(كه‌یفی) یه‌ شێت: لاتــوایه‌ دڵیشم شێته‌؟
لەپشت شیشەکانی بەندیخانەوە (كه‌یفی) یه‌ شێت: لاتــوایه‌ دڵیشم شێته‌؟ ‌ 13/5/2017
نازم دڵبه‌ند - هه‌ولێر
زه‌مه‌ن وایكرد كه‌وتمه‌ زیندان، به‌ڵام حه‌زمكرد ئه‌و ماوه‌ كورته‌ی له‌وێبوم به‌ تێڕوانینێكی تیژه‌وه‌ بڕوانمه‌ هه‌ستی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ ده‌ژین كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان به‌ چاوێكی مه‌یله‌‌و نزمه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن‌و هه‌مووشیان به‌ تاوانباری زۆر ترسناك بزانن‌و هه‌رگیز به‌و هه‌سته‌وه‌ تێیان نه‌ڕوانن كه‌ (هه‌موو كه‌سێك هه‌ڵه‌ ده‌كات) ‌و بۆیان نه‌كرێ كه‌ جارێكی تر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا بژینه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ منیش ئه‌و تێڕوانینه‌م به‌رله‌وه‌ی رێگام بكه‌وێته‌ زیندان هه‌بووبێ، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بیری لێده‌كاته‌وه‌..ئه‌وه‌ی من به‌ چاوی خۆم دیتم ده‌كرێ ئه‌و مرۆڤانه‌ی ئه‌مڕۆ ژیان به‌ زیندانه‌كان ده‌گوه‌زرێنن (92%)  یان كه‌سانی شایسته‌‌و رێكوپێك‌و پیاوماقوڵ‌و دیاره‌كانن، هه‌ریه‌كه‌‌و كێشه‌یه‌ك رایكێشاوه‌ته‌ نێو ئه‌و چواردیواره‌ ئه‌مه‌شیان هه‌ریه‌كه‌‌و هۆكارێك هه‌بوه‌‌و هه‌ندێجاریش زوڵمیان لێكراوه‌، به‌ڵام یاسا ئه‌وه‌ نازانێ‌و كاری خۆی ده‌كات..به‌هه‌رحاڵ له‌و زیندانه‌دا رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ به‌یانیه‌كی زوو وه‌ردیانه‌كه‌ ده‌هات‌و ده‌رگای قاوشه‌كانی ده‌كرده‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ی كردنه‌وه‌ی قفڵه‌كان‌و ئاڵۆگۆڕكردنی كلیله‌كان هه‌موو زیندانیه‌كان له‌ شوێنی خۆیان ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ویش هه‌ڵنه‌سانایه‌ چاویان ده‌كرده‌وه‌‌و چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی خۆیان بوون. ئه‌ویش له‌رێگای ئه‌و بڵندگۆیه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌موو قاوشه‌كاندا هه‌بوو ئه‌و قاوشه‌ی منی تیابووم كه‌سانی زۆر رێكوپێكی تیا بوو، هه‌موویان كێشه‌كانیان قورس نه‌بوو(ده‌كرا دادوه‌ر هه‌مویان به‌ كه‌فاله‌ت تا رۆژی دادگایی كردن ئازاد بكات) رۆژانه‌ گوێچكه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ر بانگه‌وازێكی كه‌ له‌و بڵندگۆیه‌ ده‌هات قوڵاغ ده‌كرد‌و چاوه‌ڕێی ئازادكردن بوون.
*په‌نجه‌ره‌ی (ئاوات)‌و (خۆزگه‌)‌و (شێته‌كان)*
رۆژانه‌ سه‌عات (10) ی به‌یانی زیندانیه‌كان مافی خۆیان بوو له‌ قاوشه‌كانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌و مه‌مه‌ڕه‌ پیاسه‌ بكه‌ن كه‌ (2) مه‌تر پان بوو ‌و نزیكه‌ی (20) مه‌تریش درێژایی بوو، من رێبوارێكی به‌رده‌وامی بووم.. له‌و مه‌مه‌ڕه‌ (3) په‌نجه‌ره‌ هه‌بوو به‌ ناوی (ئاوات)‌و (خۆرزگه‌)‌و (شێته‌كان).. زیندانیه‌ گه‌نجه‌كان زوو، زوو ده‌چوونه‌ به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی (ئاوات) له‌وێوه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌یان ده‌كرد، به‌و رۆژه‌ هه‌ندێ شوێنی ده‌ره‌وه‌ دیار بوو ‌و به‌ شه‌ویش گڵۆپه‌كان ده‌دره‌وشانه‌وه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ جارێكی تر به‌ ئاواته‌كانیان شاد ببنه‌وه‌، زیاتر ئه‌مانه‌ زیندانیه‌ عاشقه‌كان بوون. ئه‌وانه‌ی په‌نجه‌ره‌ی (خۆزگه‌) شیان هه‌ڵبژاردبوو هه‌میشه‌ هه‌ناسه‌ی ساردیان هه‌ڵده‌كێشا‌و ده‌یانگوت:
(خۆزگه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌رچووینایه‌ وه‌عد بێت جارێكی تر به‌و شه‌قامه‌ش تێنه‌په‌ڕینایه‌ كه‌ ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ی لێیه‌). به‌گوێره‌ی خۆشمه‌وه‌ رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ كاكه‌ (كه‌یفی) نیمچه‌ شێت ده‌چووینه‌ به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی (شێتان) ‌و ئه‌و ده‌چووه‌ عاله‌می خۆی‌و قسه‌ی زۆر نه‌سته‌قی ده‌كرد، هه‌ندێجار باسی هه‌ندێ كتێبی ده‌كرد كه‌ لای من‌و لای خوێنه‌ری كتێب جێگه‌ی بایه‌خ بوون له‌مانه‌ (سه‌رمایه‌دار)ی  (كارل ماركس).. زمانی عه‌ره‌بی زۆر به‌باشی ده‌زانی.
جارێكیان لێم پرسی گوتم:
(كاكه‌ كه‌یفی تا چ قۆناغێك له‌ قوتابخانه‌ خوێندوته‌؟) به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و روخسارێكی مه‌یله‌‌و توڕه‌بوونه‌وه‌ گوتی:
(پیاوێكی سه‌یری..بۆ نازانی..توخوا ئه‌و قسانه‌ی من بۆ تۆی ده‌كه‌م هی كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واره‌؟)
له‌ شوێنی خۆی هه‌ندێك داما‌و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵكێشا دووباره‌ گوتی:
(توخوا جارێكی تر باسی خوێندن‌و زانكۆم له‌گه‌ڵ مه‌كه‌..نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵت راناوه‌ستم..تێر،تێر بۆ خۆم ده‌گریم..)
ئه‌وسا زانیم (كه‌یفی) قۆناغی باشی له‌ خوێندن بڕیوه‌‌و ره‌نگه‌ ده‌رچووی زانكۆ بێت، به‌ڵام من به‌ڵێنم پێدا كه‌ هه‌رگیز باسی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌م.
وه‌كو خۆی بۆی گێڕامه‌وه‌ با باسی (كه‌یفی) تان بۆ بكه‌م كوڕێكی باڵابه‌رزی هێنده‌ قۆز به‌و شێوه‌ی كه‌ دیتم له‌ خۆشی نه‌ده‌خه‌فتی.. به‌ڵام هه‌ر جوان‌و رێك بوو.. ئه‌ویش له‌ قاوشه‌كه‌ی ئێمه‌ بوو خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری (عشائر سبعه‌) بوو ‌و خۆی ده‌یگوت:
له‌ عه‌شیره‌تی (گۆران)م، به‌ڵام من ئیعتیراف به‌ عه‌شایه‌ریه‌ت ناكه‌م (یه‌ك بوتل عاره‌ق) به‌ هه‌زار عه‌شیره‌ت ناگۆڕمه‌وه‌.
*جا توخوا له‌ زیندان خۆشتر هه‌بوو بۆ من؟
(كه‌یفی) به‌ر له‌ زه‌مه‌نێك كه‌ هێشتا شاڵاوی شێت بوون په‌لاماری نه‌دابوو..به‌ ئاوات گه‌یشتبوو ئه‌و كچه‌ی عه‌شقی ببو‌و ‌و خۆشی ویستبوو هێنابوی‌و بوو به‌ هاوسه‌ری ‌و (3) منداڵی جوانكیله‌ی هه‌بوو به‌ قسه‌ی خۆی... كه‌ تووشی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ببوو ده‌ركه‌وتبوو به‌زۆری ژنه‌كه‌یان پێ به‌ ته‌ڵاقدان دابوو، جیا ببونه‌وه‌‌و له‌ داخانا شه‌وێكیان به‌ خه‌یاڵی سه‌رخۆشیه‌وه‌ چووبوه‌ سه‌ر (خه‌سو)ی‌و تا پێی كرابوو تێی هه‌ڵدابوو.. له‌ دواجاردا پۆلیس گرتبوی‌و هێنابویه‌ به‌ندیخانه‌‌و هه‌میشه‌ به‌ ڕقه‌وه‌ ده‌یگوت:
(ئه‌و خه‌سوه‌م وایكرد كه‌ من له‌ ژنه‌كه‌م جیا ببمه‌وه‌..ئای چه‌ند بیری ژنه‌كه‌م‌و منداڵه‌كانم ده‌كه‌م).
قاوشه‌كه‌ قه‌ره‌وێله‌ی دووقاتی ئاسنینی تێدابوو ‌و (كه‌یفی) له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ له‌ سوچێكدا ده‌خه‌وت‌و ته‌نها بۆ نان خواردن‌و توالیت‌و جاروباریش كه‌ به‌ته‌واوی دڵی توند ده‌بوو یان برسی ده‌بوو یان حه‌زی له‌ میوه‌یه‌ك ده‌بوو ده‌هاته‌ لای من‌و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ ده‌یگوت:
(مامۆستا دیسان میوانێكی ره‌زا قوڕست هات)
منیش پێده‌كه‌نیم‌و ده‌مگوت:
(توڕه‌ نا كه‌یفی گیان تۆ هه‌میشه‌ میوانێكی ئێسك سوكی..)
ده‌یگوت:
(جا پیاو كه‌ی ره‌زای سوكه‌، وه‌ڵا هه‌ر كچ ره‌زایان سوكه‌)
ده‌بوه‌ پێكه‌نین له‌نێواانمان‌و ئه‌وانه‌ی ده‌وربه‌رمان‌و ئه‌وه‌ی ده‌یویست ده‌یبرد‌و ده‌چووه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی... (كه‌یفی) كه‌س به‌ دواوه‌ی نه‌بوو ‌و كه‌سیش هه‌وڵێكی بۆ نه‌ده‌دا تا رۆژێكیان به‌رله‌ نیوه‌ڕۆ بانگیان كرد‌و گوتیان (كه‌یفی) خۆت حازر كه‌ به‌ربووی.
له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆشی له‌ روخساری ده‌ركه‌وێ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر پێناخۆش بوو ‌و به‌ زۆری له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی هاته‌ خواره‌وه‌‌و له‌ ناوه‌ندی قاوشه‌كه‌ رێی ده‌كرد‌و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ گوتی:
(جا توخوا له‌و شوێنه‌ خۆشتر هه‌بووه‌ بۆ من)!!
چاودێره‌كه‌ هه‌ر بۆ خۆشی پێی گوت:
(كه‌یفی شتومه‌كه‌كانت بێنه‌ زوو..)
له‌سه‌رخۆ ‌و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
(بۆ كه‌ هاتم میراتی بابم پێبوو
شتومه‌كی چی.. عه‌ره‌بانه‌ت راكێشه‌.
رۆیشت..من له‌ ناخه‌وه‌ پێم خۆشبوو كه‌ ئازاد كرا، به‌ڵام هه‌میشه‌ پێی ده‌گوتم:
(مامۆستا هه‌ندێ پاره‌م  هه‌یه‌‌و ئه‌وه‌ی تۆش... 
باشم به‌شی بۆتلیك عاره‌ق ده‌كا.. شوێنێكی باشیشیم له‌ پشت (عه‌نكاوه‌)ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئازاد بووم یه‌كسه‌ر بۆ ئه‌وێ....)
زۆر راستگۆیانه‌ش ده‌یگوت:
(ده‌ توخوا ئه‌گه‌ر تۆش ئازاد بووی سه‌رێكم له‌وێ لێده‌ تا داوه‌تێكی چاكت بكه‌م..)
به‌راستی بۆ من بۆشاییه‌كی دروستكرد، به‌ڵام زۆریشم پێخۆشبوو ئازاد كرا، چونكه‌ به‌ بۆچوونی خۆم هێشتا هیوای ئه‌وه‌ی مابوو جارێكی تر ژیان دروست بكاته‌وه‌.
شه‌و راكشابووم به‌شی چواره‌می رۆمانی (حه‌مه‌دۆك)م ده‌خوێنده‌وه‌ ده‌وروبه‌ری سه‌عات (10)ی شه‌و ته‌قه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌ هات‌و له‌ناكاو (كه‌یفی) هاته‌ ژووره‌وه‌‌و هه‌موان به‌ خۆشی‌و پێكه‌نین‌و چه‌پڵه‌رێزان پێشوازییان له‌ (كه‌یفی) كرد، ئه‌ویش به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ یه‌كسه‌ر بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی هه‌نگاوی نا‌و له‌سه‌ر جێگاكه‌ی وه‌كو جاران راكشاوه‌‌و منیش سه‌رم سوڕما‌و چوومه‌ لای‌و به‌ حوزنه‌وه‌ لێم پرسی:
(ئه‌وه‌ بۆ هاتیه‌وه‌)؟
گوتی:
(كوڕه‌ مامۆستا ده‌ستم لێره‌ به‌رنابێ.. هاتمه‌وه‌،چونكه‌ كه‌فیلم نه‌بوو.. واپێده‌چێ كه‌س به‌ خۆیم هه‌ڵناگرێ..)
بۆ یه‌كه‌جار فرمێسكم له‌ چاوه‌كانی به‌دیكرد كه‌ گوتی:
(قوربانی گۆڕه‌كه‌ت بم دایه‌.. وه‌ڵاهی بمابایه‌ هه‌موو مواجه‌هه‌یه‌ك ده‌هاته‌ لام...)
هه‌ندێك خۆی جوڵاند، له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی هه‌ستایه‌وه‌ به‌ (دیار) ی چاودێری قاوشه‌كه‌ی گوت:
(كاكه‌ ده‌ ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ بخه‌سه‌ر سه‌ر ئه‌خبار ئه‌ی نازانی له‌هه‌موو لایه‌كی شه‌ڕه‌ داعشه‌.. له‌ولاوه‌ سه‌یرێكی منی كرد‌و له‌ دووره‌وه‌ بزه‌یه‌كی بۆ كردم‌و گوتی:
(زۆرم غه‌ریبی ده‌كردی مامۆستا..برسیم نیه‌ نه‌وه‌ك ده‌هاتمه‌ لات..له‌ پۆلیسخانه‌كه‌ كردمه‌ هه‌را گوتم.. برسیمه‌ سێ‌ له‌فه‌ی فه‌لافلیان بۆ هێنام...)
*بۆ لات وایه‌ دڵیشم شێته‌..چۆن غه‌ریبی منداڵه‌كانم ناكه‌م*
سه‌رباری ده‌رچوونمان بۆ مه‌مه‌ڕه‌ بچوكه‌كه‌ رۆژانه‌ش (یه‌ك) سه‌عات ده‌چووینه‌ گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌كه‌‌و رێگایان پێده‌داین پیاسه‌ بكه‌ین‌و خۆمان بده‌ینه‌ به‌ر تیشكی رۆژ له‌و گۆڕه‌پانه‌ش (كه‌یفی) سوچێكی هه‌ڵبژاردبوو كه‌س بۆی نه‌بوو بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ ناویان نابوو (میحوه‌ری كه‌یفی) دوای كه‌مێك پیاسه‌كردن هه‌ندێجار به‌ پێخواسی‌و هه‌ندێجاریش نه‌علێكی دۆرزیبۆوه‌ له‌ پێی ده‌كرد مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا نمره‌ی پێی (52) بێت‌و هی نه‌خۆشخانه‌كان بوو، چونكه‌ سپی بوو، پزیشكه‌كان له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری له‌ پێیان ده‌بینرا.. ده‌چوو له‌وێ داده‌نیشت‌و تا كاته‌كه‌ ته‌واو ده‌بوو هه‌ڵنه‌ده‌ستا زۆرجاران بانگی ده‌كردمه‌ لای خۆی‌و ده‌یگوت:
(مامۆستا وه‌ره‌ با هه‌ندێك باسی دونیا بكه‌ین، منیش زۆر تامه‌زرۆی قسه‌كانی بووم چونكه‌ (كه‌یفی) قسه‌زانێكی لێهاتوو بوو زۆرجار باسی گۆڕانكارییه‌كانی دونیای ده‌كرد.لێكدانه‌وه‌ی هه‌بوو بۆ شته‌كان‌و هه‌میشه‌ ده‌یگوت:
(ئێوه‌ هه‌ر من به‌ شێت‌و بێ عه‌قڵ ده‌زانن. به‌خوای راسته‌ ئێوه‌ زۆر عاقڵ-ن!! به‌ڵان هه‌مووتان وه‌كو من شێتن جا هه‌ر یه‌كه‌‌و به‌ ئاستی خۆری، وه‌ڵڵاهی به‌وپه‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه‌ پشتگیری قسه‌كه‌یم ده‌كرد، جارێكیان لێم پرسی:
(ئه‌رێ كه‌یفی گیان غه‌ریبی منداڵه‌كانت ده‌كه‌ی؟
به‌ روخسارێكی پڕ له‌ توڕه‌ بوونه‌وه‌ گوتی:
(بۆ لات وایه‌ دڵیشم شێته‌ هه‌ست به‌ هیچ نه‌كات؟ ئه‌ی چۆن غه‌ریبی منداڵه‌كانم ناكه‌م..شه‌و نیه‌ بۆیان نه‌گریم...)
ئه‌وه‌ جوانترین ده‌ربڕینی ئه‌و مرۆڤه‌ بوو لای من... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر په‌شیمانبوومه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرسیاره‌م ئاراسته‌ كرد، بۆیه‌ فرمێسك به‌ چاوه‌كانم هاته‌ خواره‌وه‌ ‌و گوتم:
(راستده‌كات هه‌موو كه‌س دڵی هه‌یه‌‌و حه‌سره‌تێك هه‌یه‌ پێی بتلێته‌وه‌)


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP