گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتن به‌ ئاستی‌ سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌ ده‌پێورێن
گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتن به‌ ئاستی‌ سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌ ده‌پێورێن ‌ 13/5/2017
ئیبراهیم غه‌رایبه‌
صحیفه‌ الغد الادنیة

راپۆرته‌كه‌ی‌ 2016ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ناوی‌ گه‌شه‌ كردن بۆ هه‌موان، كه‌ تایبه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ گه‌شه‌ی‌ مرۆیی تێڕوانینێكی‌ جیاوازی‌ به‌كار هێناوه‌ بۆ پێوانه‌ كردنی‌ پێشكه‌وتن، پێشتر حكومه‌ته‌كان‌و دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان وا راهاتبوون كه‌ تۆماری‌ گه‌شه‌ی‌ نێوه‌نجی‌ ده‌ستكه‌وت‌و خزمه‌تگوزاری‌ په‌روه‌رده‌‌و ته‌ندروستی‌‌و مافی‌ مرۆڤ بخه‌نه‌ روو وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتن، ئه‌م ئامارانه‌ ئه‌گه‌رچی‌ ژماره‌ی‌ راست‌و دروستیش بن‌و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌كانی‌ ساڵی‌ پێشتردا باشتربوونی‌ پێوه‌ دیار بێت، به‌ڵام بێبه‌شبوون‌و چه‌وسانه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ فراوانی‌ هاووڵاتیانی‌ تێدا شاراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ژمارانه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كات كه‌ ئاماژه‌ی‌ گرنگن‌و ته‌نها له‌ ناو خشته‌ی‌ ورده‌كارییه‌كان‌و ئاماژه‌ پێده‌ره‌ لاوه‌كییه‌كاندا ده‌بینرێت. چونكه‌ گه‌شه‌ی‌ مرۆیی به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ ئازادی‌ مرۆڤه‌‌و ده‌رفه‌تی‌ ژیانه‌ به‌و جۆره‌ی‌ پێداویستییه‌كان بۆ هه‌موو تاكێك فه‌راهه‌م بكرێت، نه‌ك بۆ هه‌ندێك، یان بۆ زۆرینه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موان له‌ هه‌موو شوێنه‌كان، له‌ ئێستا‌و داهاتووشدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ری‌ دادپه‌روه‌ری‌ به‌ ژماره‌ی‌ چه‌وساوه‌كان ده‌بێت‌و دیموكراسیش به‌ ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ئازادی‌ بێبه‌شن ده‌بێت، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌.
گرنگی‌ ئه‌م رێكاره‌ بۆ پێوانه‌ كردن له‌وه‌دایه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ گه‌شه‌ پێدان به‌و جۆره‌ ئاراسته‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵكی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌  دادپه‌روه‌رانه‌‌و لێهاتوانه‌ بگرێته‌وه‌، پێداچوونه‌وه‌ش بۆ ئه‌و به‌رنامه‌‌و پڕۆژانه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نها سوودی‌ بۆ توێژێكی‌ دیاریكراو هه‌یه‌‌و به‌شی‌ هه‌موانی‌ تێدا نییه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه‌ تیایدا په‌یوه‌ندی‌ گشتی‌‌و كاری‌ راگه‌یاندنه‌كان ته‌نها چیرۆكی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان‌و ده‌ستكه‌وته‌ جوانه‌كان‌و پڕۆژه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی‌ پایته‌خته‌كان زه‌ق ده‌كاته‌وه‌‌و باسیان ده‌كات، باسی‌ هه‌موو پڕۆژه‌ جوانه‌كان‌و دروست كردنی‌ نه‌خۆشخانه‌‌و قوتابخانه‌‌و ئه‌وانی‌ تریش ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ بوروژێنێت، كه‌ ده‌بێ بپرسێ كێ له‌و پڕۆژانه‌ سوودمه‌نده‌‌و كێ لێیان بێبه‌شه‌؟ نه‌بوونی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئاراسته‌كانی‌ خه‌رج كردن‌و شێوازی‌ دابه‌ش كردنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیش دژی‌ گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتنه‌.
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر وڵاتێكی‌ هه‌ژاری‌ وه‌ك ئوردن شه‌قامێكی‌ پان‌و پۆڕی‌ تۆكمه‌‌و پڕ له‌ پرد‌و تونێلی‌ باشی‌ هه‌بێت، له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ درێژ بێته‌وه‌ بۆ ناو پایته‌خت، ئه‌مه‌ دژی‌ گه‌شه‌ كردن ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌راوردی‌ بكه‌ین به‌ تۆڕی‌ رێگاوبانی‌ هه‌موو وڵاته‌كه‌، چونكه‌ ده‌بینین گیریان خواردووه‌ به‌ده‌ست رێگاوبانی‌ خراپ‌و كێشه‌ی‌ گه‌یاندن‌و ناچار ده‌بن له‌ گیرفانی‌ خۆیان خه‌رجییه‌كانیان زیاد بكه‌ن، له‌ كاتێكدا خۆیان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ داهاتیان كه‌مه‌‌و رووبه‌ڕووی‌ زۆر كێشه‌‌و ئاسته‌نگ‌و قه‌یران ده‌بنه‌وه‌، كه‌ حكومه‌ت ده‌توانێ چاره‌سه‌ریان بكات ئه‌گه‌ر خۆی‌ بیه‌وێ. به‌ڵام كاتێك شار‌و پایته‌خت به‌ شێوه‌یه‌ك دروست ده‌كرێت كه‌ ته‌نها له‌ خزمه‌تی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا بێت‌و چینی‌ مامناوه‌ند گیرده‌خۆن به‌ ده‌ستییه‌وه‌‌و ناچار ده‌بن زیاتر ماندوو بن به‌و شێوازه‌ كار بكه‌ن‌و بژین كه‌ له‌قازانجی‌ چینی‌ سه‌ره‌وه‌دایه‌، ئه‌و كاته‌ ده‌بینین زۆربه‌ی‌ داهاتی‌ هاووڵاتیان ده‌ڕژێته‌ به‌ڕكی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی‌ كه‌ قوتابخانه‌ی‌ تایبه‌ت‌و كۆمپانیای‌ ئۆتۆمبێل‌و نه‌خۆشخانه‌یان هه‌یه‌. هاووڵاتیانی‌ چینی‌ ناوه‌ند هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كیان له‌به‌رده‌مدا نییه‌‌و ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌وڵێكی‌ خۆیان نه‌خه‌نه‌ گه‌ڕ‌و به‌و شێوازه‌ كار نه‌كه‌ن، ده‌خزێنه‌ چینی‌ هه‌ژاره‌وه‌‌و هێنده‌ی‌ تر بێبه‌ش ده‌بن‌و هیچ هیوایه‌كیان به‌ ئاینده‌ نامێنێت.
دۆخه‌كه‌ ئاوایه‌، خه‌رجی‌ گشتی‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ خزمه‌تگوزارییه‌ جوانه‌كانی‌ چینی‌ كه‌مینه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ ئه‌و چینه‌ی‌ داوه‌ توانا‌و ده‌رفه‌تی‌ زیاتری‌ هه‌بێت له‌ ژیاندا، هه‌ڵبه‌ت له‌سه‌ر حسابی‌ زۆرینه‌، پاشان ئه‌م زۆرینه‌یه‌ به‌ره‌و ته‌ڵه‌یه‌كی‌ تۆكمه‌ ده‌برێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك هه‌وڵی‌ زیاتر ده‌دات بۆ باشتر كردنی‌ ژیانی‌، هه‌وڵ‌و ماندوبوونه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ قازانجێكی‌ زیاتر بۆ كه‌مینه‌ زاڵه‌كه‌ی‌ كه‌ هه‌موو شتی‌ پاوان كردووه‌. دواییش ئه‌م چینه‌ رۆحسوك‌و رێكپۆشه‌ وا باس له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌كات، كه‌ به‌شێكن له‌ گه‌شه‌ كردنی‌ وڵات.
راپۆرته‌كه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێ: گشتاندن گه‌وهه‌ری‌ گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ كردنی‌ وڵاته‌كه‌مان، ده‌ڕوانینه‌ چه‌وسانه‌وه‌‌و نه‌بوونی‌ یه‌كسانی‌‌و توندڕه‌وی‌‌و دروستبوونی‌ رق‌و كینه‌‌و ئه‌و درزه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ نێوان چین‌و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ژینگه‌‌و ئاوو‌و وزه‌‌و ئازادی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌‌و شكۆی‌ هاووڵاتیاندا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌مووی‌ گرنگتره‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كان چۆن ده‌توانن كاریگه‌رییان هه‌بێت‌و به‌شدار بن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌ربه‌ستانه‌دا؟ ئامانج‌و ریزبه‌ندی‌‌و پله‌به‌ندیی له‌ پێشینه‌یان چییه‌؟ ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ دامه‌زراوه‌‌و ده‌سه‌ڵاتێك، به‌بێ به‌شداری‌ كۆمه‌ڵگه‌ كاری‌ جددی‌ بكات بۆ گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتن. دۆخه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كه‌، فه‌رمانڕه‌واییه‌كی‌ حه‌كیمانه‌ ده‌ست‌و دیاری‌‌و به‌ڵێن نییه‌، به‌ڵكو ده‌ست پێكردنی‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ ئاستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و شارستانی‌ تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌ش تیایدا ره‌نگ بداته‌وه‌، هۆشیاری‌ تاك سه‌باره‌ت به‌ هاووڵاتی بوونی‌ خۆی‌ تیایدا ره‌نگ بداته‌وه‌، ده‌بێ بزانێ چی‌ ده‌وێ‌و حه‌ز ده‌كات چۆن بێت. گه‌شه‌ كردن‌و پێشكه‌وتن بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ چۆن بتوانین له‌ گێژاوی‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیانی‌ دوای‌ مردن بێینه‌ ده‌ره‌وه‌‌و بیر ژیانی‌ پێش مردن بكه‌ینه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP