‌  یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی‌ 2013دا بڕیاریدا ناوی‌ حیكمه‌تیار بخاته‌ لیستی‌ «تیرۆر»وه‌، به‌و هۆیه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش و قاعیده‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا پێده‌چێت نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ڵوێستی‌ جیاوازییان هه‌بێت به‌رانبه‌ر به‌و پیاوه‌  كه‌ ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵ به‌ ژیانی‌ سیاسی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ببێته‌وه‌ و به‌شداریی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ پاش رووداوه‌كانی‌ 2002ی‌ ئه‌فغانستان بكات.  
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ بلۆككردنی‌ پاره‌كانی‌ حیكمه‌تیار له‌ توركیا، به‌ ئیمزای‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌و وڵاته‌ بوو كه‌ له‌ رۆژنامه‌ ره‌سمیه‌كانیشدا بڵاوكرایه‌وه‌.
له‌به‌ارنبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ بلۆككردنی‌ پاره‌كانی‌ حیكمه‌تیار له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ توركیاوه‌،  مه‌حمود تاناڵ په‌رله‌مانتاری‌ حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ توركیا رایگه‌یاند»ئایا ئه‌مه‌یه‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ تیرۆری‌ پێده‌ڵێن؟». 
له‌هه‌نگاوێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ تردا، حكومه‌تی‌ توركیا خۆشحاڵی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌ رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ئه‌فغانستان و حزبی‌ ئیسلامی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ قه‌لبه‌دین حیكمه‌تیار ده‌ركه‌وتووترین سه‌ركرده‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ چه‌كدار ده‌ربڕی‌. 
له‌ له‌یاننامه‌یه‌كیشد وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، هیوای‌ خواست ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ك بۆ پاشماوه‌ گلاوپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ تری‌ ئه‌فغانستان له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری‌ و ئاشتی‌ له‌و وڵاته‌. 
      
دانوستانه‌كانی‌  ئاشتی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ئه‌فغانی‌ و حیكمه‌تیار 
دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی‌ دانوستانه‌كانی‌ ئاشتی‌ نێوان حزبی‌ ئیسلامی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیكمه‌تیار و حكومه‌تی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ (عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ راپه‌ڕاندن)، هه‌ردوولا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌.    
رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاشتی‌ له‌ كابولی‌ پایته‌خت ئیمزاكرا و له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا حه‌نیف ئه‌تمار راوێژكاری‌ ئه‌منی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌فغانی‌ و بیه‌ر سه‌عید ئه‌حمه‌د جیلانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاشتی‌ و ئه‌مین كه‌ریم نوێنه‌ری‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ و به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌فدێك ئاماده‌ی‌ بوون.  
به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، ده‌بێت ناوی‌ «حیكمه‌تیار» سه‌رۆكی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌ندامانی‌ تری‌، له‌ لیستی‌ ره‌شی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ربهێنرێن له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی‌ باره‌گایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ حزبه‌كه‌ به‌جۆرێك سود له‌ پاڵپشتی‌ حكومه‌ت وه‌ربگرن و هه‌موو ئه‌ندامه‌ زیندانییه‌كانی‌ حزبه‌كه‌ش له‌ گرتوخانه‌كانی‌ ئه‌فغانستان ئازادبكرێن. 
بۆ 14 ساڵ ده‌چێت حزبی‌ ئیسلامی‌ له‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌فغانی‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌شه‌ڕدایه‌ و چه‌ندان هێرشی‌ خۆكوژی‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌فغانستان و بیانییه‌كان تێیاندا كراونه‌ته‌ ئامانج.    

 
گرنگترین وێستگه‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ حیكمه‌تیار و حزبه‌كه‌ی‌ 

حیكمه‌تیار له‌ ساڵانی‌ هه‌شتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌ دژی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت شه‌ڕی‌ كرد 
قه‌لبه‌دین حیكمه‌تیار له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1947ی‌ ولایه‌تی‌ قوندوزه‌ و له‌ ساڵی‌ 1969 ده‌ستی‌ به‌ خوێندنی‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاریی‌ كردووه‌ له‌ زانكۆی‌ كابول، له‌ ساڵی‌ 1971 به‌تۆمه‌تی‌ كوشتنی‌ یه‌كێك له‌ خوێندكاره‌ كۆمۆنیسته‌كان له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، ده‌ستگیركراوه‌ و به‌ سزای‌ دوو ساڵ زیندانی‌ حوكمدراوه‌، به‌ڵام توانی‌ له‌ زیندان هه‌ڵبێت و روو له‌ پاكستان بكات، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ خوێندن ته‌واو بكات.   
حیكمه‌تیار له‌ ساڵی‌ 1974 له‌ ناوچه‌ی‌ پیشاوری‌ پاكستانی‌ له‌گه‌ڵ بورهانه‌دین ره‌بانی‌ له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئه‌فغانی‌ رێككه‌وتن و ره‌بانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ و كاروباری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ گرته‌ده‌ست و حیكمه‌تیاریش بووه‌ به‌رپرسی‌ كاروباری‌ ناوخۆ و سه‌ربازیی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌، به‌ڵام هه‌ر زۆر زوو په‌یوه‌ندی‌ نێوانیان ئه‌و دوانه‌ تێكچوو كه‌ دواتر بووه‌ مایه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ حیكمه‌تیار و دامه‌زراندنی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌.  
حیكمه‌تیار له‌ ساڵی‌ 1976 حزبی‌ ئیسلامی‌ دامه‌زراند و ئه‌و حزبه‌ نوێیه‌ش له‌ڕوی‌ رێكخراوه‌ییه‌وه‌ زۆر ورد بوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ توانی‌ لایه‌نگرێكی‌ زۆر له‌ ولایه‌ته‌كانی‌ كابول و قوندوز و به‌غلان و نه‌نگه‌رهار بۆخۆی‌ رابكێشێت.
قه‌لبه‌دین حیكمه‌تیار له‌ مێژووی‌ سیاسی‌ خۆیدا چووه‌ته‌ نێو چه‌ندان هاوپه‌یمانی‌، به‌شداریی‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ جیهادییه‌كان كرد له‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت كه‌ له‌ ساڵی‌ 1979 تا 1989 درێژه‌ی‌ كێشا، ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ ئیسلامی‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن عه‌بدولڕه‌ب سه‌یافه‌وه‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 1983-1989 سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرا، پاشان به‌شداریی‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌ حه‌وت رێكخراوه‌كه‌دا كرد و له‌ 24ی‌ شوباتی‌ 1989 به‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ موجاهیده‌ ئه‌فغانیه‌كان هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام له‌ مانگی‌ ئابی‌ هه‌مان ساڵدا ئه‌ندامێتی‌ له‌و حكومه‌ته‌دا هه‌ڵپه‌سێردرا.    
دوابه‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕ له‌نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ موجاهدین و به‌ستنی‌ هاوپه‌یمانییه‌           جیاجیاكان، حیكمه‌تیار وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كاریگه‌ر رۆڵی‌ خۆی‌ هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكۆكییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ بورهانه‌دین ره‌بانی‌ و ئه‌حمه‌د شا مه‌سعود به‌رده‌وام بوون تا ئه‌و كاته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان له‌ كابولی‌ پایته‌خت ده‌ریپه‌ڕاندن.
یه‌كێك له‌و تۆمه‌ته‌ به‌هێزانه‌ش كه‌ له‌ شه‌ڕی‌ نێوان گروپه‌كانی‌ موجاهدین رووبه‌ڕووی‌ هێزه‌كانی‌ حیكمه‌تیار ده‌كرێته‌وه‌، بۆردومانكردنی‌ چڕی‌ هێزه‌كانی‌ حیكمه‌تیار بوو بۆ كابولی‌ پایته‌خت به‌ بیانوی‌ بوونی‌          هێزه‌كانی‌ عه‌بدولڕه‌شید دۆستم له‌نێو شاره‌كه‌دا كه‌ كوژرانی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زار كه‌س و برینداربوونی‌ هه‌زاران مه‌ده‌نی‌ تری‌ لێكه‌وته‌وه‌.   
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان كابولی‌ پایته‌ختی‌ كۆنترۆڵ كرد و ده‌ستی‌ به‌سه‌ر زیاتر له‌ 90%ی‌ رووبه‌ری‌ ئه‌فغانستاندا گرت، حیكمه‌تیار له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ون بوو، به‌ڵام له‌پاش ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و وڵاته‌، سه‌رله‌نوێ‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌نیازه‌ له‌ تارانه‌وه‌  بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵات پشتیوانی‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان بكات له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌ ئه‌مریكاییه‌كان، ئه‌و له‌و ده‌مه‌دا رایگه‌یاندبوو»ئێستا كاتی‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ ئه‌فغانستان و گه‌له‌كه‌ی‌، نه‌ك كاتی‌ گه‌ڕان به‌شوێن ده‌سه‌ڵات». 
 حیكمه‌تیار دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ هه‌شتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌ دژی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت شه‌ڕی‌ كرد و له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ددا پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان گرتبووه‌ده‌ست، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی‌ 2003دا وه‌ك تیرۆریست ناوی‌ برد و دواتریش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناوی‌ ئه‌و پیاوه‌ی‌ له‌ لیستی‌ ره‌شدا تۆماركرد.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP