مەلا بەختیار: رێكه‌وتنی نوێ له‌سه‌ر حسابی هیچ لایه‌نێك نابێت
مەلا بەختیار: رێكه‌وتنی نوێ له‌سه‌ر حسابی هیچ لایه‌نێك نابێت ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 9/8/2017
نێچیرڤان بارزانی: هیچ مه‌رجێكمان نییه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان

دوێنێ، له‌مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر، وه‌فدی باڵای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی‌و نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی كۆبوونه‌وه‌.

نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی یه‌كێتی‌ و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسییدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ڕوو. له‌سه‌ره‌تادا، مه‌لا به‌ختیار؛ رایگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا له‌سه‌ر كۆی نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی یه‌كێتی‌و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ بیروڕامان ئاڵوگۆڕكرد‌و قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم چۆن بێت‌و چۆن هاوسه‌نگ بێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ بیروبۆچوونه‌كانمان نزیكبوون له‌یه‌كتر، كه‌ دواتریش لیژنه‌ دروستده‌كرێت بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و ره‌وشه‌ ئابوورییه‌‌و چۆنێتی هاوسه‌نگییه‌كه‌، ئه‌مه‌ خاڵێكی زۆر گرنگ بوو. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی به‌غداشه‌وه‌، قسه‌مانكرد، پشتیوانی له‌چوونی وه‌فده‌كه‌مان ده‌كه‌ین بۆ به‌غدا، هیواداریشین وڵاتان‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گوێبگرن كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كان‌و كێشه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌موویان بێنه‌ سه‌رخه‌ت‌و گوێبگرن، كه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد چۆن مافی دیموكراسی خۆمانه‌‌و چه‌ند نیگه‌رانین له‌چاره‌نووسی خۆمان‌و به‌ چ شێوه‌یه‌كیش زه‌مانی نێوده‌وڵه‌تیمان ده‌وێ بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانمان.

له‌به‌رژه‌وه‌ندیی چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بێت
وتیشی: هیوادارین چوونی وه‌فده‌كه‌مان‌و دیداریان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌، ئه‌نجامه‌كان ئه‌وه‌ بێت كه‌ بە دڵی چۆنێتی پێشخستنی پرۆسەکە بێت، چۆنێتی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش بێت، نه‌ك ته‌نیا له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وە، به‌ڵكو له‌ڕووی فكری‌و سیاسیشه‌وه‌ بێت‌، تیایدا ئێمه‌ به‌سه‌ربه‌رزی بێینه‌ ده‌ره‌وه‌و جارێكی تر میلله‌ته‌كه‌مان نه‌كه‌وێته‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ خاڵێكی تری گرنگی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ئێمه‌ له‌سه‌ر رێكه‌وتنی ستراتیجی رابردوومان به‌رده‌وامده‌بین یان ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كه‌ین، ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیجی هاتوونەتەدی كۆتاییهاتووه‌‌، ئه‌وانه‌شی نه‌هاتوونه‌ته‌دی ده‌بێ به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌بات بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنینەدی، تا به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ قۆناغی باڵاتر له‌ناو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌‌و كێشه‌‌كانی خه‌ڵكدا هاتوونه‌ته‌ئاراوه‌، پێویست به‌ڕێكه‌وتنێكی نوێ دەکات، دیاره‌ ئامانجه‌كانی هاوپه‌یمانی ستراتجی نێوانمان ده‌خرێته‌ناو رێكه‌وتنه‌ تازه‌كه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت له‌سه‌ر حسابی هیچ لایه‌نێك نابێت، به‌ڵكو ته‌نیا خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی تێدا كۆده‌كرێته‌وه‌.

پارتی به‌ مرونه‌تی زیاتر ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌
ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ تا په‌رله‌مان كاراده‌كرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ خه‌ریك ده‌بین‌و ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵده‌ده‌ین، به‌تایبه‌تی برایانی پارتی به‌ مرونه‌تی زیاتر ده‌چنه‌پێشه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌گه‌ر هه‌ر گیروگرفتێك مابێ بۆ كاراكردنه‌وه‌‌و ورده‌كاریی چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌مه‌ش مژده‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ گه‌له‌كه‌مان.

چۆنێتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌
پاشان، نێچیرڤان بارزانی؛ له‌وته‌كانیدا ته‌ئكیدی له‌گرنگیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرده‌وه‌و وتی: كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ بوو كه‌ پێشتر یه‌كێتی؛ پێشكه‌شی لایه‌نه‌كانی كردبوو، پارتی-ش به‌ڕه‌سمی وه‌ڵامماندانه‌وه‌‌و ئه‌مڕۆش به‌كردار كۆبوونه‌وه‌مان كرد بۆ چۆنێتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌، وتیشی: ئێمه‌ رێكه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڵێ راسته‌ ئه‌م قۆناغه‌ تازه‌یه‌ی كوردستان پێویستی به‌خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ش رێكه‌وتین له‌سه‌رئه‌وه‌ی لیژنه‌ پێكبهێنین تا به‌زووترین كات ده‌ست به‌نووسینه‌وه‌‌و جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ بكرێت. ‌ لەبارەی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیشەوە وتی: «هیچ مه‌رجێكمان نییه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان»

بارودۆخی حكومه‌ت باش بێت، پێداچوونه‌وه‌ به‌مووچه‌دا ده‌كرێت
له‌به‌شێكی قسه‌كانیدا، قسه‌ی له‌سه‌ر مووچه‌ كردو ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌»كاتێك بارودۆخی حكومه‌ت باش بێت، پێداچوونه‌وه‌ به‌مووچه‌دا ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ش لیژنه‌ دروستكراوه‌‌و خه‌ریكن پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌سیستمه‌كه‌دا»و وتیشی: ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ سیستمێكی مووچه‌مان هه‌بێت تایبه‌تبێت به‌هه‌رێم‌و جیاوازبێت له‌به‌غدا، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP