تاوتوێكردنی ریفراندۆم‌ و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
تاوتوێكردنی ریفراندۆم‌ و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ‌ 9/7/2017
له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری‌و به‌ره‌وپێشچوون‌و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌و دیداره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامییان هه‌یه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌سلێمانی كۆبوونه‌وه‌.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، ئاماژه‌ی به‌ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردو وتی: كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئیجابی بوو، هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو هاوڕابوون‌و بۆچوونه‌كانمان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌، وتیشی: بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پێویسته‌ رای وڵاتانی دراوسێ وه‌ربگرین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ جێگه‌ی داخه‌ ئێستا په‌رله‌مانێكی داخراومان هه‌یه‌ له‌ئاست پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا.
پاشان، عومه‌ر محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتوو لە سلێمانی، ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌هه‌میشه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا راكانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكبووه‌، ته‌نها جیاوازیمان له‌چه‌ند خاڵێكدابووه‌. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌»پێداگری له‌چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ناهه‌مواری خه‌ڵك ده‌كه‌ین‌و ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌رنه‌كرێت، هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌رنابێت». وتیشی: پێویست ناكات هیچ لایه‌نێك موزایه‌ده‌ به‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه‌ بكات.

كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كونسوڵی ژاپۆن له‌ كوردستان
هه‌روه‌ها، له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی‌و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، له‌گه‌ڵ كاتسومی مۆریاسو كونسوڵی ژاپۆن له‌كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی، مه‌لا به‌ختیار؛ رایگه‌یاند: ده‌ستنیشانكردنی كاتی ریفراندۆم، له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی كورده‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ دوای كۆتاییهێنان به‌جه‌نگی به‌ره‌یی دژی داعش، كه‌ به‌هه‌موو تێڕوانینه‌كان، له‌ناوه‌ڕاست‌و كۆتایی ئه‌م مانگه‌، شه‌ڕی به‌ره‌یی‌و سه‌نگه‌ر، كۆتایی پێدێت.
وتیشی: بڕیاری راپرسی‌و ریفراندۆم، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌نگی دژ به‌داعش نابێ، چونكه‌ به‌ته‌نها پاشماوه‌كان‌و عه‌قڵی داعشی بوونیان ده‌مێنێت.
لای خۆیشییه‌وه‌، سه‌عدی پیره‌؛ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌»یه‌كێتی؛ پشتیوانی له‌هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری‌و هه‌ڵوێستێك ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان». ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌: به‌بێ یه‌كڕیزیی‌و یه‌كهه‌ڵوێستی، كورد، ناتوانێ سوود له‌هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك وه‌ربگرێت، بۆیه‌ پێویسته‌، به‌یه‌كڕیزیی‌و یه‌كهه‌ڵوێستی، حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك ئاماده‌بن.
كونسوڵی ژاپۆن-ش، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌»وڵاته‌كه‌ی؛ یه‌كێتیی عیراق‌و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی، به‌گره‌نتی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌‌و سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی دژی تیرۆر ده‌زانێت. هه‌روه‌ك له‌خواستی میلله‌تی كوردیش تێده‌گات بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، ژاپۆن نیگه‌رانی له‌پرۆسه‌ی راپرسی له‌مكاته‌دا ناشارێته‌وه‌و باوه‌ڕیوایه‌ كه‌كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌بێ دژی داعش‌و كاردانه‌وه‌ی نه‌ویستراوو نه‌خوازراویشی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق‌و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌».
هه‌ر له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌، مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی؛ له‌میانه‌ی كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ی رێكخستنه‌ دێرینه‌كانی ی.ن.ك له‌سلێمانی، رایگه‌یاند:»یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدا بڕیاریداوه‌ به‌شداریی ریفراندۆم بكات به‌و مه‌رجه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كارابكرێته‌وه‌ به‌بێ‌ مه‌رج».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP