فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان: پێشمه‌رگه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا
فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان: پێشمه‌رگه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا ‌ 11/7/2017
راپۆرتی‌/ عومه‌ر كه‌ریم
كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان

فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی عیراق-یان به‌گرنگ وه‌سفكرد بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان‌و ئه‌وه‌شیان روونكرده‌وه‌، له‌ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی رزگاركردنی موسڵ له‌ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ و به‌شێكی زۆری شانازی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ به‌ر پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌وێت.
داعش له‌موسڵ خۆی راگه‌یاندو هه‌ر له‌ موسڵیش كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هات، به‌شێكی زۆری سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ عیراقییه‌كانیش به‌سه‌ر داعشدا له‌ئه‌نجامی ئازایه‌تی‌و به‌رگری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ بوو به‌رامبه‌ر تیرۆریستان، له‌چركه‌ساتی رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵدا، هێزی پێشمه‌رگه‌ شوێنی بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی داعش بكه‌ن‌و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ رابگه‌یه‌نن.

له‌ موسڵ هێڵی‌ یه‌كه‌می داعش، پێشمه‌رگه‌ شكاندوێتی
لیوا روكن مه‌ریوان محمه‌د ئه‌مین فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پشتیوانی2، له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان رایگه‌یاند: له‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادكردنی موسڵدا، پشكی شێر به‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا ئه‌وان له‌سنووره‌كانی خۆیانه‌وه‌ سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق نه‌یانده‌توانی یه‌ك كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وی بكه‌ن، هه‌موو له‌سنووره‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ بوو، راشیگه‌یاند: له‌هه‌موو شوێنه‌كانی‌ پارێزگای‌ موسڵ هێڵی‌ یه‌كه‌می داعش، پێشمه‌رگه‌ شكاندویه‌تی، ئه‌وه‌ش فاكته‌ری‌ به‌هێزو سه‌ره‌كی‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان پێشڕه‌وی به‌رچاو بكه‌ن‌و له‌ناو موسڵ سه‌ركه‌وتنی‌ گرنگ‌و چاره‌نووسساز به‌ده‌ستبهێنن، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ رزگاركردنی‌ موسڵ له‌ تیرۆریستانی‌ داعش، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌و خولقاندنی‌ وره‌یه‌كی‌ به‌هێزه‌ بۆ سوپای عیراق‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تر كه‌ به‌شداربوون له‌ رزگاركردنی‌ ئه‌و شاره‌دا، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ گرنگه‌ی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان، هه‌م سه‌ركه‌وتن‌و شانازیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌، كه‌ له‌رێگه‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌وان توانیان ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ تۆمار بكه‌ن.

له‌ موسڵ، یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن، پێشمه‌رگه‌ تۆماری‌ كرد
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ له‌ تیرۆریستانی‌ داعش‌و رۆڵی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ سه‌ركه‌وتنه‌دا، عه‌قید عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د لێپرسراوی‌ هۆبه‌ی‌ هۆشیاری‌ له‌هێزه‌كانی‌ پشتیوانی‌2، له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: سه‌ره‌تای هه‌نگاوی یه‌كه‌می پڕۆسه‌كه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ له‌ رۆژی‌ 17ی‌ مانگی تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ ٢٠١٦ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری خازره‌وه‌،  یه‌كه‌م سه‌نگه‌ری داعشیان تێكشكاند، دوای ئه‌وه‌ش هێزه‌ عیراقییه‌كان ورده‌ ورده‌ پێشڕه‌ویان كرد، وتیشی: ده‌كرێت بڵێین فه‌زڵی رزگاركردنی موسڵ به‌هۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ بوو. به‌تایبه‌تی‌ بۆ وره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ عیراقییانه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی‌ پڕۆسه‌كه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ رۆڵی‌ بنچینه‌ییان هه‌بوو له‌ تێكشكاندنی‌ ته‌لیسمی‌ داعش ‌و سه‌ركه‌وتنی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌و پێشڕه‌وییه‌كانی‌ كه‌ ئه‌وه‌ش رۆڵی‌ باشی هه‌بوو بۆ مه‌عنه‌ویاتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق، دیاره‌ ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی سه‌ربازییه‌ بۆ هێزه‌كانی عیراق.
له‌مه‌ترسی داعش بێ باك نه‌بین
چاودێرانی‌ سیاسیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌مه‌نی به‌ناو خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش، زۆر كه‌متربوو له‌ته‌مه‌نی مناره‌ی حه‌دباو مزگه‌وتی نوری، كه‌ تێیدا داعش خه‌لافه‌تی راگه‌یاندو وه‌فای بۆیان نه‌بوو، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ ناكرێت بۆ ئاینده‌ له‌مه‌ترسی داعش بێباك بین، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌ رێگه‌و شێوازی تره‌وه‌ ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ بێگومان هه‌ر ده‌بێت خه‌ونی‌ پێوه‌ ببینێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ لیوا روكن مه‌ریوان وتی‌: نازانین دوای داعش چ هێزێكی تیرۆریستی تر دێت، به‌ڵام ئێمه‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌ هێزه‌كانمان تۆكمه‌و پته‌وتر ده‌كه‌ین‌و سه‌نگه‌ره‌كانمان باشتر ده‌كه‌ین، جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هێڵی به‌رگری‌ پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌سنووره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندایه‌ به‌ته‌واوی تۆكمه‌و قایمتر بكرێن‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ باشترین مه‌شق  ئاماده‌تر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت به‌ باشترین شێوه‌ روبه‌ڕوی هه‌موو دوژمنێك ببینه‌وه‌.

ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی‌ داعش وه‌ستا 
هه‌روه‌ها عه‌قید عه‌بدوڵڵاش رایگه‌یاند: پێده‌چێت له‌ قۆناغی‌ ئاینده‌دا هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماره‌كانی داعش به‌شێوازێكی‌ جیاوازتربن له‌ رابردوو، وه‌ك شه‌ڕی مافیایی‌و پارتیزانی‌‌و چه‌ند شێوازێكی‌ تر، به‌ڵام وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ ناكرێ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی سه‌یری بكه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كاتێك له‌ڕووی سه‌ربازی‌و له‌ڕوی توانای مادی‌و چه‌كه‌وه‌ به‌هێزێكی کەمەوه‌ چوینه‌ نێو ئه‌و شه‌ڕەوە‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ شه‌ڕ‌ی‌ دژی‌ داعش كردو نه‌یهێشت داعش ته‌نها یه‌ك بستیش پێشڕه‌وی‌ بكات، به‌تایبه‌تی‌ له‌سنووری كه‌ركوك‌و باشووری‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی گه‌رمیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك مه‌ترسییه‌كی‌ جددی ته‌ماشا ناكرێت، ده‌كرێت ته‌نیا وه‌كو سه‌ریه‌شه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌و كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك كوردستان لێی بڕوانرێت.
رای‌ گشتیش پێی وایه‌، له‌ قۆناغی‌ ئێستای‌ خه‌بات‌و تێكۆشاندا ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی كات ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دواین ناوچەكانی داعش له‌عیراقدا رزگاربکرێن و كۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنرێت، ده‌مێنێته‌وه‌ شه‌ڕی فكری داعش كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش بۆ سه‌رده‌م‌و قۆناغێكی‌ داهاتوو به‌رده‌وامبێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP