دیبه‌یتی (ریفراندۆم و فشاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌)
یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كورد سه‌رپه‌رشتی‌ كرد دیبه‌یتی (ریفراندۆم و فشاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌) ‌ راپۆرت‌ 9/8/2017
یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كورد لقی‌ سلێمانی‌ دیبەیتێكی‌ له‌باره‌ی‌ ریفراندۆم‌و چاره‌نووسی كوردو هه‌ڵوێستی‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردو دکتۆر له‌تیف ره‌شیدو مه‌سعود عه‌بدولخالق رێكخست، له‌ كۆڕه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌پرسی ریفراندۆم‌و به‌ربه‌ست‌و ئاسته‌نگه‌كانی‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ كراو جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵك‌ روون بێ له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم تا له‌ئاینده‌دا ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئامانجی‌ چاوه‌ڕوان كراوی‌ خۆی‌ بپێكێت.

پیشاندانی‌ رووی‌ شارستانی
فه‌رید  ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دیبەیته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌ ریفراندۆم‌و گوشاره‌كانی‌ ناوخۆ كردو رایگه‌یاند، له‌زۆر شوێن ریفراندۆم كراوه‌، له‌ هیچ شوێنێك هێنده‌ی كوردستان كێشه‌ی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه‌، هه‌روه‌ها له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ خیانه‌تكردن‌  په‌یڕه‌و ده‌كرێت دژ به‌وانه‌ی كه‌ دژی ریفراندۆمن، له‌ناوخۆشدا درۆی سیاسی سه‌ریهه‌ڵداوه‌.
وتیشی: ریفراندۆم خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م دیموكراسیدا، ئێستا به‌هۆی‌ ریفراندۆمه‌كه‌وه‌ خه‌ریكه‌ واز له‌هه‌ڵبژاردن دێنین، ئووه‌ش ئاسته‌نگه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ دیموكراسی. 
ئه‌سه‌سه‌رد بۆ كاتی‌ گونجاوی‌ ریفراندۆمیش وتی‌: كاتی‌ گونجاوی‌ ریفراندۆم ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتمانیی هه‌بێت‌و حكومه‌ت كاره‌كانی‌ خۆی‌ به‌ باشی ئه‌نجام بدات‌و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ هێنده‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ئارادا نه‌بێت. 
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌: له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌چین بۆ ریفراندۆم پێویسته‌ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاوبێت كه‌ ته‌نیا یه‌ك پرسیار له‌ ئارادایه‌ كه‌ له‌شوێنێك نووسراوه‌ به‌ڵێ، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ریشیدا نووسراوه‌ «نه‌خێر»، بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا شه‌رعیه‌ت دراوه‌ به‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌ڵێ به‌ڵێ، به‌هه‌مان شێوه‌ش شه‌رعیه‌ت دراوه‌ به‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌ڵێ «نه‌خێر»، سه‌رباری‌ گه‌شبینییه‌كان به‌وه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌ به‌ڵێ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك بۆچوونێكی‌ تری‌ هه‌یه‌و به‌ نه‌خێر وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.
ئه‌سه‌سه‌رد راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و دیارده‌و باس‌و خواسته‌كانه‌ی‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌، پێشتریش له‌چه‌ند وڵاتێكی‌ تری‌ ئه‌وروپا پڕۆسه‌یه‌ی‌ له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجامدراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ سكۆتله‌ندا، سه‌ره‌نجامیش رووی‌ شارستانیی ئه‌و وڵات‌و ناوچانه‌ پیشانی‌ رای‌ گشتی‌ جیهانیی دراوه‌و ده‌كرێت ببێته‌ ئه‌زموونێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌رێم.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كه‌یدا تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم پێشكه‌شیكرد، ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ سیاسه‌تدا موجازه‌فه‌ نییه‌، ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ تۆ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یت، یان 100% ئامانجه‌كه‌ت كه‌ هه‌موو شتێك به‌ده‌ستده‌هێنیت، یاخود هه‌موو شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌یت، بیروڕای‌ خۆشی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌و جۆره‌ خسته‌ڕوو و پێی باش بوو كه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد ئه‌و موجازه‌فه‌یه‌ نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ وردبینی‌‌و به‌شێوازی ژیرو عاقڵانی‌ كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ خۆمان وه‌كو كورد بكه‌ین‌و به‌ به‌رنامه‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئامانج‌و مافه‌ ره‌واكانمان.

״ریفراندۆم ئامانج نییه‌״
لای‌ خۆشییه‌وه‌ دكتۆر عه‌بدولله‌تیف  شاره‌زای سیاسیی‌ ناسراو وتارێكی‌ پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: ریفراندۆم ئامانج نییه‌و پرسێك نییه‌ كه‌ خه‌ڵك بێت‌و بڵێت خه‌بات ئه‌كه‌م بۆ ریفراندۆم،  به‌ڵكو فاكته‌رێكه‌ بۆ به‌دیهێنان‌و گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی‌ تر، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه‌ له‌ئێستاو له‌م قۆناغه‌دا ئێمه‌ باسی ریفراندۆم ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌مان له‌لا روون نییه‌، بۆیه‌ له‌وه‌ها دۆخێكدا خه‌ڵك مافی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ پرسیار بكات‌و گومانه‌كانی‌ خۆی‌ به‌و پرسیارانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌، كه‌ رازی بێت‌و ده‌نگی‌ به‌ «به‌ڵێ»، یان به‌ «نه‌خێر» بدات، چونكه‌ ده‌نگدانه‌كه‌ ته‌نیا بۆ پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ریفراندۆمه‌كه‌ ته‌نیا ئامڕازێكه‌ بۆ گه‌یشتن‌و به‌دیهێنانی‌ ئامانجێكی‌ دیاریكراو.
ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌زموونی‌ خۆی‌ وه‌ها پرسیارێك هه‌ندێك كه‌س به‌ ئیهانه‌ی‌ ئه‌زانێت كه‌ لێی بپرسی كه‌ ئایا تۆ سه‌ربه‌خۆییت ده‌وێ، یان نا؟، چونكه‌ هیچ كوردێك نییه‌ له‌ كوردستان بڵێت من سه‌ربه‌خۆیی‌و ده‌وڵه‌تم ناوێت، كێ هه‌یه‌، چی كوردێك هه‌یه‌ نه‌یه‌وێت به‌ ئازادیی‌و سه‌ربه‌خۆیی بژی‌و خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌ بێت‌و خێرو بێرو سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ خۆی‌ بێت، بۆچوونی‌ خۆی‌ وه‌ها ده‌ربڕی كه‌ ته‌نیا 01%ی خه‌ڵكیش دژی‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ نییه‌، بۆیه‌ ره‌وا نییه‌ له‌ خه‌ڵكی‌ كورد بپرسرێت كه‌ ئایا تۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و ده‌وڵه‌تت ئه‌وێت یاخود نا، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا شایانی‌ پرسیار كردن نییه‌، بگره‌ هه‌ندێك كه‌س هه‌ر به‌ ئیهانه‌شی داده‌نێت، چونكه‌ هه‌موو خه‌بات‌و هه‌وڵ‌و تێكۆشانمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی میلله‌ته‌كه‌مان بووه‌.  
له‌كۆتایشدا ئاماژه‌ی‌ بۆ سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی‌ كرد كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵگری‌ دروشمی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆ نووسین بووه‌ بۆ گه‌لی‌ كوردو له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران قوربانیی به‌خشیوه‌، بۆ گه‌یشتنی‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌مافه‌ ره‌واكانی‌ كه‌ خۆی‌ له‌ دیاریكردنی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسیندا ده‌بینێته‌وه‌.

 لایه‌نه‌ یاساییه‌كانی ریفراندۆم
له‌دوابه‌شی دیبەیته‌كه‌دا  مه‌سعود عه‌بدولخالق ئاماژه‌ی به‌لایه‌نه‌ یاساییه‌كانی ریفراندۆم كردو وتی: ریفراندۆم رێكه‌وتنێكه‌ له‌نێوان خاوه‌ن سه‌روه‌ری‌و بێ سه‌روه‌ریه‌، عیراق خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌، بۆ ریفراندۆم  پێویستیی به‌ شه‌رعیه‌تی خۆمان و عیراق و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌وتۆ نه‌كراوه‌، ریفراندۆم  گه‌ر ئه‌م یاسایانه‌ی نه‌بێت هیچ ئیعتبارێكی نییه‌و، ده‌توانرێت بێ په‌رله‌مان‌و كۆده‌نگی نیشتمانیی بكرێت، به‌ڵام  ته‌نها ریفراندۆمێكی عینادیه‌‌و هیچ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP