پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بەرەو كوێ؟
پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بەرەو كوێ؟ ‌ 7/8/2017
شەمێران سلێمان
لە رابردوودا توركیا بەراورد بە وڵاتانیتری ئەندامی یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ ئەڵمانیا هەبووە لە هەموو ئاستەكانی دیپلۆماسی و سیاسی و گەشتیاری و بازرگانی و لە هەمان كاتدا سەربازیش، چونكە هەردوولا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن. 
ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەهۆی رەفتارە نابەجێ و سەركێشییەكانی ئەردۆغانەوە هێواش هێواش تێكچوو، بە دەستگیركردنی (بیتەر شتویتر) گرژییەكانی نێوانیان تەواو هەڵكشا تا گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ كە هەندێك لە بەرپرسانی هەردوولا باس لە هەرەسهێنانی پەیوەندییەكانیان دەكەن.
ئەگەرچی ئێستا توركیا بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندییە دەرەكییەكانی خراپن، لەگەڵ ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئاستی پەیوەندییەكانی دابەزیوە، بەڵام بە تایبەتی لەگەڵ ئەڵمانیا لە دوای هەوڵی كودەتاكەی 2016 بەرەو خراپتر چووە.
ئەویش لە ئەنجامی پەرەسەندنی رووداوەكانی ناوخۆی توركیا و دەستگیركردنی هاوڵاتیانی ئەڵمانی لە ناو خاكی توركیا، رێگەگرتن لە سەردانیكردنی پەرلەمانتارانی ئەڵمان بۆ لای سەربازەكانی وڵاتەكەیان لە بنكەی ئەنجەرلیك. كە هەموو رووداوەكان وەكو زنجیرەیەك ناكۆكی و پێكنەهاتن پەیوەندییەكانیانی گەیاند بەو دۆخە خراپەی ئێستا.
پەیوەندییەكان لە پێش هەوڵی كودەتاكەی 15ی تەمموز
لە17ی ئازاری 2016 كەناڵی ئێن دی ئاڕی ئەڵمانی ڤیدیۆیەكی كۆمیدی لەسەر ئەردۆغان پەخشكرد كە ناوەڕۆكەكەی رەخنەیی تەنز ئامێز بوو، ئەو جۆرە رەخنە  و وشانەی تیایدا بەكارهاتبوو لە ئەوروپا زۆر ئاساییە و دەچێتە خانەی ئازادی بیروڕا و كۆمیدیاوە، بەڵام بووە هۆی توڕە بوونی ئەردۆغان، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ گەیاندنی ناڕەزایی بە ولاتەكەی سەفیری ئەڵمانیای بانگهێشت كرد و بە راگرتنی پەشی بەرنامەكە كێشەكە كۆتایی هات. 
خاڵێكیتری دروستبوونی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەڵمانیابوو لە دانیشتنی دادگایی كردنی رۆژنامەنووس جان دۆندار لە 25ی ئازاری 2016، ئەوەش جارێكیتر ئەردۆغانی تووشی هەڵچوون كرد و پەرچەكرداری توندی هەبوو، كاتێك وتی، ئێوە كێن؟ چی دەكەن لێرە؟ لە وڵاتی خۆتان نین، ئێوە لە توركیان، لە ناو باڵیۆزخانەی خۆتان ئەتوانن بە ئازادی بجوڵێنەوە، بەڵام لە دەرەوە پێویستتان بە مۆڵەت وەرگرتن هەیە. لە لایەن حكومەتەوە بە دەستوەردان لەكاروباری وڵات لە قەڵەم درا. دوای هەڵاتنی دوندار بۆ ئەڵمانیا لە ئایاری 2016 و پەنادانی لە لایەن ئەڵمانیاوە لە كاتێكدا بە 5 ساڵ و 10 مانگ زیندانی سزای بۆ دیاریكراوە، پاش میوانداریكردنی دۆندار لە لایەن سەرۆكی ئەڵمانیا یواخیم غاوك ناكۆكییەكە درێژەی كێشا. بەڵام ئەڵمانیا گوێی بە نیگەرانییەكانی توركیا نەدا.
سەراپای ساڵی 2016 بە شێوەیەكی گشتی ساڵێكی خراپ و شوم بوو بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی توركیا و ئەڵمانیا. رووداوێكیتر و ناكۆكییەكی دیكە كەلێنێكی گەورەتری خستە نێو پەیوەندییەكانیان، ئەویش ئەوەبوو لە 2ی حوزەیرانی 2016 پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاغ) رووداوەكانی 1915 كە بەسەر ئەرمەنەكان هاتووە بە جینۆساید ناساند، ئەو بڕیارەی پەرلەمان ئەوەندەیتر پەیوەندییەكانی نێوانیانی تێكدا بەسەر یەكدا و توركیای لە دڵەوە بریندار كرد. 
بۆ ئەو سێ خاڵەی لە پێشەوە باسم كردن كە سەرەتای تێكچوونی پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بوو لە پێش هەوڵی كودەتاكە تەمووز، ئەنقەرە سێ جار سەفیری ئەڵمانیای بانگهێشت كردووە و ناڕەزایەتییەكانی خۆی گەیاندووەتە بەرلین، هەروەها ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین لەهەر سێ وێستگەكەدا ئەڵمانیا هۆكاربووە بۆ توڕەكردنی توركیا و هاندەری تێكچوونی پەیوەندییەكانیان، ئەگەرچی هیچ كام لەو سێ خاڵە دژی  پرەنسیپەكانی ئەوروپا نین، بەڵام بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە لە رێگەدایە بەرەو سیستمێكی سەرۆكایەتی و بەخێرایی لە بنەماكانی دیموكراسی دووردەكەوێتەوە قورسە و بۆی بتوانێت ئەوروپیانە رەفتار بكات و بە سنگی فراوانەوە رەخنەكان قبوڵ بكات.
پەیوەندییەكان دوای هەوڵی كودەتاكەی تەمموز
شكستهێنانی ئەو هەوڵەی لە شەوی 15ی تەمموزی 2016 درا بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر حكومەتەكەی داد و گەشەپێدان كە ماوەی پانزە ساڵە جڵەوی حوكمی بەدەستە، بووە خاڵێكی یەكلاكەرەوە لە مێژووی توركیادا، توركیای پێش كودەتا و دوای كودەتا زۆر لە یەك جیاوازن و هەرگیز ناتوانرێت بە یەك پاكێج خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
ئەردۆغان ئەو رووداوەی بە «نیعمەتی خوا» لە قەڵەمدا، قۆستییەوە بۆ لێدان لە نەیارەكانی و لاوازكردنیان، هەر وایكرد كودەتا بەسەر كودەتا، یان كودەتای سپی وەكو بەشێك لە چاودێران ناویان لێنا. لێكەوتەكانی دوای كودەتا زنجیرەیەكیتر رووداوی بە دوای خۆیدا هێنا كە بووە هۆی خراپتر تێكچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان بەرلین ئەنقەرە كە لە خوارەوە باسیان دەكەین.
حكومەتی دادو گەشەپێدان كەوتە لە كارخستن و دەركردن و رەشبگیری هەزاران كەس لە سەرباز و جەنەڕاڵ و دادوەر و مامۆستا و سەرۆكی زانكۆ و ئەكادیمی، راگەیاندنی باری نائاسایی (تا ئێستاش بەردەوامە و بۆ پێنجەم جار پەرلەمان تازەی كردەوە) و هەڵپەساردنی ماڤەكانی مرۆڤ و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان، زیندانی كردنی رۆژنامەنووسان و داخستنی كەناڵەكانی راگەیاندنی نەیاری ئەردۆغان، شەپۆلێكی گەورەی ناڕەزایی ناوخۆیی و دەرەكی بە دوای خۆیدا هێنا، دەستگیركردنی هاوسەرۆكان و پەرلەمانتارانی كورد لە لایەن پۆلیسی توركیاوە لەو بارەیەوە بەرلین رەخنەی توندی لە ئەنقەرە گیرت و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كرد، نیگەرانی خۆیان لە هەرەسهێنانی پرەنسیپەكانی دیموكراسی لە توركیا پێگەیاند.
وەكو وەڵامێك بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە رووداوەكانی 1915 بەسەر ئەرمەنییەكان هاتبوو بە كۆمەڵكوژی ناساند، حكومەتی توركیا رێگەی نەدا ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەردانی سەربازەكانی وڵاتەكەیان بكەن لە بنكەی ئەنجەرلیك، دوای سەردانی كردنی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ ئەنقەرە حكومەتی توركیا رازی بوو لە مانگی ئۆكتبەر رێگە بدات بە نوێنەرانی پەرلەمان سەردانی بنكەكەكە بكەن، ئەوەبوو لە 5ی ئۆكتۆبەردا سەردانەكە ئەنجامدرا. بەڵام دواتر دیسان هەمان گرفت سەریهەڵدایەوە ئەویش لە وەڵامی ئەوەی ئەڵمانیا مافی مانەوەی دا بە ژمارەیەك ئەفسەر و جەنەراڵی توركیا.
لەدوای هەوڵی كودەتاكەوە تا ئێستا 3000 هاوڵاتی توركی داوای مافی پەنابەریان كردووە لەو ژمارەیە 209 دبلۆماسی و 205 بەرپرسی دیكە هەن، ئەوەش حكومەتی توركیای زۆر توڕەكرد بێ پێچ  و پەنا وەزیری دەرەوەی توركیا وتی، بە چەند هۆكارێك پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆوە هەیە رێگە نادەین هیچ پەرلەمانتار و نوێنەرێك سەردانی بنكەی ئەنجەرلیك بكات. 
لە5ی حوزەیرانی 2017 وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، هێزەكانمان لە ئەنجەرلیك بگوازینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بنكەی فڕۆكەخانەی ئەزرەق-ی ئوردنمان وەكو ئەڵتەرناتیڤی ئەنجەرلیك دیاریكردووە. 
لە 7ی حوزەیرانی رابردوو پەرلەمانی توركیا دەنگیدا لەسەر گواستنەوەی هێزەكانیان لە بنكەی ئەنجەرلیك و دواتریش حكومەتی ئەڵمانی ئەو پلانەی وەزیری بەرگری ولاتەكەی بۆ گواستنەوەی هێزەكانیان پەسەند كرد.
لە9ی تەمموز ناقلەیەكی سوتەمەنی ئەڵمانی بنكەی ئەنجەرلیكی بەرەو ئوردن بەجێهێشت، وا بڕیارە تا ئۆكتۆبەر هەموو هێزەكانیان بگوێزنەوە بۆ بنكەی ئەزرەق. 
جگە لە ئەنجەرلیك ئەڵمانیا لە بنكەی قۆنیا-ش لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ هێزی هەیە، هەفتەی رابردوو حكومەتی توركیا جارێكیتر رێگەی گرت لە سەردانكردنی نوێنەرانی ئەڵمانیا بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانیان لەو بنكەیە كە لەژمارەیەك فڕۆكەی جۆری (AWACS) پێكهاتووە. ئەو هەڵوێستەی ئەنقەرە بەرلین ناچار دەكات لەوێش هێزەكانی بگوازێتەوە وەكو مێركل وتی، هەمان بڕیاری ئەنجەرلیك بۆ بنكەی قۆنیا جێبەجێ دەكەین.
چەندین خاڵیتر بوونە هۆی زیاتر قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان و تێكچوونی پەیوەندییەكانیان، لەوانە لە31ی تەمووز رێگەنەدرا ئەردۆغان لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسە بۆ كۆبوونەوەیەكی لایەنگرانی بكات لە شارێكی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی كردن لە حكومەت و دژی كودەتا، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكە بە بیانووی پاراستی ئاسایشەوە.  
ئەردۆغان گولەن و بزوتنەوەی خزمەتی بە ئەنجامدەری كودەتاكە ناساند و داوای لە ئەڵمانیا كرد ئەندامانی گولەنی رادەست بكاتەوە، بەڵام وەزیری دادای ئەڵمانیا لە2ی تشرینی دووەم رەتیكردەوە هیچ كەسێك تەسلیم بكاتەوە، بەرپرسێكیتری ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە ئەو توركانە بپارێزێ كە لە لایەن حكومەتی توركیاوە دووچاری چەوسانەوەی سیاسی دەبن. ئەردۆغان لە وەڵامدا وتی، ئەڵمانیا بووە بە پەناگەی تیرۆرستان. 
خاڵێكیتری ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات ئەوەبوو كە لە سەرەتای ئۆكتۆبەری 2016 لە فڕۆكەخانەی كۆڵن-بۆن ی ئەڵمانی پەرلەمانتارێكی سەر بە پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ماوەیەك راگیرا چونكە پاسپۆرتەكەی مۆری چوونە ژوورەوەی لێنەدرابوو، لە بەرامبەردا ئەردۆغان رایگەیاند هەمان رەفتار لەگەڵ دیپلۆمات و نوێنەرەكانی ئەڵمانیا دەكەین، بە هۆی ئەو بڕیارەی ئەردۆغانەوە 4 دیپلۆماسی ئەڵمانی لە8ی دیسەمبەر بەهۆی دواخستنیان لە لایەن كارمەندانی فڕۆكەخانەوە فریای گەشتەكەیان نەكەوتن، هەروەها پەرلەمانتارێكیش نزیكەی كاتژمێرێك درەنگتر رێگەیاندا بچێتە ناو توركیا.

ئەنقەرە و بەرلین فریا نەكەوتن گرفتێك چارەسەر بكەن گرفتێكی دیكە دەهاتە سەر خەرمانی ناكۆكییەكانیان، بە پێی ئامارەكان لە ئەڵمانیا 3 ملیۆن هەڵگری رەگەزنامەی توركین و لەو وڵاتە دەژین لەو رێژەیە نزیكەی 1 ملیۆن و نیویان مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان هەیە و حزبی دەسەڵاتدار و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەڵمانیا زۆر گرنگە. 
یەكێكیتر لەو گرفتانە ئەوەبوو سێ شاری ئەڵمانیا رێگەیان دا وەزیرەكانی حكومەتی توركیا ئامادەی ئەو میتینگانەبن كە بۆ سەركەوتنی دەنگی «بەڵێ» بۆ هەمواری دەستوور سازدەكرا. میتینگی یەكەم لە شاری غاغناو كە بڕیاربوو وەزیری داد بەكر بۆزداغ بەشداری بكات، دووەم لە شاری كۆڵۆنیا و سێیەم لە فریشن-ی رۆژئاوای ئەڵمانیا كە بڕیاربوو وەزیری ئابووری توركیا نیهاد زیبقچی بەشداری بكات. لە وەڵامی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتی «ئەڵمانیا دەیەوێ رێگە لە توكیایەكی بەهێز بگرێ». ئەنجێلا مێركل رایگەیاند «ئێمە وڵاتێكی فیدراڵین، شارەوانییەكان و هەرێمەكان دەسەڵاتی پێدان و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كۆبونەوەیان هەیە».
لە دوای هەوڵی كودەتاكەی تەمموزی ساڵی رابردوو بە پێی راگەیاندنەكانی ئەڵمانیا، توركیا 22 هاوڵاتی ئەڵمانی دەستگیركردووە و تا ئەمڕۆش 9 كەسیان لە زیندانن كە یەكێكیان پەیامنێری رۆنامەی رۆژانەی «دیفێڵت»ی ئەڵمانی دەنیز یوجێل-ە كە ماوەی 5 مانگە بێ تاوان لە زیندانی تاكە كەسیدایە. 
جاویش ئۆغڵۆ لە26ی تەمموز لە برۆكسل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا وتی «پیشەی رۆژنامەگەری رەوایی نادات بە كەس بۆ ئەنجامدانی تاوان». راگەیاندنەكان و سیاسییەكانی ئەڵمانیا ئەنقەرە بەوە تاوانبار دەكەن كە رۆژنامەنووسان و چالاكانی ئەڵمانیا وەكو «بارمتە» زیندانی دەكات بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ پێكردنیان لەگەڵ ئەو توركانەی دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكە پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە، لەو بارەیەوە رۆژنامەی دی فێڵتی ئەڵمانی بڵاویكردەوە ئەردۆغان پێشنیاری كردووە یوجیل لەگەڵ دوو جەنەراڵی سوپا ئاڵوگۆڕ بكەن، وەزیری دەرەوە رایگەیاند «بە فەرمی نەمبیستووە پێشنیاری ئاڵوگۆڕ كرابێ».   
دواین ناكۆكی نێوان ئەڵمانیا و توركیا كە تەواو دۆخەكەی تەقاندەوە، توركیا لە 5ی تەمموز هاوڵاتییەكی ئەڵمانی بەناوی «بیتر شتویتز» دەستگیركرد كە چالاكی مافەكانی مرۆڤە، پاشان دادگا بڕیاری زیندانی بۆ دەركرد بە تۆمەتی «پێشكەشكردنی هاوكاری بە رێكخراوێكی تیرۆرستی چەكدار».  
ئەگەرچی لە ماوەی ساڵی رابردوو ئەڵمانیا بە هێمنی مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكاندا كرد بۆ ئەوەی ئاستی پەیوەندییەكان نەگاتە ئەم دۆخە خراپەی، بەڵام ئەم رووداوەی دوایی ئەڵمانیای تەواو توڕە كرد، وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند ئیتر دان بەخۆدا ناگرن و بە كۆی سیاسەتەكانیاندا دەچنەوە. دەستیكرد بە گرتنەبەری هەندێ رێوشوێن دژی توركیا تەنها بە پەیوەندی دیپلۆماسییەوە نەوەستا بگرە لایەنی گەشتیاری و سەربازی و ئابوری و وەبەرهێنایشی گرتەوە.
رێوشوێنەكان دژی توركیا
1-وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریدا بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی گەشت نەكەن بۆ توركیا، چونكە ناتوانێ لە سێبەری ئەو رەشبگیرییەی توركیا گەرەنتی سەلامەتیان بكات. ئەڵمانییەكان زۆرترین ژمارەی گەشتیارانی توركیا پێكدێنن. نوعمان كورتوڵموش وەزیری گەشتوگوزاری توركیا رایگەیاند ناكۆكییەكانی نێوانمان لەگەڵ ئەڵمانیا هیچ كاریگەریی نەبووە لەسەر هاتنی گەشتیارانی ئەڵمانی بۆ توركیا و لە ئەمساڵدا 863 هەزار گەشتیاری ئەڵمانی سەردانی وڵاتەكەمانیان كردووە.
2-گەرەنتی نەكردنی پرۆژەی وەبەرهێنان و دووركەوتنەوە لە سەرمایەگوزاری لە توركیا، ئەوەش زیانی راستەوخۆی بۆ توركیا دەبێت.
3-بڕیاردرا چاوبخشێنرێتەوە بەو دڵنیاییە سیادییەی ئەڵمانیا پێشكەشی كۆمپانیا توركییەكانی دەكات.
4-زیگمار گابرێل لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی دژی توركیا راگەیاند، پێویستمان بەوەیە سیاسەتمان بەرامبەر توركیا بە شێوازێكی نوێ ئاراستە بكەین، نابێ وەكو رابردوو بەردەوام بین! پێویستە روونتر بین تا بەرپرسانی ئەنقەرە تێبگەن ئەو جۆرە سیاسەتە بەبێ سزا تێناپەڕێ.
5-21ی تەمموز وەزیری ئابووری ئەڵمانیا هەڵپەساردنی سەرجەمی داواكارییەكانی توركیای بۆ كڕینی چەك لەكۆمپانیا ئەڵمانییەكان راگەیاند. 
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان
پەیوەندییەكی بازرگانی گەورە لە نێوان توركیا و ئەڵمانیا هەیە كە رەنگە بتوانێ زاڵبێ بەسەر پەیوەندییەكانیتردا، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ بەرژەوەندی ئابووری رێگربێت لە تێكچوونی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان. بە هۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی توركی لە ئەڵمانیا و گرنگیدانی هەردوولا بەزیادكردنی قەبارەی بازرگانی نێوانیان  پێشبینی دەكەم لە داهاتوودا گرژییەكان خاوببنەوە.
توركیا یەكێكە لەولاتە پێشەنگەكانی هاوردەكردنی كشتومەكی ئەڵمانی لەهەموو كەرتەكاندا. لە ماوەی دەیەی یەكەمی دوو هەزارەكاندا ئاڵوگۆڕی بازرگانی توركیا و ئەڵمانیا سێ هێندە زیادی كرد. تەنها لە 2004 هەناردەی ئەڵمانیا بۆ توركیا بە رێژەی 30% زیادی كردووە. لەلیستی ئەو ولاتانەی پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە توركیا پلەی 13 هەیە. 6491 كۆمپانیای توركی لەئەڵمانیا تۆماركراون. 77% ئەو كۆمپانیایانە لە بواری دڵنیایی و پارێزەری و پزیشكی و هاوردە و ناردە كاردەكەن. نزیكەی 10 بانكی توركی لقی خۆیان لەئەڵمانیا كردووەتەوە. ئەڵمانیا چەندین كۆمپانیای زەبەلاحی راستەوخۆ لەناو توركیا وەبەرهێنان دەكەن لەوانە كۆمپانیای «مان MAN» لەبواری ئۆتۆمبێلی گەورە. وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێوانیان لە 2015 387 ملیۆن یۆرۆ بووە. 10% هەناردەی توركیا بۆ ئەڵمانیا دەچێت. ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لەساڵی رابردوو نزیكەی 7 ملیار یۆرۆ بووە. مصرفی ناوەندی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد لە 2015 ئاڵوگۆڕی دراو لەنێوانیاندا گەیشتووەتە 826 ملیۆن یۆرۆ. 
لەڕووی گەشتیارییەوە، بەهۆی دۆخی خراپی ئاسایشی توركیا لە 2016 رێژەی گەشتیاری ئەڵمانیا بۆ توركیا نزیكەی سێ یەك كەمیكردووە كە 3.8 ملیۆن گیشتیار بووە لەكاتێكدا لە 2015دا 5.6 ملیۆن بووە.
ناكۆكییەكان پەیوەندییەكان بەرەو كوێ دەبات؟
ئەگەر سەیری سیاسەتی دەرەوەی توركیا بكەین كە خۆی لەبیرو بۆچوونەكانی ئەردۆان دەبینێتەوە لەهەموو ئاستەكاندا، لەوێوە بێین لێكدانەوە بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانی بكەین لەگەڵ ئەڵمانیا ئەوا دەتوانین ئەوە بڵێین كە توركیا ناتوانێ بەرگەی ئەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە بگرێ كە تووشی بووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەماوەی داهاتوودا لەهەڵوێستەكانیدا بەرامبەر ئەڵمانیا پەشیمان بێتەوە و نەرمی بنوێنێ. چونكە لەرابردوودا بینیمان چۆن داوای لێبوردنی لە سەرۆكی رووسیا و ئیسرائیل كرد و پەیوەندییەكانی باش كردووە، هەر وەكو چۆن لەگەڵ عێراقیش لەسەر كێشەی موصڵ و شەڕی داعش هەمان شتی كرد، ئەڵمانیا بۆ توركیا لەناو یەكێتی ئەوروپا زۆر گرنگە و بەرژەوەندییەكی زۆر لەنێوانیاندا هەیە بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، وەكو دەزانین ئابووری فاكتەرێكی زۆر لەپەیوەندییەكانیتر بەهێزترە و كاریگەری گەورەی هەیە لەدروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتدا. ئێستا سەرەتاكانی ئەو نەرمی نواندنە دەركەوتووە لەلایەن توركیاوە بەرامبەر ئەڵمانیا، ئەردۆغان وتی لەگەڵ ئەڵمانیا «پەیوەندی ستراتیژیمانە» هەیە. هەروەها لەو لیستە پەشیمان بووەوە كە تیایدا نزیكەی 700 كۆمپانیای ئەڵمانیای تۆمەتبار كردبوو بە هاوكاریكردنی تیرۆر. هەر چەندە توركیا لەسایەی فەرمانڕەوایی تاكڕەوانەی ئەردۆغان كەمێك ئەستەمە پێشبینیەكی واقعی بۆ داهاتووی توركیا بكرێت. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP