گرفته‌كانی به‌رده‌م بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە كورد
گرفته‌كانی به‌رده‌م بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە كورد ‌ راپۆرت‌ 13/8/2017
له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌سلێمانی دیدارێكی زانستی له‌باره‌ی گرفته‌كانی به‌ره‌و پێش نه‌چوونی  جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌ كورد به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی زانكۆی سلێمانی دیدارێكی زانستی له‌باره‌ی گرفته‌كانی به‌رده‌م به‌ره‌و پێشه‌وه‌نه‌چوونی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌گه‌لی كورد له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداو، تێیدا سیمینارێكیی زانستی له‌لایه‌ن دادوه‌ر ئاسۆ سۆفی‌و د.عوسمان قادره‌وه‌ وه‌ك دوو به‌ئاگایی كه‌یسی جینۆساید پێشكه‌شكرا، تێیدا باسیان له‌ نه‌بوونی رۆڵ و ئاماده‌یی نوێنه‌ران و ئه‌كادیمیستانی كورد كرد له‌ كۆنفرانسه‌ نیوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدی كورد كه‌ ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ له‌ وڵاتاندا وه‌ك پێویست دانی پێدا نه‌نرێت و هه‌ندێك كاتیش كورد به‌ ئه‌نجامده‌ری جینۆسایدی هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌ ده‌ست نیشانكراوه‌.
به‌ ناڕه‌وا تۆمه‌تبارمان ئه‌كه‌ن
له‌و باره‌یه‌وه‌ دادوه‌ر ئاسۆ سۆفی له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان رایگه‌یاند: نه‌بوونی‌ ئه‌كادیمی كوردی‌ بۆ توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان كراوه‌، بۆشایی زۆر گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌یاره‌كانمان ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆیان به‌ راست‌و هه‌قی‌ ده‌زانن‌و له‌ هه‌قیقه‌تیشدا وه‌ها نییه‌، له‌سه‌ر تاكی‌ میلله‌ته‌كه‌مان بسه‌پێندرێت‌و بكرێته‌ ماڵ، به‌جۆرێك كه‌ هه‌موو تواناكانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ ناڕه‌وای‌ خۆیان به‌سه‌ر تاكی‌ كورددا بسه‌پێنن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌یارانی‌ میلله‌ته‌كه‌مان سڵیان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌خراپی قسه‌مان له‌سه‌ر بكه‌ن‌و به‌ ناڕه‌وا تۆمه‌تبارمان بكه‌ن.
له‌باره‌ی‌ ئامانجی‌ دیداره‌ زانستییه‌كه‌وه‌ ئه‌و دادوه‌ره‌ وتی‌: خوازیارین له‌خوێندنی‌ باڵا، وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفال كراوان، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، كه‌ به‌ جینۆساید ناساندنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ته‌نیا ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ كۆنفرانس‌و كۆنگره‌ی‌ زانستی‌ رێكبخه‌ین، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌گیانی‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتیی نیشتمانیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ به‌جددی كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ین، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاره‌زایانی‌ بواره‌كه‌ بچنه شوێنه‌ ئه‌كادیمیی‌و سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌كانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ شایسته‌ به‌ پرسی ره‌وای‌ میلله‌ته‌كه‌مان‌و ئه‌و دۆسێیه‌ چاره‌نووسسازانه‌ «كۆمه‌ڵكوژیی‌و كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال‌و بۆردومانه‌كان به‌ چه‌كی‌ كیمیایی» بكه‌ینه‌وه‌.
پێكهێنانی‌ كۆمیته‌ی‌ باڵای‌ ناساندنی‌ كۆمه‌ڵكوژیی
لای‌ خۆشییه‌وه‌ د.عوسمان قادر شاره‌زا له‌بواری‌ پرسی جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاند: پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌‌و به‌هاوكاری‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، هه‌میشه‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام كۆنگره‌ی‌ زانستی‌ له‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، بۆئه‌وه‌ی‌ ئازارو مه‌ینه‌تی‌‌و قوربانییه‌كانی‌ كورد، بخرێته‌ به‌رده‌م رای‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، تاوه‌كو هه‌میشه‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ وه‌كو كاره‌ساته‌ تراژیدیاییه‌كانی‌ تری‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌، ئه‌و شاره‌زایه‌ی‌ كه‌یسی كۆمه‌ڵكوژیی، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ به‌سه‌ر كورددا هێنراوه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌ده‌ی‌ رابردوودا هیچی له‌ هۆلۆكۆست‌و كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نه‌كان كه‌متر نییه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عسی له‌ناوچوو و چه‌ته‌كانی‌ داعش به‌سه‌ر میلله‌تی‌ كورددا هێنراوون.
له‌ كۆتایشدا ئه‌و شاره‌زایه‌ی‌ كه‌یسی جینۆساید، هیوای‌ خواست هه‌روه‌كو چۆن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆمیته‌یه‌كی‌ باڵای‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم پێكهێناوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش كۆمیته‌یه‌كی‌ باڵای‌ هاوشێوه‌ بۆ پرسی كۆمه‌ڵكوژیی كورد پێكبهێنرێت، كه‌ ئه‌بوایه‌ زۆر زووتر ئه‌و هه‌نگاوه‌ چاره‌نووسسازه‌ی‌ بنایه‌ به‌ئامانجی‌ به‌جینۆسایدناساندنی‌ كاره‌ساته‌ تراژیدیی‌و قوربانییه‌كانی‌ كورد.
تا ئێستاش ئێزدییه‌كان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمه‌ڵكوژیدان 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌و په‌یوه‌ست به‌ كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی ئێزدییه‌كانه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌وڵاتانی جیهان گرت و رایگه‌یاند: تائێستاش ئێزدییه‌كان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمه‌ڵكوژیدان.
لیژنه‌ی ده‌رخستنی راستییه‌كانی سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان كه‌مته‌رخه‌من له‌به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش و ئه‌وانه‌ی خۆیان راده‌ستی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و تاوانه‌ گه‌ورانه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌، سزا نادرێن.
راشیگه‌یاند: تائێستاش زیاتر له‌سێ هه‌زار ژن و كچ و پیاوی ئێزدی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی گروپی تیرۆریستی داعشدان‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نج و پیاوی ئێزدیش به‌زۆر كراون، به‌چه‌كدار له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌یان پێ ناكات، بۆیه‌ تائێستاش هه‌موو ساتێك ئێزدییه‌كان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمه‌ڵكوژیدان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP