به‌م نزیكانه‌ هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان راده‌گه‌یه‌نرێت
به‌م نزیكانه‌ هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان راده‌گه‌یه‌نرێت ‌ راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌ 11/7/2017
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كار له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌كانی‌ هه‌ردوولا ده‌كه‌ن و لێپرسراوانی هه‌ردوولاش له‌ لێدوانیاندا بۆ كوردستانی نوێ؛ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا «به‌م نزیكانه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت».

ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا: فراكسیۆنه‌كانی هه‌ردوولا راسپێردراون
ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: به‌م نزیكانه‌ هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ‌و گۆڕان له‌ ئاستی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك راده‌گه‌یه‌نرێت، «فراكسیۆنه‌كانی هه‌ردوولا راسپێردراون بۆ كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌».
د.ئیسماعیل نامیق: له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت
د.ئیسماعیل نامیق ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌كێتی له‌ لێدوانیدا بۆ كوردستانی نوێ، هه‌وڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی له‌م باره‌یه‌وه‌ روونكرده‌وه‌و وتی: یه‌كێك له‌ ماده‌و بڕگه‌كانی رێكه‌وتننامه‌ی سیاسیی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیی نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌ ئاستی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان پێكبهێنرێت، «ئه‌م پرسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شدا زۆر ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر كرده‌وه‌و لیژنه‌یه‌كیشی بۆ پێكهێنرا، لیژنه‌كه‌ش كاره‌كانی خۆی زۆر به‌باشی كردو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌میشدا كاره‌كان زۆرباش چوونه‌ پێشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت په‌یڕه‌وی ناوخۆشیان بۆ دانرا، هاته‌سه‌ر راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، به‌ڵام چه‌ندگرفتێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاره‌كان دروست كرد»، وتیشی: له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شدا جارێكی دیكه‌ بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ درا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆك و ئه‌ندامانی  فراكسیۆنه‌كانی هه‌ردوولا راسپێردراون زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن، له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش و له‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌ردوولاش، چه‌ند كه‌سێك دانراون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ رابگه‌یه‌نرێت، ته‌ئكیدیشیكردەوه‌ «هه‌رچی توانای خۆمان هه‌یه‌ ده‌یخه‌ینه‌ كار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و هیوادارین هیچ رێگری و كێشه‌یه‌ك نه‌یه‌ته‌ به‌رده‌ممان، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیش هاته‌ ئاراوه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ زوویی چاره‌سه‌ری بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌زووترین كاتدا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ رابگه‌یه‌نین، «پێشم وایه‌ له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت»، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا «ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ بۆ هه‌ردوولامان پێویسته‌، هه‌نگاوێكی دڵسۆزانه‌و راستگۆیانه‌ی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه‌ی سیاسیی نێوانیشمانه‌».
له‌باره‌ی كاتی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شه‌وه‌، د.ئیسماعیل نامیق پێیڕاگه‌یاندین: كاته‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام ئاسانه‌و هه‌ركات بمانه‌وێت دیاری ده‌كه‌ین.

سه‌ركردایه‌تیی‌ هاوبه‌ش
بڕیاری داوه‌
ئه‌م لێدوانانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، له‌ كاتێكدایه‌ له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی‌ هاوبه‌ش كه‌ رۆژی 8/7/2017، له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چوو، سێ بڕیار دراو خاڵی سێیه‌می بڕیاره‌كان وه‌ك له‌ راگه‌یه‌نراوی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتبوو: «دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ (إئتلاف) فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان ‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان».
هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك كه‌ رۆژی 18/6/2017، له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌یه‌كی ته‌رخانكرابوو بۆ پرسی رێكه‌وتنی یه‌كێتی ‌و گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتبوو «یه‌كێتی ئاماده‌یه‌، رێكه‌وتننامه‌ی نێوان یه‌كێتی ‌و گۆڕان جێبه‌جێ بكات ‌و له‌و پێناوه‌شدا، سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی راسپێردراو، بڕگه‌كانی رێكه‌وتننامه‌كه‌، جێبه‌جێ بكات».
ئێواره‌ی رۆژی 9/7/2017-ش  كۆمه‌ڵێك گه‌نج له‌ سلێمانی پێكهێنانی گروپی فشاریان راگه‌یاند، كه‌ ئامانج و داواكاریی سه‌ره‌كییان «یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌».

ورده‌كاریی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌
به‌پێی ئه‌نجامی دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش كه‌ رۆژی 30/4/2014 به‌ڕێوه‌چوو، له‌ 328 كورسی، یه‌كێتی 21 كورسی، گۆڕان 9 كورسی به‌ده‌ستهێنا، به‌پێی ئه‌نجامی دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ رۆژی 21/9/2013 به‌ڕێوه‌چوو له‌ 111 كورسی، یه‌كێتی 18 كورسی، گۆڕان 24 كورسی به‌ده‌ستهێنا، به‌پێی دوایین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمیش كه‌ رۆژی 30/4/2014 به‌ڕێوه‌چوو، له‌ هه‌ولێر له‌ 30 كورسی، یه‌كێتی 6 كورسی، گۆڕان 4 كورسی، له‌ سلێمانی له‌ 32 كورسی، یه‌كێتی 11 كورسی، گۆڕان 12 كورسی، له‌ دهۆك له‌ 28 كورسی، یه‌كێتی 2 كورسی، گۆڕان 1 كورسی به‌ده‌ستهێنا. 
به‌م پێیه‌ش هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌بێته‌ 30 كورسی، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان 42 كورسی، له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؛ سلێمانی 23 كورسی، هه‌ولێر 10 كورسی، دهۆك 3 كورسی.
شایانی باسه‌ دوای ئیمزاكردنی  رێكه‌وتننامه‌ی سیاسیی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان له‌ رۆژی 17/5/2016، له‌ ده‌باشان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش له‌ رۆژی 14/6/2016، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP