د.فوئاد مەعسوم: دەوڵەت، بنەماو هەلومەرجی تایبەتی دەوێت
د.فوئاد مەعسوم: دەوڵەت، بنەماو هەلومەرجی تایبەتی دەوێت ‌ 10/7/2017
ئامادەكردنی: 
یەكەی هەواڵ و راپۆرت
رۆژنامەی عوكازی سعودی دیدارێكی تایبەتی لەگەڵ د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق سازكردووە تێیدا كۆمەڵێك تەوەری گرنگی لەگەڵدا باسكردووە، بەتایبەتی پرسی ریفراندۆم و حەشدی شەعبی‌و  جەنگی دژ بەداعش و پەیوەندییە دەرەكییەكانی عیراق. 
چارەنووسی كورد و دەوڵەتی چاوەڕواننكراوە
سەرەتا لە بارەی ریفراندۆم و راپرسییەوە دەڵێت، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە باسم لە یەكپارچەیی عیراق كرد، هەروەها پێشتریش سوێندم خواردووە كە پارێزگاری لە یەكپارچەیی‌و سەربەخۆیی ئاسمان‌و زەویی‌و دەریای عیراق بكەم، بەڵام ئێستا لە كوردستانی عیراقدا ویستێك لەلای زۆربەی پارتەكان هەیە، كە راپرسییەكی گشتی بكەن لەبارەی ئەوەی ئایا سەربەخۆبن یان لە عیراق بمێننەوە. زۆرینەی خەڵكیش پێی باشە سەربەخۆبن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەگەر راپرسییەكە كرا، ئەوا بۆ رۆژی دووەم دەوڵەتی سەربەخۆ دادەنرێت. دروستكردنی دەوڵەت، بنەماو هەلومەرجی تایبەتیی‌و ئیقلیمی دەوێت، بەبێ رەزامەندی دەوڵەتە گەورەكان، ئەستمە بتوانرێت دەوڵەت دروستبكرێت. 
بەڵام بەنیسبەت عیراقەوە‌، پێموایە پێویستیمان بە پێداچوونەوە بە هەیكەل‌و وەزعی گشتی دەوڵەت هەیە. لەلای‌ خۆمانەوە داوای عیراقێكی فیدڕاڵ دەكەین، بەڵام لەراستیدا وا نییە، فیدڕاڵی بەمانای بوونی هەرێمی جیاواز دەگەینێت، لەعیراقیشدا تەنها هەرێمی كوردستان  هەیەو دانی پێدانراوە.
لە بارەی رێكەوتنێكی پێشوەخت بۆ دروستكردنی عیراقی فیدڕاڵ فوئاد مەعسوم دەڵێت، پێشتر قسەی زۆر لەبارەی ئەوەوە دەكرا كە لە پارێزگایەك یان دووان دەستپێبكەین، هەروەها هەوڵێكیش هەبوو  كە هەرێمێك لە نۆ پارێزگا دروستبكرێت، بەڵام سەری نەگرت، ئەمەش بەهۆی بوونی كۆمەڵێك كێشەو ململانێیەوە. من خاوەنی بیرۆكەیەكم ئەویش ئەوەیە كە لە عیراقدا دوو هەرێم هەبێت، هەرێمێكی كوردی و هەرێمێكی تر، مادام ئەوانی تر نایانەوێت هەرێمێك دروستبكەن، هەموویان با لەیەك هەرێمدا بن. هەرێمە بچووكەكە كوردستانە و هەرێمە گەورەكەش هەرێمی عیراق بێت، یان هەر ناوێكی تری لێبنێیت، دەوڵەتیش وەكو شكڵێكی كامڵ با ناوی دەوڵەتی عیراق بێت. 
هەروەها لە بارەی ریفراندۆمەوە دەڵێت، سازدانی راپرسیی گوزارشت لە ویست ‌و داواكاری خەڵكی دەكات، لە كاتی دەنگدان بۆ دەستووری عیراق، زۆرینەی خەڵكی دەنگیان بەو دەستوورە دا، لە هەمان كاتیشدا چوون  لە سندوقێكی تردا دەنگیان بەوە دەدا ئایا دەتانەوێت لەگەڵ عیراق بمێننەوە یان سەربەخۆبن. 
دەشڵێت، ناتوانم ئەوە بەسەر وڵاتانی دراوسێدا بسەپێنم كە لەگەڵ بن یان دژی ئەم راپرسییە بن، ئەمە ویستی ئەو دەوڵەتانە خۆیانە، بەڵام من دەزانم ئەمە كارێكی ئاسان نییە، پێشتریش وتومە، دەوڵەتانی هەرێمایەتی  لەمبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەبێت، لەلای خۆشمەوە دژی راپرسی نیم، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە دوای راپرسیەكەوەیە، پەیوەست دەبێت بە هەلومەرجی ناوخۆیی‌‌و دەرەكییەوە. 
لەبارەی كەركوكیشەوە سەرۆك كۆماری عیراق وتی، پێمباشبوو یەكەمجار جەنگی رزگاردنی ناوچەكانی كەركوك دەستپێبكەین‌و ئینجا بچین بۆ موسڵ، بەڵام دواجار فكرەكە گۆڕا بۆئەوەی سەرەتا لە موسڵ دەستپێبكەن. پێموایە دوای تەاوبوونی جەنگی موسڵ، جەنگی رزگاركردنی ناوچەكانی كەركوك دەستپێدەكات. 
ناسنامەی داعشیەكان
لە بارەی ناسنامەی ئەو كەسانەی كەهاتووونەتە ناوداعش، سەرۆك كۆماری رایگەیاند: ئەوانەی لەگەڵ داعشن، لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە هاتوون، خەڵكی سعودیی‌و تونسیی‌و بەریتانی‌و ئەفغانی وفەرەنسی تێدایە. لەبارەی ئەزمونی عیراقیشە لەجەنگ دژی داعش رایگەیاند، دڵنییام دەوڵەتانی تری جیهان سوود لە ئەزمونی عیراق بۆروبەربونەوەی داعش وە‌ردەگرن.
لە بارەی دەستوەردانی توركیا لە كێشەی ناوخۆی عیراقەوە فوئاد مەعسوم رایگەیاند، دەمانەوێت كێشەكان بە هێمنی چارەسەر بكەین، لە كاتی تەواوبوونی جەنگی موسڵ، داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەكەین، كە هێزە سەربازییەكانی لە عیراق بكشێنێتەوە، بە تایبەتی لە پاش سەركەوتن بەسەر چەتەكانی داعش و نەمانی هەڕەشە و ترس بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی توركی.
حەشدی شەعبی 
لەبارەی حەشدی شەعبیشەوە رایگەیاند: لەسەرەتادا بوونی حەشدی شەعبی گرنگ و پێویست بوو، چونكە زۆربەی شارەكان لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشدا بوون، راستە هەندێك لە گروپی ناو حەشد زەرەری زۆریان لە سومعەی داوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت كە ئەم هێزە شەهیدی زۆری لەجەنگ دژی داعش داوەو رۆڵی گرنگیان گێڕاوە‌. بەدڵنییایەوە پێویستە لەپاش تەواوبوون‌و سەركەوتن بەسەر چەتەكانی داعش جارێكی تر پرسی حەشد باسبكرێت‌و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا بەڕوونی باسبكرێت. 
لەبارەی خراپی رەوشی ئەمنی لەعیراق و ترس لە تیرۆركردنی فوئاد مەعسوم رایگەیاند: ئێستا لە هەموو جیهاندا ئەگەری تەقینەوەو تیرۆر زۆرە، هێشتا شانەی نووستوی داعش لە زۆر شوێنی جیهان هەیە. هیچ كاتێك ناترسم لەوەی تیرۆر بكرێم، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگرێتەوە، كە ئێمە  پێشتر خەڵكانی شۆڕشگێڕ بووین و تا ئێستاش شوێنی برینداری سەردەمی خەباتم لەسەر جەستەم ماوە. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP