قه‌ته‌ر ده‌یه‌وێت یاریی‌ گه‌وره‌كان بكات
بۆی‌ ده‌چێته‌سه‌ر؟ قه‌ته‌ر ده‌یه‌وێت یاریی‌ گه‌وره‌كان بكات ‌ 4/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان

ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر به‌درێژایی‌ مێژووی‌ خۆی‌ و به‌تایبه‌ت له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، سیاسه‌تێكی‌ جیاوازیی‌ گرتووه‌ته‌به‌ر و خۆی‌ له‌ ره‌خساندنی‌ «مۆڵگه‌یه‌كی‌ ئارام» بۆ ئه‌وانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاته‌كانیان رووبه‌ڕووی‌ چه‌رمه‌سه‌ری‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ بونه‌ته‌وه‌.
قه‌ته‌ر له‌ڕێی‌ سیاسه‌تی‌ «ئاواڵاكردنی‌ ده‌رگاكان»ه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، هاوشێوه‌ی‌ سعودیه‌ و میسر، گه‌مه‌ی‌ گه‌وره‌كان بكات، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ پرسیاره‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ده‌وحه‌ له‌و گه‌مه‌یه‌دا سودمه‌ند بووه‌، یان له‌ حیساباته‌كانیدا هه‌ڵه‌ی‌ كردووه‌؟ 
شێخ جاسم بن حه‌مه‌د ئال سانی‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌دا ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ری‌ دامه‌زراندووه‌، وڵاته‌كه‌ی‌ وه‌ك «قیبله‌ی‌ په‌ڕاگه‌نده‌بوانی‌ نیشتمانه‌كان» وه‌سفكردووه‌. 
له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا و به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ریی‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ شه‌رعی‌، قه‌ته‌ر كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌خۆگرتبوو كه‌ له‌ وڵاته‌كانیان هه‌ڵاتبوون. 
دێڤید رۆبرتس مامۆستای‌ یاریده‌ده‌ر له‌ كۆلێجی‌ كینجزی‌ بریتانی‌ له‌ 16ی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو به‌ رۆژنامه‌ی‌ «نیویۆرك تایمز»ی‌ ئه‌مریكایی‌ راگه‌یاندووه‌»خاكی‌  چۆڵی‌ قه‌ته‌ر كه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌یه‌مدا هیچ یاسایه‌كی‌ تێدا نه‌بووه‌، له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی‌ عه‌ره‌بیدا وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك بووه‌ بۆ له‌یاساده‌رچووه‌كان و چه‌ته‌ و په‌نابه‌ره‌ چه‌وساوه‌كان».  
«ئه‌و خاكه‌ له‌و ده‌مه‌دا هه‌میشه‌ جێنیشته‌جێی‌ كه‌سه‌ نه‌خوازراوه‌كان بووه‌، به‌وپێیه‌ی‌ هیچ شه‌رعیه‌تێك ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ریدا نه‌بووه‌، گه‌ر كه‌سێكیش له‌لایه‌ن شێخێكه‌وه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ربكرابا، ئه‌وا جگه‌ له‌ هه‌ڵاتن بۆ قه‌ته‌ر،  هیچ په‌ناگه‌یه‌كی‌ دی‌ نه‌ده‌دۆزیه‌وه‌ و ئیدی‌ له‌وێ‌ كه‌س بێزاری‌ نه‌ده‌كرد». 
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووش، شێخ حه‌مه‌د بن جاسم ئال سانی‌، له‌ قه‌ته‌ردا سیاسه‌تی‌ پێشوازیی‌ له‌و كه‌سانه‌ پیاده‌ ده‌كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران لێیان توڕه‌بوون. 
بۆنمونه‌ ده‌وحه‌ پێشوازیی‌ له‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ له‌سێداره‌دراوی‌ عیراقی‌ كرد، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی‌ ئوسامه‌ بن لادنی‌ سه‌ركرده‌ی‌ رێكخراوی‌ «قاعیده‌»ی‌ له‌خۆگرت.  
مه‌قبول فیدا حسێن نیگاركێشی‌ هیندی‌ و سه‌لیم خان یندرباییڤ سه‌ركرده‌ی‌ جه‌نگی‌ چیچانی‌ كه‌ دواتر هه‌واڵگری‌ روسی‌ له‌نێو خاكی‌ قه‌ته‌ردا له‌ ساڵی‌ 2004 تیرۆری‌ كرد، په‌نایان بۆ ئه‌و وڵاته‌ بردبوو. 
به‌تێپه‌ڕبوونی‌ كات، ده‌وحه‌ سیاسه‌تێكی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ پیاده‌كرد كه‌ جیاواز بوو له‌ دراوسێكانی‌ تری‌ له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو، له‌ شه‌قامه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، قه‌ته‌رییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان تێكه‌ڵ به‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ سودانییه‌كان و ئیسلامییه‌ لیبی‌ و میسرییه‌كان ده‌بوون. 

پایته‌ختی‌ دژبه‌یه‌كه‌ سیاسییه‌كان 
دكڵان واڵش رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ مانگی‌ رابردوو له‌ رۆژنامه‌ی‌ «نیویۆرك تایمز» بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ی‌ له‌شاری‌ ده‌وحه‌ بسوڕێته‌وه‌، زۆر به‌ ئاسانی‌ دژبه‌یه‌كه‌ سیاسییه‌كان به‌دی‌ ده‌كات، بۆ نمونه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ خۆرئاوا باره‌گایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ زانكۆی‌ ئه‌مریكاییه‌، نزیك له‌و زانكۆیه‌ش نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبانی‌ ئه‌فغانی‌ به‌دی‌ ده‌كرێت. چه‌ند میلێكیش دوور له‌وان، بنكه‌ی‌ ئه‌مریكاییه‌ كه‌ 9 هه‌زار ئه‌مریكایی‌ تێدایه‌ و فڕۆكه‌كانی‌ ئه‌مریكا لێوه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ئه‌فغانییه‌ بۆردومان ده‌كه‌ن. له‌ ڤێلایه‌كی‌ نایابی‌ نزیك باڵێوزخانه‌ی‌ بریتانی‌، ده‌وحه‌ نوسینگه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس»ی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌خۆگرتووه‌، له‌به‌رانبه‌ردا قه‌ته‌ر رێگه‌ی‌ داوه‌ ئیسرائیل كه‌ دوژمنی‌ سه‌رسه‌ختی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس»ه‌، نوسینگه‌یه‌كی‌ بازرگانی‌ له‌ ساڵی‌ 1996دا بكاته‌وه‌ و كاركردن له‌و نوسینگه‌یه‌ش به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2008دا په‌یوه‌ندی‌ نێوانیان ئاڵۆزی‌ تێكه‌وت و داخرا».
له‌به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی‌ «ده‌رگا كراوه‌كان»، ده‌وحه‌ له‌ زۆجاردا هه‌وڵیداوه‌ رۆڵی‌ ناوبژیوانی‌ ئاشتی‌ ببینێت. 
به‌شداریی‌ كرد له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ له‌ لوبنان له‌ ساڵی‌ 2008 كه‌ به‌ «رێككه‌وتنی‌ ده‌وحه‌» ناسرا، به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆڵی‌ گرنگی‌ هه‌بوو له‌ دانوستانه‌كانی‌ ئازادكردنی‌ دیله‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ سوریا، له‌وانه‌ ئازادكردنی‌ پیته‌ر تیو كۆرتیس رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ساڵی‌ 2014، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ له‌لایه‌ن «به‌ره‌ی‌ نوسره‌»وه‌ له‌ سوریا ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو.     
هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌، ئه‌و رۆڵه‌ی‌ قه‌ته‌ر ده‌یبینێت مایه‌ی‌ خۆشحاڵی‌ واشنتۆنه‌، بۆنمونه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پێیوابوو له‌خۆگرتنی‌ «حه‌ماس» له‌لایه‌ن ده‌وحه‌وه‌، باشتره‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ فه‌له‌ستینیه‌ په‌نا بۆ وڵاته‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ وه‌ك ئێران ببات. 
میوانداریی‌ ده‌وحه‌ بۆ «حه‌ماس» رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ رێكخستنی‌ چاوپێكه‌وتنی‌ نێوان خالید مشعه‌ل سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و تۆنی‌ بلێر نێرده‌ی‌ بریتانی‌ بۆ ئاشتی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌ ساڵی‌ 2015. 
به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌ ده‌وحه‌ وتوێژی‌ ئاشتی‌ له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ «تاڵیبان» و حكومه‌تی‌ ئه‌فغانی‌ له‌ ساڵی‌ 2013دا به‌ڕێوه‌چوو، پاشان له‌ ساڵانی‌ 2015 و 2016 هه‌مان وتوێژ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام دواتر شكستخواردوو بوو. 
له‌خۆگرتنی‌ نه‌یاره‌ سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌، رێخۆشكه‌ر بوو بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تا له‌سه‌ر چه‌ندان ئاست دانوستان و چاو و ڕاو بكات. 
سه‌ركێشییه‌ سیاسییه‌كان دراوسێكان بێزار ده‌كات 
له‌سه‌ر ئاستی‌ عه‌ره‌بی‌، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ ده‌وحه‌ پیاده‌ی‌ ده‌كرد، جگه‌ له‌ سه‌رئێشه‌ به‌ولاوه‌ چی‌ دی‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌پێویستیان ده‌زانی‌ قه‌ته‌ر ده‌ستبه‌رداریی‌ ئه‌و سه‌ركێشییه‌ سیاسییانه‌ ببێت و پابه‌ندی‌ بنه‌مای‌ گه‌مه‌كان ببێت به‌ چه‌شنی‌ سعودیه‌ (به‌ تایبه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا و لیبیا). 
میسر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ وه‌ك رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ قه‌ته‌ر له‌قه‌ڵه‌مده‌دات، به‌وپێیه‌ی‌ ده‌وحه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ داواكراوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ قاهیره‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌، له‌وانه‌ شێخ یوسف قه‌رزاوی‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمین كه‌ میسر به‌ تیرۆریست ناویان ده‌بات.  
ریاز پێیوایه‌، ده‌وحه‌ ئه‌و خوشكه‌ بچوكه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ ده‌رچوو به‌ «به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ تاران كه‌ دوژمنی‌ سه‌رسه‌رختی‌ ریازه‌». 
دوای‌ چه‌ند ساڵێك له‌ نیمچه‌ «جه‌نگێكی‌ سارد»، له‌ 5ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو، سعودیه‌ و میسر و به‌حره‌ین و ئیمارات، په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر پچڕاند، به‌وشێوه‌یه‌ ململانێ‌ سیاسییه‌ نهێنییه‌كه‌ ئاشكرا بوو. 
ئه‌و وڵاتانه‌ مه‌رجی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بێت ده‌وحه‌ ده‌ستبه‌رداریی‌ «سه‌ركێشییه‌ سیاسییه‌كان»ی‌ ببێت. 
دوای‌ زیاتر له‌ مانگێك له‌و پایكۆته‌، و وێڕای‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ وه‌ك ئه‌ڵمانیا و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و توركیا و «كوه‌یت» كه‌ رۆڵی‌ ناوبژیوانی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بینێت، تائێستاش ته‌نگژه‌كه‌ وه‌ك خۆیه‌تی‌ و وڵاته‌كان سورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان له‌ قه‌ته‌ر، ده‌وحه‌ش ئه‌و داواكاریانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ پێشێلكردنی‌ سه‌روه‌ریی‌ نیشتیمانیان داده‌نێت. 
وێڕای‌ به‌رده‌وامبوونی‌ گه‌مارۆكان، پێده‌چێت تواناكانی‌ ده‌وحه‌ روویان له‌ لاوازبوون نه‌كردبێت به‌وهۆیه‌ی‌ خاوه‌ن یه‌ده‌گێكی‌ زه‌به‌لاحی‌ دراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ سیاسی‌ زۆر باشی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتێكی‌ وه‌ك توركیا هه‌یه‌ كه‌ سه‌نگێكی‌ سیاسی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ و به‌وپه‌ڕی‌ توانایه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ چنینه‌وه‌ی‌ به‌ری‌ سیاسه‌تی‌ «ده‌روازه‌ كراوه‌كان»داده‌نرێت كه‌ پیاده‌ی‌ ده‌كات. 
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی‌ قه‌ته‌ر به‌ڕووی‌ گه‌مارۆ سه‌پێنراوه‌كانی‌ سه‌ری‌، میهران كامرافا مامۆستا له‌ زانكۆی‌ جۆرج تاون به‌ رۆژنامه‌ی‌ «نیویۆرك تایمز»ی‌ راگه‌یاندبوو:»سعودییه‌كان و ئیماراتییه‌كان ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌یان كردبێت كاتێك پێیانوابوو، بایكۆتكردنی‌ به‌كۆمه‌مه‌ڵی‌ چه‌ند وڵاتێك، ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وحه‌ به‌ ئاسانی‌ مل كه‌چ بكات كه‌ روینه‌دا (لانی‌ كه‌م تاوه‌كو ئێستا) ملی‌ كه‌چ نه‌كردووه‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP