״كه‌ژاڵ״ بۆ واتكرد بتكوژم!!
״كه‌ژاڵ״ بۆ واتكرد بتكوژم!! ‌ 4/8/2017
نازم دڵبه‌ند
1-2
*به‌ندیخانه‌ش سفره‌ی رازاوه‌ هه‌یه‌*
ئه‌و ساته‌وه‌وه‌خته‌ی كه‌ ده‌گه‌یه‌ ناو قاوشی زیندانه‌كانه‌كان به‌ سه‌رسامیه‌وه‌ ده‌ڕوانیه‌ هه‌رهه‌موویان‌و هه‌ر هه‌مووشیان به‌ تاوانباری ترسناك ده‌بینی، به‌ڵام زۆری پێناچێ چه‌ند كه‌سێك له‌مانه‌ دێنه‌ لات‌و وه‌ك به‌خێرهێنانت داوات لێده‌كه‌ن (ئایا برسیت نیه‌، خه‌ڵكی كۆیی‌و زۆر پرسیاری دیكه‌) هه‌ر زوو له‌ جلوبه‌رگ‌و روخسارت ده‌تخوێننه‌وه‌، كه‌ كارتی ده‌سگیركردنه‌كه‌شت دایه‌ چاودێری قاوشه‌كه‌‌و له‌ ده‌فته‌ری رۆژانه‌ ناوه‌كه‌تی تۆمار كرد ده‌زانرێ تۆ له‌سه‌ر چی گیراوی، چونكه‌ مادده‌ یاساییه‌كه‌ی كه‌ له‌ سه‌ری گیراوی تۆمار ده‌كرێ، ئینجا هه‌ر خۆت له‌ ساتێكی زۆر كه‌مدا ده‌زانی كێ له‌وانه‌ له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌‌و كه‌سایه‌تی تۆ ده‌گونجێ‌و له‌ تۆوه‌ نزیكه‌ بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌ت ده‌توانی ببیه‌ هاوزیندانی.
كه‌ ناوی خۆشت لای چاودێر تۆمار كرد راسته‌وخۆ ته‌سلیمی (لێپرسراوی سفره‌) یه‌كت ده‌كه‌ن‌و پێت ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ نان ده‌خۆیت (فڵان) سه‌ر سفره‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی دیار‌و ده‌وڵه‌مه‌ند ‌و خاوه‌ن پاره‌ش دیار بیت ئه‌وه‌ چاودێر ده‌تباته‌ سه‌ر سفره‌ی خۆی كه‌ هه‌موو ده‌م سفره‌ی ئه‌و رازاوه‌تر‌و خه‌ڵكی دیاری له‌سه‌ر كۆ ده‌بێته‌وه‌.
رۆژانه‌ هه‌ر (سفر) ه‌‌و له‌سه‌ر ئه‌و (ته‌باخه‌) بچوكه‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی مه‌مه‌ڕه‌كه‌ خواردنی نیوه‌ڕۆ ‌و ئێوارانیان دروستده‌كرد، بێجگه‌ له‌ هه‌ندێكیان (قزعه‌) ی رۆژانه‌یان ده‌خوارد، له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی زیندانه‌كه‌وه‌ دابین ده‌كرا ئه‌ویش خواردنێكی باش بوو، ته‌نها (نۆكاوه‌كه‌ی) زۆر جار به‌كه‌ڵكی خواردن نه‌ده‌هات ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان ته‌رخانكردبوو وه‌كو (چێشت لێنه‌ر) سه‌رله‌نوێ ترش‌و خوێیه‌كیان پێوه‌ ده‌كرده‌وه‌‌و له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌یان داده‌نا.
له‌هه‌مووی خۆشتر هه‌موو به‌یانیه‌ك سفره‌ی رازاوه‌ هه‌بوو به‌ (شیر ، په‌نیر، هێلكه‌، ته‌حین، ماست) ئه‌مانه‌ش هه‌مووی هه‌ر ئێواره‌ی زیندان به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی زیندانیه‌كان ده‌یاندایه‌ قاوشه‌كان، وه‌كو گوتم ئه‌وه‌ی تازه‌ دێ هێدی، هێدی لێ رادێ‌و چاوه‌ڕێی چاره‌نوسی خۆی ده‌كات.
رۆژێكیان راسته‌وخۆ یه‌كێكیان هێنا، كه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ چاوی به‌هه‌موو قاوشه‌كه‌ گێڕاو یه‌كسه‌ر به‌ بێده‌نگی هاته‌ لای منه‌وه‌، سه‌یرێكی ته‌واوی كردم، به‌ڵام من به‌رله‌وه‌ی ئه‌و بێته‌ قاوشه‌كه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی (خۆزگه‌)ه‌وه‌ له‌ مه‌مه‌ڕه‌ بچوكه‌كه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كرد كه‌ دوا قفڵی ده‌رگای زیندانه‌كه‌ی له‌سه‌ر داخرایه‌وه‌، ئاوڕێكی ئه‌وه‌نده‌ به‌خێرایی دایه‌وه‌ زوو له‌وه‌ گه‌یشتم تێكه‌ڵاوی خه‌یاڵێكی قووڵبوو، له‌وه‌ گه‌یشت سه‌خته‌ جارێكی تر گوێی به‌ له‌رینه‌وه‌ی پێكه‌نینی هیچ كه‌سێك بزرێنگێته‌وه‌، من گه‌ڕامه‌وه‌ قاوشه‌كه‌ی خۆمان‌و ئه‌ویش هێدی، هێدی به‌سه‌ر په‌یژه‌ی قاوشه‌كانی سه‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وت، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكیشیا خه‌یاڵ ده‌یبرده‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی له‌گه‌ڵ (كه‌ژاڵ) شه‌وانی درێژ له‌و ژووره‌ ته‌نهاییه‌ی خۆیاندا ده‌یانڕوانیه‌ روخساره‌ جوانه‌كه‌ی (ره‌هێڵ)، هیچ دونیایه‌كی جوانتریان جوانتر له‌ دونیای ئه‌و نه‌ده‌دی.
دوا ده‌رگا شیشه‌كه‌ی قاوشی زیندانه‌كه‌یان بۆ كرده‌وه‌، پسوله‌كه‌ی ته‌سلیمی چاودێره‌كه‌ كرد، له‌ ده‌فته‌ری رۆژانه‌ی زیندانیان ناوه‌كه‌ی تۆمار كرا، دیسانه‌وه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ سه‌ركه‌ستی كرد، واژووی ئه‌و رۆژه‌ی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ خۆی‌و (كه‌ژاڵ) پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و فایله‌ كردیان، بێ ئاماده‌بوونی خزم‌و خانه‌واده‌ یه‌كتریان ماچكرد، هه‌موو به‌ڵێنێكیان به‌ به‌ڵێنی مه‌رگیشه‌وه‌ بۆ یه‌كتری تیانووسی.
دیسانه‌وه‌ به‌خێرایی چاوێكی به‌ قاوشه‌كه‌دا گێڕا، هه‌مووی داخرابوو، دوو په‌نجه‌ره‌ی بچووك زۆر به‌ ئاسته‌م تیشكه‌ جوانه‌كانی خۆری تیا ده‌بینرا، پێخه‌فه‌كان زۆر بێنازن..كه‌سه‌كان هه‌رهه‌موویان به‌دوای بیركردنه‌وه‌ دوورهاوێژه‌كانیانه‌وه‌ وێڵن..دوكه‌ڵی جگه‌ره‌ هاوڕێی هه‌میشه‌یی ره‌عیه‌تی قاوشه‌كه‌ بوو. هه‌موو ئه‌و سیمایانه‌ی كه‌ ئه‌و دوێنێ شه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی ده‌یدیت، ئه‌مڕۆ هه‌مووی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌مووی ره‌نگی پایزێكی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی به‌خۆوه‌ گرتوه‌.
له‌ناكاو له‌ شوێنی خۆی له‌ ته‌نیشت منه‌وه‌ راچه‌نی‌و گوتی:
-له‌ شه‌قامه‌كانی شار، من زۆرم تۆ دیوه‌ ده‌كرێ هه‌ندێ لات بمێنمه‌وه‌؟
*به‌دڵنیاییه‌وه‌..راستده‌كه‌ی ره‌نگه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی شار منت دیبێ..حه‌ز ده‌كه‌م تۆزێ ئارام بیته‌وه‌.
-(هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵكێشا) ده‌توانم جگه‌یه‌ك داگیرسێنم.
*ئه‌ی بۆ نا..دایگیرسێنه‌، به‌داخه‌وه‌ من جگه‌ره‌ ناكێشم ؟؟؟ پێشكه‌شم ده‌كردی
-(جگه‌ره‌كه‌ی داگیرساند، سه‌یرێكی منی كرده‌وه‌) تۆ ده‌زانی من له‌سه‌ر عه‌شقێكی دۆڕاو زیندانی كرام؟؟
*ئاخر عه‌شق قه‌ت كه‌س ناخاته‌ زیاندان، چونكه‌ عه‌شق زۆر جوانه‌.
-ئاخر من له‌و جوانیه‌ نه‌گه‌یشتوون.
*یانی چۆن له‌سه‌ر عه‌شق پێم بڵێ. بۆ زیندانی كرای؟؟
-(سه‌یرێكی بنمیچی قاوشه‌كه‌ی كرد‌و چاوێكی دیكه‌ی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ كرد له‌به‌رخۆیه‌وه‌) راستده‌كات عه‌شق فریشته‌یه‌كی جوانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ژه‌نگ دایگرت.(ئاوڕێكی خێرای له‌ من دایه‌وه‌) من (كه‌ژاڵ) م كوشت!! ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ناخه‌وه‌ خۆشم ویست. هه‌موو قوربانیه‌كی گه‌نجێتی‌و خانه‌واده‌‌و باری كۆمه‌ڵایه‌تیم پێبه‌خشی، من له‌ خانه‌واده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند‌و (كه‌ژاڵ) یش كچی دایك‌و باوكێكی ئاسایی‌و نه‌دار له‌ یه‌كێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌كانی شار ده‌ژیا، هه‌ردووكمان خوێندكاری زانكۆ بوین، كچێكی مه‌یله‌‌و ئه‌سمه‌ری باڵابه‌رز‌و هه‌دوو چاوی شین‌و روخسارێكی تا بڵێی(لوس) ئه‌وه‌نده‌ به‌ شه‌وق ده‌بریسكایه‌وه‌، چاوه‌ شینه‌كانی تێكه‌ڵی ره‌شتاڵه‌كه‌ییه‌كه‌ی ببوو جوانترین تابلۆی ده‌نه‌خشاند، جل‌وبه‌رگه‌كانی زۆر ساده‌ بوون، له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دووجار جله‌كانی ده‌گۆڕی، به‌ڵام هه‌رچی له‌به‌ر ده‌كرد لێی ده‌هات‌و ره‌نگی شاژنی پێهه‌ڵده‌گرت، له‌ رۆژی یه‌كه‌می ده‌وام كردنه‌وه‌ سه‌رنجی ته‌واوی منی راكێشا، رۆژ به‌رۆژ زیاتر ئه‌و سه‌رنجه‌ له‌ دڵمدا ده‌بوه‌ عه‌شقێكی پاك، (كه‌ژاڵ) ئه‌وه‌نده‌ به‌هێمنی ره‌فتاری ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاسایی هه‌نگاوه‌كانی ده‌هاویشت واتده‌زانی فریشته‌یه‌كی خوادییه‌‌و هه‌نگاو به‌سه‌ر جه‌سته‌ی منا ده‌نێ، زۆر كه‌م له‌ یانه‌ی خوێندكاران ده‌بینرا، هه‌میشه‌ له‌كاتی وچانه‌كاندا یان نه‌بوونی موحازه‌ره‌ ده‌چووه‌ ژێر دارێكی نێو باخچه‌كه‌‌و سه‌ری به‌ سه‌ر كتێبه‌كه‌یدا داده‌گرت، زۆربه‌ی جاره‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ(روخسار) ی تاقه‌ هاوڕێی پێكه‌وه‌ پیاسه‌یان ده‌كرد، هه‌ستم كرد كه‌ وه‌كو كچه‌كانی دیكه‌ رۆژانه‌ خۆی ناگۆڕێ كه‌ خانه‌واده‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست دێ‌و نه‌دارن ئه‌مه‌ش لای من زۆر ئاسایی بوو، چونكه‌ من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كوڕی خانه‌واده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند بووم، به‌ڵام ژیانم به‌جۆرێكی دیكه‌ ده‌بینی، ئه‌ویش رێزگرتن بوو له‌هه‌مو ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ مرۆڤی پێ لێك جیا ده‌كرێته‌وه‌..رۆژانه‌ (كه‌ژاڵ) له‌ هه‌ستی من گه‌وره‌تر‌و گه‌وره‌تر ده‌بوو تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی رۆژێكیان به‌یانیه‌كه‌ی بارانێكی به‌گوڕ ده‌باری‌و له‌به‌رده‌می كۆلێژ پاسی نه‌فه‌رات وه‌ستاو (كه‌ژاڵ) هاته‌ خواره‌وه‌‌و منیش به‌ رێكه‌وت به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م گه‌یشتمه‌ به‌رده‌م كۆلێژ كه‌ گه‌یشتمه‌ راستی ئه‌و جامه‌كه‌م هێنا خواره‌وه‌‌و فه‌رمووم لێكرد تا ناو كۆلێژ بیبه‌م به‌و نیازه‌ی باران جله‌كانی ته‌ڕ نه‌كات كه‌ قه‌مسه‌ڵه‌یه‌كی له‌به‌ردابوو پێموا بوو له‌ بازاڕی(له‌نگه‌) كڕیبووی، به‌ڵام هه‌ر زوو (ره‌فزی) دامێ‌و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ داوێنی ئه‌و دوو چاوه‌شینه‌ جوانه‌یه‌وه‌ گوتی(نا..نا سوپاس باران خۆشه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك بوه‌ستێ رێگای خۆی گرت).
به‌راستی كه‌ گوێم له‌ ده‌نگی بوو زیاتر توامه‌وه‌، زیاتر بوو به‌ كه‌سێكی زۆر نزیكی رۆحم، كه‌ جێم هێشت دڵم هه‌ر لای بوو، له‌ ئاوێنه‌كه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كرد ئای چه‌ند بۆی دڵگیر بووم، چیبكه‌م چارم نه‌بوو، ئه‌و رۆژه‌ هه‌ریه‌كه‌مان بۆ پۆلی خۆمان، به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌ بڕیامدا ده‌بێ من له‌گه‌ڵ (كه‌ژاڵ) قسه‌ بكه‌م، تا گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ی رۆژی ئاهه‌نگی یه‌كتر ناسینیان بۆ ساز كردین، ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر كوڕه‌‌و به‌ جوانترین جل‌و هه‌ر كچه‌‌و به‌هه‌مان شێوه‌، من به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌كو رۆژان پانتۆڵێكی كاوبۆ ‌و قه‌مسه‌ڵیه‌كی ئاسایی‌و ته‌نكه‌ ریشێك، سه‌رنجی ده‌وروبه‌ری خۆمدا كچه‌كان به‌دوای كوڕه‌كان‌و ئه‌وانیش به‌دوای كچه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام من چاوم ده‌گێڕا به‌ڵكو (كه‌ژاڵ) ده‌ركه‌وێ كه‌چی هه‌ر نه‌هات تا له‌ناكاو(روخسار) له‌ ئۆتۆمبێلی باوكی هاته‌ خواره‌وه‌، وارێكه‌وت به‌رامبه‌ری من هات‌و منیش به‌جۆرێك له‌ فزولیه‌ته‌وه‌ گوتم:
(ئه‌ی تاكه‌كه‌ت..كه‌ژاڵ خان)
سه‌یرێكی كردم‌و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا‌و گوتی:
(نایه‌..ئه‌و كچێكی خاكیه‌‌و ره‌نگه‌ بۆشی نه‌لوابێ جلی تایبه‌ت به‌و رۆژه‌ دابین بكات، به‌ڵام توخوا ئه‌وه‌ له‌نێوانی خۆمان بێت، هه‌ندێ له‌ هاوڕێكانی(روخسار) هاتن‌و له‌گه‌ڵیان رۆیشت، منیش له‌ هۆڵه‌كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌‌و سواری ئۆتۆمبێله‌كه‌م بووم‌و گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. (ئه‌وه‌نده‌ به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌یگێڕایه‌وه‌ چاوه‌كانی به‌ ته‌واوی چاوه‌ڕێی هه‌ڵڕشتنی فرمێسكی ده‌كرد، ناوه‌، ناوه‌ش سه‌یرێكی ناو گلێنه‌ی چاوه‌كانی منی ده‌كرد تا به‌ خێرایی هه‌ر ده‌یویست چیتر ئازاره‌كانی نه‌یڕوخێنن‌و به‌ گه‌رمییه‌وه‌ گوتی:
گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵ، سه‌یرێكی مۆدێلاتی ئه‌و ماڵه‌م كرد‌و نه‌هاتنی (كه‌ژاڵ) م هاته‌ به‌رچاو كه‌ ره‌نگه‌ یه‌كێ له‌و شته‌ به‌به‌هایانه‌ی له‌م ژووره‌دا دانراوه‌ له‌ جیاتی قاتێك ده‌ قاته‌ جلی گرانبه‌های بۆ (كه‌ژاڵ) پێدێ تا ئاماده‌ی ئاهه‌نگی یه‌كترناسین بێت‌و باشترین كاتیش بوو كه‌ من قسه‌ی له‌گه‌ڵا بكه‌م، ئای ئه‌و بته‌ی ئه‌و ماڵه‌‌و ئه‌و جوانیه‌ی (كه‌ژاڵ).
 به‌هه‌رحاڵ چوومه‌ ژووره‌كه‌ی خۆم، له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌ دانیشتم‌و فه‌یسبوكم كرده‌وه‌ به‌دوای پرۆفایلی هه‌موو (كه‌ژاڵ) ه‌كاندا گه‌ڕام هیچیان ئه‌و (كه‌ژاڵ) ه‌ نه‌بوو كه‌ من داوای هاوڕێیه‌تی لێبكه‌م، بۆیه‌ بڕیارمدا به‌یانی به‌هه‌رچی شێوه‌یه‌ك بێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م.
(جارێكی دیكه‌ سه‌رمه‌ستی خه‌یاڵه‌كانی بۆوه‌، هه‌موو ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی ده‌هاته‌وه‌ به‌رچاو كه‌ تا دوێنێ شه‌و زۆر به‌ ئاسایی گوزه‌رییان ده‌كرد، هه‌ردوو ده‌ستی به‌ قژی داهێنا، چاوه‌كانی خسته‌ سه‌ر یه‌كه‌ یه‌كه‌ی زیندانه‌كان، سه‌یرێكی له‌سه‌رخۆی ئه‌و دیوارانه‌ی ژوور سه‌ریانی ده‌كرد، هه‌ریه‌كه‌‌و چه‌ند وێنه‌یه‌كی تیا هه‌ڵواسراوه‌، یه‌كێ وێنه‌ی هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی تریان هی كچه‌ ئه‌كته‌رێكی جوان یان هی گۆرانیبێژێك، ئه‌وه‌ی تریان ئایه‌تێكی قورئان، هه‌ندێكیان میسی‌و زیدان.. راچڵه‌كی‌و كه‌وته‌ نێو بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ‌و له‌به‌رخۆیه‌وه‌:
ئه‌ی من وێنه‌ی كێ هه‌ڵواسم..نا..هی..ره‌هێڵ به‌ته‌نها، ئه‌و وێنانه‌ی به‌ ته‌نها له‌ باوه‌شمه‌، ئه‌وه‌ی تریشیان كه‌ خه‌ریكم تێر، تێر ماچی ده‌كه‌م..ئه‌ی هی كه‌ژاڵ..نا..ئه‌وه‌ ناكه‌م)
ئه‌و به‌یانیه‌ش ریشم نه‌تاشی چۆن شه‌و به‌و جله‌وه‌ له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ خه‌وم لێكه‌وت هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ رێگای كۆلێژم گرت، له‌ رێگا هه‌ر به‌و تاسه‌وه‌ هه‌وڵم ده‌دا زوو بگه‌م، گه‌یشتم، له‌ناو مه‌مه‌ڕی كۆلێژ به‌ره‌و هۆڵی موحازه‌ره‌ راسته‌‌وراست (كه‌ژاڵ) رووبه‌رووم هات، شڵه‌ژام، به‌ڵام خۆم راگرت‌و به‌جورئه‌ته‌وه‌ به‌یانی باشم لێكرد‌و یه‌كسه‌ر گوتم:
-ده‌كرێ پێكه‌وه‌ قاوه‌یه‌ك بخۆینه‌وه‌.
*(به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌) با(روخسار) یشمان له‌گه‌ڵدا بێت.
-(وامزانی تازه‌ له‌دایكده‌بمه‌وه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی زۆر گه‌رمه‌وه‌) با ئه‌ویشمان له‌گه‌ڵدا بێت..بۆ نا.
*دوای ته‌واو بوونی موحازه‌ره‌ی یه‌كه‌م.
-زۆر باشه‌.
كه‌ خوداحافیزی كرد من چوومه‌ ناو عاله‌مێكی ؟؟، بووم به‌ 
مریدێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵوه‌تخانه‌ی عه‌شق..نه‌مزانی چۆن ئه‌و موحازه‌ره‌یه‌ ته‌واو بوو، كه‌ چوومه‌ یانه‌ی خوێندكاران به‌رله‌ من هه‌ردووكیان له‌سه‌ر مێزێك دانیشتبوون، كه‌ چاویان به‌ من كه‌وت (كه‌ژاڵ) هه‌ڵسایه‌وه‌ كورسیه‌كی له‌ولاوه‌ هێنا‌و بۆ منی دانا گوتی:
*من مه‌رجێكم هه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌بێ من قاوه‌كان بكڕم. له‌ شوێنی خۆم زیاتر گه‌وره‌یی ئه‌و كچه‌م بینی، ده‌مزانی بۆ ئه‌وه‌ی كرد، چونكه‌ ده‌یویست بیسه‌لمێنێ كه‌ ئه‌ویش توانای هه‌یه‌ ببێته‌ خاوه‌نی مێز هه‌ر ته‌نها ده‌ست رۆیشتوه‌كان نین، یه‌كترمان ناسی، به‌ڵام ئه‌و شكی له‌و بایه‌خه‌ هه‌بوو كه‌ كوڕێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌كو من به‌ كچێكی ژیان ئاسایی ده‌یدات، هه‌ر زووش له‌ چاوه‌كانی خوێنده‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ من دڵنیا نیه‌، به‌ترسه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانیم نه‌وه‌ك نیازی پاوان كردنیم هه‌بێت، حه‌قی خۆشی بوو، چونكه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئاوا زۆر بوو..به‌ هۆكارێكه‌وه‌ (روخسار) لێمان دووركه‌وته‌وه‌، منیش به‌ هه‌لم زانی 
-ده‌كرێ جارێكی تر پێكه‌وه‌ دانیشینه‌وه‌؟
*(به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌) بۆ ناكرێ..ئه‌ی ئێمه‌ هاوڕێی زانكۆ نین.
-ده‌كرێ به‌یانی..
*نا..ئێمه‌ (ئۆف) ین..با بۆ رۆژێكی دیكه‌ بێت. 
*من له‌(داره‌تو) تۆ له‌ خانویه‌كی دوامۆدێل*
هاوڕێیه‌تیمان زۆر ئاسایی به‌رێوه‌ ده‌چوو تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی رۆژێكیان گوتم:
-ده‌كرێ ره‌قه‌مه‌كه‌تم بده‌یتێ.
*(به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌) تۆ ده‌زانی به‌ ده‌گمه‌ن من موبایل به‌كار ده‌هێنم!!تاقه‌ هاوڕێی زانكۆم (روخسار)ه‌ 
-(زۆر به‌خێرایی) ئه‌ی من (بوو به‌پێكه‌نین له‌نێوانمانا) 
*جارێ تۆ ماوته‌ ببیه‌ هاوڕێم وه‌كو (روخسار).
من ئۆقره‌م نه‌ما بوو، هه‌ر ئێواره‌یه‌ك كه‌ ده‌چوومه‌وه‌ ژووره‌كه‌ی خۆم بڕیاری ئه‌وه‌م ده‌دا ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بچمه‌ زانكۆ راسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێم..پێی ده‌ڵێم (كه‌ژاڵ) من له‌ناخه‌وه‌ تۆم خۆشده‌وێ، (كه‌ژاڵ) من‌و تۆ ژیان دروستده‌كه‌ین، (كه‌ژاڵ) با (منداڵمان ببێ..ئه‌و وه‌ڵامه‌شم ئاماده‌ كردبوو كه‌ ئه‌و ده‌یگوت: 
*من له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار‌و نه‌دارم، من بۆ تۆ نابم، خانه‌واده‌كه‌ت ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ (داره‌تو) ببینن مه‌حاڵه‌ رێگات پێبده‌ن من‌و تۆ بۆ یه‌كتری بین.
كه‌ به‌یانی ده‌چوومه‌ زانكۆ ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ر له‌ من ده‌گه‌یشت، چونكه‌ پاسه‌ زوو ده‌هات، جورئه‌تم ده‌دایه‌ خۆم، به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان ده‌بومه‌وه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی رۆژێكیان له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته‌ی ناو باخچه‌كه‌ به‌ته‌نها دانیشتبوو ‌و هه‌موو هێزم دایه‌ خۆم، چوومه‌ لای ‌و به‌رێزه‌وه‌ پێشوازی لێكردم‌و به‌ته‌نیشتیه‌وه‌ دانیشتم، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و گه‌رموگه‌ڕیه‌ی خۆمه‌وه‌ گوتم:
-ده‌زانی من تۆم زۆر خۆشده‌وێ، من ئاماده‌ نیم درۆت له‌گه‌ڵ بكه‌م، من بۆ چه‌ند رۆژێكیش تۆم خۆشناوێ، من ده‌مه‌وێ درێژایی ته‌مه‌نی هه‌ردووكمان پێكه‌وه‌ بین، ده‌مه‌وێ ببینه‌ هاوسه‌ری یه‌كتر تاكو ماوین.
*(زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی زۆر جوان له‌سه‌ر روخساری په‌خش بوو، با من‌و تۆ هه‌ر ئه‌و دوو هاوڕێیه‌ی زانكۆ بین كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانیشتوین، چونكه‌ من له‌ خانوێكی هه‌ژارانه‌ی(داره‌تو)‌و تۆ له‌ خانوێكی دوامۆدێل مه‌حاڵه‌ بۆ یه‌كتری بین، ناشمه‌وێ چیتر ئازارت بده‌م، ده‌زانم ساته‌وه‌ختێكی به‌ حه‌سره‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ بتروكێنی، ره‌نگه‌ زۆریشت له‌خۆت كردبێ ئه‌و رازه‌ت ده‌ربڕی، به‌ڵام بڕوا بكه‌ سه‌خته‌ من‌و تۆ بۆ یه‌كتر بین.
(سه‌یرێكی سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستی كرد ‌و به‌خێرایی ده‌ستی دایه‌ كتێبه‌كانی ‌و هه‌ڵسایه‌وه‌) ببوره‌ موحازه‌ره‌م ده‌ستپێده‌كات.

*كچێكی چاوشین‌و ئه‌سمه‌رت بۆ ده‌خوازم*
كه‌ رۆیشت به‌ ته‌واوی په‌شوكام، خه‌ریكبوو بڕوخێم، بیرم له‌ زۆر شت كرده‌وه‌، ئه‌و رۆژه‌ له‌ زانكۆ ته‌واو بووم‌و گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، گه‌یشتمه‌ هۆڵه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ زۆر به‌خێرایی (ئاوات)ی خوشكم به‌ره‌و رووم هات‌و به‌ دڵخۆشی‌و زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ گوتی:
*هاوڕێ، كاكه‌ یه‌ك كچی هاوڕێم له‌گه‌ڵمایه‌ له‌ زانكۆ زۆر جوانه‌، چاوشینێكی ئه‌سمه‌ر، خوێن شیرین، ئه‌مڕۆ پێم گوت: من برایه‌كی زۆر جوانم هه‌یه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌وت بخوازم.
سه‌یرێكی ناوچاوی (ئاوات)م كرد‌و به‌ته‌واوی هه‌موو ئه‌و وه‌سفانه‌ی ئه‌و ده‌یكرد، ته‌نها له‌ (كه‌ژاڵ) ی ده‌كرد، به‌ڵام (ئاوات) له‌ زانكۆیه‌كی دیكه‌یه‌ له‌به‌رخۆمه‌وه‌:
-هه‌ردوو چاوی شین‌و ئه‌سمه‌ر
(ئاوات) زۆر به‌خێرایی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌لی بۆ ره‌خسا بێت‌و وه‌ڵامی له‌ من وه‌رگرتبێته‌وه‌ گوتی:
*به‌ڵێ..به‌ڵێ..چاوه‌كانی شین‌و ره‌ش ئه‌سمه‌رێكی خوێن شیرین، له‌ خانه‌واده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌كو خۆمان، یه‌كسه‌ر روخسارم شێوا‌و به‌وپه‌ڕی بێزارییه‌وه‌ رێگای ژووره‌كه‌م گرت‌و به‌ (ئاوات)م گوت:
-من ژن ناهێنم.
هه‌ستم كرد (هاوڕێ) به‌ته‌واوی هیلاك بوه‌‌و چۆته‌ ناو موعاناته‌كانی خۆیه‌وه‌، منیش ئه‌وه‌نده‌ به‌ سوكی گوێم بۆ گرتبوو قه‌ت حه‌زم لێنه‌بوو ته‌واو بێت، هه‌ستام زۆربه‌خێرایی به‌هۆی جیهازه‌ كاره‌باییه‌كه‌وه‌ خێرا ئاوه‌كه‌م گه‌رم كرد‌و دوو قاوه‌م كرد‌و له‌به‌رده‌می هه‌ردووكمان دانا، مژێكی له‌ جگه‌ره‌كه‌ی دا‌و مژێكی له‌ قاوه‌كه‌ش دا.
-خۆ بێزارم نه‌كردی؟
به‌پێچه‌وانه‌وه‌..من ئاماده‌م تا به‌یانی گوێت لێبگرم.
-تۆ ده‌بینم دڵم ئارام ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ شه‌وقه‌وه‌ گوێم لێ راده‌گری..
وه‌كو هه‌موو رۆژه‌كانی دیكه‌ چوومه‌ ژووره‌كه‌م ‌و راكشام، دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك ده‌رگای ژووره‌كه‌م كرایه‌وه‌(ئاوات) هاته‌ ژووره‌وه‌ *(دڵ)ه‌كانیش له‌ (دڵ) ه‌كانی ئێمه‌ ده‌ترسن*
دیاربوو باری ده‌روونی ئه‌ویش تێكچووبوو، چونكه‌ من تاقه‌ برای ئه‌و بووم‌و ئه‌ویش تاقه‌ خوشكی من بوو، هه‌ردووكمان زۆر یه‌كترمان خۆشده‌ویست، وه‌كو دوو هاوڕێی رۆحیش بوین، منی به‌و شێوه‌یه‌ بین‌و به‌ته‌واوی روخساری گۆڕا.
*هاوڕێ گیان..ده‌ستێكی به‌نێوچه‌وانم داهێنا، كاكه‌ چیته‌، پێم بڵێ ئه‌ی من‌و تۆ خوشك‌و برای یه‌كتر نین، ئای هاوڕێ ئه‌ی من‌و تۆ دوو هاوڕێی دڵسۆزی یه‌كتر نین، پێم بڵێ چیته‌؟ توخوا چیته‌؟
-(ئاوات) خوشكه‌ ئازیزه‌كه‌م، بڕوا بكه‌ نه‌خۆش نیم، بڕوا بكه‌ كێشه‌م له‌گه‌ڵ كه‌س نیه‌، چونكه‌ من هه‌موو كه‌سم خۆشده‌وێ‌و ئه‌وانیش هه‌روا، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ژیان به‌تایبه‌ت ژیانی من‌و تۆ له‌ ده‌وروبه‌ر دوورمان ده‌خاته‌وه‌، خه‌ریكه‌ خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ سه‌یری خانو و باڵه‌خانه‌‌و ناوبانگی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئێمه‌ ده‌بینن‌و ده‌بیستن لێمان بترسن، لێمان دووربكه‌ونه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێ وه‌كو خۆمانن كه‌ زۆرجار بۆمان ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌ریه‌شه‌و نائارامی..تا ده‌گات ئه‌وه‌ی دڵه‌كانیش له‌ دڵه‌كانی ئێمه‌ بترسن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌ من‌و نه‌ تۆ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ ترسناكه‌ نین.
*حه‌ز ده‌كه‌م راشكاوانه‌ قسه‌م بۆ بكه‌ی، بۆچی من كه‌ باسی ئه‌و كچه‌م كرد تۆ توشی هیستریا بویت‌و منت به‌جێهێشت‌و هاتیه‌ ژووره‌كه‌ت‌و له‌ ژووره‌كه‌ت به‌م شێویه‌ ده‌بینرێی.
-من هیچ شتێك له‌ تۆ ناشارمه‌وه‌. ئه‌و وه‌سفانه‌ی تۆ كردت ئه‌مه‌ وه‌سفی كچێكی لای خۆمانه‌، ته‌نها یه‌ك جیاوازییان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌‌و ئه‌وه‌ی منیش باسی ده‌كه‌م خه‌ڵكی (داره‌تو)ه‌، به‌ڵام دڵنیام ئه‌وه‌ی من كه‌سایه‌تی به‌هێزیی‌و جوانی زۆر له‌وه‌ی تۆ جیاوازتره‌، بۆیه‌ من ئه‌وه‌ی (داره‌تو)م خۆشده‌وێ، ده‌مه‌وێ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵدا دروستبكه‌م. لێره‌دا (ئاوات) ی خوشكم وه‌كو موچڕكێكی به‌هێزی به‌هه‌موو جه‌سته‌یدا بێت‌و به‌ روخسارێكی پڕ له‌ نزاوه‌ سه‌یرێكی منی كرد.
*ئه‌ی دایك‌و باوكم..چۆن رازی ده‌بن!!
*(كه‌ژاڵ) هه‌مووی به‌ سیناریۆی كوڕان ده‌زانی*
سه‌یرێكی سه‌عاته‌كه‌ی كرد، له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ ئیعلانی ئه‌وه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ كرد، خۆشترین ماڵ، جوانترین ماڵ، پڕ پاره‌ترین ماڵ، بوو به‌ دۆزه‌خێكی ئه‌وتۆ هه‌موان خه‌ونیان به‌ مردنه‌وه‌ ده‌بینی. گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڕوگیڤی ئه‌وه‌م لێبكرێ كه‌ بێبه‌ری بكرێم له‌هه‌موو سه‌روه‌ت‌و سامانێك، بێبه‌ری بكرێم له‌هه‌موو ره‌حم‌و خۆشه‌ویستی هه‌ردووكیان، ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانم ده‌ژیا (ئاوات) بوو، رۆژانه‌ش ده‌هاتمه‌ زانكۆ (كه‌ژاڵ) م ده‌دی‌و ئازاره‌كانی خۆم بۆ باسده‌كرد..ئه‌و ده‌ترسا..ئه‌و باوه‌ڕی به‌و قسانه‌ی من نه‌ده‌كرد، ئه‌و هه‌مووی به‌ سیناریۆی كوڕان ده‌زانی، زۆرجار هه‌ر گاڵته‌ی به‌ قسه‌كانم ده‌هات، ناحه‌قیشی نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و سیناریۆیانه‌ زۆر هۆنرابۆوه‌‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ره‌و وێرانی زیاتر كچانه‌وه‌ چووبوو، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی رۆژێكیان گه‌یشتمه‌ ناو زانكۆ‌و چوومه‌ ژووری موحازه‌ره‌‌و ته‌واو بووم، هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ چاوم به‌دوای (كه‌ژاڵ)گێڕا، هه‌ر له‌و شوێنه‌ی جاران به‌ ماته‌مینی دانیشتبوو چوومه‌ لای به‌ كزیه‌وه‌ وه‌ڵامی رۆژباشه‌كه‌ی دامه‌وه‌‌و گوتی:
*با من ‌و تۆ هه‌ر هاوڕێ بین، تكای خودایت لێده‌كه‌م چیتر عه‌زابی خۆت مه‌ده‌ بۆ من، من ده‌زانم تۆ ئارامیت نه‌ماوه‌..من‌و تۆ ئاوا بۆ یه‌كتری جوانین، به‌ڵێن بێت رۆژی ئاهه‌نگی بوك گواستنه‌وه‌شت ئاماده‌بم، به‌ڵام ته‌نها با من‌و تۆ هه‌ر هاوڕێ بین، من باوه‌ڕم به‌خۆم هه‌یه‌، بڕوا بكه‌ باوه‌ڕیشم به‌ تۆ هه‌یه‌ كه‌ له‌ناخه‌وه‌ منت ده‌وێ، ئێ چیبكه‌م چاره‌نوس رێگامان پێنادا من‌و تۆ بۆ یه‌كتر بین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP